سەرەکی » وتار »  ‌شادمان مه‌لا حه‌سه‌ن‌ » دواڕۆژی‌ ئاك پارتی‌

راستییەکەی

دواڕۆژی‌ ئاك پارتی‌

شادمان مەلا حەسەن

دوای ئه‌وه‌ی‌ په‌یمانی‌ لۆزان له‌ ساڵی‌ 1923 په‌یمانی‌ سیڤه‌ری‌ هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و توركیای‌ ئه‌نادۆڵی‌ به‌ ره‌سمیی‌ ناساند و توركیای‌ له‌سه‌ر ئه‌م نه‌خشه‌یەی‌ ئێستا جێگیركرد، مسته‌فا كه‌مال پاشا سیسته‌مێكی‌ كۆماریی‌ عه‌لمانی‌ له‌م وڵاته‌ راگه‌یاند له‌ژێر كاریگه‌ریی‌ به‌نده‌كانی‌ په‌یمانی‌ لۆزان، ئه‌تاتورك زیره‌كانه‌ هاوكێشه‌ سیاسییه‌كانی‌ ئه‌وێ‌ رۆژێی‌ له‌ جیهان و ناوچه‌كه‌ خوێنده‌وه. وڵاتێكی‌ تازه‌ی‌ دامه‌زراند له‌سه‌ر هه‌ڵكه‌وته‌ی‌ جوگرافیایه‌كی‌ كاریگه‌ر.
ئه‌تاتورك یه‌كه‌م شت كه‌ كردی‌ خۆلادان بوو له‌ زۆر كێشه‌ی‌ ده‌ره‌كی‌، ئه‌و وته‌یه‌كی‌ هه‌یه‌ ده‌ڵێ: سه‌قامگیری‌ و ئاشتی‌ ناوخۆ واته‌ به‌هێزیی‌ له‌ده‌ره‌وه‌. ئه‌و ئه‌وكات به‌زه‌بری‌ هێز ئاشتی‌ به‌ ویستی‌ خۆی چه‌سپاند. به‌م شێوه‌یه‌ توركیا ده‌ستی‌پێكرد.
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له‌ ساڵی‌ 1994 وه‌ك كاندیدی‌ پارتی‌ فه‌زیله‌ بووه‌ سه‌رۆكی‌ شاره‌وانی‌ ئه‌سته‌نبوڵ، له‌وكاته‌وه‌ ئه‌ردۆغان چاوی‌ خسته‌ سه‌ر كورسی‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ له‌ ئه‌نقه‌ره‌.دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ پارتی‌ داد و گه‌شه‌پێدانی‌ دامه‌زراند له‌ ساڵی‌ 2001، له‌ ساڵی‌ 2002ەوە‌ تاكو ئێستا له‌ هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ په‌رله‌مان حزبی‌ یه‌كه‌مه‌ و حكومه‌تی‌ به‌ده‌سته‌وه‌یه‌.له‌دوای‌ كه‌مال ئه‌تاتورك، ده‌كرێ‌ ئه‌ردۆغان بە به‌هێزترین سه‌رۆك دابنرێ‌. ‌سه‌ره‌تا ئه‌ردۆغان توانی‌ گه‌شه‌ به‌ ئاشتی‌ ناوخۆ بدات به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئاشتییانه‌ و گه‌شه‌ به‌ئابووری‌ توركیا بدات. له‌هه‌مان كاتدا توانی وێنایه‌ك له‌ دیموكراسییه‌ت و ئایدیای‌ ئیسلامی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ بخاتەڕوو كه‌ هه‌ردووكیان ده‌كرێ‌ ببنه‌ ئه‌زموون بۆ وڵاتانی‌ ئیسلامی‌ له‌ ڕێگەگرتنیان بەرەو دیموكراسییه‌ت، كه‌چی‌ ئه‌ردۆغان هه‌موو ئه‌و پشتیوانییه‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ و ناوخۆییه‌ی‌ خسته‌ ناو ده‌ستی‌ خۆی‌ و سیسته‌می‌ سیاسی‌ له‌ وڵات له‌ په‌رله‌مانییه‌وه‌ بۆخۆی‌ كرده‌ سه‌رۆكایه‌تی‌. له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌ستی‌ خسته‌ ناو كێشه‌ی‌ زۆر له‌ وڵاتان و كه‌وته‌ هاوكاریی‌ چه‌ندین گروپ و په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی‌ ده‌وروبه‌ر و وڵاتانی‌ زلهێز به‌ ئاراسته‌ی‌ ئالۆزیی‌ برد، به‌تایبه‌ت ئێستا له‌ نێوان به‌رداشی‌ ئه‌مه‌ریكا و روسیادا نازانێ‌ به‌كام لادا بكه‌وێت. بۆیه‌ دوایین جار له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ شاره‌وانییه‌كانی‌ رۆژی‌ 31/3/2019 له‌ شاره‌ گه‌وره‌كان دۆڕا، به‌تایبه‌ت ئه‌سته‌نبوڵ كه‌ 25 ساڵه‌ به‌ده‌ست گروپی‌ ئه‌ردۆغانه‌وه‌یه‌. خۆشی‌ ده‌ڵێ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌سته‌نبوڵی‌ به‌ده‌سته‌وه‌ بێت، توركیای‌ به‌ده‌سته‌وه‌یه‌. دواجار ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌سته‌نبوڵی‌ ره‌تكرده‌وه‌ و رۆژی‌ 23/6 جارێكی‌ تر ئاك پارتی‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌سته‌نبوڵ دۆڕایه‌وه‌. جاری‌ یه‌كه‌م به‌ 13000ده‌نگ جیاوازیی‌ دۆڕا، ئه‌مجاره‌ به‌ 800 هه‌زار ده‌نگ جیاوازی‌. بۆیه‌ ئێستا ئه‌كره‌م ئیمام ئۆغلو ئه‌ستێره‌یه‌كی‌ گه‌شه‌ و له‌وانه‌یه‌ داهاتووی‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ توركیا بۆ ئه‌و بێت، چونكه‌ هه‌مان رێگەیه‌ كه‌ ئه‌وانی‌ تر پێیگه‌یشتوون بۆ سه‌رۆكایه‌تی‌، هه‌روه‌ها ده‌بێ ئه‌و راستییه‌ش بوترێ‌ له‌م هه‌ڵبژاردنانه‌ كورد و HDP سه‌ڵماندیان كه‌وا به‌بێ كورد مه‌حاڵه‌ هیچ هێزێك بتوانێ‌ ئه‌ویتر ببه‌زێنێ‌، بۆیه‌ كورد پارسه‌نگی‌ هێزه‌ و ئه‌ردۆغان تاكو پشتی‌ له‌ كورد نه‌كرد، پشتی‌ به‌ زەوی نه‌كه‌وت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*