سەرەکی » وتار » د.به‌ختیار شاوه‌یس‌ » په‌رله‌مان له ‌نێوان یاسادانان و چاودێریكردندا!

سه‌كۆی دووەمی پایته‌خت

په‌رله‌مان له ‌نێوان یاسادانان و چاودێریكردندا!

16

ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق دوو رۆژی رابردوو دوو هه‌نگاوی گرنگی نا، ئه‌ویش ده‌نگدان له‌سه‌ر چه‌ند پڕۆژه‌ یاسایه‌ك و هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی چه‌ند لیژنه‌یه‌ك بوون، كه‌ به‌مه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی عه‌مه‌لی و فعلی نوێنه‌رانی گه‌ل ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر سكه‌ی كاره‌كانی و هه‌ردوو مه‌هامی سه‌ره‌كیی خۆی كه‌ یاسادانان و چاودێریكردنه‌، جێبه‌جێ ده‌كات.
ئه‌گه‌ر جه‌وهه‌ری كاری په‌رله‌مانی له‌ سیسته‌مێكی سیاسی كه‌ په‌رله‌مانی بێت، بۆ یاسادانان و چاودێریكردنی دامه‌زراوه‌ی جێبه‌جێكردن بێت، ئه‌وا شتێكی ئاساییه‌ كه‌ به‌بێ ده‌ستپێكردنی كاری لیژنه‌كان و به‌بێ ته‌شریعكردنی یاسا به‌پێی ده‌ستوور، دواتر بتوانین دامه‌زراوه‌ی نوێنه‌ران له‌ بۆشاییدا نه‌بینین و سه‌رنجی ده‌نگده‌ر و هاووڵاتی له‌سه‌ر نه‌بێت. هه‌ربۆیه‌ له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و متمانه‌دان به‌ سه‌رۆك كۆمار و به‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت و كابینه‌كه‌ی، ئیتر باس و خواس و دواتر ره‌خنه‌ و گله‌یی روویان له‌ نوێنه‌ران كرد به‌وه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ك جگه‌ له‌ یاسای بودجه‌ هیچ یاسایه‌كی ده‌رنه‌كردووه‌ و له‌ لاكه‌ی تریش سه‌رۆكایه‌تیی لیژنه‌كانی ساغ نه‌كردۆ‌ته‌وه‌.
بۆ ده‌رچوون له‌و دۆخه‌ نه‌خوازراوه‌ی كه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران تێیكه‌وتبوو، دوای هه‌وڵێكی زۆر توانرا به‌ربه‌ستی ده‌ركردنی یاسا بشكێنرێت و هه‌روه‌ها جوڵه‌ی به‌رده‌وامی فراكسیۆنه‌كان مه‌له‌فی ئیداره‌دانی چه‌ند لیژنه‌یه‌كی كۆتاییپێهێنا، كه‌ له‌مه‌ گرنگتر و پێویستتر بریتییه‌ له‌وه‌ی كه‌ كام و چۆن یاسایه‌ك ده‌رده‌كرێت و هه‌روه‌ها لیژنه‌كانی په‌رله‌مان چۆن و كام میكانیزم داده‌نێن بۆ ئه‌نجامدانی كاره‌كانیان؟. به‌مانایه‌كی تر:
-1 له‌ رووی یاسادانان: پێویسته‌ ته‌ركیز بخرێته‌ سه‌ر ته‌شریعكردنی ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ ئه‌وله‌ویاتی فره‌ ره‌هه‌ندیان هه‌یه‌ بۆ ئه‌مڕۆی كۆمه‌ڵگه‌ی عیراقی، كه‌ ئه‌وانیش خۆیان ده‌بیننه‌وه‌ له‌ یاساكانی وه‌ك دژایه‌تیی گه‌نده‌ڵی، چاكسازیی ئیداری، چاكسازیی له‌ كه‌رتی كاره‌با و ئاوی پاك و رێگه‌وبان، بره‌ودان به‌ بواری كشتوكاڵ و پیشه‌سازی، گرنگیدان به‌ یاساكانی وه‌به‌رهێنان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و هاندانی وه‌به‌رهێنه‌ گه‌وره‌ ده‌ره‌كییه‌كان، یاسای تایبه‌ت به‌ چاكسازیی له ‌نه‌وت و گاز و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان… هتد.
-2 له‌ رووی چاودێریكردنه‌وه‌: ئه‌ركی لیژنه‌كانه‌ كه‌ له‌و شێوازه‌ ته‌قلیدییه‌ی كاركردنە بچنه‌ ده‌رێ و میكانیزمێكی نوێ بۆ كاره‌كانیان بدۆزنه‌وه‌. ده‌ستوور ده‌سه‌ڵاتی به‌ لیژنه‌كان داوه‌ بۆئه‌وه‌ی چاودێریی حكومه‌ت بكه‌ن و هه‌ر لیژنه‌یه‌ك هاوتای دامه‌زراوه‌ ته‌نفیزییه‌كه‌ی ده‌توانێت له‌ هۆكاره‌كانی گه‌نده‌ڵی و رۆتین و مه‌حسوبییه‌ت و دواكه‌وتنی پڕۆژه‌كان و نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه‌كان بكۆڵێته‌وه‌.
هه‌ر بۆیه‌ له‌ سۆنگه‌ی راستییه‌كانی سه‌ره‌وه‌: حكومه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی ئه‌گه‌ر دوا ده‌رفه‌تی پڕۆسه‌ی سیاسی بێت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌وپه‌ڕی تواناوه‌ ده‌بێت هاوكار و یارمه‌تیده‌ری بن بۆ به‌رده‌وامی و نه‌كه‌وتنی، ئه‌وا به‌شێكی بنه‌ڕه‌تی ئه‌م ئه‌ركه‌ به‌ر په‌رله‌مان و ئه‌ركه‌ ده‌ستوورییه‌كانی ده‌كه‌وێت، كه‌ ئه‌ویش وابه‌ستەیه‌ به‌ پراكتیزه‌كردنی هه‌ردوو خاڵی یه‌كه‌م و دووه‌م له‌سه‌ر ئه‌رزی واقع، دوور له‌ ده‌ستكه‌وتی شه‌خسی و حزبی و تائیفی و موزایه‌ده‌ی سیاسی.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*