سەرەکی » راپۆرت » ئاماده‌کردنی : ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا » گۆڕینی ستراتیژی نوێی ژاپۆن به‌رامبه‌ر به‌ جیهان

گۆڕینی ستراتیژی نوێی ژاپۆن به‌رامبه‌ر به‌ جیهان

ژاپۆن یه‌کێکه‌ له‌زلهێزه‌ئابووریه‌کانی جیهان و رۆڵێکی ئێجگاربه‌رچاویشی له‌نه‌خشه‌ی ئابووری جیهان هه‌یه‌، جگه‌له‌وه‌ش ئه‌م وڵاته‌ له‌ڕووی پیشه‌شازیی و ته‌کنه‌لۆژییه‌وه‌، به‌ پێشكه‌وتووترین وڵاتی جیهان دێته‌ ژماردن، لێ پرسیاری گرنگ ئه‌وه‌یه‌، بۆچی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ له‌ئاست کێشه ‌سیاسییه‌کانی جیهان رۆڵی که‌مه‌ یان لاوازه‌؟ ئه‌م پرسیاره‌ش له‌زۆربه‌ی ناوه‌نده‌ سیاسیی و ستراتیژییه‌کانی جیهانه‌وه‌ ده‌کرێت. هه‌رچه‌نده‌ له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا ژاپۆن هه‌وڵ ده‌دات، له‌م پێودانه‌گه‌ نه‌گۆڕه‌ ده‌ربێته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌تایبه‌تی له‌سه‌رده‌می شینزۆ ئابی سه‌رۆک وه‌زیراندا.

مێژووییه‌کی خوێناوی
یه‌کێک له‌و خاڵانه‌ی که‌په‌یوه‌ندی به‌م سیاسته‌ گۆشه‌گیرییه‌ی ژاپۆنه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆ بوونی مێژوویه‌کی خوێناوییه‌ له‌ناوچه‌ی ئاسیادا به‌تایبه‌تی له‌سه‌روبه‌ندی جه‌نگی دووه‌می جیهان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. ژاپۆن له‌سه‌ره‌تاکانی سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه‌، وه‌کو زلهێزێکی ئابووریی و سه‌ربازیی و سیاسی له‌ئاسیادا ده‌رکه‌وت، له‌هه‌مانکاتیشدا سیاسه‌تێکی شه‌ڕه‌نگێزی و داگیرکارانه‌ی له‌دژی دراوسێکانی و زلهێزه‌ ئه‌وروپییه‌کان پێڕه‌وکرد، له‌سایه‌ی حوکمی فاشیستی ژاپۆنیدا له‌ساڵانی سییه‌کاندا، ملیۆنه‌ها که‌س له‌ وڵاتانی کۆریا به‌هه‌ردوو ‌به‌شه‌که‌یه‌وه،‌چین، ئه‌نده‌نووسیا، وڵاتانی تری ئاسیا بوونه‌ قووربانی. به‌تایبه‌تی له‌ چین و کۆریا، ژاپۆنییه‌کان مێژووییه‌کی زۆر ناشرین و خوێناوییان له‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌ تۆمارکرد. ئه‌مه‌ش تاڕاده‌یه‌کی زۆر وایکردبوو، که‌ژاپۆن له‌دوای جه‌نگی دووه‌می جیهان پاشکشه‌ بکات.

شکستی له‌ جه‌نگی دووه‌می جیهان
له‌پاشئه‌وه‌ی له‌جه‌نگی دووه‌می جیهانی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مریکا شكستی هێناو داگیرکرا، جۆره‌ رێکه‌وتننامه‌یه‌کی زۆره‌ملێیانه‌ به‌سه‌ر ژاپۆندا سه‌پێنراو رێگه‌ نه‌درا، ژاپۆن دووباره‌ هێزی سه‌ربازیی خۆی به‌هێزبکاته‌وه‌. هه‌ربۆیه‌ ناچار له‌رووی ئه‌منییه‌وه‌ پشتی به‌ئه‌مریکا ده‌به‌ست، به‌ڵام له‌پاش ته‌واوبوونی جه‌نگی ساردو به‌هێزبوونی ئابووریی و له‌هه‌مانکاتیشدا دروستبوونی نه‌وه‌ی سیاسیی نوێ له‌ژاپۆن، له‌ئێستادا سیاسه‌ت و ستراتیژی ژاپۆن به‌رامبه‌ر ‌به‌جیهان به‌ره‌وگۆڕانکاری گه‌وره‌ هه‌نگاو ده‌نێت.

ژاپۆن به‌دوای دۆستی نوێدا ده‌گه‌ڕێت
له‌باره‌ی ئه‌م گۆڕانکارییه‌ له‌سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ژاپۆن،‌ ئه‌نستیتوی سترارتفۆری ئه‌مریکا، که‌تایبه‌ته‌ به‌لێکۆڵینه‌وه‌ی‌ سیاسیی و ستراتیژی له‌جیهاندا، له‌راپۆرتێکیدا ده‌ڵێت: له‌ ئێستادا حکومه‌تی ژاپۆن به‌سه‌رۆکایه‌تی شێنزۆ ئابی ده‌یه‌وێت سیاسه‌تێکی نوێ له‌جیهاندا پێڕه‌وبکات و چیتر پشت به‌ئه‌مریکا نه‌به‌ستێت. ده‌شڵێت: ژاپۆن ده‌یه‌وێت له‌رێگه‌ی به‌هێزکردنی په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی ئاسیاو روسیا، هه‌ژموونی چین له‌ناوچه‌که‌ که‌مبکاته‌وه‌.

ده‌وڵه‌تانی ئاسیان
یه‌کێک له‌ناوچانه‌ی که‌ گرنگی زۆریان بۆسه‌ر ژاپۆن هه‌یه‌، ناوچه‌ی باشووری رۆژهه‌ڵاتی ئاسییایه‌ که‌له‌ئێستادا خۆیان له‌رێکخراوی « ئاسیان» کۆکردۆته‌وه‌. ئه‌م وڵاتانه‌ له‌رووی سامانی سروشتی و بازاڕ بۆ شـمه‌کی ژاپۆنی زۆرگرنگن، هه‌روه‌ها رێره‌وێکی ئاوی گرنگیشن،چونکه‌ له‌ 60% ی بازرگانی ژاپۆن به‌م ناوچایه‌دا تێده‌په‌ڕێت. بۆیه‌ ژاپۆن زۆر به‌گرنگییه‌وه‌ سه‌یری ئه‌م ناوچه‌ی ده‌کات و ده‌یه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌کانی به‌هێزبکات ئه‌وه‌ش له‌رێگه‌ی ئابووریه‌وه‌. بۆ نموونه‌ ژاپۆن له‌م ناوچانه‌دا گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌گوزاری کردووه‌، هه‌روه‌ها زۆرترین یارمه‌تیی دارایی ده‌داته‌ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌. له‌رووی سه‌ردانی فه‌رمیشه‌وه‌ پانتاییه‌کی گه‌وره‌ له‌ کاروچالاکییه‌ دیپۆلۆماتییه‌کانی پێکده‌هێنێت، بۆنموونه‌ ته‌نها له‌ماوی ساڵێکدا شینزۆ ئابی چوارجار له‌گه‌ڵ رۆدیگۆ دوتیریتی سه‌رۆکی ڤلیپین کۆبۆته‌وه‌.

چین نه‌یاره‌ گه‌وره‌که‌
له‌ئێستادا گه‌وره‌ترین نه‌یار یان رێگر له‌به‌رده‌م ژاپۆن، وڵاتی چینه‌. چونکه‌ ئه‌م وڵاته‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ زلهێزێکی ئابووری جیهانه‌و له‌م بواره‌شدا توانی کورسی ژاپۆن له‌سه‌ر ته‌ختی مه‌یدانی ئابووری جیهان داگیربکات و ببێته‌ دووه‌مین زلهێزی ئابووری، له‌رووی سه‌ربازیی و سیاسیشه‌وه‌ ده‌یه‌وێت له‌م ناوچه‌یه‌دا جێگه‌ به‌ژاپۆن و ئه‌مریکا له‌ق بکات. سیاسه‌تی رووبه‌روبونه‌وه‌وکه‌مکردنه‌وه‌ی هه‌ژمونی چین، به‌یه‌کێک له‌سیاسته‌ گرنگه‌کانی ژاپۆنی نوێ دێته‌ ژماردن.

هیندستان دۆستێکی نزیک و گرنگ
وڵاتێکی گرنگی تر که‌له‌ئاسیادا ژاپۆن به‌گه‌ر‌مییه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌دات په‌یوندی له‌گه‌ڵدا به‌هێز بکات، هیندستانه‌. ئه‌م وڵاته‌ چ له‌رووی ئابووری و چ له‌رووی سیاسییه‌وه‌ بۆ ژاپۆن گرنگه‌، جگه‌له‌وه‌ش وه‌کو نه‌یارێکی گه‌وره‌ی چینیش داده‌نرێت، هه‌ربۆیه‌ له‌ئێستادا هیندستان به‌یه‌کێک له‌ وێستگه‌ گرنگه‌کانی سیاسه‌تی ده‌ره‌کی ژاپۆن دێته‌ ژماردن.

روسیا
له‌گه‌ڵ روسیاش مێژوویه‌کی باشی نییه‌و کۆمه‌ڵێک ئاسه‌واری خراپیشی به‌میرات بۆماوه‌ته‌وه،‌ گه‌وره‌ترینیان بوونی کێشه‌ی دوورگه‌کانی ساخالینه‌، که‌ ژاپۆن داوای ده‌کات‌و روسیاش به‌هی خۆی ده‌زانێت،به‌ڵام له‌ئێستادا هه‌ردوولا ده‌یانه‌وێت په‌یوه‌ندیییه‌کانیان به‌هێزبکه‌ن، له‌لایه‌که‌وه‌ روسیا ده‌یه‌وێت بازاڕی نوێ بۆ گازو نه‌وته‌که‌ی بدۆزێته‌وه‌ به‌تایبه‌تی پاشئه‌وه‌ی ده‌رگای ئه‌وروپاو رۆژئاوای لێ داخرا، ده‌یه‌وێت ده‌رگای رۆژهه‌ڵات بکاته‌وه‌و موشته‌ری نوێ بۆ سامانه‌ سروشتییه‌که‌ی په‌یدا بکات. له‌ئێستادا روسیا ده‌یه‌وێت له‌ 30% نه‌وته‌که‌ی به‌ ژاپۆن بفرۆشێت و له‌مبواره‌شدا بۆرییه‌کی نه‌وتییان دروستکردووه‌ که‌نه‌وت و گازی روسیا له‌ڕێگه‌ی‌ دوورگه‌ ساخالینه‌وه‌ ده‌گاته‌ که‌نار‌ی هۆکایدۆ له‌ژاپۆن. به‌نیسبه‌ت ژاپۆنیش ده‌یه‌وێت له‌رێگه‌ی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌وه‌‌، که‌مێک په‌یوه‌ندیی‌ به‌هێزی نێوان روسیا و چین که‌مبکاته‌وه‌، یان لانی که‌م ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌ له‌سه‌ر حسابی ژاپۆن رێکنه‌که‌ون.
ده‌رئه‌نجام ژاپۆن له‌ئێستادا هه‌وڵێکی جددی ده‌دات بۆئه‌وه‌ی دووباره‌ په‌یوه‌ندییه‌ ده‌رکییه‌کانی ئه‌بده‌یت بکاته‌وه‌‌و چیتر وه‌کو جاران ته‌نها پشت به‌ ئه‌مریکا نه‌به‌ستێت، بگره‌ پشت به‌ خۆی ببه‌ستێت.
سه‌رچاوه‌:
1/محمد حسنین هیکل. مقالات الیابانیة. دار الشروق. القاهرة. 19985
2 / الانصات المرکزی . العدد6776.. 19/11/2017.

 441 جار بینراوە