سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » کاتەکانی ناو تەم

کاتەکانی ناو تەم

پەری شێخ ساڵح

گلەییم لێتە، ئاوێنە
بەدخووێکیت
ھەر هەموو جوانییەکانی من
وەک پەپوولەی سەر دامێنی
کراسە ئاودامانەکەی دایکم
هەڵدەفڕێنی،
مانەوەم لە ناو کراسە گوڵگوڵییەکەی دایەم، بوو بە سایە
ھەر تەنیا مامەوە
بووم بە خۆری تار و ئاوابوو
خۆرێک دوا تیشکەکانی خۆی
لای من جێھێشت و ئاودیو بوو،
ھەمیشە من
دەستم لە دەستی دایکم دەترازاند و
رامدەکردە بەردەم ئاوێنەکە
لێوم بە گەنمەشامییەکەی چنگم
ئاڵ دەکرد و
وەک تارای قژی بووکی ئەوساکەی لادێ
چەند دڵم بە سەر و قژ و ئاڵیی لێوم خۆشبوو
وامدەزانی ژیان تەواو
لە لەتە ئاوێنەیەکی سەر لاشیپانی دیوارێکدایە
کە خۆمم دەبینی
حەزم دەکرد لەناویا بمێنمەوە و
یارییەکانم بەرم و
تێر ماڵە باجێنەی تێدا بکەم
چونکە وامدەزانی
خەمەکانم تەنیا
لەتلەتبوونی پەلەکانی
بووکەکەمە
هەڵوەشانەوەی تەقەڵی
کراسەکەی بەریەتی
یاخود شکانی توێکڵی هێلکەیەکە،
یا ھەڵچوونی کۆلارەیەکە
بەرەو سەفا
وامدەزانی من ھەر وام،
کەچی بێئاگا بووم لەوەی
هەموو نوتەک و نسارێ
بە تیشکی خۆر، ڕۆشن نابێتەوە
تاریکی بارستێکی قورس دەبێ و
گەردوونم لێ تژی دەبێ
لە شەوگاری نوتەک و تار.
ھاودەمێکی دانەبڕاوی
ھەروەک نسێ بەدوامەوەیت
کە نازانم کەی واز دێنێ!
گلەییم لێتە ئەی ئاوێنەی درز بردوو
رێگای مانەوە نازانی
دەزانم هەموو کاتێ حەز ئەکەیت
هەڵکوتیتە سەر ڕۆژگارم
سەر سەر و قژم
ئەژنۆ و پێ و هەنگاوەکانم
بەئاستەم ناسینەوەی خۆشەویستەکەم،
بێم و دیسان
خۆم ھەڵدەمە ناو سەدای بوغراییتەوە و
مەلە لە چاوە بێدارەکانتا بکەم.
چەند جادووگەریت
دەتەوێ دیسان چی؟
دیسانەوە زستان داکات
تا لە ساردی و قرچەقرچی
شکانی پێڵووەکانم،
وەک سپێتیی بەفر
خۆت پیشاندەیت؟
لە ھاڵاوی ڕوخسارمدا بتوێیتەوە
لێوم، رەنگم، کراسەکەم
پێڵاوەکانم لە لای خۆت گلبدەیتەوە؟
چرکە ساتەکانم لەناو تەمی
ئەم باخەدا مات داماون
میلۆدیی پڕ لە چێژی
ئاوازدانەرانی، لەوێ نەماون و
ھاوار و زایەڵە لە دوورەوە
بەربینم ئەگرن
ئاوێنە
رەنگی هەڵبزڕکاوم
نایەنێتەوە شێوەکەی جارانی
هەنگاوەکانم شوێنەواریان ون ونن
دەستم دەگاتە ئەو و نایگاتێ
تەم زیاتر لێمانەوە نزیکە
نزیکتر لە دەموچاومان
خەونێک لە ھزرماندایە،
شێتانە دێتەوە خەیاڵمان
دەستمان بە تەمی یەکتر راناگا
زیندان خەمێکە لە دیوار ھەڵچنراو
نازانین چۆن لەگەڵیدا بکەوینەوە گۆ
دڵم پڕە و نایگاتێ
چاوەکانی لێڵ بوون و نامگاتێ.
بۆم مەگەرێ
لە هیچەوە دیارنیین
بوون لەناو تەمدا تەواو ون ئەبێ.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

سابیر ره‌شید: ئه‌ده‌ب دیوی‌ دووه‌می‌ ژیانه‌

یه‌كێك له‌ چیرۆكنووس و رۆماننووسه‌ دیاره‌كانی ناو دونیای ئه‌ده‌بی كوردی ...