سەرەکی » وتار » کارکردن لە ژێر ناوی پێشمەرگەیەکی (ی.ن.ک) دا

کارکردن لە ژێر ناوی پێشمەرگەیەکی (ی.ن.ک) دا

جەلال دەباغ

کاتێک ھاوڕێ کەریم ئەحمەد داوای لێکردم بچمە شام و ئینجا کاتی پێکگەیشتنی لە ماڵی ھاوڕێ ئەبوجەنگۆ لە شام بۆ دیاری کردم. کە گەیشتمە ئەوێ تەماشام کرد ھەریەک لە ھاوڕێیان عەزیز محەمەد و کەریم ئەحمەد و مام جەلال تاڵەبانی و ھاوڕێ رەمۆ شێخۆ (ئەبوجەنگۆ- ئەندامی مەکتەبی سیاسی حیزب شیوعی سوریە) دانیشتوون نانێکی نیوەڕۆی ئاسایی دەخۆن. کاتێک فەرموویان لێکردم بۆ نانخواردن سوپاسم کردن و پێمڕاگەیاندن کە نانم خواردووە، پاشان لەگەڵ ئەوان پیاڵەیەک چام خواردەوە دوای چەند خولەکێک ھاوڕێیەکی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان کە ناوی خۆی نابوو (شەماڵ) و دواتر زانیم کە کادرێکی پێشکەوتووی یەکێتییە بە ناوی شێخ محەمەدی باخ (باخ گوندێکە لە رێگای سلێمانی – دوکان). پاش بەخێرھاتنی، مام جەلال ڕووی تێکرد و گوتی: «ئا ئەم ھاوڕێیە- دەستی بۆ من ڕاکێشا- (ئەبومەحموود)، ئەمە ھاوڕێ جەلال دەباغە، لە قامیشلۆ دەیبینیت، وەک (پێشمەرگە)یەکی ئاسایی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵتدا کار دەکات، تۆ بە ڕواڵەت بەرپرسی ئەویت و لە ئەمباری چەک و جبەخانەکەمان لە قامیشلۆ یارمەتیت دەدا، بەڵام لە ڕاستیدا بە بەرپرسی خۆتی دەزانیت. لای ھیچکەس ئاشکرای ناکەیت، پێکەوە کاروبار ڕێکدەخەن و بەقسەی دەکەیت!
ھاوڕێ شەماڵ ڕووی کردە مام جەلال و گوتی: بەڵێ ھاوڕێ.
ئیتر ماڵئاواییمان لێکردن و دەرچووین. پاشان لەگەڵ ھاوڕێ شەماڵ لە قامیشلۆ پێکگەیشتین..
لە ئەمبارێکی گەورەی چەک و جبەخانە کە بەتایبەتی هی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بوو، جۆرەھا چەک و فیشەک و پێداویستی سەربازیی تری تێدابوون کە تایبەتبوون بە شەڕی پارتیزانی، وەک فیشەکدان و زەمزەمی و پێداویستیەکانی تر. برایانی یەکێتی ماوەیەکی تا رادەیەک درێژبوو نەیاندەتوانی بەڕێگەی قامیشلۆ ڕاستەوخۆ چەک بگەیەننە کوردستان، ئەمەش بەھۆی کۆسپ و تەگەرەی سەرڕێگاوە، لەبەر ناکۆکی و کێشەی خوێناویی ناوڕیزی ھێزە نیشتمانی و دیموکراسی و نەتەوەپەروەرەکانی کوردستان، بەتایبەتی نێوان یەکێتی نیشتیمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان، حزبی ئێمەش ھەوڵی زۆری بۆ باشبوونی پێوەندی و ڕێکەوتنیان دەدا.
ئێمەش، ھاوڕێ شەماڵ و من و دوو ھاوڕێیتر لە (ی.ن.ک) دەستمان کرد بە سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی ئەمبارەکە. ھەر لە سەرەتاوە دەرکەوت کە ھاوڕێ شەماڵ لە کارکردندا باش و پۆزەتیڤ بوو، ئامادەیی خۆیشی بۆ یارمەتیدانمان دەرخست لە ھەر شتێکدا کە داوای بکەم و دەتوانم بۆ کوردستانی بنێرم. دەمانچەیەکیشی لە جۆری مەکارۆف پیشکەش کردم و لە لیستی موڵکایەتی حزبماندا تۆمارم کرد. ئۆتومبیلێکی جێبی سەربازیی لەژێر دەستابوو، کارەکەیشی بەتایبەتی ئەوەبوو کە گونیە چەکی سووک بە پێچراوەیی، بەتایبەتی تفەنگی کڵاشنیکۆف کە ئێمە بە «کلاشینکۆف» ناوی دەبەین، ئامادە بکات، هەندێک جاریش یارمەتیم دەدا، یان ئەگەر سەرقاڵی ئیشوکارێکی دیکە بوایە جیبە سەربازییەکەم لێوەردەگرت و دەمئاژوت و لەگەڵ چەند ھاوڕێیەکی تریدا لە شەودا دەچووین بۆ شوێنێکی دیاریکراو لەسەر سنووری سوریە- تورکیە، زۆرجاریش ھاوڕێ (نەجمەدین بیوک کایا) کە نازناوەکەی ھاوڕێ (سەلاح) بوو کە سەرکردەی دەستەیەکی چەند کەسیی تری دیاریکراو بوو، لەگەڵ چەند ڕێزانێک لە سنووری تورکیاوە بە نهێنی دەھاتن، لە قوڵایی تاریکیدا گونیە چەکەکانیان لە ئێمە وەردەگرت و ئینجا دەگەڕانەوە، گەیاندنی ئەم گونیە چەکانەیان ڕێکدەخست. گونیەیەک ھەشت تفەنگ و فیشەکی بەرەی یەکەمی تێدابوو، ھەمووشیان جگە لە ھاوڕێ شەماڵ وایاندەزانی من یەکێکم لە ھاوڕێیانی (ی.ن.ک).
من دوو ڕێگەم ڕێکخست بۆ گەیاندنی بارە چەکی خۆمان بۆ کوردستان. لە ھەر یەکێک لەو ڕێگایانە نزیکەی دووجار سوودمەندبووم. ڕێگەی یەکەم بە یارمەتی قاچاخچیەکان و ڕێگەی دووەم بەیارمەتی کادرێکی پارتی دیموکراتی کوردستان کە ئەویش کاک مەحمود گەرگەری بوو کە ئەوکاتە لەلایەن کاربەدەستانی سوریەوە داواکرابوو، دەیانویست دەستگیری بکەن، بەڵام ئەو بە نهێنی هەر دەهاتە سوریە، لە کاتی پێکگەیشتن لە گوندێکی سەرسنوور ئاگاداری کردم، لەو گوندە یەکترمان دی و قسە و بیروڕامان ئاڵوگۆڕ کرد و لەسەر ئەوە ڕێکەوتین کە ھەردوولامان یارمەتی یەکتر بدەین، من داوایەکی ئەوم جێبەجێ کرد، کە ناردنی ھەندێ فیشەک و گولەتۆپی ئاربیجی ٧ بوو، ئەویش لە گەیاندنی دوو وەجبە چەکدا یارمەتیدام، لەناویدا ٦٠٠ زەمزەمیە کە ھاوڕێیانی پێشمەرگەمان زۆریان پێویستبوو، ناوبراو چەکەکانی بۆ گەیاندمە بارەگای لقی یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بادینان، پاشان ھاوڕێ تۆما سادق تۆماس (ئەبوجوزیف) لە بارەگای حزب لە بادینان لێی وەرگرتن.
من زەمزەمیەکانم لە ئەمباری چەکەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی لەسەر بڕیاری کاک شەماڵ وەرگرت و ھەندێک پارچە چەکیشی پێدام و، گوتی ئێمە ئێستا لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ناتوانین ھەموو ئەم چەکانە بگەیەنینە نیشتمان، تۆ دەتوانیت ھەندێ شتومەکی پێویست بۆ خۆتان داوا بکەیت و باشتروایە بگەیەندرێنە کوردستان، نەک لەم ئەمبارەدا بمێننەوە. جگە لە زەمزەمیەکان دوو دەمانچەی میکارۆڤ و دوو تۆپی لە جۆری ھاوەن٦٠ و پتر لە ٢٠٠ گولەتۆپی ئاربیجی ٧ ی پێدام …تاد.
ماوەیەک لەگەڵ ھاوڕێ شەماڵ پێکەوە کارمان کرد کە باری سەرنجی باش و پێکەوە گونجانمان دەربارەی ھەبوو.
جارێکیان لەکاتی سەردانی ھاوڕێ نەجمەدین بیوک کایا (سەلاح) لە قامیشلۆ ھاوڕێ شەمال بۆ نانخواردنی نیوەڕۆ لە چێشتخانەیەک بانگی کردین، لەوێ لەکاتی قسەوباسدا کاک شەماڵ کاک نەجمەدینی ئاگادار کرد کە من ھاوڕێی حزبی شیوعیی عێراقم، ھاوڕێ (سەلاح) ئەمەی زۆر پێخۆشبوو، زۆر بەم ھاوکارییەی یەکێتی و شیوعی دڵخۆشبوو.

نمایندەی فەرمی لای کاربەدەستانی سوریە
پاش ماوەیەک نامەیەکم لە ھاوڕێ کەریم ئەحمەدەوە پێگەیشت کە تێیدا نووسرابوو: «لەگەڵ ئەم نامەیەدا نووسراوێکی فەرمیت بۆ دەنێرم بیبەیتە لای بەرپرسی لقی سەربازیی لە قامیشلۆ، خۆتی پێ دەناسێنی بەو ناوەی کە لای ئەوان نوێنەری حزبی شیوعی عێراقیت، ئەویش یارمەتیت دەدا بە ھەموو پێداویستێکی فەرمی بۆ مانەوەت و لەسەر بەجێگەیاندنی ئەرکەکانت بەردەوامبە».
ئینجا منیش پێوەندیم کرد بە بەرپرسی لقی سەربازیی ھاوڕێ محمد منێورە (ئەبوجاسم)ەوە، بەگەرمی پێشوازیی لێکردم و کە نووسراوەکەی وەرگرت بە زەردەخەنەیەکەوە گوتی :»تۆ لە ھاوڕێیانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان نەبوویت و لەگەڵ ھاوڕێ شەماڵ کارت دەکرد؟» گوتم «بەڵێ، بەڵام سەنگەرم گواستۆتەوە بۆ ناو حزبی شیوعی عێراق..!».
پێکەنی و گوتی: «سەرچاو و ھیوای سەکەوتنت لە ئەرکەکانتدا بۆ دەخوازم. من ھەمیشە ئامادەم بۆ یارمەتیدانتان.»
لەراستیشدا وابوو، ھاوڕێ (ئەبوجاسم) لە سەرەتاوە تا دوایی بەوپەڕی دڵسۆزی و راستگۆییەوە بەبێ ھیچ گیروگرفتێک یارمەتیداین. بەمجۆرە قۆناغێکی تر لە ئیشوکارماندا دەستی پێکرد.
جارێکیان لەگەڵ ھاوڕێ عومەر عەلی مامەشێخە چووینە سەردانی ھاوڕێ (نەجمەدین بیوک کایا) لە ماڵی خۆیان لە ئامەد «دیاربەکر»، لەو رۆژانەدا پێکەوە چوبووینە ئامەد بۆ سەرپەرشتیی ھەندێ کاروباری تایبەت بە گواستنەوەی چەک. ھاوڕێ (نەجمەدین بیوک کایا) کەسایەتیەکی چەپ و دڵسۆزبوو، زۆر ھاریکاری یەکێتی نیشتمانیی کوردستانی دەکرد و خۆی بە نزیکترین دۆستیان دەزانی یان تەنانەت دەشێ بووبێتە ئەندامیشیان و بە چالاکیەکان و رەوتی مام جەلال سەرسام بوو. زۆر بەگەرمی لەماڵی خۆیان پێشوازییان لێکردین و ئامادەیی خۆی بۆ ھەر یارمەتیەکمان کە لە توانایدابێ پیشان دا. دواتر ھاوڕێ (سەلاح) کە لە کۆڕی تێکۆشان و چالاکیدابوو، بەدەستی دەزگایەکی دەسەڵاتدارانی تورکیا شەھید کرا.
شەھیدکردنی ھاوڕێ نەجمەدین بیوک قایا (ھاوڕێ سەلاح)، کە بە (ھاوڕێ نەجۆ) ش ناوی دەبرا، زیانێکی گەورەبوو بۆ بزاڤی رزگاریخوازیی گەلی کوردستان و بەتایبەتی بۆ حیزبەکان و گەلەکەمان لە باشووری کوردستان.
ھەزار سڵاو لەیادی ئەو تێکۆشەرە ئازا و دڵسۆزەی کە لە کۆڕی تێکۆشانی گەلەکەیدا شەھیدکرا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

نەجۆ .. شەهیدی کوردستانی گەورە

ساڵح بێچار ئەگەر لە مێژووی نیو سەدەی ڕابردوودا، بڕوانیتە هەر ...