سەرەکی » وتار » شێرزاد شێخانی » رابردی‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌

هەولێریات

رابردی‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌

ئه‌وه‌نده‌ كه‌یفم به‌رابردی‌ خۆمان دێ، ئه‌وه‌نده‌ موته‌عه‌لیقم پێوه‌ی‌، زۆرجار به‌خه‌یاڵ بیر له‌وه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ ئه‌و رابردووه‌ جوانه‌م بگه‌ڕێته‌وه‌.. ته‌بعه‌ن سه‌به‌به‌‌كه‌شی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌وا حازره‌كه‌مان ئه‌وه‌نده‌ تفت وتاڵه‌، هه‌رده‌م حه‌نینمان لۆ رۆژه‌ خۆشه‌كانه‌. ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی‌ هه‌موو دونیا جوان بوو. خه‌ركی‌ به‌ساده‌یی‌ ده‌ژیان. قه‌ناعه‌ت هه‌بوو . خزمایه‌تی‌ قووڵ بوو . براده‌رایه‌تی‌ راستگۆیانه‌ بوو. دینو دیانه‌ت له‌پێناو راگرتنی‌ قییه‌مو ئه‌خلاق بوو، نه‌وه‌ك بكرێته‌ مه‌دره‌سه‌یه‌ك لۆ خۆكوشتن وته‌قاندنی‌ بازاڕو مزگه‌فته‌كان.
ئه‌و زه‌مان ئه‌وه‌نده‌ خۆش بوو، ئێستا حه‌سره‌تی‌ لۆ هه‌رده‌كێشین.چونكی‌ جاره‌كیدی‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌وه‌تا رۆژ له‌دوای‌ رۆژ كه‌سایه‌تیه‌كی‌ ئه‌و زه‌مانه جوانه‌‌مان له‌ده‌ست ده‌چی‌ و یه‌ك به‌یه‌ك خواحافیزیمان لێده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش هه‌ر چه‌نده‌ سوننه‌تی‌ خوایه‌، جیله‌ك ده‌ڕوا یه‌كیدی‌ دێته‌ جێی‌، به‌ران داخه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ ئه‌وانی‌ دێن جێگای‌ پێشتریان ناگرنه‌وه‌.. ئه‌كته‌ره‌كی‌ میسری‌ گه‌وره‌ هه‌یه‌ ناوی‌ (محمد توفیق) ه، له‌ته‌مه‌نی‌ نۆهه‌د ساڵیدا له‌موقابه‌له‌یه‌كی‌ ته‌له‌فزیۆنی‌ لێی‌ ده‌پرسن «له‌براده‌ره‌ كۆنه‌كانت كێت له‌گه‌ر مایه‌ «؟. به‌چاوی‌ فرمێسكاوییه‌وه‌ جوابی‌ دایه‌وه‌»ئه‌وجا كانی‌ براده‌ركانم، خۆ هه‌مویان رۆیشتن و ئه‌منیان به‌جێ هێشت». ئه‌منیش كه‌ ته‌ماشای‌ ئه‌و موقابه‌له‌یه‌م ده‌كرد فرمێسك به‌چاوانم هاته‌وه‌و كه‌وتمه‌ خه‌یاڵی‌ براده‌رو كه‌سوكارو كه‌سایه‌تییه‌ جوانه‌كانی‌ هه‌ولێره‌كه‌مه‌وه‌‌.
ئه‌و مامه‌ ئه‌ختیارانه‌ له‌كێ ببینمه‌وه‌ كه‌ عه‌سران له‌رێزی‌ پێشه‌وه‌ی‌ چایخه‌نه‌ی‌ عه‌بو خڕ ده‌بونه‌وه‌و به‌ قسه‌ی‌ خۆش وسوعبه‌ته‌وه‌ یاری‌ دامه‌یان ده‌كردو، ئه‌مه‌ی‌ گه‌نجانیش له‌ده‌وریان خڕ ده‌بوینه‌وه‌و به‌قسه‌كانیان پێده‌كه‌نین.. مام عه‌بدوڵڵایه‌كی‌ كۆیی‌ له‌كێ بینمه‌وه‌، كه‌ كه‌بابی‌ كۆیسنجقی‌ دامه‌زراند، كه‌ خۆشترین كه‌بابی‌ سه‌ر زه‌مین بوو. حاجی‌ سدیقه‌كی‌ ره‌واندزی‌ له‌كێ بینمه‌وه‌ له‌ره‌مه‌زاناندا به‌شه‌ربه‌ته‌ مێوژه‌كه‌ی‌ قوڕگی‌ تێنووی‌ خۆمی‌ پێ ته‌ڕ بكه‌مه‌وه‌.. سه‌ید سه‌لیمه‌ك له‌كێ بینمه‌وه‌ كه‌ به‌سمێره‌ ره‌شه‌ جوانه‌كه‌یه‌وه‌ چایه‌كم له‌پێش دانێ، كه‌ خۆشترین چای‌ سه‌ر دونیا بوو ..تاقی‌ بابایه‌ك له‌كێ بینمه‌وه‌ كه‌ عه‌سكه‌ری‌ هه‌موو محافه‌زاتی‌ عیراق له‌چایخانه‌كه‌ی‌ خڕ ده‌بونه‌وه‌ لۆ گێگرتن له‌گۆرانییه‌كانی‌ سه‌عدی‌ حلییه‌وه‌..حوسین تاجریانه‌ك له‌ كێ بینمه‌وه‌ خۆشترین برنج وفاسوڵیام له‌پێش دابنێ به‌شێست فلسه‌وه‌ ..مام پیرباڵه‌كی‌ له‌كێ بینمه‌وه‌‌ به‌تامترین په‌نیری‌ ژاژی‌ له‌سه‌ر سینی‌ له‌پێش دو‌كانه‌كه‌ی‌ دابنێ ..حاجی‌ خدره‌كی‌ له‌كێ بینمه‌وه‌ كه‌ سبه‌ینان زوو قه‌رتاڵه‌ ترێی‌ ره‌شی‌ خۆشناوه‌تی‌ ده‌هینایه‌ گومرگی‌ سه‌یداوه‌ ..مامۆستایه‌كی‌ وه‌كی‌ موسا عه‌بدولسه‌مه‌د وشێخ كه‌مال به‌رزه‌نجی‌ و عزه‌دین فه‌یزی‌ وعه‌زیز مه‌ولودو مه‌كی‌ محمد فه‌تاح و بوترس یه‌عقوب و ئه‌نتوان ده‌نحا وفاروق سه‌ید حه‌سه‌ن ومحمد عبدالكریم و سه‌ید كه‌مال وموسا سه‌بزه‌چی‌ له‌كێ بینمه‌وه‌ فێری‌ ئه‌خلاقی‌ جوان و رێز گرتن له‌گه‌وره‌مان فێر بكاته‌وه‌.. كه‌سایه‌تیه‌كی‌ وه‌كی‌ ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی‌ و ره‌شاد قازی‌ ئه‌فه‌ندی‌ و جه‌لیل خه‌یات وعه‌لی‌ حه‌سه‌ن خه‌دیج وقادر جه‌مسی‌ و جه‌لال خه‌لیل وحاجی‌ نامیق به‌قال وشێخ مسته‌فاو ئیسماعیل نعیمی‌ وئال خه‌نجه‌ره‌كان له‌كێ بینمه‌وه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ خه‌مخۆری‌ میلله‌تی‌ هه‌ولێرو خێره‌ومه‌نده‌ گه‌وره‌كانی‌ شاره‌كه‌م بوون . ته‌نانه‌ت شێته‌ جوانه‌كانیشمان ناگه‌ڕینه‌وه‌ وه‌كی‌ خاره‌ حه‌مه‌و پارچه‌ ئاسنه‌كانی‌ ده‌ستی‌، به‌رخۆكه‌و ته‌سبیحه‌ سه‌ت قلیه‌كه‌ی‌، چرچه‌و قاته‌ عه‌سكه‌رییه‌كه‌ی‌، مه‌مه‌دو عاره‌بانه‌كه‌ی‌، مام صالح و ره‌سمی‌ ستالینی‌ سه‌ر سینگه‌كه‌ی‌، یاهوو و داره‌درێژه‌كه‌ی‌، كسۆك ودیشداشه‌ خه‌تخه‌ته‌كه‌ی‌، خانه‌قین وگێسكه‌كه‌ی‌، ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ جوانو شیرینانه‌شمان له‌ده‌ستچوون و ناگه‌ڕێنه‌وه‌.. لۆیه‌ هه‌رده‌م به‌حه‌سره‌ته‌وه‌ ئاخیان لۆ هه‌رده‌كێشم، له‌و زه‌مه‌نه‌ قۆڕه‌ی‌ ئه‌وڕۆش هه‌ر ئه‌و زیكره‌یاته‌ خۆشانه‌مان لۆ مایته‌وه‌. باقی‌ وه‌لسه‌لام ..

print

 89 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*