سەرەکی » وتار » ئارام عه‌لی‌ عه‌زیز » جه‌نگی كۆتایی مێژوو

ئه‌ندێشه‌

جه‌نگی كۆتایی مێژوو

جه‌نگی‌ چاوه‌ڕوانكراوی‌ نێوان ئه‌مریكاو ئێران جه‌نگێكی‌ ئیستیسنائیه‌، چونكه‌ دوای‌ شكستهێنانی‌ ته‌واوی‌ هه‌وڵه‌ جیاوازه‌كانی‌ پێشوی‌ ئه‌مریكا بۆ كۆنتڕۆڵكردنی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست دێت.
شه‌پۆلی‌ به‌هاری‌ عه‌ره‌بی‌ كه‌ ساڵی‌ 2011 له‌تونس و میسره‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵدا له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵێكدا ته‌واوی‌ ناوچه‌كه‌ی‌ گرته‌وه‌و پرۆژه‌ی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستی‌ گه‌وره‌ی‌ جۆرج ده‌بلیو بوشی‌ شكستپێهێنا، كه‌ له‌ 2004 وه‌ دوای‌ روخانی‌ رژێمی‌ سه‌دام به‌ئامانجی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی‌ ده‌وڵه‌تانی‌ عه‌ره‌بیی و ئێران و توركیاو ئه‌فغانستان و پاكستان له‌ژێر ناوی‌ ریفۆرمی سیاسیی و ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تیی‌ ئه‌مریكاو خۆرئاوا ده‌ستیان به‌جێبه‌جێكردنی‌ كردبوو. له‌و باره‌یه‌وه‌ هیلاری‌ كلنتۆن له‌كتابه‌كه‌یدا باس له‌وه‌ده‌كات، كه‌ ئه‌وان وه‌ك به‌شێكی‌ جێبه‌جێكردنی‌ پلانی‌ دابه‌شكردنی‌ ناوچه‌ی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست، له‌گه‌ڵ ئیخوانه‌كانی‌ میسر رێككه‌وتبوون تا ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ له‌سینا دابمه‌زرێنن وبیخه‌نه‌ ژێرده‌ستی‌ حه‌ماس و، به‌شێكی سینایش بده‌ن به‌ئیسرائیل و، حه‌لایب و شلاتینیش بخه‌نه‌ سه‌ر سودان، بۆ داننان به‌و ده‌وڵه‌ته‌ ئیسلامیه‌یش سه‌ردانی‌ 112 ده‌وڵه‌تی‌ كردبوو، به‌ڵام وه‌كو خۆی‌ باسده‌كات، به‌شۆڕشێكی‌72سه‌عاتی، له‌30 مانگی‌ حوزه‌یران تا 3 ی‌ مانگی‌ ته‌مموز هه‌موو چشتێك گۆڕاو، ده‌ڵێ: ( هه‌موو چشتێك له‌به‌رچاوماندا، به‌بێ هیچ ئینزارێك داڕما …. كاره‌ساتێكی‌ گه‌وره‌بوو…).
دوای‌ ئه‌م شكسته‌، ئه‌مریكاو خۆرئاوا به‌ئامانجی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ ناوچه‌كه‌ بۆ ناو بازنه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ جارانیان جه‌نگێكی گه‌وره‌یان له‌ناو ده‌وڵه‌تانی‌ به‌هاری‌ عه‌ره‌بیی له‌ژێر ناوونیشانی‌ قه‌ومیی، تایه‌فیی و مه‌زهه‌بیی له‌ئاستی‌ نێوخۆی‌ ده‌وڵه‌ته‌كان و له‌ئاستی‌ ناوچه‌كه‌یشدا هه‌ڵگیرساندو گه‌لانی‌ كوردو عه‌ره‌ب و تورك و فارس و ره‌وته‌كانی‌ ئیخوانچیی، شیعیی و وه‌هابیی و به‌ناو سه‌له‌فیان هێنایه‌ به‌رامبه‌ر یه‌كترو به‌جه‌نگی‌ وه‌كاله‌ت و راسته‌وخۆ له‌یه‌كتریان گیركردن، ته‌كتیكی هه‌ره‌به‌رچاوی‌ ئه‌و قۆناغه‌یش له‌سوریاو عیراقدا دامه‌زراندنی‌ داعش بوو له‌ساڵی‌ 2013، وه‌كو ئاله‌تی‌ دابه‌شكردنی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست، كه‌ له‌ماوه‌یه‌كی‌ كورتدا ده‌وڵه‌تی‌ خه‌لافه‌تی له‌به‌شێكی‌ زۆری‌ خاكی‌ سوریاو عیراقدا دامه‌زراند. به‌ڵام زۆری‌ نه‌برد ئه‌ویش هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌و سه‌ری‌ نه‌گرت. هیلاری‌ كلنتۆن له‌كتابه‌كه‌یدا له‌ژێر ناوی‌ ( هه‌ڵبژارده‌ قورسه‌كان ) دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه‌ ئه‌مریكا بۆ دابه‌شكردنی‌ ناوچه‌ی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست داعشی‌ دروستكرد. دوناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی‌ ئێستای‌ ئه‌مریكایش ساڵی‌ 2016 ئۆباماو هیلاری‌ كلنتۆنی‌ به‌دامه‌زراندنی‌ داعش تۆمه‌تباركردبوو، ویكیلیكسی‌ ئاسانجیش ته‌ئكیدی‌ كردبۆوه‌ كه‌ به‌ڵگه‌ی‌ له‌به‌رده‌ستدایه‌ سه‌باره‌ت به‌په‌یوه‌ندی‌ داعش و هیلاری كلنتۆن.
ئیمزاكردنی‌ رێككه‌وتننامه‌ی‌ ئه‌تۆمی له‌ساڵی‌ 2015 له‌رێگای‌ ( 5+1 )وه‌ له‌گه‌ڵ ئێران و، هه‌وڵی‌ كوده‌تا شكستخواردوه‌كه‌ی‌ 15 ی‌ ته‌مموزی‌ ساڵی‌ 2016 ی‌ توركیایش، كه‌ ئه‌مریكای‌ له‌پشت بوو، دوو كۆڵه‌كه‌ی‌ جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ دابه‌شكاریی خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست بوون. رێككه‌وتننامه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ی‌ ئێران له‌بنه‌مادا وه‌كو عه‌باس عراقچی یاریده‌ده‌ری‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئێران باسی لێوه‌ ده‌كات رێككه‌وتننامه‌یه‌كی ئه‌منی‌ بوو. ئامانجه‌كانیشی‌ شكستپێهێنانی‌ شۆرشی‌ سوریاو قه‌لاچۆكردنی‌ سوننه‌ بوو له‌عیراق، به‌ڵام دواجار سه‌ركه‌وتوونه‌بوون ، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یش ئه‌مریكا رێككه‌وتننامه‌ی‌ ئه‌تۆمی له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌. شكستی‌ كوده‌تا سه‌ربازیه‌كه‌ی‌ 15ی‌ ته‌مموزی‌ توركیایش بوو به‌خاڵی‌ وه‌رچه‌رخانی‌ سیاسه‌تی‌ توركیا له‌روی‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ئه‌مریكاو رووكردنه‌ روسیاوه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یش ئه‌مریكا خه‌ریكه‌ ئیخوانه‌كان وه‌ك پاسداران و حزبوڵا ده‌خاته‌ خانه‌ی‌ رێكخراوه‌ تیرۆریسته‌كانه‌وه‌. به‌و شێوه‌یه‌ هه‌وڵه‌ زۆرو جۆراوجۆره‌كانی‌ ئه‌مریكاو خۆرئاوا بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی‌ وزه‌ی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست له‌سه‌رچاوه‌كانی‌ دیجله‌و فوراته‌وه‌ تا نیل شكستیخوارد. ئه‌مڕۆیش عه‌وله‌مه‌ی‌ سه‌رمایه‌داریی وه‌كو كۆمۆنیستیه‌كه‌ی‌ سۆڤیه‌ت به‌ره‌و ماڵئاوایی هه‌نگاو ده‌نێت و له‌نێوان هه‌ردووكیشیاندا فكرو شارستانیه‌تی‌ خۆرهه‌ڵات ده‌بوژێته‌وه‌، زاراوه‌ی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست ده‌بێته‌وه‌ به‌ناوه‌ڕاستی‌ خۆرهه‌ڵات، كه‌ لەروی جیۆپۆلەتیکی ئایینیەوە چه‌قه‌كه‌ی‌ كوردستان و عیراقه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌یش ئه‌مریكاو خۆرئاوا جه‌نگێكی ئیستیسنائی ماڵوێرانكه‌ر به‌سه‌ر هه‌موو لایه‌كدا ده‌سه‌پێنن، كه‌ گۆڕه‌پانه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ی‌ سوریاو لوبنان و عیراق و توركیاو ئێران و ئیسرائیل و ده‌وڵه‌تانی‌ كه‌نداوو ده‌بێت، به‌ڵام زه‌ره‌رمه‌ندی‌ یه‌كه‌م ئه‌وان و گه‌لانی‌ ناوچه‌كه‌یش براوه‌ ده‌بن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

به‌هاری‌ شكۆمه‌ندیی هه‌میشه‌یی

خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ ملێۆنیه‌كانی‌ سودان و جه‌زائیر، شه‌پۆلی دوه‌می‌ ...