سەرەکی » هەواڵ » هه‌ڕه‌شه‌‌و گوڕه‌شه‌ وا له‌ كورد ناكات ده‌ستبه‌رداری‌ سه‌ربه‌خۆیی بێتپەڕە 2

هه‌ڕه‌شه‌‌و گوڕه‌شه‌ وا له‌ كورد ناكات ده‌ستبه‌رداری‌ سه‌ربه‌خۆیی بێت

سایتی‌ زه‌مانی‌ عه‌ره‌بی‌ – گروپی‌ گویله‌ن
ئه‌حمه‌د تورك-ی‌ سیاسه‌تمه‌داری‌ ناوداری‌ كورد ره‌خنه‌ی‌ له‌و شێوازی‌ برسی‌ كردنه‌ گرت، كه‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان له‌ دوای‌ راپرسییه‌كه‌ی‌ تایبه‌ت به‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستانی‌ عیراق ئاماژه‌ی‌ بۆ كرد، بۆ پاشگه‌ز كردنه‌وه‌ی‌ كورد له‌ مه‌سه‌له‌ی‌ جیابوونه‌وه‌ له‌ عیراق. جه‌ختیشی‌ كرده‌وه‌ كه‌ سه‌رۆكی‌ توركیا هه‌وڵ ده‌دات په‌یوه‌ندی‌ باش له‌گه‌ڵ كورده‌كاندا به‌ره‌و پێش ببات. هه‌روه‌ها جه‌ختی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌‌و گوڕه‌شه‌ وا له‌ كورد ناكات ده‌ستبه‌رداری‌ بڕیاری‌ سه‌ربه‌خۆیی بن.
ئه‌حمه‌د تورك كه‌ سیاسه‌تمه‌دارێكی‌ كورده‌ پێشتر سه‌رۆكی‌ شاره‌وانی‌ ماردین بووه‌، كه‌ به‌ر حزبی‌ گه‌لانی‌ دیموكرات كه‌وت له‌ 2014دا، خۆیشی‌ له‌ ساڵی‌ 2011دا چۆته‌ ناو ئه‌و حزبه‌وه‌.
لێدوانه‌كانی‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان-ی‌ سه‌رۆكی‌ توركیا، سه‌باره‌ت به‌ بێبه‌ش كردنی‌ دانیشتوانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ خۆراك‌و جلوبه‌رگ، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ توركیا یه‌كسه‌ر سزای‌ ئابووری‌ به‌سه‌ر هه‌رێمدا سه‌پاند به‌هۆی‌ راپرسیی سه‌ربه‌خۆییه‌وه‌، ره‌خنه‌یه‌كی‌ زۆری‌ لێ گیرا له‌لایه‌ن كورده‌كان‌و سه‌ركرده‌ كورده‌كانه‌وه‌.
جێبه‌جێ كردنی‌ سیاسه‌تی‌ برسی‌ كردن له‌ دوای‌ نه‌وه‌ده‌كانه‌وه‌
ئه‌و لێدوانانه‌ ئه‌و گه‌مارۆیه‌مان بیر ده‌خاته‌وه‌ كه‌ له‌ نه‌وه‌ده‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوودا خرایه‌ سه‌ر شاره‌ كوردییه‌كان، ئه‌و كات سیستمی‌ كۆبۆنیان به‌كار هێنا بۆ پێدانی‌ خۆراك به‌ كورده‌كان‌و بۆ هه‌ر خێزانێك ته‌نها یه‌ك فه‌رده‌ ئاردی‌ ده‌درایه‌، بێ ئه‌وه‌ی‌ حساب بۆ ژماره‌ی‌ كه‌سه‌كانی‌ ئه‌و خێزانه‌ بكرێت، گه‌مارۆكه‌ گه‌یشته‌ ئه‌و راده‌یه‌ی‌ هه‌ڵیان ده‌كوتایه‌ سه‌ر ماڵان‌و هه‌ر خۆراكێكی‌ تێدا بوایه‌ ده‌ستی‌ به‌سه‌ردا ده‌گیرا، هه‌موو بیانووه‌كه‌ی‌ ئه‌و كاتی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانیش ئه‌وه‌ بوو كه‌ كورده‌كان پشتیوانی‌ له‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستانی‌ تیرۆریست ده‌كه‌ن.

ته‌نانه‌ت ئاویشیان پێ نه‌درا
به‌م دواییانه‌ توركیا ره‌فتاری‌ له‌و جۆره‌ی‌ به‌خۆیه‌وه‌ بینی‌، كاتێك له‌ 16ی‌ ئابی‌ 2015دا هاتوچۆ قه‌ده‌غه‌ كرا‌و ناوبه‌ناویش دووباره‌ ده‌بۆوه‌، ئه‌و شارانه‌ی‌ هاتوچۆی‌ تێدا قه‌ده‌غه‌ كرابوو، وه‌ك سور، جیزره‌، سلوپی‌، نسێبین، شرناخ‌و یۆكسكۆڤا، خۆراك‌و پێداویستییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانیان پێ نه‌ده‌گه‌یشت، ته‌نانه‌ت ئاویشیان پێ نه‌ده‌گه‌یشت، ئه‌م بابه‌ته‌ش راپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ راپۆرته‌كانیاندا باسیان كرد.
كاتێكیش شارۆچكه‌‌و شاره‌كانی‌ كورد كۆنترۆڵ كرا، هه‌زاران كه‌سی شاره‌وانییان له‌ پۆسته‌كانیان ده‌ركرد‌و لێیان گه‌ڕان تا رووبه‌ڕووی‌ مه‌رگ ببنه‌وه‌، وه‌ك چۆن سه‌دان هه‌زار كه‌سی‌ تر له‌ كارمه‌ندانی‌ حكومه‌ت به‌ پێی‌ یاسای‌ باری‌ نائاسایی له‌ كاره‌كانیان ده‌ركران. ئه‌وانه‌ی‌ له‌ كاره‌كانیان ده‌ركران به‌بێ بڕیار‌و په‌سه‌ند كردنی‌ دادگا هیچ كارێكیان ده‌ست نه‌ده‌كه‌وت له‌ كه‌رتی‌ تایبه‌تدا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا وه‌ك تیرۆریست سه‌یر ده‌كران.
له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی‌ قه‌یرانی‌ سوریاشدا توركیا گه‌مارۆی‌ خسته‌ سه‌ر ناوچه‌ی‌ رۆژاڤای‌ كورد، كه‌ كوردستانی‌ سوریاشی‌ پێ ده‌وترێ، توركیا ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی‌ كه‌ ده‌چوونه‌ رۆژاڤا داخست‌و رێگه‌ی‌ نه‌دا هاوكاری‌ خۆراكی‌ بگات به‌و هێزانه‌ی‌ به‌رامبه‌ر به‌ رێكخراوی‌ داعشی‌ تیرۆریست ده‌جه‌نگان‌و به‌ دانیشتوانی‌ ناوچه‌كه‌ش كه‌ ببوونه‌ قوربانیی جه‌نگ.

هیچی‌ لێ شین نابێ
ئه‌حمه‌د تورك جه‌ختی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌، كه‌ سیاسه‌تی‌ برسی‌ كردن، كه‌ ئه‌ردۆگان وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ به‌كاری‌ ده‌هێنێت، هیچی‌ لێ شین نابێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ كورد له‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا خاوه‌نی‌ پێگه‌ن، جه‌ختیشی‌ كرده‌وه‌، كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ توركیا به‌رده‌وام ده‌بن له‌ په‌یوه‌ندی‌ باشیان له‌گه‌ڵ كورد، له‌ كاتێكدا به‌ مه‌ترسیشیان ده‌زانێت.
ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره‌ كورده‌ رۆژاڤای‌ وه‌ك به‌ڵگه‌ هێنایه‌وه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ برسی‌ كردن كۆڵی‌ پێ نه‌دان‌و بۆ كوردستانی‌ عیراقیش به‌ هه‌مان شێوه‌ ده‌بێت، جه‌ختی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه‌، به‌ مه‌ترسی‌ زانینی‌ كورد هیچ سوودێكی‌ بۆ وڵاتانی‌ ناوچه‌كه‌ نابێت، وه‌ك چۆن سه‌ده‌یه‌كیش ده‌بێت هه‌ر وابووه‌‌و هه‌ر سوودیشی‌ نه‌بووه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*