سەرەکی » کەلتوور » کتێبی بیرەوەرییەکانی ئانا فرانک

کتێبی بیرەوەرییەکانی ئانا فرانک

کەریم مەلا رەشید

چوارشەممە، ١٨/٨/١٩٤٣
کیتی گیان!
ئەمڕۆ باس لە ئەرکێکی رۆژانەی هەرەوەزت بۆ دەکەم ئەویش: پاککردنی پەتاتەیە!
یەکێک (بۆ توێکڵەکان) رۆژنامە دەهێنێ، دووەمیان چەقۆکان دەهێنێ (هەڵبەتە، چەقۆ هەرە باشەکە بۆ خۆی دەبات)، سێهەمیان پەتاتەکان دەهینێ، چوارەمیش مەنجەڵێکی گەورەی پڕ لەئاو دەهێنێ.
بەڕێز (دوسێل) دەستپێدەکات. بەچاکی پاکیان ناکات بەڵام پشوو نادات، تەماشایەکی راست و چەپی خۆیدەکات، ئاخۆ ئەوانی تریش وەکوو ئەو دەکەن. بێگومان، نەخیر! پێم دەڵێ:
«ئانا، تەماشاکە، من چەقۆکە بەمجۆرە دەگرم، لەسەرەوە بۆ خوار پاکیان دەکەم! نەخێر، وا نابێ، بەڵکوو ئاوەها!»
منیش بە دڵەڕاوکێوە سەرنجی خۆم دەردەبڕم و دەڵێم «بەڕێز (دوسێل) من ئەمجۆرەم پێ باشترە».
«بەڵام بەم جۆرەی من زۆر چاکترە، تۆ دەبێ بڕوام پێ بکەی. من بەلامەوە ئاساییە، تۆ دەبێ خۆت بیزانی.»
ئێمەش لەسەر پاککردن بەردەوامدەبین. بەدزییەوە تەماشای تەنیشتەکەم دەکەم. سەری بادەدا (هەڵبەتە لەمن) و هیچ ناڵێت. بەدەم پاککردنەوە تەماشایەکی باوکم دەکەم. پەتاتە پاککردن بەلای باوکمەوە کارێکی ئاسان نییە، بەلکوو وردەکارییە. ئەو کاتێ کە دەخوێنێتەوە، پشتی سەری بە قووڵی لۆچ دەبێت، بەڵام کاتێ هاوکاریی دەکا، پەتاتە، پاقلەمەنی یا هەر سەوزەیەکی تر چاکدەکا، بیری بەهیچ لایەکی دیکەدا ناڕوات. روخساریشی شێوەی پەتاتەی لیدەنیشێ. پەتاتەیەکی خراپ پاککراو هەرگیز بەدەستەوە نادات، هەڵبەتە ئەوە لە ئاکاری ناوەشێتەوە.
لەسەرکارەکەم بەردەوام دەبم، ناوبەناو تەماشایەک دەکەم و ئاگاداری هەموو شتێکم. خاتوو (ڤان دان) هەوڵدەدا سەرنجی (دۆسێل) بۆخۆی رابکێشێ. یەکەم جار تەماشای دەکات، (دوسێل)یش وا دەنوێنێ کە هیچی بەدی نەکردووە. پاشان چاوێکی لێدادەگرێ، (دوسێل) لەسەر کارەکەی بەردەوام دەبێت. دوای ئەوە پێدەکەنێت، (دوسێل) سەری هەڵنابڕێ و پشتگوێی دەخا. دایکم پێکەنین دەیگرێ، (دوسێل) هەر خۆی گێل دەکا. خاتوو (ڤان دان) هیچی لێ بەدەست ناێی، واتە دەبێ رێگایەکی تر بدۆزێتەوە. هەندێک بێدەنگ دەبێ، پاشان دەڵێ: «(پوتی) دەسماڵێک بپۆشە! دەنا بەیانی دەبێ دووبارە پەڵەکانی سەر قاتەکەت خاوێن کەمەوە.»
«من خۆم پیس ناکەم.»
کورتەیەک بێدەنگی، پاشان:
«(پوتی)، بۆ دانانیشی؟»
«من وام پێ باشە، حەزدەکەم بە پێوە بوەستم». ناوبڕێکی تر.
«(پوتی)، تەماشاکە، تۆ ئارەقت کردووە.»
«بەڵێ، دایە، ئاگادارم.»
خاتوو (ڤان دان) بە خولیای بابەتی ترەوەیە.
«پێم بڵێ (پووتی) ئەوە ئینگلیزەکان بۆ بۆردومانەکانیان راگرتووە؟»
«چونکە، لالۆ، کەشوهەوا ناجۆرە و لەبار نییە»
«خۆ دوێنێ، کەشوهەوا خۆش بوو، بەڵام ئەوان هەر هەڵنەفڕین»
«واز لەو قسەوباسە بێنە»
«بۆچی؟ خۆ مرۆڤ بۆی هەیە بۆچوونی خۆی لەوبارەیەوە دەربڕێت»
«نەخێر!»
«جا بۆچی، نا»
«دە ئیتر بێدەنگبە، دایکۆڵە»
«خۆ بەڕێز (فرانک) هەردەم پرسیارەکانی ژنەکەی وەڵام دەداتەوە.»
هەڵبەتە بەڕێز (ڤان دان) بەو قسەیە هەراسان دەبێت و دەماری دەگیرێ. خاتوو (ڤان دان)یش تێهەڵدەچێتەوە و دەڵێ:
«هەڵمەتی سەربازی هەرگیز دەست پێناکات!»
بەڕێز (ڤان دان) رەنگی سپی هەڵدەگەڕێ، خاتوو (ڤان دان)یش ئەوە بەدیدەکات، ئەویش سوور هەڵدەگەڕێ، سەرەڕای ئەوەش هەر درێژە بەقسەکانی دەدات:
«جا خۆ ئینگلیزەکان بێ توانان!»
ئەویش چوون بۆمبا تەقییەوە. «دە ئیتر دەمت داخە، چەنەبازی بەسە دی»
دایکم پێکەنینەکەی پێ نەگیرا، منیش لە تاوا تەماشای هیچیانم نەدەکرد.
جا ئەو بەزمە رۆژانە دوپات دەبێتەوە، ئەگەر توندتر لێک دانەڕسێن، ئەوا هەردووکیان، بەڕێز (ڤان دان) و ژنەکەی دەمیان دادەچەقێنن.
دەبێ بچمە سەرەوە هەندێک پەتاتەی دیکە بهێنم. (پیتەر) لەوێیە و پشیلەکە لە کێچەکانی جستەی بژاردەکا. کە سەری هەڵبڕی پشیلەکە هەستی کرد و هوپ … لە پەنجەرەکەوە دەرپەڕیە دەرێ. (پیتەر)یش دوابەدوای ئەو هەڵهات، منیش بە پیکەنینەوە خۆم ونکرد.
ئانا

هەینی، ٢٠/٨/١٩٤٣
کیتی گیان!
لە پەناگەدا، کاتێ کارگەرەکانی کۆگا دەڕۆنەوە، ئازادی بەرقەرار دەبێت، کاژێر پێنج و نیوە، لەوکاتەدا (بیپ) دێت بۆلامان، ئەوەش ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی دەوروبەرمان چۆڵبووە، ئێمەش جووڵەمان تێدەکەوێ. یەکەمجار من لەگەڵیا دەچمەسەرێ، پێشتر ئەو خواردنەی بۆ دادەنێم کە بۆ ئێوارێ ئامادەمانکردووە.
(بیپ) هێشتا بەتەواوی نەپەرژاوە دانیشێ، خاتوو (ڤان دان) دەست بە ژماردنی ئارەزووەکانی دەکات: «ئاخ، بیپ، من زۆرم ئارەزوو دەکرد کە …»
(بیپ)ش چاوێکم لێدادەگرێ. دەگمەنە گەر خاتوو (ڤان دان) دەرفەتێک لەدەستبدات بۆ ئەوەی ئارەزووەکانی خۆی بۆ ئەوکەسانە نەخاتەڕوو کە دێنە لامان. هەڵبەتە ئەوەش، بەدڵنیایی، رێگرە لە خواستی هاتنەسەرەوەی زۆربەیان.
شەش چارەک کەم: (بیپ) دەڕوات. من دوو نهۆم دەچمەوە خوارێ. یەکەم جار بۆ چێشتخانە، پاشان بۆ بیرۆی تایبەتی، لەوێ دەرگای ژووری سوتەمەنی بۆ (ماوشی) دەکەمەوە بۆ ئەوەی بکەوێتە راوە مشک.
پاش ئەوەی هەموو جێگاکانم بەسەرکردەوە، دەچمە ژوورەکەی (کوگلەر)، لەوێ (ڤان دان) هەموو فایل و دەخیلەکان بەدوای پۆستی رۆژانەدا دەگەڕێ. (پیتەر) کلیلی کۆگاکە و (مۆفی) دەهێنێ، (پیم)یش تایپ-ماشینەکە بۆ سەرەوە دەبا. (مارگۆت) بەدوای کونجێکی ئارامدا دەگەڕێ بۆئەوەی کارەکانی بیرۆی تیا جێبەجێ بکات. خاتوو (ڤان دان) کتلیەکی گەورەی ئاو لەسەر تەباخی گازەکە لێدەنێ، دایکم بە مەنجەڵێک پەتاتەوە بە پەیژەکاندا گلۆردەبێتەوە. هەر کەسە بە ئەرکەکانی خۆی ئاشنایە و رایدەپەڕێنێ.
پیتەر بەپەلە لە کۆگا دەگەڕێتەوە. یەکەمین پرسیاری لەبارەی سەمونەکانە، ئەوانەی (کوگلەر) رۆژانە بۆمانی دادەنێ. ئەمڕۆ لەبیری کردووە. ئەویش تا بۆی دەکرێ خۆی چکۆڵەدەکاتەوە و لە بیرۆی پێشەوە بە گاگۆڵکێ خۆی دەخزینێتە نێو دۆڵابە ئاسنینەکە، بۆ ئەوەی لەدیوی دەرەوە نەیبینن، سەمونەکە دەهێنێ و ون دەبێتەوە. یاخود دەیەوێ خۆی ون بکا، بەڵام پێش ئەوە دەبینی چی روویداوە، (ماوشی) بازێکی بەسەردا داوە و خۆی لەژێر مێزەکە پەناداوە.
(پیتەر) هەموو کون وقوژبنێکی بەدوادا دەگەڕێ، ئا ئەوەتا، پشیلەکە لەوێیە! دیسانەوە بەگاگۆڵکێ دەچێتەوە نێو بیرۆکە و پشیلەکە بە کلکەکەی رادەکێشێ، ئەویش دەڕفێنێ. (پیتەر)یش پیشێک دەخواتەوە. (ماوشی) دەچێتە قەراخ پەنجەرەکە و خۆی دەلێسێتەوە، خۆشحاڵە بەوەی (پیتەر) نەیتوانیوە بیگرێ. دوا هەوڵی (پیتەر) بۆ گرتنی پشیلەکە لەتە سەمونێکە، بەدەستەوەی دەگرێ و پشیلەکەش دوای دەکەوێ، ئەویش دەرگاکەی لەسەر دادەخاتەوە.
تێکڕای ئەو بەسەر هاتانەم لە درزی دەرگاکەوە بینی. پاشان چوومەوە سەر کارەکەی خۆم.
تیک، تیک، تیک … سێجار دەنگی هات، واتە وەرن، کاتی ژەمە خواردنە!

دووشەممە، ٢٣/٨/١٩٤٣
کیتی گیان!
هەشت و نیوی بەیانی، زەنگی کاژێرەکە لێدەدات:
دایکم و (مارگۆت) هەراسانن. پست، باوکم! بێدەنگبە، (ئۆتۆ)! پست، (پیم)! ئەوا کاژێری نۆ ونیوە. وەرە بەملاوە، چێتر بۆت نییە ئاو بەردەیتەوە. بێدەنگبە ئیتر! ئەو هۆشداریانە دەدرێنە باوکم کاتێ هێشتا لە دەستشۆرینە. نۆ ونیوی تەواو دەبێ لە ژوورێ بێت. دڵۆپە ئاوێکی تر نابێ بڕژێ، چوونە سەراو نییە، هاتووچۆ قەدەغەیە، کش و ماتییەکی تەواوە! ئەوان، لەخوارەوە هەر لە بیرۆوە تا ئەوسەری کۆگاکە گوێیان لەهەموو سرتەیەک دەبێ.
کاژێر نۆ و بیست خولەک، ماڵباتی (ڤان دان)، لەسەرەوە، دەرگاکە دەکەنەوە و سێ جار بەزەویدا دەکێشن، ئەوەش هێمایە بۆ ئەوەی: پەلولەکەی (ئانا) ئامادەیە. منیش تەقیلەکەم دەبەم و دەچمە سەرێ. کە دێمەوە خوارێ دەبێ بە پەلەپەل هەموو شتەکان جێبەجێ بکەم. قژم دابهێنم، خۆم لە باوبژ وئاو بەتاڵ بکەم، نوێنەکام هەڵگرمەوە. بێدەنگی! کاژێر لێدەدا! خاتوو (ڤان دان) پێڵاوەکەی دەگۆڕێ و بە نەعل هاتووچۆ دەکا، بەڕێز (چارلی چاپلن)یش بە نەعلەوەیە، هەموو شتێک ئارامە.
بەوجۆرە هەموو سیناریۆکانی خێزان بەتەواوی پڕدەبێتەوە. من دەمەوێ بخوێنمەوە یا بنووسم، هەروەها (مارگۆت)، بەهەمان شێوەش دایکوبابم. باوکم (بێگومان بە کتێبەکەی دیکنز و قامووسێکەوە) لەقەراخ قەرەوێڵە بەجیڕەجیڕ وسواوەکەی کە دۆشەکێکی خراپی بەسەرەوەیە، دادەنیشێ. دوو کۆشەی لێکدراویشی لەسەرە. «کە من هەرگیز نامەوێن و بەبێ ئەوانەش هەر دەگوزەرێ.»
کاتێ، باوکم ئاوێتەی خوێندنەوە دەبێت، تەماشای دەروپشتی خۆی ناکا، جاروبار پێدەکەنێ، هەوڵدەدات بەسەرهاتێک بە گوێی دایکمدا بچرپێنێ. ئەویش دەڵێ: «ئێستا نا، کاتم نییە.»
ئەویش بڕێک نائومێد دەبێت و بەردەوامی بەخوێندنەوەکەی دەدات. تۆزێک پاش ئەوە، کاتێ بەسەر بابەتێکی خۆشدا دەکەوێتەوە، هەوڵێکی تری لەگەڵ دەدات و پێی دەڵێ: «دایکێ! پێویستە ئەوە بخوێنیتەوە»
دایکیشم لەسەر قه‌رەوێڵەیەکی راگوێزراو دەخوێنێتەوە، دروومان دەکا، دەچنێ یا فێردەبێ. لەپڕ شتێکی بەبیردادێت، بەپەلە دەیدرکێنێت: «ئانا خۆ تۆ دەزانی کە … یاخود دەڵێ، مارگۆت ئا بنووسە ….» کورتەیەک بێدەنگی. لەپڕ (مارگۆت) کتێبەکەی دادەخا و شەقەی لێوەدەهێنێ. باوکم برۆکانی بەجۆرێکی کەوانەیی سەیر هەڵدەبڕێت و لێکیاندەنێتەوە و هەمدیس بەقووڵی تێهەڵدەچێتەوە. دایکم لەگەڵ (مارگۆت) دەکەوێتە دەمەتەقێ، منیش خۆم ناگرم و گوێیان لێدەگرم. (پیم)یشی بۆ پەلکێش دەکەن… کاژیری نۆیە! خوانی بەیانییە!
ئانا

هەینی، ١٠/٩/١٩٤٣
هەر جارێک شتێکت بۆ دەنووسم رووداوێکی تایبەتی دێتەکایەوە، زیاتر رووداوی ناخۆش وەک لەوەی خۆشبن. بەڵام ئەمەیان خۆشە.
رۆژی چوار شەممەی رێکەوتی ٨/٩/١٩٤٣، کاژێری حەوت، لە رادیۆکە کۆببوینەوە، یەکەمین شت گوێمان لێبوو، ئەمە بوو: Here follows the best news of the whole war: (Italien has capitulated.) واتە ئیتالیا بێ بەرابەر خۆی دا بەدەستەوە! هەشتوچارەک، پڕۆگرامی (Sender Oranje) دەستی پێکرد:
«گوێگرانمان، چارەکێک پێش ئێستا، پاش ئەوەی لە ئامادەکردنی رووداوەکانی رۆژ بوومەوە، چاوم بە خۆشترین هەواڵی خۆبەدەستدانەوەی ئیتالیا کەوت. دەتوانم پێتان بڵێم، من هەرگیز بە ئەندازەی بەختەوەری ئەمڕۆ پەڕەی هەواڵە کۆنەکانم فڕێنەداوەتە تەنەکەی خۆڵەکەوە.خودا پادشامان بپارێزێت، سڵاوی کۆماری ئەمەریکی و روسی لە رادیۆکە پەخشکران. وەک هەمیشە پرۆگرامی (Sender Oranje) دڵڕفێن بوو بەڵام زۆر گەشبین نەبوو.
ئێمە خەمخۆری بەرێز (کلایمان)ین. تۆ دەزانی ئێمە هەموومان خۆشماندەوێ. سەرەڕای ئەوەی نەخۆشە، ئازاری زۆرە، خواردن کەم دەخوا و بۆی نییە زۆر بگەڕێ، بەڵام هەمیشە دەم بەخەندیە، ورە بەرزییەکەی مایەی سەرسووڕمانە. دایکم بەمزوانە گوتی، «کاتێ بەرێز (کلایمان) دێتەژوورێ، رۆژمان لێ هەڵدێت» لەوەدا راستدەکات. ئێستا بۆ نەشتەرگەرییەکی سەختی ریخۆڵەکانی پێویستە چوار هەفتە بچێتە نەخۆشخانە. خۆزگە دەتبینی چۆنمان بەڕێکرد. ئەویش زۆر ئاسایی بوو، وەکو ئەوەی بچێ بازاڕیمان بۆ بکات.
ئانا-ی تۆ

پێنجشەممە، ١٦/٩/١٩٤٣
کیتی گیان!
‌چەند زیاتر لێرە بمێنینەوە، بەو ڕادەیە خراپتر لەگەڵ یەکتر هەڵ دەکەین. لەسەر خوان کەس لەخۆ ناپەرموێی دەم بکاتەوە (بێگومان بۆ خواردنەکە نەبێت)، هەرچی بگوترێ بە گەن وەردەگیرێت یا بەرەواژ لێکدەدرێتەو.
رۆژانە، بۆ چارەسەری ترس و خەمۆکی، حەبی (Baldrian) دەخۆم، بەڵام ئەوە هیچ رێگری ناکا لەوەی کە رۆژی ئایندە خراپتر نەبم. تەنها یەک پێکەنینی ئازاد و بەکوڵ دە هێندەی ئەو حەبانە کاریگەریی لەسەرم هەیە. بەڵام ئێمە لێرە خەریکە پێکەنین لەبیربکەین. من هەندێکجار لەوە دەترسم، ئەم بارە سەختەی تێیداین روخساریشمان رەق هەڵێنێ و دەموچاومان چرچولۆچ بکات. ئەوانی تریش هەڵبەتە لەمن خاستر نین، خەموپەژارەی هاتنی زستانیش باڵی بەسەردا داوین.
شتێکی تر کە دڵازارە: کرێکارێکی کۆگاکە (ڤان مارین) پرسیاری لەمەڕ پەردەی پەنجەرەکانی خانووەکەی پشتەوە لەلا دروستبووە. ئێمە بەلامانەوە ئاسایی بوو ئەگەر لە مەبەستی ئەو پیاوە گەیشتباین، چونکە ئەو ناسراوە بەوەی، جێ متمانەیە بەڵام حەزی خۆهەڵقورتاندنی تێدایە و بەچەند قسەیەکی، لوس و بێ کاکڵە، ناێیتە سەربار.
رۆژێکیان دەبوایە بەڕێز (کوگلەر) زۆر وریابێت، دوانزەوبیست خولەک پاڵتۆکەی لەبەرکرد و چوو بۆ دەرمانخانەکەی ئەوبەرەوەمان. پێنج خولەکی پێنەچوو گەڕایەوە، بەپەیژەکاندا بۆلای ئێمە دزەی کرد. کاژێر یەکوچارەک ویستی بڕوا، بەڵام لەسەر پەیژەکان (بیپ) پێشی لێگرتبوو و لەوە ئاگاداری کردبۆوە کە (ڤان مارین) هێشا لە بیرۆ دانیشتووە. ئەویش یەکسەر گەڕایەوە و تاکو یەکونیو لامان مایەوە. پاشان پێڵاوەکەی بەدەستەوە هەڵگرت (گەرچی سەرمابردەڵەش ببوو) بەگۆرەوییەوە بەرەو دەرگای پێشەوەی سەربان کەوتەڕێ و پەیژە بەپەیژە بەنووکی پێیەکانی، بۆ ئەوەی دەنگی نەێیت، چووەخوارێ، پاش ماوەی چارەکە کاژێرێک لەبەری جادەکەوە چوبوو بۆ بیرۆکە.
(بیپ)، کە (ڤان مارین)ی لە بیرۆ بەرێکردبوو، بە دوای (کوگلەر)دا هات، بەڵام ئەو دەمێک بوو رۆیشتبوو وئەوکاتە بەپێی پەتی بە پەیژەکاندا گلۆردەبۆوە. باشە، خەڵکی چیان دەگوت ئەگەر بەڕێوەبەرەکەیان لەسەر جادەکە دیتبایا پێڵاوەکانی لەپێ دەکات؟ هایهای، بەڕێوەبەر و بە توێی جوتێک گۆرەویەوە!
ئانا-ی تۆ

چوارشەممە، ٢٩/٩/١٩٤٣
کیتی گیان!
رۆژی لەدایکبوونی خاتوو (ڤان دان)ە. ئێمە لەپاڵ پەنیر، گۆشت و نان شووشەیەک مورەباشمان پێشکەش کرد. مێردەکەی، (دوسێل) و کارگەرانی بیرۆ گوڵ و خوارنیان پێشکەش کرد. ئا ئەوەیە چەرخی زەمانە!
ئەم هەفتەیە، (بیپ) هێندە بەملا و ئەولادا نێردرا. خەریکبوو داهێزرێ. رۆژانە دە جار ئەرکی پێ ڕادەسپێردرا، هەموو جارێکیش فشاری ئەوەی دەخرایە سەر بەپەلە شتێک بهێنێت و دیسان رەوانە دەکرایەوە، چونکە شتەکەی بەهەڵە دەهێنا. دەبێ ئەوەش لەبیر نەکرێت، ئەو لەخوارەوەش کاروباری بیرۆی لەسەرە و دەبێ رایانپەڕێنێ، (کلایمان) نەخۆشە، (میپ) لەماڵەوەیە و سەرما لێیداوە، ئەو بەخۆی ئێسک و پڕوسکی لەجێ چوون و هێشتا دەبێ خەمی باوکە ئازیزەکەشی لە ماڵەوە بخوات و ناز و بۆڵەشی هەڵگرێت، سەرەڕای ئەوەش هێشتا بە کارەکانی قایل نییە. مرۆڤ دەبێ رێگری لێنەکات ئەگەر لەهەژمەتان قژەکانی تەڵتەل بڕنێ. ئێمە دڵمان دایەوە و پێمان گوت، هەمیشە پێمان بڵێ ئەگەر کاتت نەبوو، ئەوسا ئێمەش لیستی داواکارییەکانمان کەمتر دەکەینەوە.
لەگەڵ ماڵباتی (ڤان دان) شتێک رویداوە! باوکم زۆریان لێ رەنجاوە، چونکە ئەوان بە ناپاکی هەڵسوکەوتمان لەگەڵ دەکەن، گۆشت و شتی دیکەمان لێدەشارنەوە. ئاخ، چ داتەپینێک مێشکی جەنجاڵ کردووین؟ خۆزگە من تێکەڵ بەم هەموو ململانیە نەدەبووم، ئاخ ئەگەر دەمتوانی سەرهەڵگرم و بڕۆم! خۆ ئەوان شێتیان کردووین!
ئانا-ی تۆ

یەکشەممە، ١٧/١٠/١٩٤٣
(کلایمان) دیسان گەڕایەوە، شادمانییەکی بێ هاوتایە! رەنگی هێشتا زەرد هەڵگەڕاوە، بەڵام خۆشحاڵە بەوەی دەتوانێ بەرگەکانی ماڵباتی (ڤان دان) بفرۆشێت. ئەفسوس بۆ ئەوەی ماڵباتی (ڤان دان) پارەوپوڵیان بەدەستەوە نەماوە. دوا سەد خولدن کە بەدەستیانەوە مابوو لە کۆگاکە لێیان ون بوو.
خاتوو (ڤان دان) دەستی لەو شتە زۆرانەی هەیەتی بەرنابێت، قاتەکەی بەڕێز (ڤان دان)یش نافرۆشرێ، پاسکیلەکەی (پیتەر)یش کەس نایکڕێ. ئەم دەردەسەریە لەوەناچێ کۆتایی پێ بێت. بەڵام خاتوو (ڤان دان) هەر دەبێ دەستبەرداری پاڵتۆ چەرمەکەی بێت. لەبەر ئەوەش لەسەرەوە هەراوزەنای زۆر لەسەرکرا و ئێستاش لە قۆناغی ئاشتبوونەوەدان، بەوەی مرۆڤ گوێی لێدەبێت کاتێ بەیەکتر دەڵێن: «ئاخ، (پوتی) خۆشەویستم» و «(کێرلی) شیرینم».
من بەتەواوی بەو هەموو قسە ناشرینانەی لەماوەی مانگی رابردوودا لەم ماڵە پڕ شکۆیە بەر گوێم کەوتن، هێڕ وگێژ بوومە. باوکم لێوەکانی لێک دەگوشێ کاتێ دێت و دەڕوا، ئەگەر یەکێکمان بیدوێنێ، بەداچڵەکانەوە سەری لێهەڵدەبڕێ، وەکوو ئەوەی دیسانەوە کێشەیەکی سەختی پێ ڕاسپێردرابێت و دەبێ چارەسەری بکات. دایکم لە نیگەرانیا روومەتەکانی پەڵەی تێکەوتوون، (مارگۆت) بەدەس ژانەسەرەوە دەناڵێنێ، (دوسێل) خەوی نەماوە، خاتوو (ڤان دان) بەم رۆژگارە دەنوزێتەوە، منیش لە گرێژنە دەرچووم. لەڕاستیدا هەندێک جار لەبیرم دەچێ کێ بەگژ کێ داچووە و کێ کێی ئاشتکردۆتەوە.
تەنها شت کە دوورم دەخاتەوە، خوێندن و نووسینە، زۆربەی کاتیش سەرقاڵیانم.
ئانا-ی تۆ

هەینی، ٢٩/١٠/١٩٤٣
کیتی گیان!
بەڕێز (کلایمان) دیسانەوە بۆی ناکرێ بێت، بەهۆی نەخۆشی گەدەوە ئۆقرەی نەماوە. ئەو خۆی دڵنیانییە لەوەی ئاخۆ خوێنەکەی وەستاوەتەوە یان نا. یەکەمین جار بوو ئاوا خەمگین بێ، کاتێ پێی گوتین تەندروستی نالەبارە و بەرەو مالەوە چۆوە.
لەسەرەوە دیسانەوە لەنێوان بەڕێز (ڤان دان) و ژنەکەی، بوو بە دەمەقاڵێ. پارەیان پێ نەماوە و دەیانەوێ پاڵتۆیەک و قاتێک بفرۆشن، کڕیاریان پێ پەیدا نەکرا چونکە پارەیەکی زۆریان داوادەکرد.
رۆژێکیان، (کلایمان) باسی کەسێکی ناسیاوی چەرمدرووی کردوە. بەهۆیەوە بەڕێز (ڤان دان) چۆتە ژێر باری ئەوەی پاڵتۆی ژنەکەی بفرۆشێ. پاڵتۆکە لە پێستی کەروێشک دروستکراوە حەفدە ساڵە لەبەری دەکا. پاڵتۆکە بە ٣٢٥ خولدن فرۆشراوە، ئەوەش پارەیەکی ئێکجار زۆرە! بێگومان خاتوو (ڤان دان) دەیویست پارەکان بۆخۆی هەڵگرێ بۆ ئەوەی پاش جەنگ شتی تازەی بۆخۆی پێ بکڕێ. پاش ماندووبوونێکی یەکجار زۆر، مێردەکەی بۆی روونکردەوە کە ئەو پارەیە فریادڕەسی پیداویستییەکانی ئێستای نیوماڵە.
هاوار و قیژە، جنێودان، زرم و هۆڕ، بەلەسەیی. بڕواناکەی چ فەرتەنەیەک بوو … زۆر ترسناک بوو. هەرچوارمان هەناسەسوار لەژێر پەیژەکاندا ئامادە دانیشتبوین بۆ ئەوەی ناوبژییان بکەین. ئەو هاتوهاوارە هێندەی شڵەژاندم، ئێوارێ بەگریانەوە چوومە سەر جێگاکەم، سوپاس گوزاربووم بەوەی لانی کەم نیوکاژێر بۆ خۆم بەتەنیا بمێنمەوە.
من ئێستا زۆر باشم، تەنها ئەوەنەبێت کە هیچ ئیشتیای خواردن ناکەم. هەمیشە بەگویمدا دەدرێ گوایە: «ئای کە سیس دیاری!». دەبێ ئەوەش بڵێم کە ئەوان زۆر هەوڵدەدەن تەندروست و بەهێز بمێنمەوە. بۆ ئەو مەبەستەش شەکری ترێ، جگەر، هەوێن و کالسیۆم کۆمەکم پێدەکەن. مێشکم زۆر ماندووە، بەتایبەتی رۆژانی یەکشەممە بۆمن بەڵایەکی ناگەوارە. لەماڵیشدا بەگشتی دۆخەکە بارگاویە، خەواڵوو و خەماوییە. تەنانەت لەدەرەوەش، ئەستەمە گوێت لە جریوەی مەلێک بێت. بێدەنگییەکی کوشندە و بارگران باڵی بەسەر هەمووان دادەدا. بارگرانی بەسەختی قورساییم دەخاتە سەر. باوکم، دایکم و (مارگۆت) خۆیان لێم نەبان دەکەن. وێل و سەرگەردان لەژوورێکەوە بۆ ژوورێکی تر دەچم، بە پەیژەکاندا دەڕۆمە سەرێ و دێمەوە خوارێ. هەستدەکەم، چوون مەلێکی دەنگخۆش، باڵەکانی بەدەستێکی رەق هەڵکێشرابن و لە تاریکیەکی ئەنگوستەچاودا خۆی بە رایەڵەی قەفەسێکی تەنگدا بکێشێت. ناخم هاواردەکا و دەڵێ: «بەرەو دەرەوە، بەرەو پێکەنین و هەواهەڵمژین!». چیتر وەڵام نادەمەوە، لەسەر قەنەفەکە رادەکشێم و دەنووم، بۆ ئەوەی کاتەکە، بێدەنگی و ئەو ترسە سامناکە، بکوژم.
ئانا-ی تۆ

چوارشەممە، ٣/١١/١٩٤٣
بۆ پەرەپێدانی ئاستی زانستی و هێنانەکایەوەی گۆڕانکاریی، باوکم داوای، یەکێک لە بڵاوکراوەکانی ئینستیتیوتی (لایدنر)ی بۆ خویندنی باڵای دووربەدوور، بۆ کردین. (مارگۆت) سێ جار بە بڵاوکراوە قەبەکەیاندا چۆوە بەبێ ئەوەی شتێک، بە پێی ئارەزو یا بارستایی گیرفانی لێ هەڵکڕێت. باوکم دەستپێشخەری کرد و زوو بڕیاریدا، بەبێ ئەوەی گوێی بەنرخەکەی بدات، کۆرسێکی تاقیکردنەوەی لە بواری «لاتینی بۆ قۆناغی سەرەتایی» داواکرد، وانەکان گەیشتن، مارگۆت یەکسەر تێهەڵچوو و هەموو کۆرسەکانی تەواوکرد، بەلایەوە ئاسان بوون. هەڵبەتە زۆرم پێخۆشە فێری لاتینی بم، بەڵام وانەکان بۆ من زۆر قورسن.
بۆ ئەوەی منیش فێری بابەتێکی نوێی بم، باوکم تکای لە (کلایمان) کرد کە ئینجیلێکی مناڵانم بۆ بهێنێت، بۆ ئەوەی بە رێنماییەکانی ئەوانیش ئاشنام بکات.
(مارگۆت) بەسەرسوڕمانەوە پرسیاری لێکردم:
«ئانا، دەتەوێ لە (شانوکاە)دا (Chanukkah) ئینجیلێکت بەدیاری بدرێتێ؟»
باوکم وەرامی دایەوە و گوتی: «بەڵێ … چی … پێموایە جەژنی (نیکۆلاوس) بۆ ئەو دیارییە لەبارترە. چونکە عیسا و شانوکە پێکەوە ناسازێن!».
گسکە کارەباییەکە تێکچووە. من دەبێ ئێواران بە گسکێکی کۆن رایەخەکان بماڵم. بۆ ئەوەش دەبێ پەنجەرەکان دابخەم، چراکە رۆشنکەم و فڕنەکە گەرمکەم و تێهەڵچم. هەر لەسەرەتاوە دەمزانی ئاکامی ئەم کارە باش نابێت و ناڕەزایی دروستدەکات. جا وەهاش بوو، دایکم بەو تۆزوخۆڵەی ژوورەکەی تەنی، ژانەسەری گرت، قاموسە لاتینییەکەی (مارگۆت) تۆزوخۆڵ دایپۆشی و (پیم) بۆڵەی لێهەڵسا گوایە زەوییەکە هەر وەکوو خۆی ماوەتەوە. وەک دەڵێن لەبری دەستخۆشی، دەستخەڕۆیی!
ئێستا هەراوزەنا تۆزێک کەمترە، تەنها (دوسێل) لە ماڵباتی (ڤان دان) تووڕەیە. کاتێ قسە بە خاتوو (ڤان دان) دەکات بە «مانگا گێژە» یا «پیرە گوێرەکە» ناوی دەبا، ئەویش لەلای خۆیەوە بە، زانای بەڕێزیان کە هەڵبەتە لە هەموو هەڵەیەک بەدەرە، دەڵێت «کۆنە بوخچەی نەکراوە» یاخود «پیرە لاو»ی هەمیشە پێخوست کراو و… هتد.
وەک دەڵێن: مەنجەڵ تانە لە سەرقابەکەی دەگرێت، گوایە تەنی لێنیشتووە!
ئانا-ی تۆ

ئێوارەی دووشەممە، ڕێککەوتی ٨/١١/١٩٤٣
کیتی گیان!
کاتێ دوابەدوای یەک بە نامیلکەکانمدا دەچیتەوە، درکی پێدەکەی لە چ فەزایەکی جیاوازدا نووسراون. خۆم پێم باش نییە بەو ئەندازەیە گرێدراوی فەزای نێو پەناگەکەم. ئەوەش لەبیرنەکەم، لەوەدا من تەنیا نیم و هەمووان پێوەی گرێدراون. پاش ئەوەی کتێبێک دەخوێنمەوە و کارم تێدەکات، دەبێ هەڵوێستەیەک بکەم و بەخۆمدا بچمەوە، پیش ئەوەی تێکەڵ بەوانی دیکە ببمەوە، ئەگینا واتێدەگەن کە تێکچوومە. هەڵبەتە هەست بەوە دەکەی کە من داهێزراو و روخاوم، چونکە دیسان سووڕی مانگانەم بۆ هاتووە. لەڕاستیدا ناتوانم هۆی داڕوخانەکەمت پێ بڵێم، بەڵام پێموایە پەیوەندی بە ترسەوە هەیە کە هەمیشە رووبەڕووی دەبمەوە.
ئەمڕۆ ئێوارێ، کاتێ (بیپ) هێشتا لێرە بوو، زۆر دوورودرێژ، جەنجاڵ، ساردووسڕ و نائارام بوو. یەکسەر سپی هەڵگەڕام و تووشی ژانەسک و دڵەکوتێ بووم، هۆکاری هەموو ئەوانەش ترسە!
ئێواران کە بەتەنیا بەبێ دایکوبابم دەچمە سەر جێگاکەم خەو و خەیاڵی ترسناک لێم دەئاڵێن. هەندێک جار رێگام لێ ون دەبێت، یا خانووەکەمان گڕدەگرێت یاخود بەشەو دێن و دەمانبەن. بەدڵەراوکێوە خۆم لەجێگاکەمدا نوقم دەکەم. ئەو دیمەنانە بەجۆرێک دەبینم وەکوو ئەوەی راست بن و هاکا رووبدەن!
(میپ) زۆرجار دەڵێ، ئێرەییتان پێدەبەم، چونکە جێگاکەتان ئارامە. لەوانەیە ئەوە راست بێت، بەڵام ئەو بەدڵنیایی بیر لەو ترسە ناکاتەوە کە ئێمە تێیدا دەژین. ئەو جیهانە، بۆ ئێمە جارێکی تر وەکوو خۆی لێ نایەتەوە، ئەوەشم هەرگیز نایەتە بەرچاوێ. هەڵبەتە من جاروبار باس لە «پاش تەواوبوونی جەنگ» دەکەم، بەڵام ئەوە تەنها قسەیەکە دەیکەم، وەک ئەوەی قەڵایەک لە ئەندێشەمدا دروست بکەم و هەرگیز نەبێتە راستی.
من ئەو هەشت کەسەی نێو ئەم پەناگەیە چوون پانتاییەک لە ئاسمانی شین دەبینم کە ئێمەی لەسەرە و هێشتا ئارامە، پەڵە هەورێکی تاری پڕباران دەورەی دابێت، بازنەی ئەو پەڵە هەورە هەرده‌م دێتەوە یەک و تەنگمان پێهەڵدەچنێ. ئێستا، ئێمە هێندە لەو تاریکی و مەترسییە نزیکین، بۆ فریادڕەسێ، لەتاوا، خۆمان بەیەکا دەدەین. تەماشای خوارەوە دەکەین، ئەو مرۆڤانە بەدیدەکەین کە بەگژی یەکدیدا دەچن، تەماشای سەرەوەش دەکەین جوانی و ئارامی دەبینین. رەشی و تاری چوون دیوارێکی نەبڕ ئێمەی دابڕیوە و ناهێڵێ نە بچینە خوارێ و نە بەرەو سەرێ، دەیەوێ وردوخاش بمانهاڕێ، بەڵام هێشتا بۆی نالوێ. من جگە لە نزا و پاڕاناوە هیچی ترم پێناکرێ: «هۆ بازنەکە، بازنەکە، دوورکەوە و بۆمان ئاوەڵابەوە!»
ئانا-ی تۆ

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

وانەكانی ژیان و سەركردایەتی (سەلاری) پیاوەكەی پشت دوبەی

وەرگێڕانی: یونس قادر به‌شی حەوتەم (13) تواناسازی ژنان ئەوانەی لە ...