سەرەکی » ئابووری » بایۆمەتری 40 هەزار مووچەی نایاسایی ئاشكرا كردووە

بایۆمەتری 40 هەزار مووچەی نایاسایی ئاشكرا كردووە

سەمیر هەورامی وتەبێژی پڕۆژەی سیستمی بایۆمەتری لە هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، نزیكەی یەك ملیۆن‌ و 250 هەزار كەس لە سیستمی بایۆمەتریدا تۆماركراون‌ و 40 هەزار كەسیش ئاشكرابوون كە مووچەی نایاساییان هەبووە.
سەمیر هەورامی راشگەیاندوە: قۆناغی یەكەمی سیستمی بایۆمەتری كۆتایی هاتووە كە بریتی بووە لە تۆماركردنی ناوی مووچەخۆران‌ و پاككردنەوەی لە ناوی دووبارە‌و دوو مووچەیی، لە داهاتووشدا قۆناغی دووەم دەستپێدەكات كە بریتیە لە دروستكردنی (كی كارد).
سەبارەت بە تۆماری مووچەخۆرانیش وتی:»راستە پێشتر وتراوە ملیۆنێك‌ و 400 هەزار مووچەخۆر هەیە، بەڵام لەو ژمارەیە 105 هەزاری بریتی بووە لە خوێندكارانی زانكۆ ‌و پەیمانگاكان كە دەرماڵەیان پێدەدرا، بەوپێیەش ئەوەی دەمێنێتەوە كەمترە لە ملیۆنێك‌ و 300 هەزار مووچەخۆر، لەدوای تەواوبوونی قۆناغی یەكەمی سیستمی بایۆمەتریش، نزیكەی 40 هەزار كەس ئاشكرابووە كە مووچەی نایاسایی یان دوو مووچەیان هەبووە».
وتەبێژی سیستمی بایۆمەتری لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی هەواڵی سلێمانی ئاماژەی بەوەكردوە، كە لەئێستادا لە سیستمی بایۆمەتری نزیكەی ملیۆنێك‌ و 250 هەزار كەسمان تۆماركردووە وەكو مووچەخۆر، ئەوەش كۆتا ژمارەی مووچەخۆرانە لە هەرێمی كوردستان.
هاوكات بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی‌ و ئابووری هەرێم لە روونكردنەوەیەكدا ئاشكرایكردوە، بەپێی ئاماری بایۆمەتری 244 هەزار كەس مووچەی خانەنشینی وەردەگرن‌ و لیژنەیەكیش پێكهێنراوە بۆ بەدواداچونی مووچەی ئەو خانەنشینانەی كە یاسایی نین.

 307 جار بینراوە