سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » گونده‌كان و خاڵی كاركردنی‌ میدیا

گونده‌كان و خاڵی كاركردنی‌ میدیا

میدیای كوردی به‌ گشتی میدیایه‌كی تێكه‌ڵه‌ و هه‌مه‌ڕه‌نگه‌ ، واته‌ میدیایه‌كی تایبه‌تمه‌ندمان نییه‌ به‌ بوارێك و كایه‌یه‌كی تایبه‌ت . بۆ نمونه‌ میدیایه‌كمان نییه‌ تایبه‌ت به‌ كشتوكاڵ و ژینگه‌ و ئابوری‌ و وه‌رزش . ئێمه‌ی‌ میلله‌تی كورد هه‌موو بواره‌كانی كاركردنمان له‌ چوارچێوه‌ی‌ یه‌ك میدیا دا كۆكردۆته‌وه‌ ، ده‌بینین كاتژمێری یه‌كه‌م میدیاكه‌مان باسی سیاسه‌ت ده‌كات ، دواتر هه‌مان میدیا باسی وه‌رزش و پاش كه‌مێكیتر هه‌ر ئه‌و میدیایه‌ باسی هونه‌ر و كاتژمێره‌كانی‌ ئاینده‌یش باسی سه‌روه‌ران و ده‌ستڕه‌نگینی و ڕێگاو بان و …. هتد ده‌كات. به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ له‌م چوارچێوه‌یه‌دا وننه‌ و به‌شێكی كه‌میش بێت له‌م هه‌مه‌ڕه‌نگییه‌ی‌ میدیای‌ كوردی داگیرنه‌كردووه‌، كێشه‌ و پرسه‌ جیاوازه‌كانی‌ تایبه‌ته‌ به‌ ژیانی گوندنشینه‌كان له‌ گونده‌كان دا .
گونده‌كانی‌ كوردستان نه‌ك نه‌بوونه‌ته‌ پرسی میدیایه‌كی تایبه‌ت و هه‌رچی بواره‌ جیاوازه‌كانی‌ گوندنشینانه‌ له‌ میدیایه‌كی تایبه‌تدا كۆنه‌كراوه‌ته‌وه‌ تاكو وێنه‌ی‌ واقیعی دۆخی ژیانی گوندنشینان ببینین به‌ڵكو میدیاكان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی كایه‌ و هونه‌ر و ده‌ستڕه‌نگینی‌ و كاروباره‌كانی‌ گوندیان پشتگوێخستووه‌ و به‌ ڕاده‌یه‌كی زۆریش گونده‌كان نه‌بوونه‌ته‌ جێگای‌ بایه‌خ و زومی كامێرای میدیای‌ كوردی نه‌كه‌وتۆته‌سه‌ریان. ئه‌وه‌ی‌ له‌ گونده‌كان دا ده‌گوزه‌رێت یان ده‌چێته‌ ڕابردووه‌ و كۆن ده‌بێت یاخود ئه‌گه‌ر میدیایش كاری‌ له‌سه‌ر بكات ، كاركردنێكی سارد و سڕ ده‌بێت وه‌ك ئه‌وه‌ نابێت میدیاكار له‌ نزیكه‌وه‌ و به‌ گه‌رمی هه‌واڵه‌كانی‌ گوند و تابلۆ گشتییه‌كه‌ی‌ گوند بگوازێته‌وه‌ بۆ بینه‌ر و بیسه‌ر و خوێنه‌ر.
بۆ هه‌ر تاكێكی ئێمه‌ ڕه‌نگه‌ جارێك و زیاتریش ڕێككه‌وتێكی له‌م شێوه‌یه‌ی كردبێت كه‌ كاتێك له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی یاخود له‌ گۆگڵ و ئینته‌رنێت دا سێرچێك بۆ بابه‌تێك ده‌كه‌ین كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ كاروباری‌ گونده‌كانه‌وه‌ هه‌بێت ، ئه‌وه‌نده‌ی‌ بابه‌تی تایبه‌ت به‌ گونده‌كانی ده‌ره‌وه‌ی‌ كوردستانمان ده‌ست ده‌كه‌وێت، هه‌رگیز هێنده‌ بابه‌تی تایبه‌ت به‌ گونده‌كانی‌ كوردستانمان له‌ هه‌ر چوار پارچه‌كه‌ دا ده‌ستناكه‌وێت. ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گوند و بابه‌ته‌ جیاوازه‌كانی گوند نه‌بووه‌ به‌ بابه‌ت و جێی بایه‌خی میدیای‌ ئێمه‌ی‌ كورد ، بۆیه‌ یان بابه‌تی له‌م شێوه‌یه‌مان نییه‌ یاخود ئه‌گه‌ر هه‌بێتیشمان ئه‌وا بابه‌تی كه‌م و ده‌گمه‌نن. به‌ مانایه‌كیتر له‌ میدیای كوردیدا بابه‌تی تایبه‌ت به‌ گونده‌كان ئه‌وه‌نده‌ كه‌من كه‌ حه‌زی تاكێك و خوێنه‌رێك تێرناكات ئه‌گه‌ر ئاره‌زووی‌ خوێندنه‌وه‌یانی هه‌بێت.
كاركردنی‌ میدیای‌ كوردی له‌سه‌ر هه‌ر بابه‌تێكی تایبه‌ت به‌ گونده‌كان بووه‌ به‌ شتێكی وه‌رزی. واته‌ ئه‌گه‌ر میدیایه‌ك بییه‌وێت بابه‌تی به‌روبوومی كشتوكاڵی‌ گونده‌كان بكاته‌ كارێكی میدیایی ، ئه‌م وه‌رزی دروێنه‌ بۆ ئه‌و وه‌رزی دروێنه‌ ده‌چێته‌ گونده‌كان و كار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌كات ئیدی به‌بێ ئه‌وه‌ی‌ له‌ چۆنێتی به‌ بازاڕكردنی‌ به‌روبومی جوتیاران و ئه‌و قه‌یرانانه‌ بكۆڵێته‌وه‌ كه‌ یه‌خه‌ی‌ جوتیاران و به‌رهه‌مه‌كه‌یان ده‌گرێت. نه‌ك ته‌نها بواری‌ كشتوكاڵ و به‌روبوومی جوتیاران ، به‌ڵكو تاكو ئێستا میدیایه‌كی كوردیشمان نه‌بینیووه‌ باسی وه‌رزش له‌ گونده‌كانی‌ كوردستاندا بكات و خاڵه‌ باش و خراپه‌كانی‌ وه‌رزش له‌ گونده‌كان بۆ بینه‌ر پیشان بدات و بیكات به‌ پرسی ڕۆژ. نه‌ك ته‌نها وه‌رزش ئه‌بێت كه‌رتی‌ ته‌ندروستی له‌ گونده‌كاندا له‌چی ئاستێكدا بێت؟ ئایا ئه‌م پرسه‌ بۆ میدیای كوردی گرنگ نییه‌؟ بێگومان به‌ڵێ.
ئه‌گه‌ر له‌ میدیای جیهانی‌ بڕوانین و به‌راوردی بكه‌ین به‌ میدیای‌ كوردی ، ئه‌وا میدیای كوردی گه‌لێك دووره‌ له‌گه‌ڵ پرسه‌ هه‌ستیار و گرنگه‌كان دا كه‌ ده‌كه‌ونه‌ ناوچه‌ هه‌ستیار و دووره‌ ده‌سته‌كانه‌وه‌ و میدیاكار به‌ زه‌حمه‌ت ده‌ستیان پێی ده‌گات. چونكه‌ میدیاكاری‌ كورد ناچێته‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ شار و ئه‌وه‌ی‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ شار و گونده‌كان دا ده‌گوزه‌رێت به‌ لایانه‌وه‌ گرنگ نییه‌ و پرسه‌ جیاوازه‌كان له‌ گونده‌كان دا نه‌بووه‌ته‌ خاڵی كاركردنی‌ میدیا و میدیاكار.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

وه‌زاره‌تی‌ كشتوكاڵ و جوتیار و به‌رهه‌می ناوخۆ

(17) تاڕاده‌یه‌ك دڵنیام، پێده‌چێت تاكو وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ له‌ لای‌ وه‌زیرێكی ...