سەرەکی » وتار » ئه‌حمه‌د شاتوانی

زانیاریەکانی شۆرش

ئه‌حمه‌د شاتوانی

ئازاد سه‌راوی

قه‌رسیلی تا ئه‌ژنۆ سه‌وزو باڵا كردوی، تۆ زیندویت و له‌ ناو دڵمان دایت نه‌مردوی، له‌ به‌هاردا نێرگزه‌ جاڕی پێده‌شتی شاره‌زوری، گوڵی سووری، له‌ دانه‌ به‌ردوو ڕه‌وه‌زدا قاسپه‌ی كه‌وی، به‌ره‌و ئاسۆ هه‌نگاو ده‌نێی، ڕوه‌و قه‌ندیل سه‌ر ده‌كه‌وی، له‌ ده‌ربه‌ندا گڤه‌ی بایت و، له‌ گوێ چه‌م دا ورده‌ شه‌پۆل، له‌ ده‌م كه‌ل دا ده‌بیته‌ خۆر، تۆ له‌ قافڵه‌ی ئه‌و گه‌وره‌ پیاوانه‌دا بویت، له‌ دوای هه‌ره‌س له‌ یه‌كه‌وه‌ ژماره‌یان زیادی كردو ببوونه‌ پۆل.
نه‌ باران و نه‌ تۆفان و نه‌ كڕێوه‌، نه‌ده‌گه‌یشتنه‌وه‌ به‌ ئێوه‌، به‌ شه‌قاوی گه‌وره‌ و خێرا به‌ یه‌كتانه‌وه‌ ده‌دوری، ئه‌و شاخ و لوتكه‌ و ده‌ربه‌نده‌، ئه‌و ڕێ و كێوه‌، ده‌ڕۆیشتن به‌ هه‌ر كوێ دا، ئه‌و هه‌وراز و به‌رده‌ بازو ئه‌و هه‌ردوو ده‌شت و نشێوه‌، خۆی ده‌نه‌واند له‌ به‌ر ئێوه‌، دڕی به‌ شه‌وه‌زه‌نگ ئه‌دا بڵێسه‌ی مه‌شخه‌ڵی ئێوه‌.
ئێوه‌ هه‌توانی برین بون، نه‌به‌زین و نه‌نه‌وین بوون، وه‌ك ئه‌ستێره‌ له‌ نێو له‌پی ڕاخوشین بون، گولله‌ی تفه‌نگی شانێك بوون له‌ ئاسمانێكی به‌رین دا، هه‌ر خه‌ریكی هه‌ڵفڕین بون، له‌ كڵاو ڕۆژنه‌ی زامنی تفه‌نگێك دا، هه‌ڵوره‌رین بوون.
ئه‌حمه‌د شاتوانی، ئاسكی گورجوگۆڵی پێده‌شت، وه‌كو كوره‌ی ئاگردان بوو، له‌ شێوه‌ی گڕه‌ی گه‌رمیان بوو، له‌ ئاشتی دا هێمن و مه‌نگ وه‌كو بای وه‌شت، له‌ داستان دا چه‌ند هه‌نگاوێك له‌ پێش باوه‌ ده‌ڕۆیشت و له‌ پێش گولله‌شه‌وه‌ ده‌گه‌شت، له‌ نه‌ به‌ردی و پێكاداندا به‌ دوژمنان پێ ده‌كه‌نی، له‌ پشودا ده‌بووه‌ گه‌روی شمشاڵێك و ئه‌و پێده‌شتانه‌ ده‌ی ژه‌نی،
ئه‌حمه‌د شاتوانی سه‌ر بورده‌ی مێژویه‌كه‌ پێده‌شته‌كانی شاره‌زور ده‌ینوسنه‌وه‌، كێوێك وره‌و كۆڵنه‌دانه‌، جوتیاره‌كان ده‌یگێڕنه‌وه‌، ده‌یان كتێب و ڕۆمانی پڕ داستانه‌، ئه‌و شاخ و كێوو هه‌ردانه‌، هه‌ر ڕۆژه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌كی به‌ كزه‌بایه‌كی سیروان دا ده‌نێرنه‌وه‌، داستان هه‌یه‌ بای موكریان هه‌ڵی ده‌گرێ، سنووره‌ ده‌ستكرده‌كان ده‌بڕێ، داستانیش هه‌یه‌ بای زریان، داستان هه‌یه‌.
نه‌وره‌سه‌كانی گوێ زه‌ڵم ده‌یڵێنه‌وه‌، داستان هه‌یه‌، چه‌می چه‌قان، ده‌یكه‌نه‌ په‌لكه‌ زێڕینه‌ ده‌یهۆننه‌وه‌، هه‌ر داستان و هه‌ڵمه‌ته‌كانی ئه‌حمه‌ده‌، زۆر ئێواران، له‌ نێو له‌پی برسی و تینوی مناڵێك دا ده‌بێته‌ نان.
كه‌ سه‌رنجم ده‌مباته‌وه‌ پێده‌شته‌كانی شاره‌زور، یان ڕێكه‌وت ده‌چمه‌ ئه‌وێ و تێده‌په‌ڕم، ئه‌حمه‌د شاتوانی ده‌خزێته‌وه‌ نیگامه‌وه‌، دێته‌ ناو پێڵوی چاوانم ده‌بێته‌ ورده‌ فرمێسك و، ده‌بێته‌ گوڵه‌ ئه‌ستێره‌ به‌ سه‌ر پێنوس و خامه‌وه‌، ده‌ستم ده‌گرێ و چه‌ند دێڕێكم پێ ده‌نوسێ، لاپه‌ڕه‌ی ژێر پێنوسه‌كه‌م هێنده‌ ته‌ڕ ده‌بێ ده‌خوسێ، به‌ فرمێسكی ئه‌و چاوانه‌ی توانای نییه‌و قه‌ت ناتوانێ مێژوی گه‌وره‌ شه‌هیدێكی وه‌كو شاتوانی بنوسێ، بۆیه‌ خامه‌م ده‌له‌رزێت و ده‌ڵێت نه‌كا، به‌ لوتكه‌ی گه‌وره‌ییت نه‌گا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

تاجێك له‌ سه‌ری‌ گمۆدا

ئازاد سەراوی حه‌مه‌ سوره‌بانی‌ له‌ ده‌ربه‌ندا گڤه‌ی‌ با بووو، له‌شه‌وه‌ ...