سەرەکی » دۆسێ » سەدر بە چوار خاڵ عەبدولمەهدی ئاگاداردەكاتەوە

كاردانەوەی لێدەكەوێتەوە

سەدر بە چوار خاڵ عەبدولمەهدی ئاگاداردەكاتەوە

رابەری رەوتی سەدر، بە چوار خاڵ كە لەڕێی (تویتەر)ەوە بڵاویكردەوە، سەرۆك وەزیران ئاگاداردەكاتەوە و بەپێویستی دەزانێت ئاوڕ لە واقعی خزمەتگوزارییەكان و هەوڵەكان بۆ بنبڕكردنی گەندەڵی بدرێتەوە، سەكردەیەكی یەكێتی هێزە عیراقییەكانیش پێیوایە، پەیامەكەی سەدر كە رێنماییە، ناكرێتە لە پۆتەی سیاسیدا شیكاریی بۆ بكرێت.
موقتەدا سەدر ڕابەری ڕەوتی سەدر، هۆشداریی دادەتە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران و دەڵێت، نابێت كاروبارەكان بەمشێوەیەی ئێستا بەڕێوەبچن، هەندێك خاڵیشی بۆ دیاریی دەكات كە بە وتەی خۆی، “ئامۆژگاریی برایانەن”.
موقتەدا سەدر لە تویتێكیدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) لە 16ی ئابی 2019 بڵاویكردەوە رایگەیاندووە”بەردەوامبوونی حكومەت لەسەر ئەم ڕیڕەوەی ئێستا، لەڕووی شەرع و عەقڵەوە قبوڵ ناكرێت و بە هەمان شێوە لەسەر ئاستی میللیش ڕەتدەكرێتەوە”، داواش لە سەرۆك وەزیران دەكات پابەندی سەربەخۆیی بێت و بەلای هیچ لایەنێكدا نەشكێتەوە، چونكە بە بۆچوونی ئەو لادانێكی لەو جۆرە دەبێتە مایەی “بنیاتنانێكی نوێی دەوڵەتی قوڵ”.
سەدر لە نوسینەكەیدا، داوای لە سەرۆك وەزیران كردووە، بەشێوەیەكی جددی ئاوڕ لە كەرتی خزمەتگوزارییەكان بداتەوە، و دەڵێت”عیراقییەكان ئارام و دانبەخۆداگربوون لەسەر خراپی خزمەتگوزارییەكان و پێناچێت تا سەر بتوانن بەمشێوەیە خۆڕاگربن”.
سەدر پێیوایە”هیچ هەنگاوێك بۆ بنبڕكردنی گەندەڵی هەڵنەنراوە، ئەم بێدەنگییەش خەریكە وەك ڕێگەدان بە گەندەڵی دەردەكەوێت، گەر كارەكەش بەمشێوەیە بڕوات بەڵا و نەهامەتی گەورەترمان بەسەردادێت”.
لە كۆتاییدا، ڕابەری ڕەوتی سەدر، جەخت لەسەر پێویستی پارێزگاریكردن لەشكۆی دەوڵەت و دامەزراوە ئەمنییەكان و بڕیاری عیراقی و سزادانی ئەوانەی كار بۆ لاوازكردنی دەزگا ئەمنییەكان دەكەن، دەكاتەوە و ڕێگرتن لە پێشێلكردنی سەروەریی وڵاتیش بە كارێكی گرنگ دادەنێت.

هەڵوێستی سائیرون
هاوپەیمانی سائیرن لە دوای پەیمامەكەی موقتەدا سەدرەوە رایگەیاندبوو، هەوڵەكانیان بۆ راستكردنەوەی ئەدای حكومی دەخەنەگەڕ.
حەمدڵڵا رەكابی، وتەبێژی هاوپەیمانی سائیرون لە بەیاننامەیەكدا كە لە 17ی ئابی 2019 بڵاویكردەوە رایگەیاندووە»تویتەكەی موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدرمان بینی كە ئامۆژگاریی بوو بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و خواست و ویستی شەقامی خستووەتەڕوو، بۆیە وایدەبینین ئەو ئامۆژگارییانە دەكرێت ببنە نەخشەی رێ‌ لەبەردەم سەرۆك وەزیران، تا لێوەی لەم قۆناغە گرنگەی مێژووی عیراق بپەڕێتەوە، هیواخوازیشین بەشێوەیەكی ئەرێنی مامەڵەیان لەگەڵ بكات و سودیان لێوەربگرێت، ئەمەش بە رەچاوكردنی رەوشەكە و كەڵەكەبوونی تەنگژەكان».
بە گوتەی رەكابی»هاوپەیمانی سائیرون چاوەڕوانە سەرۆك وەزیران نیازپاكی خۆی لە مامەڵەكردن لەگەڵ دۆسێ‌ دواخراوەكاندا بخاتەڕوو، هەنگاوی پراكتیكی هەڵبنێت بۆ بەئەنجامگەیاندنی، بە تایبەتیش لە دۆسێكانی بنبڕكردنی گەندەڵی و خزمەتگوزارییەكان، بەپێچەوانەوە لەگەڵ هەموو هێزە نیشتمانییەكان، هەنگاوی دەستوری دەگرینەبەر بۆ راستكردنەوەی رێڕەوە هەڵەكان كە كاریگەرییان لەسەر تەواوی ئەدای حكومی و رەوشی ئێستا و رەوڕەوەی حكومەت هەیە بۆ رێكردن لەسەر رێڕەوە راستەكە لەپێناو خزمەتكردن بە عیراق و گەلە مەزنەكەی».
هەر لەو چوارچێوەیەدا پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی سائیرون رایگەیاندبوو»لەم كاتەدا مەبەستمان وەرگرتنەوەی متمانە نییە لە سەرۆك وەزیران، بەڵكو دەمانەوێت كارنامەی حكومەت جێبەجێ‌ بكرێت».
بە گوتەی پەرلەمانتارەكە»فراكسیۆنی سائیرون دەیەوێت سەرۆك وەزیران سەركەوتووبێت، بەڵام لەهەمانكاتدا گوشاریش دەكات بۆ زوو جێبەجێ‌ كردنی كارنامەی حكومەت و بەپێچەوانەوە ئەو رێڕەوە دەگرێتەبەر كە گەلی عیراق پێویستی پێیەتی، چونكە بەهۆی جێبەجێ‌ نەكردنی كارنامەی كابینەی نوێ‌، هێندە دۆسێ‌ زۆرن كە دەكرێت لێوەی متمانە لە سەرۆك وەزیران وەربگیرێتەوە».
هەر لە قسەكانیدا ئەو پەرلەمانتارە هۆشداری دابوو لەوەی كە زۆربەی پەرلەمانتارانی فراكسیۆنە جیاوازەكان بە قسەی سەرۆكی فراكسیۆنەكانیان بكەن، «بۆیە دورنییە لە مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵدا متمانە لە سەرۆك وەزیران وەربگیرێتەوە».

بۆچوونێكی جیاواز
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی هاوپەیمانی هێزە عیراقییەكان، لەبارەی «ئامۆژگارییە برایانەكەی» موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر بۆ هادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران، دەڵێت»نامەكە رێنماییە و ناكرێت لەنێو بۆتەی سیاسیدا شیكاریی بۆ بكرێت».
حەیدەر موللا، لە بەیاننامەیەكدا كە لە 17ی ئابی 2019 بڵاویكردەوە رایگەیاندووە»سەماحەتی سەید موقتەدا سەدری بەڕێز، دوای تێپەڕینی 16 ساڵ، ناكرێت رۆڵەكان لەنێوان خۆتان و فراكسیۆنە پەرلەمانییەكەتان ئاڵوگۆڕپێبكەن، چونكە راستییەكە هەیە كە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە: حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی لە هەناوی هەردوو فراكسیۆنی سائیرون بە سەركردایەتی ئێوە و فەتح بە سەركردایەتی عامری هاتووەتەدەر».
بە گوتەی موللا»هەڵبژاردنی عەبدولمەهدی بە دیاریكراوی، لەلایەن ئێوەوە بوو، ئەمەش دوای مشتومڕێكی دورودرێژ لەنێوان ئێوە و حاجی عامری، بۆیە پەیامە رێنماییەكەتان ناكرێت لە شیكاریی بۆ بكرێت، جەنابتان لەئێستادا پشتیوانی لە حكومەت دەكەن و گرنگترین پشتیوانی حكومەتن، مافی خۆتانە بەری دەستكەوتەكانی بچنەوە گەر دەستكەوتی هەبوو، بە هەمان شێوە ناتوانن خۆتان لە كاردانەوەی شكستەكانی بدزینەوە».
حەیدەر موللا لە درێژەی بەیاننامەكەیدا دەڵێت»گەر جەنابتان گەیشتنە ئەو ئاكامەی كە بوار نەماوە بۆ پشتیوانی لە حكومەت، میكانیزمی چاودێریتان هەیە، و دەتوان بەشێوەیەك لە شێوەكان بۆ راستكردنەوەی پرۆسەی سیاسی بەكاریی بهێنن، بەڵام نامە و پەیامی رێنمایی و ئامۆژگاریی، ناكرێت لە رووی سیاسیەوە شیكاریی بۆ بكرێت، چگە لەوەی كە لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕی رۆڵەكانە لەنێوان ئێوە و فراكسیۆنی سائیرون كە نە لەڕووی سیاسی و نە لەڕووی میللیەوە پەسەندكراو نییە».
موقتەدا سەدر لە 16ی ئابی 2019، لە پەیامێكیدا چوار خاڵی وەك «ئامۆژگاریی برایانە» بۆ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران دیاریی كرد كە تێیاندا ئاماژەی بە نەهاتنەدی هیچ پێشكەوتنێك كرد لە دۆسێی بنبڕكردنی گەندەڵی و زیانی زۆری گەلی عیراق كە بە گوتەی ئەو «چی دی ناتوانێت دانبەخۆداگربێت».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

یەکخستنی هێزە چەكدارەكان و راوبۆچوونە جیاوازەكان

بانگەشە و داواكارییەكان بۆ یەكخستنی هێزە چەكدارەكانی عیراق، لەلایەن هەندێكەوە ...