سەرەکی » وەرزش » داواكاری زۆر له‌سه‌ر بلیته‌كانی مۆندیال هه‌یه‌

داواكاری زۆر له‌سه‌ر بلیته‌كانی مۆندیال هه‌یه‌

دوای ته‌نیا 24 سه‌عات له‌وه‌ی‌ فیفا ژماره‌یه‌ك بلیتی یارییه‌كانی مۆندیالی 2018ی روسیای خسته‌ بازاڕه‌وه‌ بۆ فرۆشتن، هانده‌ران به‌جۆشه‌وه‌ زۆرینه‌ی‌ بلیته‌كانیان كڕی، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ یاریگاكان له‌ كاتی مۆندیالدا پڕ ده‌بن له‌ هانده‌ران.
فیفا له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا قۆناغی سێیه‌می فرۆشتنی بلیته‌كانی مۆندیالی له‌ رێگه‌ی‌ ئینته‌رنێته‌وه‌ راگه‌یاند، ژماره‌ی ئه‌و بلیتانه‌ی له‌م قۆناغه‌دا بۆ فرۆشتن دیاریكران 160 هه‌زار بلیت بوو، گرانی نرخی بلیته‌كانیش بووه‌ جێگه‌ی‌ سه‌رنجی رۆژنامه‌كان.
وه‌كو فیفا رایگه‌یاندبوو نرخی بلیتی قۆناغی سێیه‌م له‌نێوان 220 دۆلار بۆ 550 دۆلاربوو، ئه‌م نرخه‌ش به‌به‌راورد به‌ نرخی پاڵه‌وانێتیه‌كانی تری تۆپی پێ زۆره‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ نه‌بووه‌ رێگر له‌به‌رده‌م هانده‌راندا به‌تایبه‌تی بۆ هانده‌رانی روسیا كه‌ بۆ ئه‌وان نرخه‌كه‌ كه‌متره‌.
سایتی ره‌سمی فیفا بڵاویكردۆته‌وه‌ ته‌نیا له‌ماوه‌ی‌ 24 سه‌عاتدا 98% ی بلیته‌كان فرۆشراون و دواتریش له‌چه‌ند سه‌عاتی داهاتوودا ئه‌و 160 هه‌زار بلیته‌ی‌ فیفا له‌ قۆناغی سێیه‌مدا داینابوو هه‌مووی فرۆشران، به‌مه‌ش ژماره‌ی ئه‌و بلیتانه‌ی‌ تا ئێستا فرۆشراون گه‌یشته‌ زیاتر له‌ 600 هه‌زار بلیت.
وه‌كو پێگه‌ی‌ فیفاش بڵاویكردۆته‌وه‌ له‌و 160 هه‌زار بلیته‌ی‌ قۆناغی سێیه‌م 51%-ی روسییه‌كان كڕیویانه‌ دوای ئه‌وانیش هانده‌رانی ئه‌رجه‌نتین دێن كه‌ زۆرترین بلیتیان كڕیوه‌، ئه‌مه‌ش ده‌ریده‌خات ئه‌رجه‌نتینییه‌كان به‌جۆشن بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئاماده‌ی‌ مۆندیال بن.
له‌دوای ئه‌رجه‌نتین هانده‌رانی هه‌ڵبژارده‌ی‌ مه‌كسیك دێن و له‌پله‌ی چواره‌میش به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕوان نه‌كراو هانده‌رانی ئه‌مریكا دێن كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری بلیتیان كڕیوه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی‌ وڵاته‌كه‌یان سه‌رنه‌كه‌وتووه‌ بۆ مۆندیال، به‌ڵام وادیاره‌ ئه‌مریكییه‌كان گوێ به‌وه‌ ناده‌ن و ته‌نیا ده‌یانه‌وێت ئاماده‌ی مۆندیال بن.
له‌ ریزبه‌ندی ئه‌و 10 وڵاته‌ی‌ زۆرترین بلیتیان كڕیوه،‌ چین و هیندستانیش هه‌ن و ئه‌و دوو وڵاته‌ش به‌شداری مۆندیال نین، به‌ڵام گه‌شه‌كردنی تۆپی پێ له‌و دوو وڵاته‌ به‌ جۆرێكه‌ كه‌ هانده‌رانیان ئاشقی تۆپی پێ بوون و ده‌یانه‌وێت ئاماده‌ی‌ یارییه‌كانی گه‌وره‌ترین پاڵه‌وانێتی تۆپی پێ بن.
تاكه‌ مه‌ترسیش له‌سه‌ر فرۆشتنی ئه‌و بلیتانه‌ ئه‌وه‌یه‌ فیفا ترسی ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ ئه‌و بلیتانه‌ی ئێستا ده‌فرۆشرێن خاوه‌نه‌كانیان له‌كاتی مۆندیال دا له‌ بازاری ره‌ش به‌ پاره‌یه‌كی زیاتر بیانفرۆشنه‌وه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*