سەرەکی » دۆسێ » شرۆڤەیەک بۆ دوا پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئوسترالیا

شرۆڤەیەک بۆ دوا پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئوسترالیا

نەوزاد ساڵح*

رۆژی شەممە18/5/2019 پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی فیدراڵی ئوسترالیا بە چاودێریی و ئامادەبوونی چەندین چاودێریی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو کە هەر سێ ساڵ جارێک ئەو پرۆسەیە دەکرێت.
سیستمی ‌حوکمڕانی لەو وڵاتەدا پەرلەمانییە، وێڕای بوونی هەژموونی شاژن-ی بریتانیا بەسەر ئوسترالیاوە وەکو سومبولێک. لەو پرۆسەیەدا زیاتر لە ٣٠ پارت بەشداریی دەکەن، کێبڕکێ لەسەر بردنەوەی 226 کورسی پەرلەمان دەکرێت. دانیشتووانی ئوسترالیای فیدراڵ نزیکەی 25 ملیۆن کەسەو لە حەوت هەرێمی فیدراڵی پێکهاتووە. رێژەی دانیشتووانی شاری سیدنی هێندەی ژمارەی دانیشتووانی باشووری کوردستانە و شاری (کانبێرا)ش پایتەختی ئەم وڵاتەیە.
زیاتر لە%90ی دانیشتوانی ئوسترالیا کۆچبەربوون کە دواتر ئەو وڵاتەیان پێکهێناوە. لەڕووی مێژووییشەوە مێژوویەکی دێرینی هەیەو بەشێوەیەکی سروشتی دروست نەبووە.

ئاین و زمان و ئاینزاکانی ئوسترالیا
ئاینی سەرەکی لەم وڵاتەدا ئاینی مەسیحییە، بەپێی ئامارو سەرژمێريی رەسمی ساڵی 2016، ئەم وڵاتە رێژەی دانیشتووانی ئاینی مەسیحی %36-ەو پەیوەستن بە دوو هێڵی مەسیحی کاسۆلیک و پرۆستانتەوە، وێڕای بوونی (120) زمان، بەڵام زمانی رەسمی ئوسترالیا زمانی ئینگلیزییە، لەگەڵ بوونی(120) ئاین و ئاینزای تر، بەڵام ژیانێکی ئاشتییانەی تێدایەو کەمترین گرفت و بەریەککەوتنیان هەیە.
نزیکەی (604200) شەش سەدو چوار هەزار و دووسەد کەس مووسڵمانی تێدا دەژی و ئێستاش ئاینی زەردەشتی کە لە1/10/2017ەوە بەفەرمی لەسەر دەستی بەرێز (د. شۆڕش عەلی) لە (رێکخراوی یەسنا بۆ گەشەی فەلسەفەی ئاینی زەردەشتییەکان) کە مامۆستای زانکۆیە لەشاری ملبۆرن کە پایتەختی هەرێمی ڤیکتۆریایە لە ئوسترالیا، ئەم ئاینەش دامەزراوە و ناسێنراوە بۆ کورد.

دەسەڵات و حوکم
سیستمی کارکردن لەم وڵاتە دیموکراتيی پەرلەمانیيە و دەستووریی شاهانەی فیدراڵییە کە لەژێر هەژموونی شاژنە ئەلیزابیتی دووهەمدایە، بەڵام پەرلەمان و حکومەتی خۆی هەیە.

هێزی بەرگریی
هێزی بەرگریی ئوسترالیا لە1/3/1901 ەوە دروستکراوە و لە ساڵی 1909 دا بەتەواوی دامەزرێنراوە و بەشداریی چەندین جەنگی کردووە، لەوانە جەنگی یەکەم و دووهەمی جیهان، جەنگی ‌‌ڤێتنام، جەنگی کۆریا، روبەڕوبوونەوەی سەربازانی ئەڵمانیا لەسەرووی ئەفریقا، هەروەها بەشداربوون لە جەنگی پرۆسەی رزگارکردنی عیراقدا لەساڵی 2003دا.
هێزی بەرگریی ئوسترالیا سێ جۆرە
هێزی بەرگریی ئوسترالی پێکدێت لە هێزی وشکانی، هێزی دەریایی پاشایەتی ئوسترالی، هێزی ئاسمانی پاشایەتی ئوسترالیا، هێزی بەرگریی بەرپرسیارە لە پاراستنی ئوسترالیا، بارەگای سەرەکیی لە شاری( کانبیرا) ی پایتەختە.
جیاوازی هەڵبژاردنی ئوسترالیا لەگەڵ وڵاتانی تردا
-1سەرۆک وەزیران و وەزیرەکان لە ئوسترالیای فیدراڵ یان هەرێمەکان دەبێت ئەندامی هەڵبژێردراوی پەرلەمان بن.
-2ئەو جیاوازیيەی کە لەگەڵ پرۆسەی هەڵبژاردنی وڵاتانی تردا هەستی پێ دەکرێت، ئەوەیە کە لەم وڵاتەدا هەڵبژاردن تەنها ماف نییە، بەڵکو ئەرکیشە لەسەر تاک.
-3هەر دەنگدەرێک بەشداريی پرۆسەکە نەکات، بە بڕی 20 دۆلاری ئوسترالی سزادە درێت.
-4هەر کەسێک بیەوێت رۆژی دەنگدانی گشتی گەشت بکات، یان بەهەر هۆکارێک لە وڵات نەبێت، دەتوانێت پێش پرۆسەکە لە(دەنگدانی پێشوەخت)دا کە لە 29/4ەوە دەستيپێکردووە دەنگی خۆی بدات.
-5سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت.
-6لەهەموو هەرێمێک نوێنەری شاژن هەیە و بۆ هەموو ئوسترالیاش نوێنەرێکی هەیە.
-7شاژن هیچ ئەرک و رۆڵێکیان بۆ دانانێت، تەنها نوێنەری ئەون.
8-نوێنەرەکان دەسەڵاتی گۆڕین و لابردن و دەرکردنیشیان هەیە بەبێ گەڕانەوە بۆ لای شاژن.
-9زۆرجار ئەو کەسەی دیاری دەکرێت، دەبێت سەرۆک یان سەرکردە بووبێت لە سوپا، واتە جەنەراڵێک بووبێت یان کەسێک بووبێت لە بواری یاساو جێ دەستی دیاربێت، پڕۆفیسۆرێکی داهێنەر بووبێت لە بوارێک، ئەوکەسە دەبێت ناسراوبێت واتە دەرکەوتووبێت.
-10خەڵک بڕیاردەدات کە چ پارتێک لە حکومەت بمێنێتەوە، چونکە حکومەت خەڵک هەڵناسوڕێنێت تا دەسەڵات لەدەست بدات، بەڵکو ئەوە حکومەتە حکومەت هەڵدەسورێنێت و بەڕێوەی دەبات.

لەسەر پڕوپاگەندەو بانگەشە و هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەوە
لە رۆژی 11/4/2019 ەوە سەرۆکی پارتی کرێکاران (بیل ستورتن) رایگەیاند کە «پارتەکەی پشتی یەک دەگرن و هێرشیشی کردە سەر کارو پرۆژەکانی حکومەت و بەدەنگی بەرز وتی: (بەسە بەسە بەسە) شەش ساڵی رابردوو لە باشترین ساڵەکانی ئوسترالیا نەبوون، ناسەقامگیريی و نایەکسانی و کرێی زۆر هەبووەو هەموو شتێک زیادیکرد جگە لە مووچە». دواتر دەڵێت: «ئەوەی کە دەبێت بیکەین، دەبێت وڵات کار بۆ چاکسازیی گشتی بکات، نەک تەنها بۆ چیینە بەرزەکان».
مۆڵەتی پڕوپاگەندە و بانگەشەی هەڵبژاردنیش بە پارتەکان دراوە، کاندیدەکان و پارتەکان دەتوانن لەماوەی (٥) هەفتەدا بانگەشە و هەڵمەتی هەڵبژاردن دەستپێبکەن و بانگەشە بۆ خۆیان بکەن بەپێ یاساو رێنماییەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئوسترالیا.
ناساندنی هەرێمەکان و ناوەکانیان
هەرێمەکانی ئەم وڵاتە ئەمانەن:
-1هەرێمی نیوساوز وێڵ
-2هەرێمی ساوز ئوسترالیا
-3هەرێمی وێسترن ئوسترالیا
-4هەرێمی کولینز لاند
-5هەرێمی ڤیکتۆریا
-6هەرێمی تاسمانیا
-7هەرێمی کانبێرا
ئابووريی و داهاتی وڵاتەکە
لە رووی ئابوورییەوە ئوسترالیا 14 هەمین وڵاتە لە جیهاندا، وێڕای سوود وەرگرتن لە کەرتی گەشتیاریی، ساڵانە دەستکەوتێکی باشیشیان لە پیشەسازیی دەرهێنانی مەرجان دەبێت.
چۆنێتی دەنگدان بە پارت و کاندیدەکان
لەم پرۆسەیەدا دەنگدەر دەتوانێت شەش حزب هەڵبژێرێت، هەروەها 12 کاندید دەستنیشان بکات، ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان 226 کورسییە، کە 150 کورسیان تایبەتن بە ئەنجومەنی نوێنەران، خەڵک بێزارە لە:
-1زۆریی رێژەی باج و لاوازیی بواری تەندروستی.
-2سستمی پەروەردە، هەر لەبەر ئەم دوو خاڵە و چەندین هۆکاری تر، پێناچێت حزبی لیبراڵ سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و رەنگە حزبی کرێکاران بەپێی دەرئەنجامی راپرسییەکان سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.
ئەنجومەنی سەوز و سوور
ئوسترالیا وڵاتێکی سەربەخۆیە، بەڵام لەهەموو هەرێمێکدا نوێنەری شاژنی بەریتانیای تێدایە، کە بەگشتی هەژموونی شاژن بەسەر ئەو وڵاتەوە هەژموونی رێزگرتنە. لەهەر هەرێمێکدا دوو ئەنجومەن هەیە، ئەنجومەنی نوێنەران کە پێی دەڵێن ئەنجومەنی سەوز، لەگەڵ ئەنجومەنی یاسادانان کە پێی دەڵێن ئەنجومەنی سوور، کۆمسیۆن لەسەر ئاستی ژمارەی دانیشتووان شارەکان دابەش دەکات، نەک لەسەر ئاستی جوگرافیا و هەر کاندیدێک دەبێت 65 هەزار دەنگ بەدەست بهێنێت .
ژمارەی سیناتۆرەکان 76 سیناتۆرن.
هەر سیناتۆرێک نوێنەرایەتيی شەش کورسی دەکات لە هەرێمێکدا.
دوو پارتی سەرەکی هەن پارتی کرێکاران، پارتی لیبراڵەکان، هەروەها پارتی سەوز و پارتی سەربەخۆ و پارتی نەتەوەیی و …..هتد، کە ئەمانە پارتی لاوەکین بەراورد بە دووانەکەی دیکە.
پرۆسەی دەنگدانی پێشوەخت لەم وڵاتەش هەیەو لە رۆژی 29/4ەوە دەنگدانی پێشوەخت دەستیپێکردووە بۆ ئەو کەسانەی کە رۆژی دەنگدانی رەسمی گەشت دەکەن یان بەهەر هۆکارێک بێت بۆ وڵاتێکی دیکە دەڕۆن، سندوقی ئەنجومەنی نوێنەران و سیناتۆرەکان جیاوازن.

ئوسترالیا و جەنگی داعش
وێڕای بەشداريی هێزە سەربازیيەکانی ئوسترالیا لە دژی داعش، لە فيلیپین سوپای ئەم وڵاتە بەشداریش بوو وەک هێزێکی کاریگەر لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا دژی دەوڵەتی ئیسلامی داعش و بنکەی سەربازیی لە کەنداو هەیەو رۆڵی بەرچاویان هەبووە لە روبەڕوبونەوە و تێکشکاندنی تیرۆریزمی جیهانیدا.
وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا هۆشداریی داوە و رایگەیاندوە کە هەموو ئەو چەکدارانەی کە سەربە دەوڵەتی ئیسلامی داعش بوون و بەشداربوون لە شەڕدا، پاسپۆرتەکانیان سڕدراوەتەوە و ناتوانن نە خۆیان و نە خانەوادەکانیان بگەڕێنەوە بۆ ئەو وڵاتە.

رووبەر و ئاو و هەوای ئوسترالیا
رووبەری ئوسترالیا حەوت ملیۆن و نیو کیلۆمەتری چوارگۆشەیە، بەمەش ئوسترالیا بە بچووکترین کیشوەر هەژمار دەکرێت لە جیهاندا. گرنگترین شوێنە بۆ دەستکەوتنی مەرجان، سروشتەکەی کەمترین شاخ و بەرزایی هەیە و زەوییەکی دەشتایی زۆری هەیە و دوورترین شوێنی هەیە لە دوورگەوە، پاڵەپەستۆی هەوای نزمەو بارانی هەیە بەشێوەی ناڕێک و هەموو ساڵێک. هەندێک ساڵیش وشکەساڵی دەبێت، وەک خولی ساڵانەی وشکەساڵی، بەهۆی بوونی دارستانەکانەوە ساڵانە چەندین هێکتار دارستانی دەسووتێت، بەشی سەرووی وڵاتەکە رەش دەبێت، و بەشی خواروو دەکەوێتە رەوشی ئاووهەوای دەریای ناوەڕاست، و ئاوو هەوای بەشی خۆرهەڵاتی مامناوەندیە، لەکاتێکدا ئاوو هەوای دەشتاییەکان دادەپۆشێت کە سێیەکی رووبەری ئوسترالیایە.
ئوسترالیا یان دوورگەی ئوسترالیا دەکەوێتە خوارووی خۆرهەڵاتی کیشوەری ئاسیاوە و بەرەو خۆرئاوای زەریای هیندی، کیشوەری ئوسترالیا دوورگەیەکی گەورەیە بەئاو چواردەوری گیراوە لە هەموولایەکییەوە، لەبەشی سەرەوەی دەریای ئەرفوراوە دەریای تەیمور و تەنگەی تۆرۆز هەیە، لە خۆرهەڵاتییەوە دەکەوێتە نزیک شەپۆلەکانی کیشوەری دەریای تسمان و دەریای کۆراڵەوە، خۆرئاوای کیشوەرەکە دەکەوێتە دەرچەی باس و شۆڕدەبێتەوە بۆ سەر زەریای هیندی لە خۆرئاوا و باشوورەوە.

داهاتی ساڵانە و رێکخستنی مووچە
بەپێی ئاماری مانگی ٣ی ساڵی ٢٠١٩، بەرزترین داهاتی ساڵانەی کەسێک کە کاربکات ١٨٠٠٠٠ سەدو هەشتا هەزار دۆڵارە و دەبێت بۆ هەر دۆلارێک ٤٥ سەنت باج بدات، بەڵام بۆ کەسانێک کە کارناکەن لەسەر سۆسیال دەژین کە لەئوسترالیا پێی دەڵێن (سەنتەری لینک)، هەموو پارەدانێک بۆ ئەوانەی کە لەسەر سۆسیال دەژین و ئەوانەشی کە کارمەندی حکومەتن، ئەوانەش کە لەکەرتی تایبەت کاردەکەن، دوو هەفتە جارێکە کە ئەمە بەیاسا رێکخراوە، تاکە کەس نێر بێت یان مێ، منداڵی نەبێت دوو هەفتە جارێک 555 دۆلار لەگەڵ 100 دۆلار بۆ کرێ خانوو وەردەگرێت، بۆ هەر مێرد منداڵێک 501 دۆلار و70 سەنت لەگەڵ 100 دۆلار کرێ خانوو وەردەگرێت، دایک و منداڵێک 1200 دۆلار بەکرێ خانووەوە، کەسێک چاودێریی نەخۆش بکات کە لەکارکردن دەبووردرێت 910 دۆلار هەموو دوو هەفتە جارێک وەردەگرێت، مووچەی فەرمانبەران دوو هەفتە جارێکە، دامەزراندن نییە، هەموو کارێک حکومی بێت یان نا حکومی، گرێبەستە بۆ ساڵێک، ئیدی بە گوێرەی رێکەوتنەکەیە.

سەرچاوەکانی داهات
-1سەرچاوە ئاویيەکان
-2سەرچاوەکانی ئاژەڵ لەوانە مەڕ، بزن ، مانگا، گامێش .
-3سەرچاوە کانزاییەکان یۆرانێۆم، غاز، خەڵوزی بەردین، فۆسفات، دارێک کە لە دارستانەکانەوە دێت، ‌ئۆتۆمبیل لەوانە میسیۆ بیشی، فۆرد، تایە هەروەها چەک.
رێژەی بێکاری بەگوێرەی نوێترین ئاماری بەڕێوەبەرایەتی ئوسترالیا کە لە مانگی ئازار-ی ئەمساڵدا کراوە، بریتیبووە لە 0%.
ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن
دوای پرۆسەی هەڵبژاردنی ئوسترالیای فیدراڵ لە رۆژی شەممەی رابردوو رێکەوتی 18/5/2019 ئەنجامی بەرایی پرۆسەکە بەم شێوەیەیە، پارتی هاوپەیمانی لیبراڵەکان 74 کورسیان بەدەست هێناوە، پارتی کرێکارانیش 66 کورسیان بەدەست هێناوە، هەروەها پارتەکانی تر 6 کورسیان بەدەست هێناوە، کە دەکاتە 150 کورسی، بۆ پێکهێنانی حکومەت، پارتی لیبراڵەکان پێویستیان بە 75 کورسییە، کەواتە هێشتا براوەی یەکەم نین.
(بیل شۆرتن) دوای هەڵبژاردنەکە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە: هەرچەندە ئەم ئەنجامە بۆ ئێمە گرانە، بەڵام دەبێت پەسەندی بکەین و ئەویش ئەوەیە ئێمە پارتی کرێکاران دۆڕاندمان و لێرەوە من وازهێنانی خۆم لە سەرۆکایەتی پارتی کرێکاران رادەگەیەنم و پیرۆزبایی لە(سکۆت مۆرەسن) دەکەم، هاوکات (تۆنی ئەبووت) کە پێشتر سەرۆک وەزیران بوو لەسەر لیستی لیبراڵەکان، دوێنێ کورسییەکەی لەدەستدا پاش ئەوەی 15ساڵە ئەندام پەرلەمانە، ئەم ئەنجامانە ئەنجامی بەرایین و کۆمسۆن لەماوەی 10رۆژدا کۆتا ئەنجامی کۆی پرۆسەکە بە رەسمی رادەگەیەنێت.

*بەڕێوەبەری سەنتەری دیاکۆ بۆ هەڵبژاردن و راپرسی

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

رۆژنامەیەك: عیراق تووشی وشكەساڵی دەبێتەوە

رۆژنامەیەكی قەتەری كە لە لەندەن دەردەچێت، هۆشداریی دەدات لە دروستبوونی ...