سەرەکی » راپۆرت » خورماتوو لە شاری پێکەوە ژیانەوە بۆ شارێکی کارەساتبار

کردنەوەی پێشەنگایەکی تایبەت بۆ تاوانەکانی خورماتوو:

خورماتوو لە شاری پێکەوە ژیانەوە بۆ شارێکی کارەساتبار

راپۆرتی؛ تەحسین تەها چۆمانی

دوێنێ سێشەممە، لە مۆزەخانەی نیشتمانیی ئەمنەسوورەکەی سلێمانی پێشەنگایەکی تایبەت لە ژێر ناونیشانی(خورماتوو لە شاری پێکەوە ژیانەوە بۆ شارێکی کارەساتبار لە سەر دەستی حەشدی شەعبی) بە ئامادەبوونی دەیان کەسایەتی سیاسیی و رێکخراوەکانی بواری مافی مرۆڤ کرایەوە، کە بڕیار وایە ئەمڕۆش بە هەمان شێوە بەردەوامی هەبێت.

شاری خورماتوو
قەزای خورماتوو یەکێکە لە شارە کوردستانییە کێشە لەسەرەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عیراقی فیدراڵ، کە بە دووری ٧٠ کم دەکەوێتە باشوری پارێزگای کەرکوک، بە ١١٠ کم لە خۆرهەڵاتی پارێزگای سەڵاحەدین و ٢٠٠ کم لە بەغدای پایتەختەوە دوورە، لە ئێستادا رێژەی دانیشتوانەکەی ١٩٠ هەزار کەس دەبێت، کە بریتین لە پێکهاتەکانی نەتەوەی کوردو عەرەب و تورکمان، لە رووی ئاینییەوە دابەشبوون بەسەر مەزهەبەکانی سوننەو شیعە.

مێژووی ئیداری
خورماتوو لە دوای دروستبوونی دەوڵەتی نوێی عیراق یەکێک بووە لە ناحیەکانی سەر بە قەزای کفری، کە دواتر لە ساڵی ١٩٥١ کراوە بە قەزایەکی سەربەخۆ، لەکۆتای شەستەکانی سەدەی رابردوو تاکۆتای ساڵانی حەفتاکان دەسەڵاتدارانی حکومەتی عیراق بەهۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانەکەی و زیادبوونی سنورەکەی سێ ناحیەی بۆ دامەزرێندراوە، کە بریتین لە ناحیەکانی (نەوجول، سلێمان بەگ، ئامرلی)، یەکەم هەنگاوی تەعریبی خورماتوو لە ٢٩/١/١٩٧٦ لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەحمەد حەسەن بەکر بووە کە لەپارێزگای کەرکوک دابڕێندراوەو خراوەتە سەر پارێزگای سەڵاحەدین.
لەساڵی ١٩٨٠ تا ١٩٨٨ و دەستپێکی پرۆسەی ئەنفال بەتەواوی هەردوو ناحیەی نەوجول و قادرکەرەم بەسەرجەم گوندەکانیەوە خاپورکراو بەشێکی زۆری دانیشتوانیان بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتن کە لە پێکهاتەی کوردبوون.
دوورخورماتوو لەسەرەتای دروسبوونیەوە ناوەندێک بووە بۆ پێکەوەژیانی نەتەوەکان و پەیوەندیەکی تەندروست لە نێوان تەواوی پێکهاتەکاندا هەبووە، بەرادەیەک مەسەلەی نەتەوەیی و مەزهەبیەکان هیچ کاتێک نەبۆتە کێشە لەنێوان پێکهاتەکاندا، بەڵام دەسەڵاتدارانی حکومەتی عیراق هەمیشە کاریان لەسەر دووبەرەکەی و ئاژاوەنانەوە لەنێوان پێکهاتەکاندا کردووە، کە نزیکترین نمونەش روداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری رابردوو بوو کە تێیدا پێکهاتەی کوردی ئەو قەزایە لەلایەن حەشدی شەعبی و سوپای عیراق ئاوارەکران و زیانێکی زۆریان پێگەیەندرا.

مەبەست لە پێشەنگاکە
تیمی کۆکردنەوەی بەڵگەی تاوانەکانی خورماتووتیمی کۆکردنەوەی بەڵگەی تاوانەکانی کە پێکهاتوون لە کۆمەڵێک کەسی یاسایی و پسپۆڕ و خۆبەش خورماتوو ئاماژەیان بەوەکرد کە مەبەست لە کردنەوەی ئەم پێشەنگایە کۆکردنەوە و دیکۆمێنیت کردنی هەموو ئەو تاوانانەیە کە لە دوای رۆژی ١٦ ئۆکتۆبەر لە سەر دەستی حەشدی شەعبی لەو شاردا ئەنجامدراوە. هەروەک پیشاندانی ئێش ئازارەکانی خەڵکی دووزخورماتووە، بەو پێیەی کە تاوەکو ئێستا بایەخێکی ئەو تۆ کە لە ئاست وێراناکاری و تاوانەکان بەرامبەر بە ئەو شارە و بەتایبەت پێکهاتەی کورد نەدراوە.

دۆسێی یاسایی
رێکخەرانی ئەو پێشەنگایە ئاماژە بەوەش دەکەن، یەکێکی تر لە مەبەستی کردنەوەی ئەم پێشەنگایە وەک قۆناغی یەکەم کردنەوەی دۆسێیەکی یاسایی دژ بە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانەیە و هەروەها گەیاندنی بەڵگەکانە بە رێکخراوە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و لە قۆناغی داهاتووشدا تیمەکەیان لە رێگەی کۆکردنەوەی زیاتری بەڵگەکان و بەستنی کۆڕو سیمیناری تایبەت بە ئەنجامدانی تاوانەکانی دژ بەپێکهاتەی کورد لە خورماتوو بەردەوامی بە کارەکانیان دەدەن.
تیمی کۆکردنەوەی بەڵگەی تاوانەکان لە خورماتوو، لە سەرەتای ئاوارەبوونی لێقەوماوانی ئەو شارە بۆ کۆمەک و هاوکاری پێکهات، تائێستاش پەیوەندییان بە دەیان رێکخراوی و لایەنی سیاسی و ناحکومیەکان کردووە بۆ بە دەنگەکەوە هاتنیان لە مەڕ ئەنجامدانی تاوانەکان.

زیانەکانی دوایی ١٦ ئۆکتۆبەر
لەدوای رۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەرو ئاوارەبوونی دەیان هەزار کوردی دانیشتووی قەزای خورماتوو حەشدی شەعبی و حەشدی تورکمانی زەرەرو زیانێکی زۆریان بە ماڵ وسامانی هاوڵاتیان گەیاندووە، بە ئەندازەیەک کە ٩١٣٧ خێزان ئاوارەبوون و ژمارەیان پێکهاتووە لە ٥٣٠٠٠ کەس، بەگوێرەی ئامارێکی تیمی کۆکردنەوەی بەڵگەی تاوانەکانی خورماتوو زیانەکان بە دووجۆر پۆلێن کراون:
یەکەم: زیانە گیانی و جەستەییەکان
* شەهیدبوونی (٢) هاوڵاتی و (٧) پێشمەرگە.
* برینداربوونی ١١٥ کەس کە پێکهاتوون لە دانیشتوانی خورماتوو هێزەکانی پێشمەرگە
* دەستدرێژی بۆ سەر چوار ژن کە حاڵەتێکیان بە فەرمی لە بنکەی پۆلیس تۆمارکراوە
* گیانلەدەستانی ٥ کەس لە کاتی ئاوارەییدا
دووەم: زیانە ماددیەکان
* تاڵانکردن و سوتاندن و شێواندنی زیاتر لە ٣١٥٠ ماڵی هاوڵاتیانی کورد
* تەقاندنەوەی ٥٣ شوێنی بازرگانی (دوکان و کارگە)
* دزینی ١٥٦ ئوتومبێل و بارهەڵگرو شۆڤڵ و حەفارەی هاوڵاتیان
* تاڵانکردن و سوتاندنی بارەگای سەرجەم حزب و لایەنە کوردیەکان کە پێکهاتبوون لە ١٥ بارەگا
* تاڵانکردن و سوتاندنی شەش دامەزراوەی سەربەحکومەتی هەرێمی کوردستان
* سوتاندن و تاڵانکردنی چوار رادیۆو تەلەفزیۆنێکی لۆکاڵی کوردی.
* لە ژمارەی هەینی و شەممەدا کاردانەوەی بەشداربووان لەسەر پێشەنگاکە بڵاو دەکەینەوە

 622 جار بینراوە