سەرەکی » وتار » عەتا کەریم‌ » حزب و كابینەی حكومەت

ناوه‌ڕاستی هه‌فته‌

حزب و كابینەی حكومەت

هێشتا لەسەروبەندی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمداین كە وابڕیارە مەسرور بارزانی بۆ پێكهێنانی ئەو كابینەیە رابسپێردرێت، هەمان شێواز و میكانیزمیش بۆ پڕكردنەوەی وەزارەت و پۆستەكان پەیڕەودەكرێت، وەك چۆن لە كابینەكانی پێشووتردا لە 28 ساڵی رابردوودا كراون.
شێوازی پێشوو لە دیاریكردنی كاراكتەری وەزیرو پۆستەكان، دەستنیشانكراوی ئەو حزبانەن، كە بەشداریی لە پێكهێنانی كابینەكەدا دەكەن و «بازی حزب» لەسەر شانیان دەنیشێتەوە، كە زۆرجار واكەوتۆتەوە پسپۆڕی ئەكادیمی وەزیرو كاری وەزارەتەكەی پێچەوانەوەو دوورایەكی زۆریان تێدابووە، ئەرشیفی حكومەتیش شاهیدی ئەو راستییەن ‌و ئەرشیفەكە ماوە.
نموونەی زۆر هەن لەبارەی ناكۆكیی پسپۆڕیی بڕوانامەو كاركردن لە پۆستدا، وەزیر لە كابینەكاندا هەبووە، پسپۆڕیی لە شەریعەدا هەبووە، وەزارەتی كشتوكاڵی پێدراوە، نەك ئەوقاف، یان ئەندازیاری تەلارسازەو وەزارەتی دادی پێ سپێردراوە!، هەندێكیش تەنیا تاقۆناغی ئامادەیی بڕیووەو وەزارەتێكیشی خراوەتە ئەستۆ!.
ناپسپۆڕیی و دژەپسپۆریی و كار، رەنگدانەوەی لەسەر خزمەتگوزاریی سێكتەرەكان هەیە، ئەگەر وەزیر پەروەردەكار بێت، لانیكەم لەكێشەو گرفتە پەروەردەییەكان تێدەگات، یان كەسی یاسایی لە رەهەندە یاساییەكان حاڵی دەبێت و لانیكەم مەراقی سەروەریی یاسای دەبێت!، بۆیە شیاوترە كاراكتەری وەزیر پیادەی پسپۆڕییەكەی بكات، نەك لە كابینەكەدا دەرچووی شەریعە لەشوێنی خۆی نەبێت و ئەندازیار و یاسایی لە شوێن و پۆستی تر دانرابن!
دوای زیاتر لە 200 رۆژ هێشتا پێكهێنانی كابینەی نۆهەم، لە تەتەڵەی حزبیدایە، رەنگە لە فایلی داخراوی هەندێك لە حزبەكاندا كاراكتەرەكانیان ئامادەكردبێت بۆ پڕكردنەوەی وەزارەت و بریكارو پۆستە باڵاكانی دیكە، لەم پرۆسەیە گرنگ و پێویستتر ئەوەیە كە كاراكتەرە ناوهێنراو دەستنیشانكراوەكان، بە فلتەری پشكنینی (دەستپاكی، تاوان و پێشینەی ئەمنی) دا رەت ببن، پسپۆڕی و لێهاتوییان لەبەرچاوبگیرێت، نەك بە تەنیا ئۆكەیەكی حزبی بچێتە بەردەم پرۆسەی سوێندخواردنی پۆست، بۆیە بەبێ ئەوە زۆرجار روویداوەو روودەدات كە لەمیدیاوە دۆسێی بڕوانامەی ساختە، یان گەندەڵی، یان پێشینەی تاوان سەرهەڵدەدەن و ئاشكرا دەكرێن!
دیاردەی چەندبارەی دانانەوەی وەزیری پێشتر، لەكابینەی نوێدا لە هەمان پۆست یان پۆستێكی دیكە روودەداتەوە، لەكاتێكدا دامەزراوەكانی شەفافیەت و دادوەریی و چاودێرییە نێودەوڵەتییەكان پێداگریی لەسەر ئەوە دەكەن كە مانەوەی زۆرو دانانەوەی كاراكتەر لە پۆستەكاندا، دەرگای گەندەڵیی دەكاتەوە، كە رێگە دەدات دیاردەی مەحسوبیەت و مەنسوبیەت و بەرتیل و رۆتین و بیرۆكراسی جێی خۆیان بكەنەوە.
حزبەكان لە حكومەت و سەرۆكایەتییەكان بچووكترن، بەڵام یاریی گەورە بە حكومەت و دامەزراوەكان دەكەن، لەكاتێكدا لەدوای سەرپێخستن پێویستە حزب لەحكومەت دووربكەوێتەوە، بەڵام لە ئەزموونەكانی هەرێمدا رۆڵی حزب هێشتا زاڵ و بڕیاردەرە، بەجۆرێك زۆرجار روویداوە لەكۆبوونەوەی سیاسیی حزبدا گرنگترین دامەزراوەو كاراكتەرەكەیشی رووبەوڕووی داخستن و سزا دەبێتەوە!
بێ دادییە، دوای 28ساڵ ئەزموونی حوكمڕانی لە هەرێم، هێشتا بە هەمان میكانیزم و پێوەر كابینەی نۆهەمیش، وەك یەكەمین كابینە بێت و بستێك بەرەوپێش لە ئیدارەداندا نەچووبێتە پێشەوە، لەكاتێكدا حكومەت بۆ ئیدارەدان و خزمەتكردنی گەل بێت!
ئەزموونەكەی هەرێم لە مێژە قۆناغی ساوایی بەڕێكردووە، ناجۆریشە لە 28 ساڵیدا بەهەمان ستایلی ساواییەكەیەوە مامەڵە لەپێكهێنانی كابینەی نۆیەمدا بكرێت، بابەرپرسیارێتی راستەقینەی حوكمڕانی لەئاست كۆمەڵانی خەڵكدا لەئەستۆ بێت، پاداشت و سزاكەیشی لە گەلەوە بێت، چونكە تائێستا حزب پەرژینی پاراستنی حكومەتە بەخراپە و شكستەكانیشیەوە!.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

دوای ئەوە

زۆر هەنگاو و پڕۆژە و قۆناغ هەن، كە پێویستە دیوەكەی ...