هه‌فته‌ی پێشوو دوو رووداوی گرنگ له‌بواری په‌یوه‌ندی هه‌رێم و جیهان روویدا ئه‌وانیش هاتنی بێرت ماکگۆرک نوێنەری ئەمریکا بۆ جەنگی دژ بەداعش و په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی ریکس تیله‌رسۆن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا به سه‌رۆکی حکومه‌ت. ئه‌م دوو رووداوه‌ش ده‌کرێت هه‌ڵوه‌سته‌یه‌کی خێرای لەسەر بکەین، ئەوەش لەبەر چەند هۆکارێک.
یه‌که‌م: کاتێکی گرنگ
ئه‌و دوو په‌یوه‌ندییه له‌کاتێکی گرنگ وپڕ بایه‌خ بۆ هه‌رێم دا کران، له‌پاش پرۆسه‌ی ریفراندۆم و رووداوه‌کانی که‌رکووک دێت، لەکاتێکدایە کە کورد لە 51% خاکی هه‌رێمی کوردستانی لەدەستداوە. لەڕووی سەربازیشەوە، رووبەروی شکستێکی گەورە بۆتەوە. له‌لایه‌کی تریشه‌وه له‌ئێستادا هه‌رێمی کوردستان، تووشی جۆره په‌رواوێزخستن و گۆشهگیریەکی نێودەوڵەتی بۆتەوە. ئه‌مه‌ش له‌پاشئه‌وه‌ی که سه‌رانی ریفراندۆم، گوێیان بۆ داواکاریی و پێشنیازیهکانی ئه‌مریکاو دەوڵەتە دۆستەکانی ترمان نه‌گرت. هه‌ربۆیه هاتنی ماکگۆرک و په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنییه‌که‌ی تیله‌رسۆن گرنگی زۆری هه‌یه، ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه بۆئه‌وه‌ی که‌هێشتا هه‌رێمی کوردستان به‌لای ئه‌مریکاوه گرنگه و دەستی لێبەرنادات.
دووه‌م: دانوستان له‌گه‌ڵ به‌غدا
خاڵێکی گرنگی تر ئه‌وه‌یە ئه‌م په‌یوه‌ندییه له‌کاتێکدایە که‌هه‌رێم خۆی بۆ دیالۆگ و دانوستان له‌گه‌ڵ به‌غدا ئامادە دهکاتو سه‌رانی به‌غداش تاڕاده‌یه‌ک به لووتبه‌رزییه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ل هه‌رێم ده‌که‌ن و خۆیان به‌سه‌رکه‌وتوو هه‌رێمیش به شكستخواردوو داده‌نێن. ئه‌مریکاش له‌زاری هەموو بهرپرسەکانییهوه داواله کورد ده‌که‌ن که دانوستان لەگەڵ بەغدا بکات و کێشه‌کان له‌رێگه‌ی ده‌ستوور و دیالۆگه‌وه چارهسەربکهن. لەم ساتەشدا هاتنە ناوەوەی ئەمریکا بۆ کورد گرنگە، بەتایبەت گەر بتوانێت رۆڵی ناوبژیکەرێک لەنێوان هەولێر و بەغدا ببینێت.
ئەمریکا هەرێمێکی بەهێزی دەوێت
خاڵێکی هاوبەش لە لێدوانەکەی ماکگۆرک و تیلەسۆن و تەنانەت دوێنێش وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش، هەموو ئەوەیان دووپاتکردەوە، کەئەمریکا هەرێمێکی کوردستانی بەهێزی دەوێت. لێرەدا گرنگە لەم ووشەیە ووردبینەوەو بزانین ئەمریکا مەبەستی لەهەرێمێکی بەهێز چییە؟
بە بڕوای من مەبەستی ئەمریکا ئەوەیە، ئەو هەرێمێکی کوردستانی دەوێت کە خاوەنی حکومەتێکی نیشتمانی بێت کەهەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێم کۆبکاتەوە، هەربۆیە پشتگیری ئەم حکومەتە نوێیە دەکاتو داواشی لەهەموو لایەنە سیاسییەکان کردووە، پشتگیری حکومەت بکەن. لەهەمانکاتیشدا ئەو حکومەتێکی هەرێمی دەوێت، کە حکومەتی دەزگاکان بێت نەک حکومەتی حزبێک یان لایه‌نێک. حکومەتێک کە دەزگاکانی بەباشی کاربکەن و لەخزمەتی هاوڵاتیانیدا بێت. هەروەها هەرێمی بەهێز مانای بوونی پەرلەمانێکی بەهێزە کەبتوانێت چاودێری حکومەت بکات. هەرێمێکی بەهێزی دەوێت، کە مافی هاوڵاتییانی بپارێزێت و ئازادییە گشتییەکانی تێیدا فەراهەم بێت. جگەلەوەش مانای هەرێمێکی بەهێز ئەوە ناگەینێت، کەئەم هەرێمە ببێتە مایەی کێشەی بۆ خۆیی و دراوسێکانی.
ئایا دوژمنایه‌تی ئه‌مریکا سوودی هه‌یه؟
ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌رنجه ماوه‌یه‌که له‌چه‌ند ده‌زگاییه‌کی میدیاییه‌وه گوێبیستی ئەوه ده‌بین کە ئه‌مریکا چیتر دۆستی ئێمه نییه‌و پێویسته ئێمە دژی ئه‌مریکا بوه‌ستین. ئەم خاڵەش پێویستی بە هەڵوەستەیەک هەیە.
پێش هه‌مووشتێک له‌ئێستادا هه‌رێم زیاتر پێویستی بهئەمریکایه نه‌ک به‌پێچه‌وانه‌وه، هه‌ربۆیه زۆرگرنگه ئێمه زیاتر هه‌وڵ بدده‌ین ئه‌مریکا بۆلای خۆمان رابکێشین. خاڵێکی گرنگی تر ئەوەیە، پێویستە ئێمە بپرسین، ئایا هه‌رێم ده‌توانێت دژایه‌تی ئه‌مریکا بکات؟. له‌کاتێکدا ده‌وڵه‌تانی وه‌کو روسیا و ئێران لهرووبهربونهوه له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا سه‌رکه‌وتوونه‌بوون. روسیا زلهێزێکی گەوره‌ی سه‌ربازیی جیهانه‌و خاوه‌نی سوپایه‌کی به‌هێزه. ئێرانیش خاوه‌نی به‌رنامه‌ی مووشه‌کی بالیسیتی و ئه‌تۆمییه، جگه له‌بوونی پێگه‌یه‌کی به‌هێزی جوگرافی. لێ پرسیاری گرنگ لێره‌دا ئه‌وه‌یە، ئایا هه‌رێم له‌رووی سه‌ربازیی و ئابووریی و سیاسیی و پێگه‌ی جوگرافییه‌وه، چ خاڵێکی به‌هێزی هه‌یه؟
به‌بڕاوی من بوونی ئه‌م جۆره موزایه‌ده سیاسیانە جگه له شکست و زه‌ره‌ر هیچی سوودێکی تری نابێت بۆمان، ئەم جۆرە بیرکردنەوە عاتیفیی و ناعەقڵانیانە، بەرەو کارەساتی گەورەترمان دەبن، کە تەواوی هەرێمەکە بەرەو نەمان دەبات. لەلایەکی ترەوە ئەم قسانە لەکاتێکدا دەکرێت، کەئێمە لەبەرامبەر میلیشای حەشدی شەعبی تووشی گەورەترین شكستی سەربازی بووین، ئیتر خوائەو رۆژە نەکات، گەر لەدژی ئەمریکا جەنگ بکەین، دەبێت وەزعمان چۆن بێت؟!.
لەکۆتاییدا پێم وایە، دووبارە پەیوەندیکردنی ئەمریکا بەحکومەتی هەرێمەوە، ئاماژەییەکی زۆر باشە بۆ هەرێم و دەرفەتێکی زۆر گرنگە، گەر خۆمان بتوانین سوودی لێوەربگرین و بەدەستی خۆمان لەناوی نەبەین.
215 جار بینراوە