خورجە

كه‌ریم كابان

1
قه‌ت نه‌ده‌ی‌ ئازاری‌ گیانی‌ مه‌ست و بێدارانی‌ شه‌و
خۆت نه‌خه‌یته‌ به‌ر شه‌پۆلی‌ په‌ست و بێزارانی‌ شه‌و
ئه‌و ده‌نگه‌ ئه‌فسوناویه‌ی‌ هونه‌ری‌ وه‌ك هونه‌ر به‌ ئێمه‌ ئاشنا كرد ئه‌و پیاوه‌ی‌ ئاوازومیوزیكی‌ كوردی‌ وه‌ك ئاوازومیوزیكێكی‌ ره‌سه‌ن و سه‌ربه‌خۆ هێنایه‌ ماڵه‌كانمانه‌وه‌و به‌ 60 ساڵ ته‌مه‌نی‌ هونه‌ری‌ نزیكه‌ی‌ 100 گۆرانی‌ جیاوازو شایسته‌ی‌ چڕی‌، هه‌رگیز په‌له‌ی‌ نه‌كرد، زۆرله‌ سه‌ر خۆ ده‌ستی‌ پێكرد یه‌كه‌م گۆانی‌ له‌ ناوه‌ندی‌ چله‌كانو دواگۆرانیشی‌ به‌رله‌مردنی‌ به‌ ماوه‌یه‌ك تۆمار كرد،ئه‌وه‌نده‌ی‌ منبزانمیه‌كه‌م گۆرانی‌ ئه‌و گۆرانی‌ « له‌ رێی‌ دڵداریدا « بوو.كابان بنه‌ماڵه‌یه‌كی‌ ناوداروناسراوی‌ شاری‌ سلێمانین، ئه‌و خۆی‌ ساڵی‌ 1927 له‌ گه‌ڕه‌كی‌ شێخانی‌ سلێمانی‌ له‌ دایك بووه‌، هه‌ر له‌وشاره‌ش خوێندوویه‌تی‌.
هونه‌رمه‌ندێكی‌ بێده‌نگ و پڕ بوو به‌ باوه‌ڕی‌ من له‌و هونه‌رمه‌نده‌ ده‌گمه‌نانه‌ی‌ كورده‌ كه‌ هونه‌ری‌ كوردی‌ وه‌ك هونه‌رێكی‌ باڵا نیشانی‌ ئه‌وانی‌ تر دا.
2
كه‌ریم كابان وێڕای‌ هونه‌رمه‌ندیه‌كه‌ی‌ كوردێكی‌ كورد په‌روه‌ریش بووه‌ و هه‌میشه‌ له‌ گه‌ڵ خه‌می‌ نه‌ته‌وه‌كه‌یدا بووه‌، هه‌ربۆیه‌ له‌ ساڵی‌ 1963 نه‌فی‌ ده‌كه‌ن بۆ باشوری‌ عیراق و تا ساڵی‌ 1969 بواری‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ نابێت بۆ شاره‌ حه‌یاته‌كه‌، ئه‌و ناوی‌ ته‌واوی‌ عه‌بدولكه‌ریم مه‌حمود عه‌زیز كابانه‌، به‌چه‌ند گۆرانیه‌كی‌ كه‌م ناوبانگێكی‌ زۆر گه‌وره‌ی‌ بۆ خۆی‌ و بۆهونه‌ری‌ سلێمانی‌ و كوردیش ده‌سته‌به‌ر كردووه‌، گۆرانیه‌كانی‌» یاران وه‌سێتم، یار جوانه‌، قه‌ت نه‌ده‌ی‌ ئازاری‌ گیانی‌ « له‌ گۆرانیه‌ ده‌گمه‌ن و دانسقه‌كانن كه‌ریم كابان به‌و ده‌نگه‌ نه‌رمه‌ی‌ بۆی‌ چڕیوین .تا دواساته‌كانی‌ ته‌مه‌نیشی‌ ده‌نگه‌كه‌ی‌ ده‌نگێكی‌ سروشتی‌ و خودا كردی‌ وه‌ها بوو كه‌ مرۆڤ نه‌یده‌توانی‌ گوێی‌ لێنه‌گرێت و به‌ دیاریه‌وه‌ نه‌وه‌ستێ‌.
ئه‌و ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ده‌قیشدا جا شیعری‌ شاعیران بێت یان فۆلكلۆر، ده‌ستی‌ بۆ تێكستگه‌لێك ده‌برد كه‌ سه‌راپا كوردی‌ په‌تی‌ بن، یانی‌ هه‌ر له‌و جۆره‌ بوو كه‌ گۆرانی‌ شاعیر ده‌روێش عه‌بدوڵای‌ هونه‌رمه‌ندی‌ پێهه‌ڵده‌نێت.
3
كێلێكی‌ به‌رزی‌ به‌ قه‌د باڵای‌ شه‌م
له‌ ژور سه‌رم بێت بێ‌ زیادو بێكه‌م
هه‌ندێك ده‌نگ ده‌چنه‌ خانه‌ی‌ نه‌مریه‌وه‌و به‌ ئاسانی‌ دوو باره‌ نابنه‌وه‌، ئه‌و ده‌نگانه‌ رێك مۆری‌ تایبه‌تی‌ خۆیان هه‌یه‌، ئه‌وان كه‌میان چڕیبێت یان زۆر هه‌ر به‌ تایبه‌تمه‌ندی‌ خۆیان ده‌مێننه‌وه‌و كه‌س ناتوانێ‌ شوێنیان پڕبكاته‌وه‌ له‌و ده‌نگانه‌ نمونه‌ی‌ حه‌سه‌ن زیره‌ك، عه‌لی‌ مه‌ردان، كه‌ریم كابان وماملێ‌ و كه‌سانی‌ دیكه‌ن، كه‌ مایه‌ی‌ ئه‌وه‌ن شانازیان پێوه‌ بكه‌ین و بڵێین ئێمه‌ش هونه‌ری‌ تایبه‌ت به‌ خۆمان هه‌یه‌.
ئه‌و ده‌نگه‌ پاك و بێگه‌ردو سافه‌ی‌ كه‌ریم كابان دواجار له‌ 14ی‌ 1ی‌ 2016 له‌ گۆ كه‌وت و گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ نه‌مری‌، به‌ڵام گۆرانیه‌كانی‌ تا سه‌رده‌مێ‌ زۆر دور له‌ ناوماندا زندوو ئاماده‌ن.
ئێمه‌ش به‌و خه‌یاڵه‌وه‌ نیگا ده‌گرینه‌ وه‌نه‌وشه‌ی‌ سه‌ر باخان و ده‌ڵێین درود بۆ كه‌ریم كابانی‌ هونه‌رمه‌ند.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*