سەرەکی » دۆسێ » هەناردەی نەوتی ئێران كەمی كردووە

پەیوەندی بە سزاكانەوە هەیە

هەناردەی نەوتی ئێران كەمی كردووە

سەرچاوەیەكی كەرتی نەوت رایگەیاندووە، بەهۆی سزا سەپێنراوەكانی ئەمریكاوە رێژەی هەناردەی نەوتی ئێرانی بە تەواوەتی كەمی كردووە، لەمانگی تەموزی 2019دا، رۆژانە تەنیا 100 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە.
ئاژانسی رۆیتەرز، لە كۆتایی مانگی تەمموزی رابردوو لە زاری سەرچاوەیەكی كەرتی نەوتەوە بڵاویكردەوە، بەهۆی سزاكانی ئەمریكا و زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزییەكان لەگەڵ خۆرئاوا، هەناردەی نەوتی ئێران كەمی كردووە، لەمانگی رابردوودا رۆژانە تەنیا 100 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە.
لە مانگی كانوونی یەكەمی رابردوو، ئەمریكا قۆناغێكی تری سزاكانی بەسەر ئێراندا سەپاند، ئەمەش دوای ئەوەی لە مانگی ئایاری رابردوو لەرێكەوتنە ئەتۆمییەكەی ساڵی 2015ی نێوان ئێران و وڵاتە زلهێزەكان پاشەكشەی كرد و رێگەی لە مامەڵەی بازرگانی نەوتی هەندێك وڵاتان گرت لەگەڵ ئێران.
هەر لەو بارەیەوە سارا ڤاگشوری شرۆڤەكاری وزەی نێودەوڵەتی رایگەیاندبوو» لەمانگی تەمموزی 2019، رێژەی هەناردەی نەوتی ئێران زۆر كەمیكردووە، لە مانگی حوزەیرانی رابردووشدا رێژەی هەناردەی نەوتی وڵاتەكە كەمێك زیاتربووە و رۆژانە توانیویەتی 300 بۆ 500 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەكردبوو، ئەمەش لەكاتێكدایە كە پێش سەپاندنی سزاكان ئێران رۆژانە 2.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە.
ئێران لەمانگی ئەیلولی ساڵی رابردوو، پێش سەپاندنی سزاكان لەلایەن ئەمریكاوە، ئێران رۆژانە 2.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەدەكرد.
سەرچاوەیەكی كەرتی نەوت رایگەیاندبوو، بەهۆی سزا سەپێنراوەكانی ئەمریكاوە رێژەی هەناردەی نەوتی ئێران زۆر كەمی كردووە و لەمانگی تەمموزدا رۆژانە تەنیا 100 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەكردوە.

پارێزگاریی لە نۆكەندی هورمز
ویلایەتە یەكگرتوەكان بەڕەسمی داوای لە ئەڵمانیا كردووە لەگەڵ فەرەنسا و بەریتانیا هاوپەیمانییەك دروستبكەن و هێزێك رەوانەی نۆكەندی هورمز بكەن، تا رووبەڕووی ئەو هەڕەشە و مەترسیانە ببنەوە كە ئێران لەسەر رێڕەوی دەریاوانی نێودەوڵەتی دروستیكردووە.
تامارا شتینبێرگ، وتەبێژی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەرلین رایگەیاندبوو»بە شێوەیەكی رەسیمی داوایان لە ئەڵمانیا كردووە بچێتە پاڵ هێزەكانی بەریتانیا و فەرەنسا لە نۆكەندی هورمز، تا بتوانن پێكەوە رووبەڕووی ئەو هەڕەشە و مەترسیانە ببنەوە كە ئێران لە ناوچەكەدا دروستیكردووە».
بە گوتەی شتینبێرگ»ئەندامانی حكومەتی ئەڵمانیا بە رونی رایانگەیاندووە كە پێویستە ئازادی هاتووچۆی دەریایی لە نۆكەندی هورمز پارێزراوبێت».
پاش ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران لەم ماوەیەی دواییدا لە نۆكەندی هورمز دەستیگرت بەسەر نەوتهەڵگری «ستینا ئیمپرۆ»ی بەیتانی، گرژیی و ئاڵۆزییەكان لەنێوان ئێران و بەریتانیادا روویان لە زیادبوون كرد.
بۆ مەبەستی پارێزگاریی و پاراستنی كەشتییە بازرگانییەكان لە ئاوەكانی كەنداو، بەریتانیا دوو كەشتی جەنگی رەوانەی نۆكەندی هورمز كردووە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا چەند رۆژێك لە دوای دەستبەسەرداگرتنی كەشتی «ستینا ئیمپرۆ»، بەریتانیا رایگەیاندبوو»بە مەبەستی پاراستنی كەشتییە بازرگانییەكان لە ئاوەكانی كەنداو، دوو كەشتی جەنگی رەوانەی ناوچەكە كردووە».
جۆزێف دانفۆرد، فەرماندەی هێزەكانی ئەمریكایی رایگەیاندبوو»بەهۆی هەڵكشانی گرژیی و ئاڵۆزیەكانی ناوچەكە، ویلایەتە یەكگرتووەكان كار بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی سەربازی دەكات، تا هێزی سەربازی رەوانەی ئاوەكانی كەنداو بكەن لەنزیك ئێران و یەمەن».

گفتوگۆ بۆ هەڵگرتنی سزاكانی سەر ئێران
عەباس موسەوی وتەبێژی وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، ویلایەتە یەكگرتوەكان پێشنیاری كردووە گفتوگۆی لەگەڵ وڵاتەكەی بكات بۆ پشكنینی سیستمی وزەی ئەتۆمی ئێران، ئێرانیش لەبەرانبەردا داوای هەڵگرتنی سزاكان سەپێنراوەكانی كردووە، بەڵام داواكارییەكە رەتكراوەتەوە.
بەپێی پێشنیارەكەی واشنتۆن «پێویستە ئێران لە دوای هەشت ساڵ، داتا و زانیاریی پێویست لەبارەی سیستەمی وزەی ئەتۆمی بداتە ئەمریكا و ئەو وڵاتە خۆرئاواییانەی بەشداربوون لە رێكەوتنە ئەتۆمییەكە».
بەپێی رێكەوتنە ئەتۆمییەكەی ساڵی 2015 كە كە ئێران لەگەڵ وڵاتە خۆرئاواییەكان ئیمزای كردبوو، دەبێت تاران لە دوای هەشت ساڵ لەو رێكەوتنە، داتا و زانیاری پێویستی لەبارەی سیستمی وزەی ئەتۆمی بدات بەو وڵاتە خۆرئاواییانەی بەشداربوون لە رێكەوتننامەكە، بەڵام لە ئێستادا ئێران، رەتیدەكاتەوە بەبێ‌ هەڵگرتنی سزاكانی سەر وڵاتەكەی ئەو زانیاریانە رادەستبكات.
عەباس موسەوی رایگەیاندبوو «ئەگەر ئەمریكا راستگۆبێت لە داواكردنی رێككەوتنامەیەكی تر، دەتوانن پرۆتۆكۆڵێكی نوێی لەگەڵدا ئیمزابكەن، بەو مەرجەی سزا سەپێنراوەكان هەڵبگرێت، بەڵام وەك پێشبینی كرابوو پێشنیارەكە لە لایەن ئەمریكاوە رەتكراوەتەوە».
بە گوتەی موسەوی، ئەو داواكارییەی ئێران لە لایەن محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەوە لەبەرانبەر دەستپێكردنی گفتوگۆ و ئیمزاكردنی رێكەوتنێكی نوێ‌، لەكاتی سەردانەكەی ئەم دواییەی بۆ واشنتۆن پێشكەشكرابوو.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

سەدر بە چوار خاڵ عەبدولمەهدی ئاگاداردەكاتەوە

رابەری رەوتی سەدر، بە چوار خاڵ كە لەڕێی (تویتەر)ەوە بڵاویكردەوە، ...