سەرەکی » وتار » د. شۆ و كاكه‌ عبدالكریم قاسم!پەڕە 18

روانینی دوێنێ‌ و خوێندنه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆ

د. شۆ و كاكه‌ عبدالكریم قاسم!

عه‌بدوڵڵا عه‌باس

كه‌ له‌ساڵی 1959 دا به‌ عسی یه‌كان له‌ شه‌قامی‌ الرشید (رأس القریه‌) یه‌ زه‌عیمی ئه‌وسای عیراقیان به‌مه‌به‌ستی‌ كوشتن، گولله‌ بارانكرد و نه‌جاتی بوو، قه‌ریحه‌ی‌ ژماره‌یه‌كی زۆری‌ شاعیرانی‌ عیراق كرایه‌وه‌و شیعریان به‌سه‌ر زه‌عیما هه‌ڵدا به‌ الجواهیری گه‌وره‌وه‌….!! و شاعیرانی‌ خۆیشمان (كورد) بۆ سه‌لماندنی‌ مادده‌ی‌ سێی‌ ده‌ستووری‌ موئه‌قه‌ته‌ی‌ عیراق (العرب والاكراد شركا‌ء فی هذا الوطن) له‌و پیا هه‌ڵدانه‌دا بێبه‌شنه‌بوون .
عه‌نتیكه‌ ترین شیعری‌ ناڕەزایی‌ دژی ئه‌و تاوانه‌ به‌كوردی‌ شیعره‌ شه‌عبیه‌كه‌ی‌ ره‌حمه‌تی‌ (احمد شكری) ی‌ بوو كه‌ هێشتا له‌لایه‌ن یه‌كێتی‌ نووسه‌رانی‌ كورده‌وه‌ نازناوی‌ (دكتۆر شۆ) ی‌ پێ نه‌به‌خشرابوو، تیایدا روو له‌ زه‌عیم ئه‌كات و ئه‌ڵێ‌:
(كاكه‌ عبدالكریم قاسم
مه‌ترسه‌ له‌ ئه‌بوجاسم
ئه‌و شووشه‌یه‌ من ئه‌ڵماسم
ئه‌یبڕمه‌وه‌ به‌داسم,,,, ,هتد )
هه‌موو له‌بیرمانه‌، كه‌ ساڵی‌ 1963 و له‌ 8 ی‌ شوباتدا به‌ كوته‌دایه‌كی‌ خوێناوی‌ به‌عس قاسمی‌ روخاندو گولله‌ بارنیان كرد، له‌بیرمه‌و وائه‌زانم ئێستایه‌، رۆژی‌ دووه‌می‌ ئینقلابه‌كه‌ بوو له‌به‌رده‌می‌ كتێبخانه‌ی‌ سلێمانی‌ وه‌ستابووم به‌ناونیشانی‌ كتێبه‌كانا ئه‌چوومه‌وه‌، ئه‌گه‌ر زاكیره‌م نه‌مخاته‌ هه‌ڵه‌وه‌ وابزانم ره‌حمه‌تی‌ مامۆستای‌ ناسراوی‌ ره‌وتی‌ په‌روه‌رده‌ له‌سلێمانی‌ (مامۆستا عمر عارف – ناسراو به‌ عارف قاپ ره‌ش) بوو، كه‌ به‌مامۆستایه‌كی‌ رووخۆش و قسه‌خۆش ناسرابوو، ره‌حمه‌تی‌ احمد شكری به‌گیرهێنابوو :
– چۆن تۆ له‌خۆت ناترسی ئه‌و شیعره‌ به‌رزه‌ت بۆ قاسم و دژی به‌عس نووسیوه‌و به‌ ئه‌بوجاسم ناوت بردوون ؟ زیاتر ئه‌یتۆقان و ئه‌یوت :
– چارێكی‌ خۆت بكه‌ و خۆت بشاره‌وه‌ تاوه‌زعه‌كه‌ یه‌ته‌وه‌ سه‌رخۆو بزانین چی‌ ئه‌بێ‌ ….
ئه‌ویش ئه‌یوت : بابه‌ من شیعرم به‌كوردی‌ نووسیوه‌ ئه‌بوجاسمه‌كان له‌كوێ‌ كوردی‌ ئه‌زانن ؟ مامۆستا عمریش تا ئه‌هات زیاتر
ئه‌یترسان و وتی‌:
– به‌خوا ئه‌وانه‌ دڕنده‌ن ئه‌مسه‌رو ئه‌وسه‌ری‌ عیراق به‌دوای‌ دوژمنه‌كانیانا ئه‌گه‌ڕێن ….
ره‌حمه‌تی‌ دكتۆر شۆ به‌جددی‌ ترسی لێنیشت و وتی‌: به‌خوا راست ئه‌كه‌ی‌ بابڕۆم مشوورێكی‌ خۆم بخۆم و لێدا و رۆشت.
بێگومان دكتۆر شۆ سه‌لامه‌ت ده‌رچوو، چونكه‌ ئه‌وسا نه‌ باوی‌ ( خه‌ت مائل ) و نه‌ باوی‌ ته‌قریر نووسی دووسه‌ره‌هه‌بوو.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*