سەرەکی » وتار » د.به‌ختیار شاوه‌یس‌ » لووتكه په‌رله‌مانییه‌كه‌ی به‌غدا

سه‌كۆی دووەمی پایته‌خت

لووتكه په‌رله‌مانییه‌كه‌ی به‌غدا

15

به‌غدای پایته‌خت و هۆڵه‌كه‌ی فندق ره‌شید به‌دیاریكراوی بووه‌ بە شوێنی كۆكه‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ته‌شریعی ده‌وڵه‌تانی دراوسێی عیراق و مه‌سه‌له‌ گرنگه‌كانی سه‌قامگیری و په‌ره‌پێدان و‌ فاكته‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌غدا بۆ رۆڵه‌ میحوه‌رییه‌ ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌ی. به‌خوێندنه‌وه‌ی لێكه‌وته‌كانی ئه‌م لوتكه‌یه‌ و هه‌لومه‌رجی گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه‌ و دۆخی سیاسی له‌ئاستی ناوخۆی وڵات، ده‌كرێ هه‌ندێك ئاماژه‌ به‌دیبكرێت كه‌ تیشك ده‌خه‌ینه‌ سه‌ریان؛
١-له‌ئاستی دیپلۆماسی: گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی عیراقه‌ له‌ئاستی په‌یوه‌ندییه‌ ده‌ره‌كییەكان و جموجوڵه‌ دیپلۆماسییه‌كان و فراوانكردنی ئاسۆی ئه‌م تێگه‌یشتنه‌یه‌ به‌وه‌ی كه‌ به‌ته‌نها ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی دراوسێ نه‌گرێته‌وه‌، به‌ڵكو ئێرانییه‌كان و توركه‌كانیش به‌جیاوازی باكگراوندی تائیفی و زمان و ریزبه‌ندی ستراتیژی و قوڵایی مێژووییه‌وه‌ دێن له‌ به‌غدا به‌شداریی ده‌كه‌ن له‌ گردبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ هێڵه‌ گشتییه‌كانی له‌سه‌ر سه‌قامگیری و په‌ره‌پێدان دامه‌زراوه‌.
٢-له‌ئاستی سه‌قامگیری: لوتكه‌كه‌ هۆكارێكی ئیجابی ده‌بێت بۆ سه‌قامگیربوونی دۆخی عیراق له‌ڕووی ئه‌من و ئارامییه‌وه‌، چونكه‌ له‌ساڵانی رابردوودا به‌شێكی سه‌ره‌كی له‌ هۆكاری تێكچوونی ئاسایش و ئه‌نجامدانی كارو كرده‌وه‌ی تیرۆریستی په‌یوه‌ندیی به‌دزه‌كردنی تیرۆریستانه‌وه‌ هه‌بوو كه‌ له‌وڵاتانی دراوسێوه‌ ده‌هاتن و له‌عیراق کردەوەکانیان ئه‌نجامده‌دا، ته‌نانه‌ت له‌حوزه‌یرانی ٢٠١٤دا داعش له‌سنووره‌كانی سوریاوه‌ هاتنه‌ موسڵ و دواتر ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر پانتاییه‌كی فراوان له‌خاكی عیراق و ده‌یان و سه‌دان كاره‌ساتی گه‌وره‌ی مرۆیی و مه‌عنه‌وی و ماددیان بەسەرهێناین. هه‌ربۆیه‌ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی تیرۆر و چه‌سپاندنی سه‌قامگیری ئه‌گه‌ر له‌دیوێكدا وابه‌سته‌ی زه‌مینه‌ فكری و په‌روه‌رده‌ییه‌ ناوخۆییه‌كه‌ی عیراق بێت، ئه‌وا له‌دیوه‌كه‌ی تردا گرێدراوه‌ به‌پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیی نێوان دراوسێ و ته‌نسیق و هاریكاریكردنی زیاتر له‌نێوان ده‌وڵه‌تان، كه‌ كاریگه‌رییه‌ ئیجابییه‌كانی ئه‌مه‌ نه‌ك به‌ ته‌نها بۆ خودی عیراق، به‌ڵكو بۆ دراوسێكانیشیه‌تی.
٣-له‌ئاستی په‌ره‌پێدان: حاڵی حازر عیراق و پڕۆسه‌ سیاسییه‌كه‌ی له‌قۆناغی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و وه‌به‌رهێنان و نه‌هێشتنی ئاسه‌واره‌ وێرانییه‌كانی دوای داعشدان، هه‌ربۆیه‌ به‌شداریی چالاكانه‌ی ئه‌م ده‌وڵه‌تانه‌ی دراوسێ و وه‌گه‌ڕخستنی كۆمپانیا وه‌به‌رهێنه‌كانیان، ده‌بێته‌ هه‌وێنی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانی سنووری موسڵ و به‌غدا و فه‌للوجه‌ و كه‌ركوك و ئه‌نبار و دیالە و سه‌ڵاحه‌دین، كه‌ زیانی گه‌وره‌یان به‌ركه‌وتووه‌. هه‌روه‌ك ده‌كرێ له‌ڕه‌هه‌ندێكی دیكه‌وه‌ كاریگه‌ریی هه‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی خزمه‌تگوزاری له‌ پارێزگای به‌سره.
‌ ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین لوتكه‌كه‌ گرنگ و كاریگه‌ره‌ بۆ ئێستای عیراق و پێشخستنی پڕۆسه‌ی سیاسی، به‌ڵام گرنگتر له‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌داهاتوودا به‌رهه‌مه‌ كردارییه‌كانی ئه‌م لوتكه‌یه‌ ده‌ربكه‌وێت و خاڵه‌كانی به‌یانی كۆتاییه‌كه‌ی به‌پڕۆژه‌ی كرداری ره‌نگبداته‌وه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*