سەرەکی » دۆسێ » ئەمریكا كارمەندە ناسەرەكییەكانی لە عیراق پاشەكشە پێدەكات

داوای زیادكردنی هێزەكانیشی دەكات

ئەمریكا كارمەندە ناسەرەكییەكانی لە عیراق پاشەكشە پێدەكات

ئەمریكا داوا لە كارمەندە ناسەرەكییەكانی دەكات لە عیراق، وڵاتەكە بەجێبهێڵن، لە هەمان كاتدا دەیەوێت ژمارەی هێزەكانی لە وڵاتەكەدا زیاتر بكات.
لە 15ی ئیاری 2019، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا داوای لە كارمەندە ناسەرەكییەكانی كردبوو عیراق جێبهێڵن، بەریتانیاش ئامادەباشی هێزەكانی لە عیراق و دیپلۆماتەكانی بەهۆی هەڕەشەكانی ئێرانەوە، ڕاگەیاندبوو.
هەر لەو چوارچێوەیەدا ڕۆژنامەی (گاردیان)ی بەریتانی لە زاری سەرچاوە هەواڵگرییەكانەوە بڵاویكردبۆوە،” مەترسییەكی زۆر هەیە عیراق ببێتە گۆڕەپانێك بۆ ڕووبەڕوونەوە، و ئێران لێوەی بەدوور لە خاكی خۆی، دژ بە ویلایەتە یەكگرتووەكان بوەستێتەوە”.
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە دوای هەنگاوی خستنەحاڵەتی ئامادەباشی سوپاكەی لە عیراق، داوای كردبوو، بەشێك لە كارمەندەكانی عیراق جێبهێڵن.
باڵێۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا بەپێویستی زانیبوو، ئەو كارمەندانەی كاری زۆر گرینگیان نییە بە زووترین كات عیراق بەجێبهێڵن، چونكە ئەوان توانایان سنووردارە بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییە ئەمریكاییەكان لە عیراق.
هەر لەو بارەیەوە ئاماژەی بە راگرتنی كاتی پێدانی ڤیزاش كردبوو لە باڵێوزخانە و كونسوڵخانەكانی ئەمریكا لە عیراق.
بەر لەوە فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەند رایگەیاندبوو، مەترسی هێرشی كتوپڕ و چاوەڕواننەكراو هەیە بۆ سەر هێزەكانیان لە عیراقدا.

هۆكاری هەنگاوەكەی ئەمریكا
باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا هۆكاری جێهێشتنی بەشێك لە فەرمانبەرانی لە بەغدا و ڕاگرتنی كاری باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی ئاشكراكردبوو كە هۆكارەكەی «زۆربوونی هەڕەشەكان لەسەر ئەمریكاییەكان».
باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا لە بە یاننامەیەكدا رایگەیاندبوو» بە لەبەرچاوگرتنی هەڕەشە و زیادبوونی مەترسییەكان كە لە عیراقدا هەستی پێدەكرێت، بڕیاریانداوە ژمارەیەك لە كارمەندانی باڵیۆزخانە و كونسوڵخانەكانیان عیراق جێبهێڵن».
لە بەیاننامەكەدا هاتبوو» لەسەردانەكەی ئەم دواییەی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ بەغدا و كۆبوونەوەی لەگەڵ لێپرسراوە عیراقییەكان، ڕاستیی ئەو مەترسیی و هەڕەشانەیان بۆ حكومەتی عیراق شیكردووەتەوە و ئاگاداریان كردوون».

باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا لە ڕاگەیەندراوەكەیدا دەڵێت»پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن دەكەن بە سەلامەتی و ئاسایشی دامەزراوەكانیان لەسەرانسەری جیهاندا، بڕیاری كشاندنەوەی ژمارەیەك لە كارمەندانی باڵیۆزخانەی بەغدا و كونسوڵگەریی هەولێریش، لە سایەی ئەو رەوشەكە ئەمنییەدا كە ئێستادا پەیڕەدەكرێت».
لە 16ی ئایاری 2019، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە دوای هەنگاوی راگەیاندنی حاڵەتی ئامادەباشی سوپاكەی لە عیراق، داوایكرد هەریەكە لە باڵیۆزخانەكەی لە بەغدا و كونسوڵگەری وڵاتەكەی لە هەولێر، وڵاتەكە جێبهێڵن.

هەڵوێستی عیراق
دوای بڕیارەكەی ئەمریكا بۆ پاشەكشەپێكردنی بەشێك لە كارمەندانی بالێوزخانە و كونسوڵخانەكانی لە عیراق، وەزارەتی بەرگری عیراق ڕەتیدەكاتەوە لەلایەن ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپاوە مەشقپێكردنی هێزە ئەمنییەكان و پێشمەرگە ڕاگیرابێت.
لەو بارەیەوە، لیوا تەحسین خەفاجی بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگری عیراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو، ئەو هەواڵانەی باسی ڕاگرتنی مەشقپێكردنی هێزە ئەمنییەكان و پێشمەرگە دەكەن لەلایەن ئەمریكا و ئەڵمانیا و هۆڵەنداوە، دوورن لە ڕاستییەوە.
بە گوتەی لیوا تەحسین خەفاجی» ئەو وڵاتانە ژمارەیەك كەسیان لە نوێنەرایەتییەكانیان كشاندووەتەوە كە بوونیان لە عیراق پێویست نییە، ئەو هەنگاوەش وەك ئامادەكارییەكە بۆ خۆپاراستنی نوێنەرایەتییەكانیان، بەپێچەوانەوە هیچ شتێكی تر لەئارادا نییە».
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی بەرگری عیراق دەڵێت:» كار و مەشقپێكردنی وڵاتان بە هێزە ئەمنییەكان و هێزی پێشمەرگە لە تەواوی یەكەكان بەردەوامە».
پێشتر ئاژانسی دەنگوباسی هۆڵەندا رایگەیاندبوو» لەبەر هۆكاری ئەمنی، حكومەتی وڵاتەكەی كاری نێردە دیپلۆماسەییەكەی لە عیراق راگرت، كە یارمەتی پێشكەش بە دەسەڵاتە خۆجێییەكان دەكرد و هێزە سەربازییەكانی هۆڵەنداش، بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە بیانییەكانی تر، مەشقیان بە هێزە عیراقییەكان دەكرد لە هەولێر.

ئەمریكا داوای زیادكردنی هێزەكانی دەكات
رۆژنامەی عوكازی سعودیە لە زاری سەرچاوەیەكی پەرلەمانی عیراقەوە بڵاویكردبۆوە، واشنتۆن خواستی زیادكردنی ژمارەی بنكە سەربازییەكانی هەیە لە عیراق، وێڕای زیادكردنی ژمارەی سەربازەكانی.
رۆژنامەی عوكازی سعودیە لە 17ی ئایاری 2019، لە زاری سەرچاوەیەكی پەرلەمانی عیراقەوە نوسیبوی”واشنتۆن لە مانگی ڕابردوودا بە بەغدای ڕاگەیاندبوو، خواستی هەیە ژمارەی هێزە سەربازییەكانی لە عیراق زیادبكات، و بنكەی سەربازی نوێ‌ بۆ هێزەكانی دابمەزرێنێت، بەبێ‌ ئەوەی وردەكاریی زیاتر لەو بارەیەوە بخاتەڕوو”.
بە گوتەی ئەو سەرچاوانە”حكومەتی عیراق وەڵامی ئەو داواكارییەی ئەمریكای نەداوەتەوە، بەڵام تەئكیدی لەسەر هەماهەنگی سەربازی پتەوی نێوان بەغدا و واشنتۆن كردۆتەوە، هەوڵەكانی ئەمریكاشی بەرزنرخاندووە لە یارمەتیدانی عیراق بۆ لەناوبردنی تیرۆر”.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

رۆژنامەیەك: عیراق تووشی وشكەساڵی دەبێتەوە

رۆژنامەیەكی قەتەری كە لە لەندەن دەردەچێت، هۆشداریی دەدات لە دروستبوونی ...