سەرەکی » وتار » خالد سلێمان‌ » بۆچی دەستوبردیان نەکرد لە دەرەوە ئاگرەکە بکوژێننەوە؟

بۆچی دەستوبردیان نەکرد لە دەرەوە ئاگرەکە بکوژێننەوە؟

بەپێی ئەو زانیاریانەی ئەمڕۆ میدیاکانی فەرەنسا بڵاویان کردوەتەوە، دوێنێ شەو داواکاری گشتی پاریس دۆسیەی لێکۆڵینەوەی لەسەر سوتانی کاتێدراڵی (نوتر-دام دۆ پاری)کردوەتەوەو بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی تاوانی ڕاسپاردوە بۆ کارکردن و لێکۆڵینەوە. هەر دوێنێ شەو نزیکەی ٥٠ لێکۆڵەرەوە لە لیوای لێکۆڵینەوەی تاوانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکە دەستیان بەلێکۆڵینەوە کردوەو دەیان دانیشتن و لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو کاریکارانەدا کراوە کە لە ناو کاتێدراڵەکەدا کار دەکەن، چونکە لە ساڵی (٢٠١٨)ەوە کاری نوێکردنەوەی تیایە. بەپێی ڕۆژنامەی (لۆمۆند)ی فەرەنسی، ئەوەی دەبێتە تەگەرە لەبەردەم لێکۆڵەرەوەکاندا ئەوەیە کە ئاگرەکە، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، لە نهۆمەکانی سەرەوەدا ڕویداوە، لەو شوێنانەی کە ئەسکەلەی ئیشی تیابوە، ئەو کۆریدۆرانەی سەرەوەش کە ئیشیان تیاکراوە. هەموی سوتاون و هیچ ڕێچکەیەکیان تیا نەماوە لێکۆڵەرەوەکان بەرەو ئەسڵی ئاگرەکە ببات. هەروەها دوری و بەرزی شوێنی ئاگرەکەش وایکردوە گەیشتنی ئاگرکوژێنەوەکان زەحمەت و بەئاسانی دەستیان پێنەگات. داواکاری گشتی پاریس ڕێمی هێتز، پێی وایە پرۆسەکە ئاڵۆزو درێژخایەن دەبێت.
ڕۆژنامەی (لۆپاریزیان) لە ڕێگەی هەندێ سەرچاوەی سەرەتاییەوە باس لەوەدەکات لە لیوای تاوانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی جینائی پاریس لەوە دەکۆڵێتەوە کە لەوانەیە ئاگرەکە بە هۆی کاری (لەحیم)ەوە لەسەر تەختە ئەرزیەکان ڕویدابێت، چونکە لەو شوێنانەدا کاری نوێکردنەوەو لەحیمکاریی هەبوە.
پرسیاری سەرەکی ئەوەبو بۆچی ئاگرکوژێنەوەکان لەدەرەوە بە هێلیکۆپتەرو فڕۆکە پەلاماری ئاگرەکەیان نەداو نەیانکوژاندەوە، تەنانەت سەرۆکی ئەمریکاش داوای لە ئاگرکۆژێنەوەکانی پاریس کرد فڕۆکە بەکار بهێنن و ئاگرەکە بەزوترین کات بکوژێننەوە. ئەمڕۆ ڕۆژنامەی (لۆپاریزیان) وڵامی ئەم پرسیارە ئەداتەوەو لە زمانی ئاگرکوژێنەوەی فەرەنساوە باسی ئەوە دەکات کە بەپیچەوانەی ئەوەی لە ئەمریکا هەیەو لە دەرەوە پەلاماری ئاگرەکە ئەدەن، ئەوان لە ژورەوە پەلاماری ئاگرەکە ئەدەن و هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئەدەن نەک تەنها کوژاندنەوەی. ئەم میکانیزمەی فەرەنسیەکان زەحمەتەو ژیانی ئاگرکوژێنەوەکان دەخاتە مەترسیەوەو ڕوبەڕوی گەرمییەکی زۆر ئەبنەوەو لەوانەیە بگاتە ٨٠٠ پلەی گەرمی، بەڵام میکانیزمەکە کاریگەرە بۆ ڕزگارکردنی کردنی پاڵەخانەکەو هەروەها پاراستنی ئەو گەنجینە زۆرەی لەناو کاتێدراڵەکەدان. بەپێی دامەزراوی ئاگرکوژێنەوەی فەرەنسا، فڕێدانی ئاوێکی زۆری قورس لەدەرەوە بۆ سەر باڵەخانە، زو ئاگرە دەکوژێنێتەوە، بەڵام هەمو شتێک لەگەڵ خۆیدا ڕادەماڵێت، ئەبێ کارەکە لە پێناو کۆنترۆڵکردندا بێت و پاراستنی و شوێنەکەو ئەو شتانەی تیایەتی، نەک تەنها کوژاندنەوەی ئاگەرەکە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*