سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » عیراق لە سێ تویتدا

عیراق لە سێ تویتدا

چەند هەفتەی ڕابردوو عیراق لەڕێگای كۆمەڵێك مەسیجی جوداو كۆمەڵێك تویتی پڕ ئاماژە ڕوپەڕی میدیا جیهانییەكانی گرت و جارێكیتر چاوی وەرگری ڕاكێشایەوەناو ئەو مەشهەدانەی پێناسەی عیراق و عیراقییەكان بووە بەدرێژایی مێژوو. ئەم مەسیج و تویتانە هەندێكیان بكەر دیارو هەندێكیشیان بكەر نادیاربوون. هەندێكیان هەنووكەیی و هەندێكیشیان پێیانوتین مێژووی ئەم وڵاتە كۆمەڵێك بازنەی بەدوا یەكدا هاتووەو بۆ زەمەنێكیتریش بەردەوام دەبێت.
مۆدێلی سزای خواریزمیانە بۆ تاكی عیراقی نەیەكەم تایپی ئەم مۆدێلی سزادەنەیە و نەكۆتا ڕێگایشە لەجۆرەكانی سزادانی دەسەڵاتەكانی ناو عیراقدا بینرابێت و ببینرێت

تویتی یەكەم :
هەڵدانەوەی گۆڕێكی بەكۆمەڵی سەماوە كە (110) مرۆڤی ئەنفالكراوی كوردی تێدابوو، تویتێكی بەهێزە لەلایەك بۆ دەسەڵاتێك ڕابردووی عێراقمان لەڕێگەی جۆرێكی سزادانەوە بۆ دەگێڕێتەوە كە جیاوازی نێوان گەورەو بچوك و تاوانبارو بێتاوان ناكات، لەلایەكیتریشەوە هوشیاریمان دەداتێ‌ بەرامبەر ڕێگاگرتن لەهەر عەقڵییەت و فكرێكی بەعسی كە لەماوەكانی ڕابردوودا لەزانكۆی «زیقار»و «خۆپیشاندانەكانی كەركوك»ەوە بڵاوبووەو بەئاشكرا بانگەواز بۆ بەعسیبوون دەكات.
ئەم تویتە هەژانێكی گەورەیە لەدنیای دەسەڵاتداری عیراق بەگشتی و دنیای كورد بە تایبەتی. چونكە تاوانەكە بكەر دیارە و هێشتا بە تەنیشتی بەردەوامی ئەم هەژانەدا ، پاشماوەیەك هەم لە قوربانی و هەم لە جەلاد بونیان ماوە و ناوەناوەیش بەركەوتەیان دەكەین.

تویتی دووەم :
ڕووداوە تیرۆریستییەكەی ناوچەی داقوق كە بووە هۆی كوژرانی یانزدە ئەندامی یەك خێزان، یەكێكیترە لەو تویت و مەسیجانەی كە پێمان دەڵێت خانەنوستووەكانی داعش لەباری پیتاندندان و جارێكیتر عێراق بەرەو زەمەن و دۆخێكی نەخوازراو و چاوەڕوانكراوی پڕ ترس دەڕوات. نەك هەر داعش بەڵكو هەنوكە لەسێبەری داعشیشەوە هەموو ئەو عەقڵییەتە فاشیزم و توندئاژوانەی لە ناوچەكانی جێناكۆك و كەركوك دا هەن دۆخی نائارام و ناكۆكی ناوچەكەیان بەهەند وەرگرتووە و لەبۆشایی ئەمنیدا ڕۆحیان هاتۆتەوە بەبەردا و جموجۆڵەكانیان پەیامی ئەوە بە سوپاو هێزە عێراقییەكان دەدات كە خۆیان كۆبكەنەوە بۆ جەنگێكیتر.
دەركەوتنەوەی داعش و گروپە توندڕەوەكان كە جارێ ڕوون نییە چی ناوێكیان هەیە یان لەناو چی بەرەیەكی تیرۆریستیدان، هەرزوو سەرۆكی دەزگای دژەتیرۆری عێراقی فەریق ڕوكنی یەكەم «تالب شغاتی ئەلكینانی» ناچاركرد بێتە سلێمانی و لەگەڵ بەرپرسی دژەتیرۆری سەربە ئاژانسی زانیاری كوردستان «لاهور شێخ جەنگی» كۆببێتەوە و داوای هەماهەنگی لەو بەرپرسەی دژەتیرۆری كوردستان بكات كە پێكەوە هەماهەنگ بن بۆ شكستپێهێنانی تیرۆریستان.
«تالب شغاتی» لەدوو ڕۆژی سەردانەكەیدا بۆ سلێمانی جگە لە»لاهور شێخ جەنگی» سەردانی هیچ كەسێكیتری لە كوردستان نەكرد، ئەمەش وەك هێمایەك بۆ كاری هاوبەش و پەلەكردن لە ڕێككەوتنێك لە نێوان هەردوولا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی كەركوك و ناوچە كێشەلەسەرەكان.

تویتی سێیەم:
لە هەفتەی ڕابردوودا «عادل عەبدولمەهدی» سەرۆك وەزیرانی عیراق سەردانی تەهرانی پایتەختی ئێرانی كرد بەناوی نێوەندگیری نێوان ئێران و بەریتانیا كە گوایە بەهۆی دەستبەسەرگرتنی كەشتییەكی بەریتانیاوە لەلایەن ئێرانەوە ڕوویدابوو. بەڵام دواتر ناوەندەكانی هەواڵ بڵاویانكردەوە كە كێشەیەك لەنێوان ئێران و بەریتانیادا نییە بەم ناوەوە.
زانیارییە نهێنییەكانیش هێما بۆ ئەوە دەكەن كە نەوتی ئێران بەناوی نهێنی و بەشێوەیەكی دوور لەچاوی میدیا لەبەسرەوە بۆ دەرەوە دەنێردرێت.
ئەم تویتە تاڕادەیەكی زۆر مەترسیدارەو بەئاشكرا عێراق تێوەدەگلێت لەو سزانەی ئەمریكا بەسەر ئەو وڵاتانەیدا سەپاندووە نەوتی ئێران دەكڕن.

print

 1 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*