سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » پارتیزانێک گیتار دەژەنێت

پارتیزانێک گیتار دەژەنێت

بەشی دووەم

ـ گوندی گۆپتەپە و هێزی بادینان
بەڕێکردنی هێزێکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، لەو جۆرە خۆی لەخۆیدا ژیریی و دانایی جەنابی مام جەلال-ی نیشان دەدا، چونکە دەمێک بوو نەخشەی بۆ دانابوو کە بەهەر جۆرێک بووە لەدوای کارەساتی هاکارییەوە جارێکیتر هێزەکانی یەکێتیی بگەڕێنەوە بۆ ناوچەی بادینان تاکو بتوانن لەو ڕێگەیەوە خزمەت بە کوردستان بکەن. لە یادمە بە چوار ڕۆژ گەیشتینە گۆپتەپە. واتە ٩/٥/١٩٨٧ گەیشتینە لای برادەران. هەر کە گەیشتین برادەران هاتن بۆ لامان و بەخێرهاتنیان کردین. دوای کاک ئازاد هەورامی هات بۆلامان و بەخێرهاتنێکی گەرمی کردین و وتی بەم زوانە بەڕێ دەکەوین. وەک لە یادم بێت هێزەکەمان ١٢٠ پێشمەرگە بووین. وا بڕیار بوو لە ١٠/٥ بەڕی بکەوین بەڵام لەبەر جموجۆڵی دوژمن نەمانتوانی بەڕێ بکەوین دوای لە ١١/٥/١٩٨٧ هێزەکەی بادینان یەکەم هەنگاومان نا بەرەو بادینان. کە چەندین فەرماندەی مەفرەزەو فەرماندەی کەرت و کادری پێشکەوتووی تێدا بوو، لە ناویاندا فەرماندەی کەرت(وەستا سابیر) لە تیپی ٢١ی کەرکوک، کاک (پاڵە) فەرماندەی کەرت لە ٢٥ی خاڵاخاڵان، لە پەلاماردانی ڕەبییەکانی نزیک گوندی «ڕاڤینا» لە چیای «گابنێرکی» لەسەر جادەی باتووفا – بێگۆڤا نزیک گوندی «زرێزه»‌ شەوی ١٣ـ ١٤/١١/١٩٨٧ لەگەڵ خەیری هروری شەهید بوون. شەهید خەماس ڕەشید ئەحمەد. ناسراو بە «پاڵە» لە ساڵی ١٩٦١ لە گەڕەکی ڕەحیماوە لەشاری کەرکوک لەدایک بووە. لەساڵی١٩٧٩ پەیوەندی کردووە بەڕێکخستنەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانەوە. لەساڵی ١٩٨٢ بۆتە پێشمەرگە لە هەرێمی «٢» شەهید پاڵە. فەرماندەیەکی ئازا و قارەمان بوو. مرۆڤێکی قسەخۆش و هەمیشە دەم بەخەندە بوو. کاک(ڕزگار عەلی) فەرماندەی کەرت لە تیپی ٢٥ی خاڵخاڵان. یەکێک بوو لە فەرماندە ئازاو لێهاتووەکانی کەرکوک. کاک(عوسمان عەسکەریی) کادری پێشکەوتوو. کاک (سیروان عەزیز) کادری پێشکەوتوو لەتیپی ٢٥ی خاڵخاڵان. شەهید «محەمەد فاتیح» ناسراو بە(حەمە بی کەی سی) یەکێک لە ئازاترین و باشترین عەدەد بیکەی سییەکانی تیپی٥٧ی سەگرمە بە تایبەتی و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە گشتی، لەساڵی ١٩٨٢ بووە پێشمەرگە و بەشداری دەیان شەڕی قارەمانانەی کردووە، هەروەها بەشداری داستانی دابان و دۆڵە ڕەقەی کردووە. لە زووربەی نەبەردەکانی تیپی ٥٧ی سەگرمە بەشدار بووە. یەکێک لە ئامر مەفرەزە ئازاکان و لەدوای گەڕانەوەی لە ناوچەکانی بادینان ڕاستەخۆ بەشدار دەبێت لە شەڕەکانی سەرکردایەتی و لەشەڕێکی قارەمانانەو بێ وێنەدا لە ٢٧ / ٢ /١٩٨٨ لە گوندی قەڵەم پاشا شەهید دەبێت. لەوێ کۆمەڵێک پێشمەرگەی تازەم ناسی کە خەڵکی زۆر ڕۆشنبیر و لێهاتوو بوون ( حەمە ڕەشید، سەردار سەلیم، هیوا حەسەن، کاوە سەرچناری، ئەکرەم ئەحمەد، هیوا ناجی. ناسراو بە هیوا هەورامی، کرمانج کەرکوکی، هەڵمەت کەرکوکی، دای وەهاب، ساماڵ ئەحمەد) و گەلێكیتر. هەروەها لەدوای کارەساتی هاکارییەوە یەکەمجارە هێزێکی واگەورە بچێتە بادینان. لە دوای دوو ڕۆژ لە زێی گەورە پەڕینەوەو نەوەستاین تاکو گوندەکانی بییەو بێخمە. لە ناوچەی زێباری. یەکەم گوندی ناوچەی بادینان بوو، لەوێ پشوویەکمان داو پاشان لە هەردوو چیایی کۆلیس و پێرس-مان دا. هێزەکە زۆر ماندوو بووین ناچار پشوویەکی باشمان کرد. ئەویش لەسەر داوای شەهید دکتۆر هێمن بوو، چوو بوو بە کاک ئازادی وتبوو: برادەران زۆر هیلاکن، ئەگەر نانی باش نەخۆن، ناتوانن درێژە بە ڕۆیشتن بدەن! لەیادمە مام عەلی(عەلە گەدە) دکتۆر شەماڵ ئەحمەد محمد، لوقمانە ڕەش، هاوڕێ کاوە، وەستا سالار. لەو دەوروبەرە چووبوونە ڕەشماڵێک لەوێ چوار سەر بزنیان(تەگە) کڕیی و لەگەڵ خۆیان هێنایانەوە بۆ هێزەکەو هەر چوار بزنەکەیان سەر بڕیو نانێکی باشمان خوارد و جارێکیتر بەڕێ کەوتینەوە، هێشتا لەناو قەدی چیایی کۆلیس بووین دکتۆر(ئیسماعیل)پەکی کەوت! برادەران وتیان بیگەێنە ئیسماعیل پەکی کەوتووە و دەرزییەکی باسکۆپان بنێرن. هەتا گەیشتە سەرەوە دەرزی باسکۆپان بوو بە کۆپان. ئیتر بوو بە پێکەنین و کاک ئازاد وتی: کەی ئیستا وەختی گاڵتەکردنە! لەدوای چارەسەری ئیسماعیل. جارێکیتر بەڕێکەوتینەوە، ئەو شەوە یەکێک بوو لە شەوە دووروو درێژەکان، هەرهەموومان زۆر هیلاک و ماندوبووین، چیایی کۆلیس، یەکێک بوو لە چیا بەرزەکان، هێشتا نەگەیشتبووینە لووتکەی چیاکە(مام برایم) یەکێک بوو لەپێشمەرگەکانی تیپی ٥١ی گەرمیان کوڕێکی قسەخۆش و خۆش مەشرەب بوو. لە پڕێکدا وتبووی: (بیگەێینە کەس دەست نەبات بۆ ئەستێرە!) قسەکە گەیشت و بۆ بە پێکەنین، کە گەیشتە کاک ئازاد، وتبووی: مام برایم ڕاست دەکات، ئەم هەورازە تەواو نابێت. با پشوویەک بدەین! لەناو چڕی درەختەکاندا هەموومان پێکەوە پشوویەکمان دا، هاوڕێ کاوە یەکێک بوو لە فەرماندەی مەفرەزەکان، کوڕێکی باش و لە خۆبووردو بوو، ناو چیاکە زۆر تاریک بوو، بەدەستی ڕاستی کێشابووی بە درەختێکداو پێی وتبوو: بۆ وەستاویت بڕۆ برادەران بەجێت ئەهێڵن! کە باش دیقەتی دابوو سەیری کردبوو درەختکەی لێ بووە بەزەلام! دوای خۆی ڕووداوەکەی بۆ گێڕاینەوە. ئیتر هەموومان دەستمان کرد بە پێکەنین. لە دوای چارەکە سەعاتێک، جارێکیتر بەڕێ کەوتینەوە ڕووەو لووتکەی شاخاکە، بینیمان کاک(تەها) بە پرتەو بەناو ڕیزی پێشمەرگەکاندا ئەگەڕایەوە بۆ دوواوە کە دوای لێمان پرسی بۆچی گەڕایتەوە بۆ دوواوە؟ وتی: پارەی هێزەکەی بادینان لەلای کۆمەڵێک برادەر بووە، ئەویش بەشێک پارەی لابووە. لە کاتی پشووەکەدا پارەکەی بیر چوو بوو. کە بڕی ٢٠٠٠ دینار بوو، کە چووبەوە شوێنکە پارەکەی دۆزییەوەو لەگەڵ خۆی هێنابوویەوە. کاک تەها، یەکێک بوو لە پێشمەرگەکانی دەستەکەی کاک ئازاد هەورامی، برای کاک یاسینە ڕەش بوو. لەدوای ڕاپەڕین کۆچی دوایی کرد. جێگەی فیردەوس بێت. هەر بەڕێگاوە بووین و نەدەگەیشتینە ئاوەدانییەک! هەموو پێشمەرگەکانی بادینان هەرگیز ئەم شەوەیان بیر ناچێتەوە، لەبەر ئەوەی لە دوو شاخی بەرزمان دا. ماوەی شەو و ڕۆژێک بە ڕێگاوە بووین. شارەزاکەمان وتی: ئەوە ڕێگەکەیەو بیگرن و بەری مەدەن تاکو دەگەنە ئاوەدانییەک. لە ڕێگەدا چەند گوندێکی چۆڵوهۆڵمان بینی، کە هیچ کەسی تێدا نەبوو، هەندێکیشیان ڕووخا بوون. پاشان چووینە گەلی زێبار لەوێ لە ڕووبارەکە پەڕینەوەو هەرهەموومان قاچمان تەڕبوو، زووربەمان قاچی تلۆقی کرد بوو، کوڕێکمان لەگەڵ بوو ناوی ڕیبوار بوو، قاچی تڵۆقی کرد بوو ئازاری زۆر بوو، لەتاوا وتی: جێم بێڵن با گورگ بمخوات ئیتر ناتوانم بڕۆم! دوای برادەران یارمەتیاندا، پاشان گەیشتینە گوندی سوسێ، لەبەر ئەوەی ڕەبایەی دوژمن بەسەر سەری گوندەکەوە بوو، نەماتوانی هەموومان بچینە گوندەکە. دوای وەستا سابیر، بە هەر جۆرێک بوو چوو بووە ناو گوندەکەو زانیاریی زۆر باشی چنگ کەوتبوو لەسەر ناوچەکەو لەگەڵ خۆشیدا هەندێک خواردنی هێنا بوو. کە گەرایەوە بۆلامان کاک ئازاد هەورامی پێی وتبوو: ئەم خواردنانەت لە کوێ دەستکەوت؟ وەستا سابیریش پێی وتبو. چوومەتە ناو دێی سوسێ. لەدوای چەند سەعاتێک ڕۆیشتن گەیشتینە گوندی بناڤێ. گوندێکی زۆرجوان بوو بە قەدپاڵی شاخێکەوە. نزیکەی سەد ماڵێک دەبوو، خەڵکەکەی زۆر میهرەبان بوون و خزمەتیان زۆر کردین. لەدوای چەندین ڕۆژ خواردنی باشمان نەخواردبوو. شەهید دکتۆر هێمن و وریا و دکتۆر شەماڵ و حەمە بی کەی سی و مەریوان و بەندە. بەر ماڵێک کەوتین یاپراخیان هەبوو، چۆن زانیمان کە ماڵەکە یاپراخیان هەیە؟ ڕەوانشاد شەهید حەمە بی کەی سی وتی: برادەران بۆنی دۆڵمە یەت! ڕەوانشاد شەهید دکتۆر هێمن خۆی پێ نەگیراو ڕووی کردە حەمە بی کەی سی و وتی: تۆ بڵێیت بۆ ئێمە بێت؟ منیش وتم: ئەی قابیلە بۆ دراوسێکەیان بێت! هاکا سینییەک دۆڵمەیان هێنا! لەدوای حەوانەوە سفرە ڕاخراو دۆڵمە هاتە سەر سفرە و هەموومان تێرمان لێ خوارد. لەدوایدا زانیان کە هێزەکەی ئێمە دکتۆرمان لەگەڵدایە، خەڵکێکی زۆر هاتن بۆلای دکتۆر هێمن بۆ ئەوەی چارەسەریان بکات. لەو گوندەدا نزیکەی ١٠٠ کەسێک نەخۆش بوون. توانرا زووربەی نەخۆشەکان چارەسەر بکەن. بۆ دوانیوەڕۆ جارێکیتر ڕیگەمان گرتەوە بەر. بۆ ئێوارە گەیشتینە بەرەگای حزبی شیوعی و پارتی گەلی کوردستان. لەوێش شەوێک ماینەوەو بۆ بەیانی جارێکیتر کەوتینەوە ڕێ. بۆ عەسرەکەی گەیشتینە دێیەک زووربەیان نەخۆش بوون. لەدوایدا دکتۆر هێمن پێی وتین: هەندێک لە نەخۆشەکان تووشی سکچوون و مەلاریا ببوون. ئیتر دەبێت ئاگاتان لە خۆتان بێت. تکایە هەربرادەرێکمان تووشی هەر حاڵەتێک بوو خێرا بە زووی ئاگادارمان بکات بۆ ئەوەی بە زووی چارەسەری بکەین. هێشتا بە ڕێگاوە بووین بەرەو مەنزڵگەی خۆمان. لە نزیک گوندێک، یەکەم پێشمەرگەی بادینامان بینی ناوی(کرمانج) بوو. هەر کە ئێمەی بینی هاتە لامان و بەخێرهاتنی گەرمی کردین، دوای کەمێک لەگەڵ کاک ئازاد کەوتنە قسەکردن و هەواڵپرسینی باقی برادەرانی تر. ئەویش پێی وت بوو برادەران ڕۆیشتوونەتەوە بۆ ماڵەوە! کاک ئازاد ئەو قسەی زۆر پێ ناخۆش بوو، چونکە بڕوایەکی زۆری هەبوو بە برادەرانی بادینان. لە دوایدا زانیمان کە لەناو خۆیاندا ناکۆک بوون و هەر یەکە خۆی بە لێپرسراو زانیوەو دوای ڕێک نەکوتوون و بڵاوەیان لێکردووە. کاک ئامانج بەتاقی تەنیا مابۆوەو چاوەڕێی هێزەکەی بادینان و کاک ئازاد هەورامی کردبوو بۆ ئەوەی هەموو مەسەلەکانی تێبگەێنێت. یەکێک لە خاسییەتە جوان و سەرنجڕاکێشەکانی کاک ئازاد هەورامی ئەوەبوو بەهەر هەورازێکدا سەرکەوتینایە کاک ئازاد سروودی بۆ دەوتین. یەکەمجار کە گوێم لەدەنگی بوو لە هەورازەکەی شاخی هەورێ بوو. سروودی ڕیی خەباتی دەوت، دەنگێکی زوڵاڵ و کاریگەر، کە هەرگیز لەبیرم ناچێتەوە. ڕێگەی بەرەو بادینان ڕوداوی خۆش وناخۆشی زۆری تیا بوو. یەکێک لەو شتانەی کە هەرگیز بیرم ناچێتەوە، ئاوخواردنەوەکەی وریا عەرەب-ە. وریا سالانێکی زۆر بەدەست سکچونەوە دەیناڵاند و چاری نەبوو، شەوێک لەو ڕێگەی چونمان بۆ بادینان. زۆر ماندوبووین تینومان بوو، حەوسەڵەی ڕۆیشتمان نەبوو، لە پڕێکدا جۆگەیەکمان بینی، وریا بۆی دانەویو دەمی نا بە جۆگەکەوەو تێر تێر ئاوی خواردەوە. ئیتر هەر لەپاڵ جۆگەکدا لێی کەوت، دیار بوو زۆر ماندبوو، دوای بۆمان دەرکەوت ئەو جۆگەیەی کە وریا ئاوی لێ خواردەوە، زێرابی ئاودەستەکانی مزگەتی گوندەکە بوو. بەو ئاوەش عەلەمی تێدا نەماو سکچوونەکەی چاک بۆوە. ئیتر لەدوای ئەم ڕووداوە، هەر کەسێک تووشی سکچوون بوایە، پێیان دەوت: بڕۆ ئاوی زێراب بخۆرەوە چاک دەبیتەوە. ئیتر بەدەم هەنگاونان بەرەو لوتکەی چیا کاک ئازاد هەوارمی زووربەی جارەکان سروودی ئەچڕی بۆ نموونە سروودی:
(ڕێی خەباتمان چەند سەخت و دوور بێت
با چوار دەوورمان کڵپەی ئاگر بێت
لەم ڕێ پیرۆزە هەرگیز لانادەین
ئێمەین بۆ مردنیش ئامادەین)
بادینان و دروستکردنی یەکەم بارەگای مەڵبەندی بادینان
بەهەر جۆرێک بوو لە دوای یەکەم هەنگاومان بەرەو بادینان، لە ڕێکەوتی ٢٨/٥/١٩٨٧ توانیمان بەحەڤدە ڕۆژ بگەینە دۆڵی(زێوە) لەیەکەم ڕۆژی بەڕێکەوتنمانەوە بۆ بادینان، دوژمن بەدوای هێزەکەی یەکێتییەوە بوو، بۆ ئەوەی گورزی لێ بوەشێنێ، بەڵام هیچی پێ نەکرا. دۆڵی زێوە دۆڵێکی فراوان بوو چەند ماڵێک بە قەد پاڵی شاخەکەوە بوون، ڕووبارێک بەناو دۆڵەکەدا دەرۆیشت، ڕووبارەکە بارەگاکانی حزبی شیوعی و پارتی لەیەک جیا دەکردەوە. نزیک بوو لە سنووری باکووری کوردستانەوە. نزیکترین گوند، گوندی(یەکماڵە) بوو کە یەکەمین گوندی بەرواری باڵا بوو، بەراوبەر شاخی سەرزێڕین، ئەم سەرزێڕینە جیاکردنەوەی سنووری نێوان باکووری کوردستان و باشووری کوردستان بوو. کە ماوەی دوو سەعاتێک لە بارەگای مەڵبەندەوە دوور بوو. لەناو ئەو دۆڵەدا چەند بارەگایەکی لێ بوو. وەک بارەگای لقی ١ پارتی دیمۆکراتی کوردستان و حزبی شیوعی ئێراق. بارەگای بزووتنەوەی ڕزگاری ئاشووری، ئێمەش جێگەمان بۆ دانرابوو، هەرکە گەیشتین چووینە خانوویەکی چۆڵ، ئەو شوێنە پێشتر بارەگای برادەرانی حزبی سۆسیالیست بوو، زۆر پیس و پۆخڵ بوو، پڕ بوو لە تەرسی وەڵاخ. لەدوای پاکردنەوە، ژوورەکان دابەشکران، لەدوایدا برادەران سەرئاویان دروست کردوو پاشان بەهەر جۆرێک بوو کاک ئازاد توانی لە ڕێگەی چەند کەسێکەوە قاپوقاچاخ پەیدا بکات. ئیتر لێرەوە یەکەمین بارەگای مەڵبەندی بادینان بونیاد نرا. لەبەر ئەوەی زۆر ماندوو ببووین. بەشێکی زۆرمان بە فرسەتمان زانی چووینە قەراخ رووبارەکە بۆ مەلەکردن. بەشێکی زۆرمان خۆمان شۆردو جلەکانیشمان شۆرد. ئێوارە هەر چۆنێک بوو توانیان خورادن ئامادە بکەن. بۆ سبەی بەیانی کاک ئازاد کۆبوونەوەی بە هەموو هێزەکە کردوو پاشان لەگەڵ ئەو فەرماندانە کۆبۆوە کە فەرمانیان پێ سپێدرا بوو. هێزەکەی کرد بە
چوار کۆمیتەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

دواین ئه‌فسانه‌ی دونیا

فاروق هومه‌ر رۆژێك لای هاوڕێیه‌كم ئاره‌زوویه‌كی دێرینی خۆمم دركاند، ئه‌و ...