سەرەکی » زانست » من وژینگه‌ و كۆمه‌ڵه‌ی كوردستانێكی سه‌وز

من وژینگه‌ و كۆمه‌ڵه‌ی كوردستانێكی سه‌وز

ئاماده‌کردنی: سه‌ربه‌ست عه‌بدولره‌حمان

(به‌شی یەکەم)

ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئێمه‌ تێیدا مناڵ بووین ، هێشتا نه‌ته‌له‌فزێۆن و نه‌ڕادێۆ ، بگره‌ چاپه‌مه‌نیش وا نه‌بوو كه‌ به‌ ئاسانی ده‌ست بكه‌وێت . وه‌ كاره‌باش گه‌رچی به‌رده‌وام له‌ شاردا هه‌بوو ، به‌ڵام نه‌بوونی پرۆجگته‌رو گڵۆپی به‌شه‌وقی وه‌ك ئێستا ، وای كردبوو زۆربه‌ی كوچه‌و كۆڵان تاریك بێت ، ئاسایشێكی ئه‌وتۆش به‌رقه‌رار نه‌بوو ، كه‌ خه‌ڵك بتوانێ وه‌ك ئێستا تا دره‌نگی شه‌و خه‌به‌ردار بێت . خه‌ڵكیش كه‌ زۆربه‌ی كاره‌كانی به‌ هێزی بازووی بوو ، وه‌ك ئێستا ئامێری جۆراو جۆر نه‌بوو ، بۆیه‌ زۆر تر ماندوو ده‌بوو ، چوار وه‌رزه‌ له‌دوای بانگی خه‌وتنان دووسه‌عاتێك زیاتر خه‌ڵك نه‌ده‌مانه‌وه‌ . ئیتر شار خامۆش ده‌بوو . خه‌ڵك به‌باشی ده‌خه‌وت و پشویه‌كی باشی ده‌دا . به‌هۆی كه‌می ژاوه‌ ژاوو نه‌بونی گازی ژه‌هراوی له‌ هه‌وادا وه‌ك ئێستا ، به‌ته‌واوی ماندوێتی خه‌ڵك ده‌حه‌سایه‌وه‌ . به‌ڵام له‌ گونده‌ كاندا كه‌ هۆی ڕۆشن كردنه‌وه‌ چرای نه‌وت بوو ، وه‌ ئه‌ركی خه‌ڵك له‌وێ زیاتر گران بوو . ئه‌وا زۆر زووتر خه‌ڵك ده‌نوست .
مناڵان ئه‌و سه‌رده‌مه‌ گه‌ر ئیشێكی ئه‌وتۆیان نه‌بووبێ ، بۆ دابین كردنی بژێوی ، ئه‌وا جگه‌ له‌كاتی چونه‌ قوتابخانه‌و كۆشش كردن ، كاتمان زۆر بوو بۆ سه‌رنجدان له‌ سروشت و پێكهاته‌كانی . به‌تایبه‌ت گه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ خۆی به‌سه‌لیقه‌و دیقه‌ت بوبێ . هه‌رزوو شاره‌ مێلوره‌كان سه‌رنجیان ڕاكێشام ، كاتێ كه‌ كه‌سێك نزیك بوایه‌ته‌وه‌ لێی ، چۆن پیا هه‌ڵده‌گه‌ڕان و ده‌یانگه‌زی ، خۆ ئه‌گه‌ر شاره‌كه‌یان توشی تێك دا ببوایه‌ ، ئه‌وا گۆرپه‌كانیان ده‌گوێزایه‌وه‌ بۆ شوێنی تر ، یان پوره‌ی هه‌نگه‌كان ، كه‌ گه‌رچی هه‌نگ گه‌ر به‌ كه‌سێكه‌وه‌ بدات خۆی ده‌مرێت ، به‌ڵام ئاماده‌بوون ببنه‌ قوربانی ،گه‌ر ده‌ست درێژی هه‌بوایه‌ بۆ سه‌ر شانه‌كه‌یان . یا پاساریه‌كان كه‌ به‌ ده‌نوك پوشی هێلانه‌یان كۆ ده‌كرده‌وه‌و خۆراكیان بۆ بێچوه‌كانیان ده‌برد . ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ی فێركردم كه‌ هه‌موو بونه‌وه‌ره‌كان ڕه‌گه‌زی خۆیان خۆش ده‌وێت ، هه‌وڵده‌ده‌ن بۆپاراستنی له‌ده‌ست درێژی مرۆڤ و بونه‌وه‌ره‌كانی تر .


وڵاتی ئێمه‌ هه‌میشه‌ داگیر كراوو بوو ، تێكدان و ماڵ وێرانی هه‌میشه‌ یه‌خه‌ی گرتوین ، چه‌ندین شارو گوندمان بۆمباران كراوه‌ و خه‌ڵكی بێتاوان بونه‌ته‌ قوربانی ، به‌ به‌كارهێنانی ژه‌هری گازی كیمیایی ، وێرانكاریه‌كه‌ گه‌یشته‌ ئه‌وپه‌ڕی . دواتر ئه‌نفال و سوتماك كردن.
بێگومان ئه‌مه‌ پرسیارێكی له‌ مێشكی من و هه‌زار ان كه‌سی تردا درووست كرد ، گه‌ر شۆڕشگێرانی كورد به‌دوژمن داده‌نرێت ، له‌لایه‌ن داگیر كه‌رانه‌وه‌ و به‌زه‌بری چه‌ك و سوپا وه‌لام ده‌درێنه‌وه‌ ، خه‌ڵكی تر بۆ قه‌تڵو عام ده‌كرێن ، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و خه‌ڵكه‌ش تاوان باران به‌وه‌ی بژێوی بۆ پێشمه‌رگه‌ دابین ده‌كه‌ن ، ئه‌ی مه‌ڕو ماڵات تاوانیان چیه‌ ، پاساریه‌كان ، په‌پوله‌كان ، هه‌نگ وگوڵ ومێروله‌كان بۆچی سه‌راپا ده‌كوژرێن ، هه‌موو ژیان سه‌راپا به‌ژه‌هر ده‌كوژرێ.
مرۆڤه‌ ژیان دۆسته‌كان ، له‌ جیهاندا له‌ هه‌وڵدابوون بۆ پاراستنی نه‌هه‌نگ و دۆلفینه‌كان ، دژی پیسكردنی ژینگه‌ شۆڕشێكیان به‌رپا كردبوو دژی سته‌مه‌كانی ئینسان . گه‌رچی هه‌واڵی له‌و جۆره‌ زۆركه‌م ده‌گه‌یشت به‌ گوێمان ، چونكه‌ ئه‌وده‌مه‌ ته‌واو دابڕابووین له‌ جیهان ، به‌ڵام هه‌ندێجار هه‌واڵی ڕێكخراوی ئاشتی سه‌وز ( Green peace) مان ده‌بیست ، هه‌روا زۆر ده‌سته‌و تاقمی تر كه‌ دژ به‌ كوره‌ی ئه‌تۆمی و بڕینه‌وه‌ی دره‌خته‌كان و ڕاو ، فڕیدانی پاشماوه‌ كیمیای و ژه‌هراویه‌كان به‌رهه‌ڵست ده‌بوون و ڕێپێوانیان ئه‌نجام ده‌دا . ئه‌وكات ده‌موت ئاخۆ بتوانین هاوشێوه‌ی ئه‌وانه‌، ئاوا تاوانی ئه‌م به‌عسیانه‌ ره‌ت بكه‌ینه‌وه‌ ، پشتگیری جیهان به‌ده‌ست بێنین بۆ پاراستنی خه‌ڵك و ژینگه‌كه‌مان ، له‌ سته‌می ئه‌م به‌عسیانه‌ .
ساڵی 1990 بوو ، ئه‌وكات مامۆستا بووم له‌ ناوه‌ندی كاوه‌ی كوڕان‌ ، خواڵێخۆش بوو مامۆستا شه‌ماڵ عبدالرحمن مفتی له‌ هه‌مان قوتابخانه‌ وانه‌ی ده‌وته‌وه‌ ، به‌هۆی دۆستایه‌تیه‌كی خێزانیه‌وه‌ ، زیاتر له‌یه‌ك نزیك بووین ، له‌ كۆتایی ساڵی خوێندندا ، ڕۆژێك وتی كارێك نیه‌ ئه‌م پشووه بیكه‌ین ، منیش كه‌ هه‌میشه‌ كۆمه‌ڵێ پڕۆژه‌م ئاماده‌یه‌ ، وتم گه‌ر كه‌مێ پاره‌و شوێن هه‌بێت ، له‌م كاتی قاتو قڕیه‌دا ، پڕۆژه‌یه‌كی مۆدیرن بۆ به‌خێو كردنی كه‌روێشك ، پڕۆژه‌یه‌كی باشه‌ گه‌ر زانستیانه‌ بێت .
زۆری نه‌برد ، به‌ شه‌ریكایه‌تی له‌گه‌ڵ دوو دۆستی تردا ، له‌كه‌ڵه‌وانان ده‌ستمان كرد به‌ كاركردن له‌ كێڵگه‌ی كه‌روێشكدا . ڕۆژێك له‌وێ بووین باسمان له‌ تاوانه‌كانی به‌عسیه‌كان ده‌كرد باسی ژینگه‌ هاته‌ به‌رباس ، ئاگاداریكردم كه‌ هه‌وڵیداوه‌ بۆ ڕێكخستنی كۆمه‌ڵه‌یه‌ك بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ ، هه‌رچۆن مانگی سوری عێراقی هه‌یه‌ . هه‌رله‌وێ بووین كه‌ له‌ ڕادێۆكه‌مانه‌ وه‌ هه‌واڵی داگیركردنی كوه‌یت مان بیست . زۆری نه‌برد من به‌شه‌كه‌ی خۆم فرۆشت و ئه‌ویش كرا به‌ سه‌رباز .
له‌دوای ڕاپه‌ڕین ئه‌گه‌رچی بۆماوه‌یه‌ك هێزه‌كانی عێراق جارێكی تر ناوه‌ندی شاره‌كانیان داگیر كرده‌وه‌ ، به‌ڵام خه‌ڵك ترسی شكابوو ، ئه‌وه‌بوو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌و بواره‌نه‌دا كاریان كردبوو كه‌په‌یوه‌ندی داربووبه‌ ژینگه‌ ، خۆیان ئاماده‌كرابوو بۆ دامه‌زراندنی ڕێكخراوێكی ژینگه‌یی . له‌ ڕاستیا من دواتر ئاگادار بووم كه‌ له‌ 3/10/1991ڕاپه‌ڕینی دووه‌م بوو و حكومه‌تی عیراق له‌ سلێمانی و هه‌ولێرو دهۆك كشایه‌وه‌ بۆ سنوری حوكمه‌زاتیه‌كه‌ی جاران . له‌ ڕۆژی 16/10/1991 كۆمه‌ڵه‌ی كوردوستانێكی سه‌وز دا مه‌زرا ، وه‌ به‌یان نامه‌یه‌ك بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ له‌ مه‌ڵبه‌ندی چاودێری زانستی هه‌موو ژینگه‌ دۆستان كۆ ببنه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی هه‌ڵبژاردن و به‌كار خستنی كۆمه‌ڵه‌ .
ئه‌وه‌ی له‌ خه‌یاڵی مندابوو كاركردن بوو ، نه‌ك پله‌و پۆست ، بۆیه‌ گه‌رچی خۆم نه‌پاڵاوت و ئه‌ندامێكی ئاسایی بووم ، به‌ڵام چالاك تر بووم له‌ هه‌ندێ له‌ ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی باڵا .
یه‌كه‌م چالاكیمان له‌ یادی ڕاپه‌ڕین و نه‌ورۆزی ساڵی 1992 دا بوو ، ئه‌وه‌بوو له‌گه‌ڵ ئه‌ندامێكی تردا بڵند گۆیه‌كی گه‌وره‌مان له‌ ئۆتۆمبیلێك به‌ستبوو ، ده‌گه‌ڕاین به‌ ناو شاردا ، داوامان له‌ خه‌ڵك ده‌كرد تا ئاگر به‌ تایه‌ نه‌كه‌نه‌وه‌ ، تا سیمای شار ناشرین نه‌بێت ، ده‌مانوووت با نه‌ورۆز ئاهه‌نگ و شادی بێت ، نه‌ك دوكه‌ڵی ڕه‌شی تایه‌ ، هه‌روا داوامان ده‌كرد كه‌ ، ته‌قه‌ی خۆشی نه‌كرێت ( ته‌قه‌كردن له‌ ئاسمان ….خه‌نده‌ ده‌كا به‌ گریان ) شایانی باسه‌ هه‌ندێكه‌س به‌ به‌عسی و دوژمنی كورد بانگیان ده‌كردین ….ده‌یان ووت كه‌ چۆن له‌ نه‌ورۆزا تایه‌ نه‌سوتێنن . بۆ ته‌قه‌ نه‌كردن پۆسته‌رێكم دروست كرد و به‌ شێوه‌یه‌كی ساكار چه‌ند دانه‌یه‌كم چاپكرد و بردم له‌ به‌رده‌م باره‌گای لایه‌نه‌ سیاسیه‌كاندا هه‌ڵم واسین .
كۆمیته‌ی باڵاش بۆ ئێواره‌ی نه‌ورۆز ، پێشبڕكێه‌كی مارسۆنی ڕێك خستبوو ، له‌گه‌ڵ وه‌رزشه‌واناندا وه‌ مه‌شخه‌ڵێك كه‌ هه‌رمن ئاماده‌م كردبوو ، ده‌درا به‌ سه‌ركه‌وتو كه‌ به‌و مه‌شخه‌ڵه‌ ئاگری نه‌ورۆز گڕ تێبه‌ردا ، كه‌به‌داروته‌خته‌ ئاماده‌ كرابوو له‌ به‌رده‌م باخی گشتیدا.

ماویه‌تی

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

من وژینگه‌ و كۆمه‌ڵه‌ی كوردستانێكی سه‌وز

ئاماده‌کردنی: سه‌ربه‌ست عه‌بدولره‌حمان (به‌شی دووەم) كۆمه‌ڵه‌ی كوردوستانێكی سه‌وز / 16/ ...