سەرەکی » وتار » نڤیسکار » ته‌مه‌نت درێژ بكه‌!

دەردە دل

ته‌مه‌نت درێژ بكه‌!

كتێب ژیانت كورت ناكاته‌وه‌ وه‌كو بۆ هه‌ندێك لێی تێده‌گه‌ن، یاخود هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی لێ تێده‌گه‌ن، چونكه‌ به‌س ناونیشان ده‌خوێننه‌وه‌. كتێب ژیانت بۆ كورت ده‌كاته‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت جیاوازییه‌كی زۆر له‌نێوان ئه‌م دوو مانایه‌دا هه‌یه‌. یه‌كه‌میان ئیدعا ده‌كرێت تۆ وه‌ختێك ده‌خوێنیته‌وه‌ و وه‌ختی خۆت بۆ كتێب خوێندنه‌وه‌ ته‌رخان ده‌كه‌یت له‌ زه‌مه‌نی خۆت ده‌دزی و ده‌به‌یت. وه‌ك بڵێی كاكم ژیانی وا به‌ نرخ و قیمه‌ت بێت خوێندنه‌وه‌ له‌ داهێنانه‌كانی ده‌كات، سه‌رقاڵی ده‌كات به‌ حه‌رف و دێڕو و رێ له‌وه‌ ده‌گرێ دینار و دۆلار و تمه‌نه‌كانی بژمێرێ، كه‌ سه‌یری گیرفان و قاسه‌ش ده‌كه‌یت هیچی وای تێدا نییه‌ به‌ خه‌رجكردنی وه‌ختێك له‌ خوێندنه‌وه‌ زایع كرابێت له‌ مالایه‌عنیا، سه‌یری سیحه‌ت و سه‌روسه‌كوتی ده‌كه‌یت ده‌زانی خۆی ته‌مه‌نی داوه‌شاوه‌ و هیچی وای نه‌ماوه‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ و چاو هیلاككردن و مێشك جوڵاندن له‌ ده‌ستی بدات.
خوێندنه‌وه‌ ته‌مه‌نی ئه‌وانه‌ كورت ناكاته‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر بیوگرافیای ژیانیان بخوێنیته‌وه‌ له‌ چیرۆكی كورت زیاتر هیچی تری تیا به‌سه‌ر نییه‌. ته‌مه‌نی كورت كتێب نایدزێ. كه‌ست بینیووه‌ خۆی به‌ كوشتنی مردووه‌وه‌ خه‌ریك بكات؟ ئه‌مه‌ وه‌ك ده‌ستكاری و بێ حورمه‌تییه‌ به‌ لاشه‌ی مردوو و ته‌نی سڕبۆوه‌.
ئه‌مما خوێندنه‌وه‌ ژیانت بۆ كورت ده‌كاته‌وه‌. هه‌ر ئه‌وه‌ راستییه‌كانی ژیان و راستیه‌كانی خوێندنه‌وه‌ ده‌رده‌خات. ئاخر ته‌مه‌نت هی نوحیش بێت به‌شی یه‌ك ئه‌زموونی چڕوپڕ ناكات. خوێندنه‌وه‌ ئه‌زموون و به‌سه‌رهاته‌كانی خه‌ڵكی تر و نه‌ته‌وه‌كانی تر و جوگرافیاكانی ترت بۆ كورت ده‌كاته‌وه‌. خوێندنه‌وه‌ی كتێب گوشراوی بیر و ئه‌ندێشه‌، ئازاری ئه‌زموونه‌كانی ترت بۆ كورت ده‌كاته‌وه‌ و ده‌یخاته‌ به‌رده‌ستت. تۆ بێ خوێندنه‌وه‌ هه‌ر فریای ژیانێكی كورت ده‌كه‌ویت. هه‌ر فریای ئه‌وه‌ ده‌كه‌ویت ئه‌ندامی شارێك و شانه‌یه‌ك، ئه‌ندامی نه‌ته‌وه‌یه‌ك و دینێك زمان و زه‌مینێك بیت و ئیتر فریای هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌ك ناكه‌ویت. خوێندنه‌وه‌ جوگرافیا و مێژوو، دۆڕان و بردنه‌وه‌، رۆمان و رامان و ڕاهاتنه‌كانی ملیۆنان مرۆڤت بۆ میمۆری ده‌كات و دابین ده‌كات. ته‌مه‌نی كورت به‌شی خوێندنه‌وه‌ی حیكایه‌تی نوحیش ناكات ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ته‌مه‌نی نوحیشی بۆ مسۆگه‌ر بكه‌یت. تا ته‌مه‌ن كورت نه‌بیت و ته‌مه‌نی كورتت نه‌بێته‌ گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی ته‌ڵخ و بێ كه‌ڵك، كتێبان وه‌خوێنه‌. ته‌مه‌نت هه‌زاران ساڵ درێژ بكه‌وه‌ و ئه‌وی ماویشه‌ به‌ چڕی له‌ سایه‌ی گوشراوی كتێبه‌كاندا، پێی بژی و بۆی بژی.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*