سەرەکی » وتار »  ‌شادمان مه‌لا حه‌سه‌ن‌ » ئه‌وه‌ی‌ ئاك پارتی‌ به‌ دوایدا ده‌گه‌ڕێ

راستییەکەی

ئه‌وه‌ی‌ ئاك پارتی‌ به‌ دوایدا ده‌گه‌ڕێ

له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ 31ی‌ ئاداری‌ رابردوودا پارتی‌ داد و گه‌شه‌پێدانی‌ توركیا به‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان، گورزێكی‌ كه‌مه‌رشكێنی‌ به‌ركه‌وت، كاتێ‌ ئه‌نجامه‌كان ده‌رچوون. شاره‌ گه‌وره‌كانی‌ هه‌موو له‌ ده‌ست دا، به‌تایبه‌ت شارێكی‌ گه‌وره‌ی‌ وه‌كو ئه‌سته‌نبوڵ زۆر كاریگه‌ریی‌ له‌سه‌ر ئاك پارتی‌ و ئه‌ردۆگان جێهێشت، چونكه‌ ئه‌سته‌نبوڵ واته‌ رۆح و دڵی‌ توركیا و كێ ئه‌و شارەی له‌ ده‌ستدابێت، ئه‌وه‌ توركیا له‌ ده‌ست ئه‌وه‌. ئاك پارتی‌ كاندیدێكی‌ زه‌به‌لاحی‌ بۆ سه‌رۆكی‌ شاره‌وانی‌ ئه‌م شاره‌ گه‌وره‌یە دانا بوو، ئه‌ویش بینالی‌ بن یه‌ڵدرمی‌ سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆكی‌ ئێستای‌ په‌رله‌مان بوو، له‌ به‌رامبه‌ر گه‌نجێكی‌ وه‌كو كه‌مال ئیمام ئۆغلوی‌ كاندیدی‌ پارت گه‌ل دۆڕا.ئه‌ردۆگان و ئاك پارتی‌ ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵێكه‌ له‌گه‌ڵ پارتی‌ نه‌ژادپه‌رستی‌ ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی‌ رێكه‌وتووه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا بۆ رازیكردنی‌ ئه‌و پارته‌ نه‌ژادپه‌رسته‌ پڕۆسه‌ی‌ ئاشتی‌ له‌گه‌ڵ PKK هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و شه‌ڕی‌ ده‌ستپێكردووه‌ و له‌ ماوه‌ی‌ ئه‌م چه‌ند ساڵه‌دا زیاتر له‌ 7 هه‌زار سه‌رۆك و سه‌ركرده‌ و كادری‌ پارتی‌ HDP كه‌ به‌ پارتێكی‌ كوردی‌ ده‌ناسرێ‌، زیندانی‌ كرد و هیچیانی‌ ئازاد نه‌كرد، به‌تایبه‌ت كه‌سێكی‌ وه‌كو سه‌ڵاحه‌دین دەمیرتاش سه‌رۆكی‌ پارته‌كه‌. هه‌روه‌ها گۆشه‌گیریشی‌ خسته‌سه‌ر عه‌بدوڵڵا ئۆچ ئالانی‌ سه‌رۆكی‌ PKK له‌ زیندانی‌ ئیمرالی‌. له‌ هه‌مان كاتدا شه‌ڕی‌ قورسی‌ خسته‌ شاره‌كانی‌ كوردستانی‌ باكوور و ناوچه‌ی‌ عه‌فرینی له‌ رۆژئاوای‌ كوردستان داگیركرد، له‌ به‌رامبه‌ردا كورد دژی‌ ئاك پارتی‌ هه‌ڵوێستی‌ وه‌رگرت. ئه‌وه‌بوو له‌ شاره‌ گه‌وره‌كانی‌ رۆژئاوای‌ توركیا ده‌نگیان به‌ كاندیدی‌ پارتی‌ گه‌لی‌ كۆماری‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ كه‌مال كلكچدار ئۆغلو دا. بۆیه‌ رۆژی‌ 6ی مانگ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ توركیا رایگه‌یاند كه‌ هه‌ڵبژاردنی‌ شاره‌وانی‌ ئه‌سته‌نبوڵ له‌ 23ی‌ حوزه‌یران دووباره‌ ده‌كرێته‌وه‌. له‌ هه‌مان رۆژیشدا رێگا به‌ پارێزه‌ره‌كانی‌ عه‌بدوڵڵا ئۆج ئالان درا تاکو بیبینن. ئه‌م پێشهاتانه‌ ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن كه‌وا ئه‌ردۆگان و ئاك پارتی‌ ده‌یانه‌وێ خۆیان له‌ كورد نزیك بكه‌نه‌وه‌ و كارتی‌ كوردیان بۆ ده‌ركه‌وت كه‌ چه‌ند كاریگه‌ره‌.
قسه‌كه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌، ئایا ئه‌ردۆگان ده‌توانێ‌ وا به‌ ئاسانی‌ و له‌ ماوه‌یه‌كی‌ كه‌مدا ده‌نگی‌ كورد بۆ پاڵپشتیكردنی‌ خۆی‌ مسۆگه‌ر بكات و ركابه‌ره‌كانی‌ پێ بشكێنێ؟ ئه‌ی‌ توركه‌ نه‌ژادپه‌رسته‌كان هه‌ڵوێستیان چی‌ ده‌بێ له‌م رووه‌وه‌؟ ئایا كورد هه‌روا به‌ ئاسانی‌ ده‌چێته‌ به‌ره‌ی‌ ئاك پارتی‌؟ له‌ به‌رامبه‌ردا چی‌ ده‌ستده‌كه‌وێ و چی‌ ده‌چنێته‌وه‌؟ بۆیه‌ ئاك پارتی‌ و ئه‌ردۆگان له‌ هه‌ردوو حاڵه‌تدا له‌ دۆخێكی‌ گونجاودا نین. هه‌رچه‌نده‌ بڕیاری‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ گومانی‌ زۆر ده‌خاته‌ سه‌ر دیموكراسییه‌تی‌ توركیا و ناوبانگی‌ له‌كه‌دار ده‌كات. له‌ به‌رامبه‌ریشدا پارتی‌ گه‌لی‌ كۆماری‌ هه‌روا ده‌سته‌وه‌ستان نابێ‌. بۆیه‌ سه‌ركه‌وتن و ده‌رچوونی‌ ئاك پارتی‌ له‌ تونێله‌كه‌ وا ئاسان نییه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

دروشمی ״مه‌رگ به‌ر ئه‌مریكا״

ئه‌مه‌ دروشمی سه‌ره‌كی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی ئێران بوو له‌ دوای سه‌ركه‌وتنی ...