سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » داعش و گونده‌كان

وته‌ی‌ ئه‌مجاره‌

داعش و گونده‌كان

18

ئه‌گه‌ر ئێستا له‌و سه‌ره‌تا بڕوانین كه‌ داعش په‌یامی ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ی‌ تێدا ده‌نێرێت، زۆربه‌ی‌ كاره‌كانی‌ له‌ ناو گونده‌كانه‌وه‌ ده‌نێرێت، ته‌نانه‌ت له‌ ئێستادا زۆربه‌ی‌ ته‌قینه‌وه‌ و هێرشی چه‌كداری ده‌كاته‌سه‌ر ئه‌و گوندانه‌ی كه‌ كه‌وتونه‌ته‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كانه‌وه‌.
له‌ به‌رواری‌ 31ی ئابی 2019 داعش له‌ ڕێگای‌ ئاژه‌ڵێكی وه‌ك «مانگا» هێرشی كرده‌سه‌ر گوندی «ئیسلاح»ی سه‌ربه‌ (گوڵاڵه‌ _ جه‌وله‌ولا) ، ئه‌م هێرشه‌ په‌یامێكی ڕوونه‌ كه‌ ده‌كرێت هه‌موان خوێندنه‌وه‌ی‌ جیاجیای بۆ بكه‌ین. پێش هه‌موو خوێندنه‌وه‌یه‌كیش ئه‌م كرده‌وه‌یه‌ سێ لێكدانه‌وه‌ی‌ تایبه‌تی بۆ ده‌كرێت:
یه‌كه‌م : له‌ ڕابردوودا ته‌واوی‌ سه‌رچاوه‌ی‌ دارایی و ئابوورییه‌كانی‌ داعش له‌ لایه‌ن هاوپه‌یمانان و سوپای‌ عێراق و پێشمه‌رگه‌وه‌ تێكشكێنران و داعش ڕووبه‌ڕووی كێشه‌ی‌ موچه‌ و دارایی بۆ سه‌ربازه‌كانی‌ بووه‌، بۆیه‌ ئێستا ده‌یه‌وێت بچێته‌ گونده‌كان و هه‌موو ئه‌و سه‌روه‌ت و سامانه‌ی‌ جوتیاران كه‌ له‌ گونده‌كاندا كۆیانكردۆته‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرن و بیبه‌ن بۆ خۆیان.
داعش بۆ هه‌ر هێرشێك كه‌ ده‌یكاته‌سه‌ر گونده‌كان و سه‌روه‌ت و سامانی‌ ئه‌و گوندانه‌ بۆ خۆی‌ ده‌بات، پشت ده‌به‌ستێك به‌ ئایات و فه‌رموده‌ و داعش هه‌موو ئه‌و شمه‌كانه‌ی‌ جوتیاران به‌ غه‌نیمه‌ و ده‌ستهاتی سه‌ربازه‌كانی‌ ناوده‌بات و بۆ خۆیانی حه‌ڵاڵ ده‌كات ، ئه‌گه‌ر جوتیارانیش له‌سه‌ر سه‌روه‌ت و سامانه‌كه‌یان بێنه‌ده‌نگ و ڕووبه‌ڕووی داعش ببنه‌وه‌ ئه‌وا هه‌موویان ده‌كوژرێن و هه‌ڕه‌شه‌ی‌ چۆڵكردنی‌ گونده‌كانیان لێده‌كرێت .
دووه‌م : زۆربه‌ی‌ ئه‌و گوندانه‌ی‌ كه‌ ئێستا داعش هێرشی ده‌كاته‌سه‌ر و چه‌ته‌كانی‌ داعش كردوویانن به‌ مۆڵگه‌ی‌ خۆیان و خێر و بێریان ده‌به‌ن بۆ خۆیان، كه‌وتوونه‌ته‌ ئه‌و ناوچانه‌ی‌ نێوان هه‌رێم و ناوه‌نده‌وه‌ كه‌ له‌ بۆشایی ئه‌منیدایه‌ و بوونه‌ته‌ ژینگه‌یه‌كی له‌بار بۆ گه‌شه‌ی داعش و شانه‌ نوستووه‌كانی‌ ئه‌و ڕێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌ .
گونده‌كانی ئه‌و ناوچانه‌ی‌ كه‌ كێشه‌ له‌سه‌رن له‌ دۆخی ئاسایی و ڕێككه‌وتنی نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێم و ناوه‌ندیشدا به‌ ڕاده‌یه‌كی زۆر له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ پلانی ئه‌منی بوون و نه‌توانراوه‌ به‌ وردی چاوی ئه‌منی بخرێته‌سه‌ریان، بۆیه‌ ئێستا بۆ خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ ئاسانه‌ په‌یوه‌ندی به‌داعشه‌وه‌ بكه‌ن، چونكه‌ ئاشنایه‌تییه‌كی زۆریان به‌ ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌.
سێیه‌م : زۆرێكی هاوڵاتییه‌ عه‌ره‌به‌ شۆڤێنییه‌كانی‌ ئه‌و ناوچانه‌ی‌ ژێر ده‌ستی داعش به‌ گونده‌كانیشه‌وه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ داعشه‌وه‌ هه‌یه‌ و به‌رده‌وام هاوكارێكی جدی و كۆمه‌كێكی راسته‌قینه‌ی‌ داعش ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ داعش په‌لاماری‌ گونده‌كانیتر بدات به‌تایبه‌تتر گونده‌ كوردییه‌كان و ته‌واوی‌ داهاته‌كانیان ببات بۆ خۆیان.
له‌ گه‌ڕی یه‌كه‌می ده‌ركه‌وتنی داعشدا له‌ ساڵی 2014و دواتریش، عه‌ره‌به‌كان هه‌موو ئه‌و داهاته‌ی‌ له‌ گونده‌ كوردییه‌كاندا هه‌بوو بۆ خۆیانیان برد و ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرت، هه‌موو ده‌غڵ و دانه‌كانی‌ جوتیارانیان بۆ خۆیان دروێنه‌كرد ، به‌ڵام له‌ گه‌ڕی دووه‌می ده‌رخستنه‌وه‌ی داعشدا ئێستا هه‌موو ئه‌و گروپ و هاوڵاتییه‌ عه‌ره‌بانه‌ی نزیكن له‌ داعشه‌وه‌ هه‌ر به‌رهه‌مێكی ئه‌و جوتیاره‌ كورده‌ گوندنشینانه‌ بۆ داعش ده‌به‌ن ، یاخود له‌ ڕێگه‌ی‌ داعشه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌یان لێده‌كه‌ن كه‌ دژی بڕیاره‌كانی‌ داعش نه‌جوڵێنه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت هاوكاریشیان بكه‌ن.
بۆ كۆتاییهێنان به‌و دۆخه‌ی‌ ئێستا له‌ گونده‌كانی‌ ئه‌و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كانه‌دا هه‌یه‌ ، ده‌بێت حكومه‌تی‌ هه‌رێم و عێراق دیسانه‌وه‌ له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بۆ ئه‌و ناوچانه‌ ڕێكبكه‌ونه‌وه‌، ئه‌گینا له‌ دۆخێكی له‌م شێوه‌یه‌دا ، ئه‌و گوندانه‌ به‌ دوو شێوه‌ زه‌ره‌ر ده‌كه‌ن، له‌لایه‌ك دۆخی ئه‌منیان جێگر و ئارام نابێت بۆ ژیان كردن و مانه‌وه‌ له‌ گونده‌كانیان دا، له‌لایه‌كیتریشه‌وه‌ هیچ جوتیارێك دڵنیا نییه‌ له‌ كاری‌ كێڵان و چاندنی‌ زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كانیان و به‌رهه‌مه‌كانیان له‌ دۆخێكی له‌و شێوه‌یه‌دا. چونكه‌ دۆخه‌كه‌ نه‌ك ئارامی وه‌رناگرێت به‌ڵكو ڕێگری‌ له‌ هه‌ر كارو پیشه‌یه‌كیش ده‌كات كه‌ ژیانی جوتیاران و گوندنشینانی‌ پێوه‌ به‌نده‌ و ناكرێت ده‌ستبه‌رداری‌ بن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

كۆنگره‌ی‌ چواره‌م ؛ كۆنگره‌ی‌ دامه‌زراندنه‌وه‌ی یه‌كێتی

به‌بێ جیاكاری‌؛ هه‌ر هه‌ڤاڵێكی یه‌كێتی له‌ هه‌ر پۆستێكی نێو ئه‌م ...