سەرەکی » ئاراستە » قازانقایه‌..قه‌ڵایه‌كی‌ قایمی‌ قاره‌مانێتیی‌

قازانقایه‌..قه‌ڵایه‌كی‌ قایمی‌ قاره‌مانێتیی‌

م. عه‌لی

هه‌میشه‌ لادێكان خانه‌خوێی شۆڕش و ماڵه‌ جووتیاره‌كان دێوه‌خانی پێشمه‌رگه‌ بوون، بۆیه‌ لادێ‌ و شۆڕش جمكانه‌ی یه‌كتری بوون و لێكجیانه‌كراونه‌ته‌وە

قازانقایه‌ وشه‌یه‌كی‌ لێكدراوه‌ له‌ هه‌ردوو وشه‌ی‌: قازان و قایه‌، قازان واته‌ مه‌نجه‌ڵ له‌وه‌شده‌چێ‌ وشه‌یه‌كی‌ توركی‌ بێ‌ «كازان»، قایه‌ گوایه‌ له‌ قاعیده‌ یان قاییده‌وه‌ هاتووه‌ واته‌ به‌ ئوسوڵ، ئه‌گه‌ر وشه‌كه‌ توركیش بێ‌ «كایه‌» واته‌ به‌رد، له‌وانه‌یه‌ مه‌به‌ستێكی‌ ئه‌وتۆ نه‌گه‌یه‌نێ‌.
وه‌كو ده‌ڵێن بنه‌ڕه‌تی‌ وشه‌كه‌ له‌وه‌هاتووه‌ له‌كۆندا ئه‌م شوێنه‌ شێخێكی‌ ته‌ریقه‌تی‌ تێدابووه‌، ده‌روێشی‌ زۆربووه‌، ته‌كیه‌كه‌ی‌ قه‌ره‌باڵغبووه‌، جارێكیان نان و چێشته‌كه‌ به‌شی‌ عه‌شاماتی‌ ده‌روێشه‌كانی‌ نه‌كردووه‌، شێخ نزایه‌ك ده‌كات و خواردنه‌كه‌ زۆرده‌بێ‌ به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ ده‌روێشه‌كان به‌ شێخ ده‌ڵێن فریای‌ دابه‌شكردنه‌كه‌ی‌ ناكه‌ون، شێخیش ده‌ڵێ‌: قازان به‌ قاییده‌، واته‌ به‌ ئوسوڵ.. له‌ پارێزگای‌ گوڵستانی‌ ئێرانیش قازانقایه‌ هه‌یه‌، كه‌ دێیه‌كه‌ سه‌ر به‌ شارستانی‌ مراوه‌ته‌په‌یه‌ له‌ نزیكی‌ سنووری‌ توركمانستان، ده‌كه‌وێته‌ نێوان دوو زنجیره‌ كێوی‌ پالیزان و سه‌نگوداغ و له‌خواروویه‌وه‌ رووباری‌ ئه‌ترك تێده‌په‌ڕێ‌ و مه‌ڵبه‌ندێكی‌ گرنگی‌ كشتوكاڵی‌ پسته‌یه‌.
وه‌كو باسده‌كرێ‌ قازانقایه‌ كۆنه‌ و كاتی‌ خۆی‌ 2000 ماڵ بووه‌، كووره‌ و خومخانه‌ی‌ تیابووه‌.. گه‌وره‌ی‌ ئه‌م شوێنه‌ ناوی‌ تلێ‌ گاور بووه‌، چه‌مێكیش به‌م ناوه‌وه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌.
دانیشتووانی‌ ئه‌م دێیه‌ شێخ، جاف، گۆرانن، به‌ كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری‌ و به‌راو و هه‌ندێ‌ باخدارییه‌وه‌ خه‌ریكن، جگه‌له‌وه‌ی‌ خه‌ڵكێكیان هه‌یه‌ مووچه‌خۆری‌ حكومه‌تن.
كاتی‌ خۆی‌ پێش ئه‌نفاله‌كان نزیكه‌ی‌ 60 ماڵ ده‌بوون، ئێستاش نزیكه‌ی‌ 37 ماڵ دێیه‌كه‌یان ئاوه‌دانكردووه‌ته‌وه‌.. پێش راپه‌ڕین كاره‌با و مزگه‌وت و قوتابخانه‌ی‌ تێدابووه‌، له‌دوای‌ راپه‌ڕین كاره‌با و پرۆژه‌ی‌ ئاو و بنكه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ و قوتابخانه‌ و جاده‌ی‌ قیرتاو و مزگه‌ت و گۆڕه‌پانی‌ تارتانی‌ بۆ كراوه‌.
ئه‌م دێیه‌ له‌ ساڵی‌ 1923 له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ عێراقه‌وه‌ سووتێنراوه‌ و فڕۆكه‌یه‌كیش كه‌ بۆردومانی‌ كردووه‌ له‌ ده‌شتی‌ قه‌ڵادا خراوه‌ته‌خواره‌وه‌.. له‌ شۆڕشی‌ ئه‌یلولیشدا كه‌وتووه‌ته‌به‌ر شاڵاوی‌ سزاكانی‌ رژێمه‌كانی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ و به‌ فڕۆكه‌ لێیدراوه‌ و زیانی‌ به‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ گه‌یاندووه‌، هه‌روه‌كو له‌ شۆڕشی‌ نوێشدا ئه‌م دێیه‌ وه‌كو زۆر دێهاتیتری‌ ناوچه‌ی‌ قه‌ره‌داغ به‌رده‌وام له‌ژێر چاودێریی‌ هێزه‌كانی‌ دوژمندا بووه‌، كه‌ به‌به‌رده‌وامیی‌ هێزی‌ سه‌ربازیی‌ یان جاشه‌ میلله‌تفرۆشه‌كان گه‌مارۆیانداوه‌ و كێشه‌یان بۆ دانیشتووانه‌كه‌ی‌ دروستكردووه‌ یان زۆرجار هه‌لیكۆپته‌ر به‌ ئاسمانی‌ ناوچه‌كه‌دا سووڕاوه‌ته‌وه‌ و بۆ چاوترساندن و هه‌راسانكردنی‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ بۆردومانیكردووه‌، چونكه‌ دوژمن له‌ڕێگه‌ی‌ سیخوڕ و پیاوه‌ گرگنه‌كانیه‌وه‌ زانیاریی‌ پێده‌گه‌یشت، كه‌ كۆپته‌ر ده‌نیشته‌وه‌ خه‌ڵكی‌ دێیه‌كه‌یان ده‌گرت و دوای‌ ئه‌شكه‌نجه‌دان ئازادیانده‌كردن.
فازانقایه‌ وه‌كو زۆر دێهاتیتری‌ ناوچه‌ی‌ قه‌ره‌داغ شوێنێكی‌ له‌باربووه‌ بۆ شۆڕش و هێزی‌ پێشمه‌رگه‌، زۆربه‌ی‌ كاته‌كان ده‌سته‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ شۆڕشی‌ نوێ‌ له‌م ناوه‌دا بوون، له‌وێ‌ كۆبوونه‌وه‌یان ده‌كرد یان بۆ پشوودان لایانده‌دا، له‌وێ‌ شانه‌كانی‌ رێكخستنه‌كانی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان به‌تایبه‌تی‌ رێكخستنی‌ كۆمه‌ڵه‌ هه‌بوو، یه‌كه‌م كه‌سێك پێوه‌ندیی‌ كردبێ‌ شێخ ته‌های‌ قازانقایه‌ بووه‌، كه‌متر رێكخستنی‌ لایه‌نه‌كانیتری‌ تێدابووه‌، بوونی‌ شه‌هیدی‌ سه‌ركرده‌ كاك ئارامیش رۆڵێكی‌ تایبه‌تی‌ هه‌بوو بۆ گه‌شه‌كردنی‌ رێكخستنه‌كان به‌تایبه‌تی‌ له‌ ساڵی‌ 1976 تا ده‌ستپێكردنی‌ شه‌ڕی‌ ئێران – عێراق، هه‌رجاره‌ی‌ كه‌ جووڵه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ یان چاڵاكییان له‌ ده‌ڤه‌ری‌ قه‌ره‌داغدا هه‌بوایه‌ دوژمن به‌ هێزی‌ زۆره‌وه‌ بۆ گه‌ڕان به‌دوای‌ پێشمه‌رگه‌دا ده‌رده‌چوو، كه‌ جاری‌ وا هه‌بوو هێزه‌كانی‌ دوژمن له‌هه‌موو قۆڵه‌كانه‌وه‌ بۆ ماوه‌ی‌ 7 -10 شه‌و و رۆژ ده‌مانه‌وه‌، كه‌مترینجار توانیویانه‌ به‌شێكی‌ كه‌می‌ به‌رنامه‌كانیان كه‌ تێچووه‌یه‌كی‌ زۆری‌ له‌ سه‌رشانی‌ حكومه‌ت داناوه‌ جێبه‌جێبكه‌ن و رووبه‌ڕووی‌ پێشمه‌رگه‌ ببنه‌وه‌ و زیانیان پێبگه‌یه‌نن، بۆیه‌ پێشمه‌رگه‌ به‌باشیی‌ خۆیان ده‌پاراست، هه‌روه‌ها هێزی‌ پشتگیریشی‌ تیادروستبووبوو بۆ پاڵپشتیی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌كاتی‌ رووداوه‌كاندا، به‌رپرسه‌كه‌شیان ئه‌حمه‌دی‌ حاجی‌ ساڵح بوو..
قازانقایه‌ كه‌ ئه‌و هه‌موو گوشاره‌ی‌ له‌سه‌ربووه‌ چه‌ندجارێك سووتاوه‌ و رووخێنراوه‌ كه‌ دواهه‌مینجاریان سه‌رده‌می‌ ئه‌نفاله‌كان بووه‌، هه‌ربۆیه‌شه‌ چه‌ندین شه‌ڕی‌ تیاكراوه‌، له‌ سه‌رده‌می‌ ململانێی‌ جه‌لالی‌ – مه‌لاییدا، له‌ شۆڕشی‌ نوێدا یه‌كه‌م شه‌ڕ له‌ رۆژی‌ 3/9/1977 جاشه‌كانی‌ قاله‌ فه‌ره‌ج و ته‌حسین شاوه‌یس بۆ كێوماڵكردنی‌ پێشمه‌رگه‌ رووده‌كه‌نه‌ قازانقایه‌ و ده‌سته‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ش له‌وێده‌بن، جاشه‌كان له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ گه‌مارۆیاندابوون كه‌ ئه‌وان خه‌ریكی‌ خۆشووشتن بوون، شه‌ڕێكی‌ سه‌خت به‌رپابووه‌ به‌جۆرێك هیچ ده‌رفه‌تێكی‌ ده‌ربازبوونیان نه‌مابوو، پێشمه‌رگه‌كان تا دوا فیشه‌ك به‌رگرییانكرد و شه‌هیدبوون، كه‌ ئه‌مانه‌بوون: مه‌لا ئه‌حمه‌دی‌ مه‌سۆیی‌، شوانه‌، ئازاد، سمكۆ، عه‌بدوڵڵا، جوامێر، عه‌زیزیش به‌دیلگیرا و دواتر له‌سێداره‌درا.. ئه‌مه‌ بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی‌ كاریگه‌ری‌ هه‌بوو، به‌ڵام كاری‌ له‌ وره‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ و رێكخستنه‌كان نه‌كرد.
رۆژی‌ 8/12/1980 ده‌سته‌كه‌ی‌ خالید گه‌رمیانی‌ كه‌ م. جه‌عفه‌ریان له‌گه‌ڵدابوو له‌نێوان قازانقایه‌ و خاوێدا ده‌كه‌ونه‌ بۆسه‌وه‌ و خالید گه‌رمیانی‌ شه‌هیدده‌بێ‌ و ته‌رمه‌كه‌ی‌ بۆ ته‌نگیسه‌ر ده‌به‌ن و له‌پاڵ ئارامگای‌ شه‌هید ئارامدا به‌خاكده‌سپێردرێ‌.
جارێكیان مام رۆسته‌م له‌ دێی‌ برایمئاوا به‌ بۆردومانی‌ كۆپته‌ر بریندارده‌بێ‌ و ماوه‌یه‌ك له‌ قازانقایه‌ تیمارده‌كرێ‌ و شه‌وێك بۆ دێیه‌كیتر ده‌گوێزرێته‌وه‌، به‌یانییه‌كه‌ی‌ جاشه‌كانی‌ عوسه‌ی‌ هۆكل به‌دوای‌ مام رۆسته‌مدا ده‌ده‌نه‌سه‌ر قازانقایه‌دا و نایدۆزنه‌وه‌.
ئه‌م دێیه‌ هه‌روه‌كو رێكخستن و پێشمه‌رگه‌ و پشتگیریی‌ هه‌بووه‌ شه‌هید و كه‌مئندامیشی‌ هه‌یه‌ چ ئه‌وانه‌ی‌ له‌شه‌ڕدا یان به‌ مین یان به‌ كۆپته‌ر شه‌هیدكراون، هه‌روه‌ها گۆڕی‌ كۆمه‌ڵێك شه‌هیدیشی‌ لێیه‌.. ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی‌ كه‌ ماڵه‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ زۆری‌ تیابووه‌، ئه‌نجومه‌نی‌ دێیشی‌ وه‌كو ئه‌ڵقه‌ی‌ پێوه‌دیی‌ نێوان خه‌ڵك و شۆڕش به‌ هه‌ڵبژاردن بۆ دانراوه‌ بۆ راییكردنی‌ كاروباره‌كان و چاره‌سه‌ری‌ گرفته‌كانیان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

لە رێی كوردستانی «نوێ»وە بەهەمووان رادەگەیشت

دێدەوانی یەعقوب / كۆیە ڕەنگە ئەگەر هەر كەس كە وێنەی ...