سەرەکی » ئابووری » ترسی جیهان لە داچوونی ئابووریی ئەمریكا

ترسی جیهان لە داچوونی ئابووریی ئەمریكا

فەیسەل عەلی*

ئاستی مەترسیی جیهانی لە پاشەكشێی ئابووریی ئەمریكا رۆژ لە دوای رۆژ روو لە هەڵكشانە. ئەو كێشانەی رووبەڕووی ئابووریی ئەمریكا دەبێتەوە كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی هەیە، بەتایبەتیش لە سایەی ئەو ترسەی كە بەردەوام لە زیادبوونە لەوەی ئابووریی جیهانی بچێتە نێو بازنەی داچوونی ئابوورییەوە (الركود).

پاشەكشێی خواستی لەسەر سەنەداتی ئەمریكا
ئابووریی ئەمریكا پاشەكشێیەكی مەترسیدار بەخۆیەوە دەبینێت، لەكاتێكدا دەوڵەتە پێشكەوتووەكانیش رووبەڕووی پاشەكشێی ئابووری بوونە، نمونەی ئەڵمانیا، وێڕای ئەوەی ئابووریی چین بە هەمان شێوە لە پاشەكشێیەكی دیاری ئابووریدایە كە بۆ ماوەی چەند ساڵێكە لە نزمیترین ئاستی گەشەی ئابووریدایە. ئابووریی ئەمریكا بە قۆناغێكی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت، ئەوەش پاشەكشێی خواستی لەسەر سەنەداتی ئەمریكاو ناجێگیری بازاڕی دارایی بەدوای خۆیدا هێنا. ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ هەڵكشانی جەنگی بازرگانیی ئەمریكاو چین كە گەیشتۆتە ئاستێك رێوشوێنی توند بەرامبەر بە یەك دەگرنەبەر، لە میانی بەرزكردنەوەی رەسمی گومرگی لە دژ بە یەك.

2 % دابەزیوە
ئابووریی ئەمریكا ئێستا خێرایی گەشەكەی لەدەستداوە، ئەمەش لە بازنەی داچوونی ئابووریی نزیك دەكاتەوە، ئەمەش دوا پرسە كە ئابووریی جیهان پێویستی پێی دەبێت، ئاستی گەشەی ئابووریی ئەمریكا بۆ كەمتر لە 2 % دابەزیوە، ئەمە بەمانای چوونە نێو بازنەی داچوون ناگەیەنێت، هەرچەند هەندێك لە چاودێران وای بۆ دەچن. هەندێك لە دامەزراوە جیهانییەكان باس لە ئەگەری روودانی داچوونی ئابووریی ئەمریكا دەكەن تا كۆتایی ئەمساڵ، بەتایبەتیش دوای ئەوەی داتاكانی ئەندیكەیتەری چالاكییەكانی كەرتی پیشەسازی لە ماوەی زیاتر لە 10 ساڵی رابردوو وەك ئێستا داشكانی بەخۆیەوە نەبینیوە، سەرباری ئەو زیانە گەورانەی بەر كەرتی كشتوكاڵ كەوتووە دەرئەنجامی زیادكردنی رەسمی گومرگی لەسەر هاوردەی چین كە لە كەرتی كشتوكاڵ بەكاردەهێنرێن.

بە پاشەكشێی ئابووریی دەناسرێت
وەك روونە ئەنجومەنی یەدەكی فیدراڵی (بانكی ناوەندی) زۆر هاوكاری داخوازییە دووبارەبووەكانی سەرۆكی ئەمریكا ناكەن، كە داوای كەمكردنەوەی نرخی سود دەكات بۆ پشتیوانیكردنی گەشەی ئابووری. بانكی ناوەندیی ئەمریكا نرخی سودی داشكاند ئەمەش یەكەم جارە لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا كە ئەم كارە دەكات، ئامادەش نییە بەو شێوەی كە كۆشكی سپی داوای دەكات نرخی سود كەم بكاتەوە، بەڵام دۆناڵد ترامپ گوشارێكی زۆری خستۆتە سەریان بۆ ئەو كارە، بەڵام هیچ نیشانەیەك نییە كە بانكی ناوەندی بچیتە ژێر باری ئەو گوشارانەی سەرۆكەوە لانیكەم لە ماوەی ئەم دوو مانگەی ئەمساڵدا. ئەم هەنگاوانە لە كاتێكدایە، كە لە ئەمریكا هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا كە ساڵی داهاتوو ئەنجام دەدرێت دەستیپێكرد، ئەم ماوەیەش بە پاشەكشێی ئابووریی دەناسرێت، ئەمەش بۆچوونی ئەوانەی باسی لە چوونە نێو بازنەی داچوونی ئابوورییەوە بەهێز دەكات.

ئاستی خواست
ئابووریی ئەمریكا لە ماوەی چەند ساڵیكی رابردوو، بە درێژترین ماوەی گەشەی ئابوورییدا تێپەر بووە، بەڵام بەردەوامبوونی ئەو گەشەیە پەیوەستە بە ئاستی توانای پارە خەرجكردنی بەكاربەرانی ئەمریكاوە، ئەم توانایەش هێندە بەهێز نییە وەك دوو ساڵی رابردوو بەپێی ئەندیكەتەرەكانی حكومەتی ئەمریكا. ئاگاداركردنەوەكانی چوونە نێو بازنەی داچوونی ئابوورییەوەم ترس‌و دڵەڕاوكێیەكی زۆری لەسەر بنەچە داراییەكانی ئەمریكا دروست كردووە، ئەمەش خاڵێكی ئێجگار هەستیارە، بەتایبەتی ئاستی خواست لەم چەند مانگەی رابردوودا دابەزیوە، بە هەموو حاڵەتەكان، ئێستا دڵەڕاوكێ باڵی بەسەر گۆڕەپانی ئابووریی ئەمریكادا كێشاوە. لە سایەی پاشەكشێی گەشەی پیشەسازی، داشكانی ئاستی خەرجیی وەبەرهێنان، داشكانی خواست لە سەر دەستیكار، پاشەكشێی كشتوكاڵ، هەموو ئەمانە دەرگا لەبەردەم هەموو ئەگەرێكدا دەكەنەوە، ئەمەش بۆخی جەنگێكە كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئابووریی جیهانی دەبێت.

* سەرۆكی مونتەدای ئابووریی كوردستان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

دراوی دڵـنیاكەر و تـارمـایـی داچـوونـی ئـابـووری

فەیسەل عەلی* مەترسییەكانی روودانی بێبازاڕی ئابووریی جیهانی فراوان روو لە ...