سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » مەکتەبی راستکردنەوەی هەموو کوردستان لە سلێمانی دەکرێتەوە و پاسپۆرتی نوێ چاپ دەکرێتپەڕە 3

عەمید سالار بەڕێوەبەری گشتی پاسپۆرتی سلێمانی

مەکتەبی راستکردنەوەی هەموو کوردستان لە سلێمانی دەکرێتەوە و پاسپۆرتی نوێ چاپ دەکرێت

ئا: شیلان و هیوا

لەسەر داوای بەڕێوبەری گشتی پاسپۆرتی سلێمانی، حکومەتی عیراق بڕیاری کردنەوەی (مەکتەبی راستکردنەوەی هەموو کوردستانی لە سلێمانی) دەدات، هەروەها بڕیارە پاسپۆرتی نوێش چاپ بکرێت، بۆ زانینی دوا چالاکی و کارەکانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە، عەمید سالار بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی لە دیدارێکیدا بەمجۆرە بۆ کوردستانی نوێ دەدوێت.

عەمید سالار ئێوە بەهاوکاری سەرۆک کۆمار و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵێکی جددیتان داوە بۆ ئەوەیکە ئەو هاوڵاتییانەی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانن، هەرکات لەڕووی کاری یاسایی یان ئیداری کێشەیەکیان بۆ درووست بێت کارئاسانییان بۆ بکەن، پێشتر ئەگەر کێشەیەک هەبوایە دەبوایە لە بەغداد چارەسەر بکرایە، لە ئێستادا سەبارەت بەم بابەتە گفتوگۆتان لەگەڵ بەغدا کردووە و پڕۆسەکە بە ئەنجام گەیشتووە، کە ئەمە بۆ هاوڵاتییانی دەرەوەی وڵات و ئاگاداربوونیان لە کێشە و گرفتەکان زۆر گرنگە و لەهەمان کاتدا دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگای سلێمانی.
*ئەم پڕۆسەیە بە چ شێوەیەک بە ئاکام گەیشتووە و لە ئێستادا لە چ قۆناغێکدایە؟ لایەنی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤی ئەم پڕۆژەیە چییە؟ تا چ ڕادەیەک دەتوانرێت وەکو دەستکەوتێکی گەورە بۆ پەنابەرانی کورد لە دەرەوەی وڵات سەیر بکرێت؟
عەمید سالار: سەدان هەزار هاوڵاتی کورد لە دەرەوەی وڵاتن، لە ئەوروپا، ئەمەریکا و وڵاتانی تری جیهان، لە کنسوڵخانەی ئەو وڵاتانەی کە نیشتەجێن، دۆکیۆمێنت، نووسراو و پشتگیرییان بۆ دەکرێت و دواتر دەیهێنن بۆ هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لە دامودەزگاکان ئاسانکارییان بۆ بکرێت، بۆ نموونە لە بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرت یان ڕەگەزنامە بۆ دەرکردنی ڕەگەزنامەی ئەو منداڵانەی کە لە دەرەوەی وڵات لەدایک دەبن، لە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینان یان شەهیدان و هەر بەڕێوەبەرایەتییەکی تر کە پێویستیان پێیەتی. کاتێک کە دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کار لە سەر دۆسیەی ئەو کەسانە ناکرێت، بەڵام پێویستە ئەو هاوڵاتییە خۆی یان لەڕێگای پارێزەرێکەوە دۆسیەکەی ببات بۆ بەغداد و لە وەزارەتی دەرەوە لە بەشی نووسینگەی پشتڕاستکردنەوە ئامادە دەبێت. دواتر دەبێت لەوێ مۆر بخرێتە سەر دۆکیۆمێنتەکەی و نووسراوێک یان پشتگیرییەکی پێ دەدرێت بە مانای ئەوەی کە دۆکیۆمێنتەکەی هیچ کێشەیەکی نییە. بە خۆشحاڵییەوە ئێمە لەسەر بنەمای گەیاندنی خزمەتگوزاری بە هاوڵاتییان، بۆ ئەوەی چیتر نەچن بۆ بەغداد و ڕووبەڕووی کێشەی جۆراوجۆر نەبن، هەوڵماندا لەسەر پەیامی قوباد تاڵەبانی بە گەیاندنی خزمەت بۆ هاوڵاتییان لە نزیکترین شوێن، هەروەها ئاسانترین و خێراترین کات، نووسراومان بۆ پارێزگای سلێمانی، سەرۆکایەتی کۆمار و وەزارەتی دەرەوەی عێراق کرد بۆ ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی نووسینگەی پشتڕاستکردنەوە لە سلێمانی بکرێتەوە و هاوڵاتییان نەچن بۆ بەغداد و چیتر تووشی کێشە نەبنەوە. بەخۆشحاڵییەوە بە پشتگیری قوباد تالەبانی و سەرۆک کۆماری عێراق د.بەرهەم ساڵح، توانرا ڕەزامەندی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی نووسینگەی پشتڕاستکردنەوە لە سلێمانی وەربگیرێت. لەگەڵ کردنەوەی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە لە سلێمانی کە بەشێک لە وەزارەتی دەرەوەی عێراقە و فەرمانبەرەکانی خۆیان دێنە سلێمانی و خزمەتگوزاری پیشکەشی هاوڵاتییان دەکەن. هاوڵاتییانی پارێزگای هەڵەبجە و سنووری راپەڕین، ڕانیە، خانەقین، کەرکوک و ناوچەکانی تری کوردستان دەتوانن کارەکانیان لەم بەڕێوەبەرایەتییە جێبەجێ بکەن. بەڕای من ئەمە کارێکی زۆر گرنگە بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە خزمەتی هاوڵاتییان بکرێت.
*بە پێی نووسراوێک کە حازم یوسفی بریكاری‌ وەزارەتی دەرەوەی عێراق، کردنەوەی ئەم نووسینگەیە لە سلێمانی پشتڕاستدەکاتەوە، بەڵام بۆچی سلێمانی بۆ ئەم کارە هەڵبژێردراوە؟ ئایا پەیوەندی بە گرنگیدان و هەوڵە بەردەوامەکانی ئێوە بووە بۆ ئەم کارە؟ پێموایە ئەم نووسینگەیە لە هەرێمی کوردستان تەنیا لە سلێمانی دەکرێتەوە و هاوڵاتییانی شارەکانی تریش دەتوانن لێرەوە کارەکانیان جێبەجێ بکەن.
عەمید سالار: ئەم نووسینگەیە لە وەزارەتی دەرەوە لە بەغداد و بەسرە بوونی هەیە، هاوڵاتییانی ئێمەش هاوشێوەی بەسرە، بۆ ئەوەی نەچنە بەغداد، لەسەر بنەمای پەیامی قوباد تاڵەبانی واتا گەیاندنی خزمەت بە هاوڵاتییان، لەڕێگای د.بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق داوامان کرد ئەم کارە ئەنجام بدرێت، سەرۆک کۆماریش زۆری پێ باش بوو و لەگەڵ قوباد تاڵەبانی و پارێزگاری سلێمانی هەموو هەوڵێکیان دا بۆ ئەوەی لەسەر کردنەوەی ئەم نووسینگەیە ڕەزامەندی بەغداد وەربگرین. دوای (8) مانگ هەوڵ و تێکۆشان و پەیوەندی بەردەوام لە لایەن حکومەتی ناوەندەوە توانرا ئەم ڕەزامەندییە بەدەست بێنین و بەڕێوەبەرایەتی بەشێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ یەکەمجار لە مێژووی پارێزگای سلێمانی بهێنرێتە شاری سلێمانییەوە.
*بڕیاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەسەر کردنەوەی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە لە سلێمانی ئاڕاستەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداد کراوە، ئەمە بە چ شێوەیەک بووە؟
عەمید سالار: بە پێی ناوەڕۆکی نووسراوەکە، وەزارەتی دەرەوە نووسراوێکی ئاڕاستەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە و ئەم نوێنەرایەتییە هەمان نووسراوی بە ئیمزای د.عوسمان بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر ناردووە بۆ ئەوەی ئاگادار بن لە کردنەوەی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە لە پارێزگای سلێمانی.
*بەڕای ئێوە ئەم بەڕێوەبەرایەتییە ئایا دەتوانێت کارئاسانییەکی زۆر بۆ پەنابەرانی کورد لە ئەمەریکا، ئەوروپا و وڵاتانی تر بکات؟
عەمید سالار: بێگومان دەتوانێت، هەموومان ئاگادارین کە سەدان هەزار هاووڵاتی کورد لە دهۆک، سلێمانی، خانەقین، کەرکوک، دیالە، بەعقوبە، ئەمەریکا و ئەوروپا یان هەرشوێنیکی تری دنیا کە ڕووبەڕووی کێشەیەک دەبنەوە و بۆ ئەوەی شەهادە، دۆکیۆمێنت و نووسراوەکانیان لە هەرێمی کوردستان کاری پێ بکرێت، بەمشێوەیە و لەڕێگای وەزارەتی دەرەوە دەتوانرێت لە سلێمانی کارئاسانییان بۆ بکرێت و هاوکاری زیاتریان بکرێت.
* واتا مەرج نییە هاوڵاتی‌ بۆ هەر مامەڵەیەک بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی‌، لەڕێگای‌ ئەلیکترۆنیەوە پەیامەکە دەنێرێت و ئێوە پشتڕاستی‌ دەکەنەوە و کار ئاسانی‌ بۆ دەکەن؟
عەمید سالار: ئەو نووسراوەی‌ کە هاوڵاتییە کوردەکە لە ئەوروپا یان هەر شوێنێکی ترەوە دەینرێتەوە بۆ شاری سلێمانی و ئەو بەڕێوەبەرایەتییەی‌ سیادییەی‌ کە سەر بە وەزارەتی‌ دەرەوەیەو پێی‌ دەوترێت نووسینگەی پشتڕاستکردنەوە، هەموو کارەکان لەوێ ئەنجام دەدرێت.
* هەر هاوڵاتییەکی‌ کورد لە دەرەوەی‌ کوردستان دەتوانێت لێرەوە مامەڵەکەی‌ بکات؟
عەمید سالار: لەڕێگای‌ ئەو نووسینگەی پشتڕاستکردنەوەوە کە سەربە وەزارەتی‌ دەرەوەیە دەتوانێت مامەڵەکەی‌ بکات.
*ئێوە ئامادەبوون تەنانەت ژوورەکەی‌ خۆشتان بدەن بۆئەوەی‌ ئیش و کاری‌ هاوڵاتیان جێبەجێ بکرێت، ئەو نوینەرایەتییە چۆن دەکرێتەوە؟
عەمید سالار: ئەو نوێنەرایەتییە پێویستی‌ بە بینایەکە و کارمەندەکانی‌ دەبێت لە بەغدادەوە بێن و لەوێ دەوام بکەن. من ئاگادارم کردنەوە و پێم وتن بینایەکی‌ زۆر باشمان هەیە من ئامادەم ژوورەکەم و کورسی و مێزەکەشم بۆ ئێوە چۆڵ بکەم تەنها بۆ ئەوەی‌ ئەوان بێن لێرە دەوام بکەن هەمووی‌ دەبەخشم بە ئێوە بەمەرجێک بێن لە شاری‌ سلێمانی‌ خزمەتی‌ هاوڵاتیانی‌ سنورەکەمان بکەین.
* هەوڵێکی‌ جددیتان داوە بۆئەوەی‌ هاوڵاتیان لە کارەکانتان ڕازی‌ بن چ سەرنجێکت هەیە؟
عەمید سالار: کاری‌ ئێمە ئەوەیە کە بتوانین متمانەی‌ خەڵک بەدەست بهێنین و خزمەتیان بکەین.
* ئەو کۆمێنتانەت بیستۆتەوە کە خەڵک لێتان ڕازییە و متمانەت بەدەست هێناوە دەتەوێت بەردەوام بیت لە بەدەستهێنانی‌، جگە لەو کارانەی‌ کردووتە بۆ خەڵکی‌ کوردستان و ئاوارەکان و ئەو کوردانەی‌ لە دەرەوەی وڵاتن ئێستا پڕۆژەیەکی‌ تریشتان هەیە پاسپۆرتی‌ نوێی‌ ئەلیکترۆنی‌ دەربکەن بۆ هاوڵاتیانی‌ کوردستان و عێراقیش، ئەو پڕۆژەیە چۆنە؟ باس لەوە دەکرێت ئەو پاسپۆرتەش وەکو پاسپۆرتی‌ ویلایەتە یەکگرتوەکانی‌ ئەمەریکا لە هەموو لاپەرەکانی‌ شوناسی‌ هەرێمی‌ کوردستان و عێراقی‌ تێدا بێت، جگە لەوەی‌ دەتانەوێت ببێت بە ئەلیکترۆنی‌ بۆنموونە هاوڵاتی‌ پێویست ناکات ئەوەندە لە فڕۆکەخانەکان ماندوو بێت، بەشێوەیەکی‌ ئەلیکترۆنی‌ کارەکان جێبەجێ بکات بۆنمونە لۆفتانزاد ئەو شوینانەی‌ لە فڕۆکەخانەکان داناوە بۆ ئاسانکاری‌ هاوڵاتیان، لەم پڕۆژەیەی‌ دوەم چۆن دەستان پێکرد و تا چەند پڕۆژەیەکی‌ گرنگە و پاسپۆرتە تازەکە کەی‌ چاپ دەبێت؟
عەمید سالار: ئەم پڕۆژەیە لە دوو بڕگە پێکهاتوە بڕگەی‌ یەکەمی‌ پێکهاتووە لە پاسپۆرتی‌ ئەلیکترۆنی‌ شێواز و دیزاینی‌ ئەم پاسپۆرتە دەگۆڕیت. بەشی‌ یەکەمی‌ ئەم پرۆژەیە پێکهاتوە لە پەڕەی‌ یەکەمی‌ پاسپۆرت و چیپێکی‌ تێدایە کە هەموو زانیارییەکانی‌ ئەو هاوڵاتییە دەگرێتە خۆی‌، کاتێک کە دەڕواتە فڕۆکەخانەکان پێویست ناکات بچێتە بەردەم کارمەند یان زابتی‌ پاسپۆرت و بیبینێ لە چێک پۆینتی‌ پاسپۆرت، بەڵکو خۆی‌ دەچێتە بەردەم ئامێرەکە و پاسپۆڕتەکەی لەسەر دادەنێت بۆ ئەوەی ئامێرەکە بیخوێنێتەوە، بەم ئامێرە (PASSPORT READER) دەڵێن. ئەگەر هاوڵاتییەکە هیچ کێشەیەکی نەبوو دەرگاکەی بۆ دەکرێتەوە و دەچێتە ژوورەوە. پێویست ناکات لە بەشی هاتووان و ڕۆشتووان مۆر لە پاسپۆڕتەکە بدرێت، هەرکاتێک کێشەیەک لە پاسپۆڕتەکە بینرا، زابتی پاسپۆڕت لێپرسینەوەی لێدەکات و کیشەی بۆچارەسەر دەکات. ئەم سیستەمە لە بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئەمەریکا و هەندێک لە وڵاتانی پێشکەوتوو هەیە و دەمانەوێت ئەو سیستەمەش بهێنینە کوردستان. سەبارەت بە بڕگەی دووەمی ئەم پڕۆسەیە کە پێکهاتووە لە پەڕەکانی پاسپۆڕت، بۆ نموونە هەر پەڕەیەکی پاسپۆڕتی ئەمەریکا، شوناسی ویلایەتێکی ئەمەریکایە، پەڕەی یەکەم وێنەی ویلایەتی کالیفۆڕنیای لەسەرە، پەڕەی دووەم واشنتۆن، پەڕەی سێیەم تێکساس، هەموو پەڕەکان شوناسی ویلایەتەکانی ئەمەریکایە. بەهەمانشیوە پاسپۆڕتی عێراقیش دەگۆڕدرێت واتا هەر پەڕەیەکی شوناسی شارەکانی عێراقی لەسەردەبێت. بۆ نموونە لەوانەیە لە پەڕەی پارێزگای هەولێر وێنەی قەڵای هەولێری لەسەر بێت کە شوناسی پارێزگاکەیە، پەڕەی پارێزگای دهۆک وێنەی پردی دەلانی لەسەربێت یان پەڕەی پارێزگای هەڵەبجە وێنەی مۆمێنتی هەڵەبجەی لەسەربێت. بەڵام بۆ پارێزگای سلێمانی و ئەوەیکە وێنەی سەر پەڕەکە چی بێت، و لە هەموو دنیا ببینرێت کە شوناسەکەی چییە. ئێمە بۆ ئەم بابەتە نووسراوێکمان ئاڕاستەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی کردووە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی لەسەربکرێت و وێنەیەک هەڵبژێرن بۆ پارێزگای سلێمانی وەکو شوناسی ئەم شارە. دوای ئەوەی کە وەڵامەکەمان وەرگرتەوە دەینێرین بۆ بەغداد بۆ ئەوەی بخرێتەسەر شێوازی نوێی پاسپۆڕتی عێراقی.
*ئایا پێویستە هەموو پاسپۆڕتە کۆنەکان وەربگیرێتەوە و پاسپۆڕتی تازە بدرێت بە خەڵک؟
عەمید سالار: ئەو کەسانەی کە پاسپۆڕتیان نییە و دەیانەوێت بۆ یەکەمجار پاسپۆرت دەربهێنن، پاسپۆڕتی ئەلیکترۆنییان پێ دەدرێت، ئەو کەسانەی کە پاسپۆڕتەکانییان ماوەکەی بەسەرچووە یان نزیکە لەوەی کە بەسەرچێت، پاسپۆڕتی ئەلیکترۆنییان پێدەدرێت، هەروەها ئەو کەسانەی کە خۆیان داوادەکەن پاسپۆڕتەکەیان بگۆڕن، وەکو ئێستا دەتوانن پاسپۆڕتەکەیان نوێ بکەنەوە و چاوەڕێی ڕێنمایی نوێ دەکەین لەسەر سیستەمە نوێیەکە.
*دەتوانین بڵێین ئەم سیستەمە ڕێگری لە پاسپۆڕتی ساختە و تەزویر دەکات؟
عەمید سالار: بێگومان دەیکات، چونکە ئەم پاسۆڕتە زۆر پیشکەوتووە هاوشیوەی پاسپۆڕتی وڵاتانی سوید و فینلاند، چیپی تێدایە کە زانیارییەکی زۆری لەسەرە و بەشێوازی جۆراوجۆر ڕێگری کراوە لە ساختەکردنی پاسپۆڕتەکە.
*بەڕای ئێوە ئەم پاسپۆڕتە نوێیە کەی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە؟
عەمید سالار: بەشی یەکەم واتا بەشی پەڕە ئەلیکترۆنییەکەی تەواو بووە، هەروەها پەڕەکانی پاسپۆڕتەکە کە وێنەی شارەکانی لەسەرە وەکو شوناسی شارەکە، ئەگەر ئێمەش وێنەی شاری سلێمانیمان دەستکەوێت، دەینێرین بۆ بەغداد و لەسەر پاسپۆڕتە نوێیەکە دایدەبەزێنن.
*بابەتێکی گرنگ هەیە کە پەیوەندی راستەوخۆ بە ئێوە و فەرمانگەکەتان (پاسپۆڕت) هەیە، هاوڵاتییانی عێراقی و کوردستان کە هەڵگری پاسپۆڕتی عێراقین، گلەیی ئەوە دەکەن کە لە دەرەوەی وڵات و تەنانەت لە وڵاتانی عەرەبیش ڕێز لە پاسپۆڕت و هاوڵاتی ناگیرێت، کە ئەمەش پەیوەندی بەوەوە هەیە کە کوالێتی پاسپۆڕتەکە کە پەیوەندی بە سیاسەت و ستراتێجی عێراقەوە هەیە، لە ئاستێکی نزمدایە، ئایا هەوڵتان داوە کە شەخسییەتی مەعنەوی پاسپۆڕتی عێراقی بەرزبکەنەوە؟ یان چیتر بۆ وڵاتانی عەرەبی پێویستی بە ڤیزا نەبێت؟ لە زۆربەی وڵاتان بە گومانەوە سەیری پاسپۆڕتی عێراقی دەکرێت و کێشە بۆ هاوڵاتی عێراقی درووست دەبێت، ئەوە ڕاستە کە مەترسی تیرۆر و تەزویر هەیە بەڵام نابێت بە گومانەوە سەیری هاوڵاتییەکی عێراقی بکرێت، ئایا هەوڵتان داوە بۆ گفتوگو لەگەڵ وڵاتان و بڵێن کە ئەو پاسپۆڕتانە لەژێر دەسەڵاتی ئێمە تێدەپەڕێ و نابێت بە گومانەوە سەیری هاوڵاتی عێراقی بکرێت، تا ئەو رادەیەی کە هاوڵاتی هەست بە شکانی خۆی لە بەرامبەر هاوڵاتییەکی سعودی یان تورکی بکات؟
عەمید سالار: ئەم بابەتە دوو بڕگەیە، بڕگەی یەکەم پەیوەستە بە خودی پاسپۆڕتەکەوە و بڕگەی دووەمیش پەیوەستە بە وڵاتەکە. سەبارەت بە بڕگەی یەکەم دەبێت بڵێم کە کوالێتی ئەم پاسپۆڕتەی ئێستا زۆر خراپە، واتا بەڕادەیەک خراپە کە ئەگەر دڵۆپێک باران لێیبدات تێکدەچێت، هەربەم هۆیانەیە کە دەتوانرێت بەئاسانی تەزویری تێدابکرێت. ئەم پاسپۆڕتە لەڕووی کوالێتییەوە زۆر خراپە و هەربەم هۆیە حکومەتی عێراقی بڕیاڕی داوە کە پاسپۆڕتەکە بگۆرێت و ئاستی پاسپۆڕتەکەی تاڕادەیەک بەرزبکاتەوە. لە پاسپۆڕتی ئەلیکترۆنیدا ئەم بڕگەیە جێبەجێ دەبێت. سەبارەت بە بڕگەی دووەم کە پەیوەستە بە وڵاتەکە، کە ئەمەش پەیوەستە بە لایەنی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی ئەو وڵاتە کە کاریگەری لەسەر پێگەی ئەم وڵاتە بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی تر دادەنێت. هەروەک دەزانین شەڕی داعش کاریگەری لەسەر تێکچوونی پێگەی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوری عێراق و هەروەها چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ پاسپۆڕتی عێراقی داناوە. پێش هاتنی داعش دۆخی پاسپۆڕتی عێراقی باشتر لەم دۆخەی ئێستا بوو، هیوادارین بارودۆخی ئابوری و سیاسی باشتر بێت، کێشەی ئەمنی کەمتر بێت، و بە جێبەجێکردنی پاسپۆڕتی ئەلیکترۆنی، هەنگاوێکی باشتر لەوەی ئێستا بۆ پاسپۆڕتی عێراقی بنێین.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

کاریگەریی جیابوونەوە لەسەر خێزان و منداڵ

ئامادەکردنی : چنار عەزیز پەیوەندیەکان وەك شەپۆلن، ئێمە هەندێک ڕۆژی ...