پاڵه‌وانێتیی ئۆتۆمبێلی فۆرمۆلا وه‌ن یه‌كێكی تره له‌و وه‌رزشه گرنگ و به‌رچاوانه‌ی له‌سه‌رتاسه‌ری جیهاندا هه‌وادار و موتابیعی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌و له‌پاڵ وه‌رزشه گرنگه‌كانی تری وه‌ك تۆپی پێ و تێنسی سه‌رزه‌وی و باله‌و باسكه، ئه‌م وه‌رزشه‌ش له سه‌ر تاسه‌ری جیهاندا گرنگی به ئه‌نجام و هه‌واڵ و پێشهات و رووداوه‌كانی ده‌درێت.
سیستمی ئه‌م پاڵه‌وانێتییه
ئه‌م پاڵه‌وانێتییه له مانگی ئازاری هه‌موو ساڵێكدا به‌قۆناغی ئوستورالیا ده‌ستپێده‌كات و به قۆناغی ئه‌بوزه‌بی سه‌رتای مانگی دیسه‌مبه‌ر كۆتایی دێت.
فۆمۆلا وه‌ن له 21 قۆناغ پێشبڕكێ پێكدێت، قۆناغه‌كانیش به‌سه‌ر سه‌رجه‌م كیشوه‌ره‌كاندا دابه‌شكراوه، ئه‌وروپا پشكی شێری به‌رده‌كه‌وێت و 10 قۆناغ له 10 وڵاتی جیاجیای ئه‌م كیشوه‌ره (ئیسپانیا، مۆناكۆ، فه‌ره‌نسا، نه‌مسا، به‌ریتانیا، ئه‌ڵمانیا، هه‌نگاریا، به‌لجیكا، ئیتالیا، روسیا) ده‌كرێت، پاشان ئاسیا به‌پله‌ی دووه‌م دێت و 6 قۆناغ له‌شه‌ش وڵاتی ئه‌م كیشوه‌ره (به‌حره‌ین، چین، ئازه‌ربیجان، سه‌نگافوره، ژاپۆن، ئه‌بوزه‌بی) به‌ڕێوه ده‌چێت، ئه‌مریكای باكوور و ئه‌مریكای باشووریش هه‌ریه‌كه‌یان 2 قۆناغ له‌خۆ ده‌گرن واته به‌هه‌ردووكیان 4 قۆناغ له ئامێز ده‌گرن (كه‌نه‌دا، مه‌كسیك، ئه‌مریكا، به‌رازیل)، له ئوستورالیاش یه‌ك قۆناغ ده‌كرێت كه‌سه‌رجه‌م 21 قۆناغ ده‌كات.
9 قۆناغ له 21 قۆناغ
وه‌ك له‌سه‌ره‌تاوه باسكرا، یه‌كه‌م قۆناغی ئه‌م پاڵه‌وانێتییه ناوه‌ڕاستی مانگی ئازار له ئوستروالیا کرا، له‌و ساوه تائێستاش 9 قۆناغ له كۆی ئه‌و 21 قۆناغه كراوه‌و 12 قۆناغی تری ماوه بكرێت.
قۆناغی ده‌یه‌م كه ده‌كاته ناوه‌ڕاستی پاڵه‌وانێتییه‌كه ده‌بێت دوێنێ یه‌كشه‌ممه 14/7/2019 له به‌ریتانیا كۆتایی هاتبێت، دیاره سیستم و به‌رنامه‌ی دانراو بۆ ئه‌م پاڵه‌وانێتییه به چوار رۆژ ده‌كرێت، رۆژانی یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌م قۆناغه به‌راییه‌كان ده‌كرێن، مه‌به‌ستیش له‌م قۆناغه به‌راییانه ئه‌وه‌یه ریزبه‌ندی و پێشه‌نگه‌كانی ده‌ستپێكردنی قۆناغه‌كه دیارییدهكرێن، ده‌ره‌كه‌وێت كام شۆفێرانه له‌ریزی پێشه‌وه‌ی ده‌ستپێكی پێشبڕکێیەکەدا ده‌بن كه رۆژی چواره‌م ده‌كرێت.
هامیڵتۆن بێ ركابه‌ره
ئه‌وه‌ی تائێستا و تا ناوه‌ڕاستی پاڵه‌وانێتییه‌كه ده‌ركه‌وتووه ئه‌وه‌یه لویس هامیڵتۆنی به‌ریتانی و شۆفێری تیپی مارسیدیس بێ ڕكابهرترین شۆفێره‌و هیچ كام له شۆفێره‌كانی تری به‌شدار تا قۆناغی نۆیه‌م نویانتوانیووه ركابه‌ریی بكه‌ن.
هامیڵتۆن له‌كۆی 9 قۆناغ شه‌ش پله‌ی یه‌كه‌می هه‌یه، ئه‌مه‌ش ئامار و زه‌نگێكی وریا كه‌ره‌وه‌یه بۆ سه‌رجه‌م شۆفێره‌كان و ئه‌ویان پێده‌ڵێت كه ئه‌مساڵیش وه‌كو پار هیچ شۆفێرێكی تر ناتوانێت ركابه‌ری بكات و له‌ئێستاوه پاڵه‌وانی ئه‌مساڵیشی مسۆگه‌ر كردووه.
له‌و سێ قۆناغه‌شدا كه یه‌كه‌م نه‌بووه، له دوانیاندا دووه‌م بووه‌و له قۆناغی نه‌مسادا پێنجه‌م بووه، واته له كۆی 9 قۆناغ شه‌ش یه‌كه‌می و دوو دووه‌می هه‌یه‌و خراپترین ئه‌نجامی پله‌ی پێنجهمییهكی نه‌مسای نۆیه‌مین قۆناغ بووه.
ركابه‌ره‌كانی
دیاره جگه له‌و ئه‌نجامانه‌ی هامیڵتۆن، دووه‌م باشترین ئه‌نجام ڤاڵتێری بۆتاسی فینله‌ندی و شۆفێری هه‌مان تیپی هامیڵتۆن (مارسیدیس) تۆماریكردووه، ئه‌م له كۆی 9 قۆناغ دوو یه‌كه‌می و چوار دووه‌می و دوو سێیه‌می هه‌یه و له قۆناغی كه‌نه‌دا چواره‌م بووه، به‌مه‌ش هه‌ردووكیان یه‌كه‌م و دووه‌می ریزبهندبن و تیپی ماریدیسیش كه ئه‌مان شۆفێری بۆ ده‌كه‌ن له‌پله‌ی یه‌كه‌می تیپهكاندایه، هه‌رچی ئه‌و شۆفێرانه‌ی تره كه له پله‌كانی سێیه‌م تاپێنجهمدان بریتین له ماكس فریشتاین و سیباستیان ڤیتیڵ و شارڵ لۆكلێر.
ماكس فریشتاین باشترین ئه‌نجامه‌كانی بریتی بوون له یه‌كه‌می قۆناغی نهمساو سێیه‌می هه‌ردوو قۆناغی ئوستورالیا و ئیسپانیا‌و پێنج پله‌ی پێنجه‌میشی هه‌یه‌و لهكهنهداش چواره‌م بووه.
هه‌رچی سیباستیان ڤیتیڵی چواره‌می ریزبه‌ندییه، باشترین ئه‌نجامه‌كانی دوو پله‌ی دووه‌میی و دوو پله‌ی سێیه‌می بووه، سێ جاریش چواره‌م و دوو جاریش پێنجه‌م بووه، هه‌رچی شارڵ لۆكێره له‌و نۆ قۆناغه پاڵه‌وانێتییه‌كه‌دا یه‌ك دووه‌می و سێ سێیه‌م و چوار پێنجه‌می هه‌بووه‌و له مۆناكۆش هیچ پله‌یه‌كی نه‌گرتووه و ئێستا ریزبه‌ندییه‌كه تا قۆناغی نۆیه‌م پێش قۆناغی دوێنێی به‌ریتانیا به‌مجۆره‌یه:
-1لویس هامیڵتۆن-به‌ریتانیا(مارسیدیس) 197 خاڵ.
-2ڤاڵتێری بۆتاس-فنله‌ندا (مارسیدیس) 166 خاڵ.
-3ماكس فریشتاین-هۆڵه‌ندا (رێدبۆڵ) 126 خاڵ.
-4سیباستیان ڤیتیڵ-ئه‌ڵمانیا (فیراری) 123 خاڵ.
-5شارڵ لۆكێر-مۆناكۆ (فیراری) 105 خاڵ.
قۆناغه‌كانی تر
ده‌بێت دوێنێ یه‌كشه‌ممه قۆناغی به‌ریتانیا كۆتاییهاتبێت كه ده‌یه‌مین قۆناغی ئه‌م پاڵه‌وانێتییه‌یه، ئه‌م مانگه‌و مانگی ئابی ئاینده‌ش چوار قۆناغ ده‌كرێن به‌مشێوه‌یه:
*قۆناغی به‌ریتانیا؛ 11 تا 14/7/2019.
*قۆناغی ئه‌ڵمانیا؛ 25 تا 28/7/2019.
*قۆناغی هه‌نگاریا؛ 1 تا 4/8/2019.
*قۆناغی به‌لجیكا؛ 29/8 تا 1/9/2019.
18 جار بینراوە