سەرەکی » وتار » هیوا محەمەد » سەری مارەکە خۆیەتی

یەکبێژ

سەری مارەکە خۆیەتی

لەسەردەمی ململانێکان و پیشبڕکیی خۆ پر چەک کردندا و دابەش بوونی جیهان بەسەر دوو بلۆکدا هەرلەخۆڕا هەندێک خۆیان خزاندبوە سەنگەری ئەمریکاوەو پێیان وابوو ئەمە قەڵای ڕزگاری نەتەوەکان و جوڵانەوە ئازادیخوازەکانە، هەرچەندیش باس لەوە دەکرا کە ئەمانە دژی ئازادین و هەموو نیەتیان دەست بەسەردا گرتنی جیهانەو مانەوەی بەگرانتی خۆیانە وەک گەورەترین هێز.
کەسێکی دیکتاتور لەووڵاتێکدا کە دروست دەبێت، هەرزوو چەندین دەنگی نارەزایی و گروپ و لایەن لەدژی دروست دەبێت و لەگەڵی دەکەونە ململانێ بۆ لابردنی وەک ئەوەی بەسەر سەدامدا هات.
جیاوازی ئەو دیکتاتورە ئەوەیە کە شێری ماڵی خۆیەتی و رێوی دەرەوەیە، بەلام ئەوەی ئەمریکا لەماوەی دەیان ساڵی رابردوەوە دەیکات ئەوەمان پێ دەڵێت کە ئەمریکا دەیەوێت ببێتە دیکتاتور بەسەر هەموو جیهانەوە نەک ووڵاتێک.
هەر ووڵاتێک لەم زەوییەدا هەنگاوێک بنێت بە خواستی ئەمریکا نەبێت یەکسەر دەڵێ ئەوە ئابڵوقەی دەخەینە سەر و سزای دەدەین، سەیریش ئەوەیە کە وولاتانی دی بە قسەی دەکەن، چونکە لەراستیدا ئەو توانیویەتی هەموو ئەوانەی لە ووڵاتە زلهێزەکانی ئەوروپادا کورسی سەرۆکایەتی وەردەگرن بیانکڕێت و بیان کاتە ئەڵقە لەگوێی خۆی، سەرۆک وەزیرانی نوێی بەریتانیا( لەترامپ چوەکە ) دوا نموونەمان دەبێت.
ئەمریکا لە ململانێی روسیادا لەگەڵ ئوکراین هەیە، لە سوریادا هەیە، لە کۆریا، کوبا، هیندو پاکستان، ئەفغانستان ، عیراق و کەنداو، تورکیاو ئیسرائیل ، لە ئەردەن و میسرو لیبیاوجەزائیر و هەموو ئەفریقادا هەیە، پێگەی سەربازی گرنگی لە پۆلۆنیاو ئەڵمانیادا هەیە، لە فەنزویلاو مەکسیک ، لە دەریاکانی رەش و سپی و سوردا هەیە، لەسەر مانگ و ئەستێرەو بۆشایی ئاسماندا هەڕەشەی هەیە.
داوادەکات هێزی هاوپەیمانی دروست ببێت بەقسەی دەکەن و دروست دەبێت ، داوا دەکات حسار بخەنە سەر ئیران بەقسەی دەکەن، چین نەوتی لە ئیران کڕیوە کەچی سزای دەدات، لەراستیدا ئەمە لەڕێگەی هێزەوە ناکرێت ، ئەمریکا ناتوانێت لە دووری هەزاران کیلۆمەترەوە دەستی لەهەموو ئەم شتانەدا هەبێت ئەگەر پێگەی نۆکەرانی خۆی بەهێز نەبێت، ئەوە ئیسرائیلە بۆ نموونە کە لەگەڵ ئەمریکادا لە رۆژی دروست بوونییەوە بوونەتە عاشق و معشوق و لەرێگەی ئەوانیشەوە لە ئیسرائیلدا ئەمریکایەکی چکۆلەکراوە بوونی هەیە.
کام ئازادی و سەربەستی لە جیهاندا ئەگەر هیچ ووڵاتێک نەتوانێت لە خواستی ئەمریکا بچێتە دەرو ئەگەریش چوو بەدەردی ئێرانی ببات؟ ئەی خەڵک بەهیوای چی بێدەنگن؟ بۆچی وای لێهاتوە هەرچی دژایەتی فراوان بوونی دەسەڵاتی ئەمریکا بکات پێی دەڵێن ئیسلامییە توند رەوەکانە؟ یان کۆمۆنیستە کلاسیکییەکانە؟
ئاخر ئەگەر سەرۆکی ووڵاتەکەت ، پەرلەمانەکەت ، حکومەتەکەت هەمووی لەژێر ئەمرو تاعەی ئەمریکادابێت ئیدی تۆ ئازادی چیت؟ خەڵک دەبێت لەگەڵ ئەوەدا نەبێت ئەمریکا بەو جۆرە هەژموونی خۆی بسەپێنێت، چونکە ئەمە زۆر لەو دیکتاورە خۆماڵیە مەترسیدار تر دەبێت لە پاشەڕۆژدا.
کورد ئەمریکای دەوێت و دەڵێت لە روخانی سەدام هاوکارمان بوە، ئەوەی دیکەیان دەڵێت دژی ڕژێمی ئیسلامییە ، ئەوی دیکە دەڵێ چەکمان دەداتێ، سعودیە دەڵێ بێ ئەمریکای باوەگەورە هەناسەمان بۆ نادرێ ، زۆرینەی ووڵاتانی عەرەبی ملکەچی ئەمریکان، جولەکە دەیەوێت چونکە دەیان پارێزێت، لە کێشەی کشمیردا هیند بە جیا دەیەوێت و پاکستانیش بە جیا، هەموان دەمانەوێت چونکە دەمان پارێزێت ، ئەی باشە لە کێ و چۆنمان دەپارێزێت، کورد لەگەڵ سێ نەتەوە کێشەی هەیە ئەوانیش دەپارێزێت و ئێمەش؟ ئەمەچۆن دەبێت؟ لەراستیدا مەرامەکە لێرەدا ئاشکرا دەبێت کاتێک دەبینین ئەمریکا بۆ خۆشکردنی بازاڕی چەکەکانی و دەست بەوسەردا گرتنی پترۆڵی جیهان دێت ململانێکانی ناو خودی ووڵاتەکان توند دەکات و لەولاشەوە هەردوو وولات و کێشەیەکیان بۆ دەنێتەوە، ئیدی لێرەوە زەروریەتی بوونی ئەمریکا دێتە پێش، بەڵام لەراستیدا نە زەرورەتە و نەهیچ تەنها پلانێکی تۆکمەی درێژخایەنە.
ئێمە بۆچی سەر بە ئەمریکا بین؟ تەنها ئەگەر وەک کورد بڕوانین لە سەرەتای حەفتاکانەوە ئەمریکا کوردی بەلای خۆیدا کێشاوەو لە کاتی ئاشبەتاڵیشدا پێمان پێ دەکەنی، زیاتر لە پەنجا ساڵە کورد چەپڵە بۆ ئەمریکا لێدەدات ، کەچی تا ئەمڕۆش نەیتوانیوە دوو هەنگاوی ستراتیژی بیباتە پێش، دوا نموونەش ریفراندومە کە ئەوانیش وێڕای بەغدا لە دژی وەستان، کەوابوو ئەمریکا تەنها بۆ ماوەیەکی کاتی و تا ئەوکاتەی مەرامەکانی دەچیسپێنێ لەگەڵتدا دەبێت.
بوونی ئەمریکا لە رۆژئاواو سوریادا لەبەر خاتری کورد نیە، کورد لە ئێستادا لەژێر سێبەری بوونی ئەمریکادا قاچی راکێشاوە بەڵام ئامانجی ئەمریکا مسۆگەر کردنی ئەمنیەتە بۆ ئیسرائیل نەک بۆ کورد، بۆ ئەو لە ئێستادا باشترین شوێن و خەڵک رۆژئاواو کوردەکانە.
لە ئیرانی ئاڵاندوە لەبەر ئەوەی ئەوان بە ئاشکرا هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکەن، دەنا خۆ هیند و پاکستانیش چەکی ئەتۆمییان هەیەو بەردەوامن لە پەرەپێدانی، لەتورکیای ئاڵاندوە چونکە لە روسیا چەک دەکڕن نەک لەبەر ئەوەی لەدژی کوردە، ئەو پێێ باشە تورکیا بەتەنها موشتەری خۆی بێت چونکە هەرلە کۆنەوە نۆکەری خۆی بوە، کەوابوو پەیوەندییەکانی ئەمریکا بۆ زاڵ بوونە بۆ فراوان بوونی دەسەڵات و هەژموونە نەک پەیوەندی وەک دوو ووڵاتی خاوەن خاک و سیادە.

print

 103 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*