سەرەکی » ئابووری » شڵەژانی ئابووریی توركیاپەڕە 18

شڵەژانی ئابووریی توركیا

فەیسەڵ عەلی*

حكومەتی توركیان لە ماوەی رابردوودا، هەوڵێكی زۆریدا تاوەكو ئەو كێشە گەورانەی رووبەڕووی ئابوورییەكەی بۆتەوە بشارێتەوە، لەوەدا سەركەوتوو نەبوو، چونكە رۆژ بە رۆژ كێشەكانی ئابووریی توركیا بەرەو گەورە بوون تا بە قەیران دەگات دەچێت، بەتایبەتیش دوای ئەوەی ئەردوگان سەرۆكی توركیا پارێزگاری بانكی ناوەندیی توركیایان لەسەر كار لادا، كە هۆكارە سەرەكییەكەی ناكۆكی نێوانیان بوو لەسەر چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ نرخی سود، لە كاتێكدا سەرۆكی توركیا دەیویست نرخی سود بۆ نزمترین ئاست دابەزێنێت، تاوەكو بەشێكی لەو جەماوەرێتییەی لە دەستیدابوو بگێڕێتەوە، بەوەی بە دابەزاندنی نرخی سود دەرفەتی قەرزدان زیاتر دەبێت و بزاوتی ئابووریی زیاتر دەكات، بەڵام پارێزگاری بانكی ناوەندییش پێی وابوو كە دابەزاندنی بێ بەرنامەی نرخی سود كارێكی هێندە ئاسان نییە كە قوماری پێوە بكرێت، چونكە دەشێ لەبری بەگەڕخستنی ئابووری بە نەرێنی بشكێتەوە، چونكە تەنانەت ئەو دەوڵەتانەی لە رووی ئابووری و سیاسییشەوە جێگیرن، ناتوانن بەو جۆرە نرخی سود دابەزێنن یان یاری پێبكەن. دامەزراوە نێودەوڵەتییەكانیش بەردەوام لەمبارەوە ئاگاداری دەدەن، لەوەی زێدەڕۆیی لە داشكاندنی نرخی سود بكرێت، بۆ ئەوەی هانی قەرزدان بدرێ، چونكە دەشێ قەرزدانی زیاد لە پێویست ئابووری دووچاری قەیرانێكی چاوەڕوان نەكراو بكات.

پشت بە كەرتی گەشتیاری دەبەستێت
رەوشی ئابووریی توركیا قەیراناوییە، بەدەر لەو پروپاگندەیەی حكومەت دەیكات چونكە چیتر كەس بڕوای پێناكات، بە لایەنگرانی حزبی حوكمڕانیشەوە، چونكە پێیان وایە هەنگاوە ئابوورییەكانی حكومەت بۆ پتەوكردنی پێگەی ئەردۆگانەوە لەوەی بۆ راستكردنەوەی ئابووریی توركیا بێت، دەكرێ وازهێنانی گەورە بەرپرسانی ئەو حزبە بەتایبەتی وەزیری دارایی پێشوو نمونەیەكی دیار بێت بۆ ئەو قسەیەی سەرەوە، كە ئێستا باس لە پێكهێنانی حزبێكی نوێ دەكەن، كە بتوانن لێوەی كێبڕكێی حزبە كۆنەكەی خۆیان پێ بكەن. توركیا بەشێوەیەكی بەرچاو پشت بە كەرتی گەشتیاری دەبەستێت، ئەمساڵ ئەو كەرتە دووچاری كێشەیەكی گەورە بوەوە، بەهۆی پاشەكشێێ ژمارەی گەشتیاران، بەتایبەتی لەسەر ئاستی گەشتیارانی دەوڵەتانی كەنداو كە پارەیەكی ئێجگار لە توركیا خەرج دەكەن ئەگەر بەراورد بكرێت بە دەوڵەتانی تر، ئەمە لە كاتێكدایە كە بەهای لیرەی توركیا لە نزمیدایە، ئەمەش بە دیوێكی تردا كاریگەریی نەرێنی لەسەر كەرتی گەشتیاری و پاشەكشێی داهاتەكەی كردووە.

نەبوونی پلان و بەرنامەی ئابووریی سەربەخۆ
پاشەكشێ لە توركیا تا رادەیەكی زۆر هەموو شتێكی گرتۆتەوە، لە ماوەی مانگ و نیوی رابردوو، سەنەداتی پێوانەكراو بە دۆلار هاڕەی كرد، لەگەڵ داشكانی دەرچواندنی 2030 بۆ نزمترین ئاست دابەزی. ئەمە لەكاتێكدا روو دەدات كە لیرەش داشكاوە، كە لە چەند هەفتەی رابردوودا لیرەش دووچاری داشكانی تر بوەوە بۆ ئەوەی بگاتە نزمترین ئاست لەماوەی ئەم دوو مانگەی رابردوودا. دیارە كۆمەڵێك هۆكار لە پشت ئەم پەرەسەندنە مەترسیدارانەوە هەن، گرنگترینیان، نەبوونی پلان و بەرنامەی ئابووریی سەربەخۆ لە توركیا، ئەمەش زیاتر لە هەموو شتێكیتر وەبەرهێنە بیانییەكان و خودی توركەكان دەترسێنێت، لەبەر ئەوانە پێیان باشە سەرمایەكانیان لەو ئابوورییانە بخەنەگەڕ كە زیاتر لە رووی ئابوورییەوە جێگرین. جەنگی بازرگانی نێوان دەوڵەتە گەورەكان كاریگەریی لەسەر بەهای لیرە و ئابووریی توركیا بە نەرێنی كردوە، لەكاتێكدا ئابووریی جیهان خۆی لەئەگەری چوونە نێو قۆناغی بێبازاڕیدایە، كە هیچ ئاماژەیەك لە ئاسۆدا نییە بۆ لێكتێگەیشتنێكی نێوان دەوڵەتان تاوەكو ئومێدێك بە ئابووریی جیهان ببەخشێت.

بەرەو قەیرانی زیاتری دەبات
رەوشی ناجێگر و جەنگی بەردەوام لە باكووری سوریا نزیك سنورەكانی توركیا شڵەژانی ئابووریی توركیای زیاتر كردووە، چەند ساڵێكە توركیا لایەنێكی سەرەكی ئەو جەنگەیە كە لە سوریادا هەیە، بەدەر لەوەی چ سیاسەتێكی پەیڕەو كردووە. دڵەڕاوكێ لە هەموو لایەكەوە دەوری ئابووریی توركیای داوە، بەڵام ترسە گەورەكە لە داشكاندنی نرخی سودە، كە گەورە وەبەرهێنەران ترسی خۆیان لەو هەنگاوە راگەیاند، ئەوەش هاتنی سەرمایەی دەرەكی بۆ ناو ئابووریی توركیای پاشەكشێ پێكرد، بودجەی گشتیی توركیا بەدەست كورتهێنانەوە دەناڵێنێت، تەنانەت شارەوانی ئەستەنبوڵ هەندێك لە بڕیارەكانی سەبارەت بە پشتیوانیكردنی دارایی هەندێك لە دامەزراوە ناوخۆییەكانی لە چوارچێوەی بودجەی ئەمساڵی هەڵوەشاندەوە.
تاوەكو ئابووریی توركیا بە عەقلیەتی سیاسی بەڕێوەببرێت چاوەڕێی باشتری لێ ناكرێت، ئەمەش قەیرانەكانی ئاڵۆزتر و قورستر دەكات، ئەمەش ئەو ئابوورییە بەرەو قەیرانی زیاتری دەبات.

*سەرۆكی مونتەدای ئابووریی كوردستان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

حكومەتی هەرێم نەوت رادەستی بەغدا دەكات

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق ئاشكرای دەكات كە حكومەتی هەرێم بەڵێنیداوە ...