سەرەکی » مانشێت » رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستانپەڕە 3

رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان

دوێنێ 10/6، لەڕێوڕەسمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا، كە وەفدی باڵای مەكتەبی سیاسیی ی.ن.ك بەسەرۆكایەتیی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی، د.فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری پێشووی عیراق، تیمی یەكێتی لەحكومەت بەسەرۆكایەتیی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، فراكسیۆنی سەوز لەپەرلەمانی كوردستان‌و ژمارەیەكی زۆر لەلێپرسراوو میوانی ناوخۆو عیراق‌و ناوچەكەو جیهان، ئامادەیبوون، دوای سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم، بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان وتارێكی پێشكەشكرد، لەوتارەكەیدا، وێڕای پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی، داوای لەحكومەتی هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵ كرد پێكەوە هەوڵبدەن هەرچی زووترە ئەو كێشانەی كە ماون چارەسەریان بكەن، بەتایبەتی كێشەكانی ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، كە رۆژ بەڕۆژ كێشەكان زیاتر قووڵتردەبن‌و جێگەی مەترسیی جددیین. وتیشی: ئومێدەوارین هەموو لایەنەكان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەئاشتی چارەسەری كێشەكان بكەن. لەناو هەرێمیشدا داواكارم لایەنە سیاسییەكان بەگیانی برایەتی‌و هەستكردن بەبەرپرسیارێتی، كێشەكانی ناوخۆ چارەسەربكرێن.

پێكەوە كاركردن بەرەوپێشمان دەبات
هەر لەڕێوڕەسمەكەدا، د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق وتارێکی پێشکەشکرد. پاشان محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەوتارێكدا، لەپاڵ پیرۆزبایی لەسەرۆكی نوێی هەرێم، جەختی لەسەر پێكەوە كاركردن كردەوە، بۆئەوەی بڕیاری سیاسی لەبەغدا یەك بێ، وتیشی: هەرچەند بەغدا بەهێز بێ، هەرێمی كوردستان‌و بەسرە‌و موسڵ‌و هەموو پارێزگاكانی دیكە بەهێز دەبن‌و لەئاسایشدا دەبن، ئەوەش بەرەوپێشمان دەبات‌و هۆكارێك دەبێت بۆ چارەسەری كێشەكان.

دەستوور خاڵی بەیەكگەیشتن بێت
لەبەشێكی دیكەی ڕێوڕەسمەكەدا، د.عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەوتارێكدا، كە نوێنەرەكەی خوێندییەوە، پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی كرد‌و رایگەیاند: كاردەكەین بۆئەوەی پەیوەندیی دەستووری لەنێوان هەردوو حكومەتی ناوەند‌و هەرێمی كوردستاندا باش بێت‌و دەستووریش خاڵی بەیەكگەیشتن بێت تاعیراق یەكپارچە بێت‌و ئاسایشی پارێزراو بێت.

بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكان
هەروەها، عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە، وتارێكی پێشكەشكردو تێیدا، وێڕای پیرۆزبایی لەسەرۆكی نوێی هەرێم، رایگەیاند: هیوادارم لەهەوڵەكانی بەردەوام بێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان‌و بەرەوپێشبردنی تەواوەتی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەت لەگەڵ حكومەتی عیراقی فیدرالدا.
هەروەها چەند وتارێکی دیکە پێشکەشکران.

بەهێزكردنی پەیوەندیی دیپلۆماسی هەرێم
لەكۆتایی رێوڕەسمەكەشدا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، وتەیەكی پێشكەشكردو رایگەیاند: هەرێمی كوردستان وەك هەرێمێكی فیدرالیی دەستووریی عیراق، سەلماندوویەتی بەشێكی دیارو كاریگەری ناوچەكەو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەو رۆڵی بەرچاوی لەپاراستنی سەقامگیری‌و هاوسەنگیی ئابووری‌و سیاسیی ناوچەكەدا هەیە. دووپاتیشیكردەوە كە هەموو پێشكەوتنە سیاسی‌و ئابووری‌و فەرهەنگی‌و كۆمەڵایەتییەكانی ناوچەكەو جیهانیش، كاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە، بۆیە قۆناغەكانی داهاتوو پێویستی بەهاوكاری‌و هەماهەنگی‌و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستانە لەگەڵ عیراق‌و وڵاتانی ناوچەكەو‌ جیهانداو بۆ ئەم مەبەستەو لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش‌و ڕێزلەیەكگرتن، دەیانەوێت دەستی هاوكاری‌و هەماهەنگی‌و كاری پێكەوەیی بۆ هەمووان درێژبكەن، چونكە هەرێمی كوردستان بەقۆناغێكی ناسكی جیاوازی سیاسی‌و كۆمەڵایەتیدا تێدەپەڕێت‌و كۆمەڵگەی كوردستانیش وەك هەر كۆمەڵگەیەكی مرۆڤایەتی، بێ داخوازیی سەربەستی، ئازادی، گەشەی كۆمەڵایەتی‌و خۆشگوزەرانی نییەو وەك زۆربەی میللەتانی دیكە، بێ ململانێی سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئابووری‌و ئایدۆلۆژیش نین.


لەبەشێكی دیكەی وتەكەیدا، داوایكرد لەمەودوا لەگشت ئاستێكی كۆمەڵایەتی‌و سیاسیدا لەگەڵ یەكتر كۆك‌و تەباو ساز بین‌و وتی: ململانێ‌و جیاوازی وەك شتێكی ئاسایی هەر دەمێنن، بەڵام پێویستە بیرو هەڵسوكەوت‌و كرداری هەموولایەك پێكەوەو بنیاتنەرانە بێت بۆ گەڕان بەدوای چارەسەرو ئایندەی هاوبەشداو نیشتمانەكەشمان كۆكەرەوەی هەمووان بێت. داواشیكرد نوێنەرانی پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان، بەشداریی ژیانەوەی هەرێم‌و بەهێزكردنی بنەمای رەوتی بەرەو ئایندە بكەن. جەختیشیكردەوە كە دەبێت لەگەڵ حكومەتی فیدرال پێكەوە كار بۆ دۆزینەوەی چارەسەری هاوبەش لەچوارچێوەی دەستووردا بكەین، تاببێتە بنەمای عیراقێكی نوێ‌و مافەكانی هەرێم‌و هەموو عیراقییەكان لەچوارچێوەی حوكمڕانییەكی دیموكراتی فیدرالدا بپارێزرێت.
لەكۆتایی وتەكەشیدا، جەختیكردەوە كەپێویستەو دەبێت هەمووان پێكەوە سیاسەتی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی، پێكەوەژیان‌و گەشەی ئابووری‌و سازانی سیاسی دابڕێژین، چونكە گۆڕانكاریی خێرای هەرێم پێویستی بەدیدی هاوبەش، دوور لەناكۆكی، ناتەبایی‌و ناسازی هەیە، ئاشكراشە هەمووان لەسەركەوتن‌و نشوستییەكان بەرپرسیارن‌، بۆیە پتەوكردنی پەیوەندی لەناوخۆو لەگەڵ وڵاتان لەسەر بنەمای لێكگەیشتن‌و رێزلێگرتن، بەرژەوەندیی هەمووان دەپارێزێت لەچوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی‌و داب‌و دەستووری دیپلۆماسی‌و سەروەریی هەر وڵاتێك‌و پێكهاتە دەستوورییەكانیدا، لەوبارەیەشەوە تەئكیدیكردەوە كە ئەركی سەرۆكی هەرێم دەبێت رێگەخۆشكردن‌و زەمینەسازی بێت بۆ لێكنزیكبوونەوەی هەرێم لەگەڵ دراوسێكانی‌و گەشەپێدانی ئابووری، بازرگانی، بەهێزكردنی پەیوەندیی دیپلۆماسی‌و دۆزینەوەی چارەسەری هاوبەش بۆ گرفت‌و بەرژەوەندیی هاوبەش.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران..

ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران و کاریگەرییەکانی لەسەر عیراق و ...