سەرەکی » وتار » نڤیسکار » كۆتاییەكی شادمان

كۆتاییەكی شادمان

ئەمە ناونیشانی چیرۆكێكی رۆمانسی، یان فیلمێكی هندی درێژ نییە، هەرچەندە شتێكی وەك ئەمە لە ئەدەبی توركیدا لە زمانی نازم حیكمەتەوە دەگێڕنەوە كە دەیوت ئەو كتێبانەم بۆ بنێرن كە كۆتاییەكەیان شادمانی ‌و خۆشی مسۆگەر دەكەن، بەڵام ئەمە قسەی سەرۆك ترەمپ-ە، كە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند؛ پێشنیاز دەكەم سەرۆكی چین لەگەڵ تیمێكی نوێنەری خۆپیشاندەرانی هۆنگ كۆنگ دابنیشێ ‌و دیبەیتی هەبێ تا گفتوگۆ ‌و لێكگەیشتن بەرەو كۆتاییەكی شادمانیان دەبات.
قسەكانی ترەمپ بۆ رۆژنامەنووسان راستەوخۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا بوو، پێچەوانەی عادەتی دایمە ‌و دەرهەمی كە بە تویتی درەنگ شەو بازاڕی سبەینێكانی دەشەمزان. ئەمجارە تویتی كەڵەشێری كە رەمزی ئەم سۆشیال میدیایەیە، لە شوێنێكی تر (كێشەی) نایەوە.
وەزارەتی دەرەوەی چین ‌و حكومەتی رەسمیی هۆنگ كۆنگیش رەخنەی لە دەستوەردانەكانی ئەمریكا ‌و خودی بەریتانیش گرت. واتا چین ‌و ماچین داوا لە (ئیستعماری) كۆن ‌و (ئیمپریالیزم) ی ئەمڕۆ دەكەن، سوعبەتی وا لەگەڵ وڵاتی (ئەژدیهای سوور) نەنوێنن كە هنری كیسنجەر كاتی خۆی وتویەتی: لێگەڕێن با چین خەوتبـێ.
بەڵام كەڵەشێرەكەی ترەمپ لە تویتەر جاربەجار چین-یش بێزار دەكات ‌و لە خەو هەڵیدەستێنێ. رەنگە ئەمجارە وای نەكرد ‌و راستەوخۆ لە میدیاوە وتی، چونكە دەزانێ تویتەر لە چین نییە، ئەگەرچی رەخنە لە تویتەر گیرا، چونكە پڕوپاگەندەی چین لەسەر خۆپیشاندانەكانی هۆنگ كۆنگ بڵاودەكاتەوە بێ ئەوەی پەكین رێگە بە خزمەتگوزاریی تویتەر بدات.
لەم نێوانەدا حكومەتی بەریتانیا بە ئەعساب ساردی ئینگلیزەوە مامەڵە لەگەڵ دۆسێی هۆنگ كۆنگ دەكات تا بە یەكجار دەستی لەو وڵاتە بەر نەبێ كە ساڵی 1997 بە مەرج تەسلیمی چینی كردووە.
چین نموونەیەكی هەڵكشاوی سەركەوتنی ئابوورییە كە رۆژئاوا تەماعی لە چانسە ئابوورییەكەیەتی، بەڵام گیزەگیزی مۆدێلی دیموكراسیی (بوژوازی) جاربەجار لەسەر شێوەی هۆنگ كۆنگی دێتە قسە ‌و چین-یش ئێستا بە سەرمایەدارییەكەی جاران نایەژێ (پڵنگی كاغەزین).
لەم نێوانەدا شتی واش هەر دەقەومێن كە دیمەنی «ململانێ ‌و هاوكاری»، وەك ئەدەبیاتی جارانی سیاسیی دەیوت، ئەجووڵێنن بێ ئەوەی تێكی بدەن. وەك شێخ رەزا دەیوت:
لازمە بۆ شێخ گورگە خەو
تا بڵێن شێخ عابدە، نانوێ بە شەو

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*