سەرەکی » راپۆرت » شكۆی نه‌ته‌وه‌ له‌ كتێبێكدا به‌ پیتی لاتینی‌و شێوازی كرمانجی

شكۆی نه‌ته‌وه‌ له‌ كتێبێكدا به‌ پیتی لاتینی‌و شێوازی كرمانجی

له‌چوارچێوه‌ی‌ كۆڕو سیمیناره‌كانی‌ ساڵۆنی‌ كوردستانی‌ نوێدا، رۆژی‌ 3/10/2019، هاوكات له‌گه‌ڵ ساڵیادی كۆچی دوایی شكۆی نه‌ته‌وه‌، سه‌رۆك مام جه‌لال، یه‌كه‌مین كتێب به‌شێوازی كرمانجی له‌سه‌ر كه‌سایه‌تی ‌و رۆڵ‌و خه‌باتی سه‌رۆك مام جه‌لال، له‌ساڵۆنی كوردستانی بڵاوكرایه‌وه‌.
كتێبه‌كه‌ له‌لایه‌ن هۆزان عه‌فرینی نوسه‌ر‌و رۆژنامه‌نوس ئاماده‌كراوه‌، له‌و كتێبه‌دا رای نوسه‌رو سیاسه‌مه‌تدارانی كورد‌و عه‌ره‌ب‌و ئیرانی ‌و ئه‌مریكی‌و توركی‌و ئه‌وروپی خراونه‌ته‌ روو، له‌باره‌ی كارێزماو رۆڵ‌و خه‌باتی مام جه‌لال به‌شیوازی كرمانجی كه‌ یه‌كه‌مین پێشمه‌رگه‌ی كورده‌، بووه‌ سه‌رۆك كۆمار له‌ مێژووی عیراقدا. كتێبی مام جه‌لال سیمبولی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ چاپكراوه‌كانی پیوكه‌ی میدیایه‌.

راپۆرت: تارق كه‌مال، باخان محه‌مه‌د

فۆتۆ: حەمه‌ عومه‌ر

له‌سه‌ره‌تای كۆڕه‌كه‌ی كاروان ئه‌نوه‌ر سه‌رجه‌م میوانانی كۆڕ‌كه‌ی به‌خێرهێناو وتی:»
هه‌موولایه‌ك به‌خێربێن به‌ناوی خۆمان‌و ساڵۆنی كوردستانی نوێوه‌ به‌خێرهاتنی هه‌موولایه‌كیتان ده‌كه‌ین، كۆڕبه‌ندێكه‌ ئه‌مڕۆ یادی كه‌سێكی زۆر مه‌زن ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ له‌خزمه‌تی ئه‌وكه‌سه‌ مه‌زنه‌دا مامۆستا‌و رابه‌ر رێنیشانده‌ر‌و خاوه‌ن قه‌ڵه‌م كه‌سێك كه‌له‌ هه‌موومان شاره‌زاتر‌و دڵسۆستر بۆ كورد‌و كوردستان، به‌داخه‌وه‌ ئێستا هه‌واڵه‌ی ئه‌وه‌شیان پێ ڕاگه‌یاندین چه‌ندساتێك پێش ئێستا هاوڕێیه‌كی قه‌ڵه‌می جه‌نابی مام جه‌لال دكتۆر عیزه‌دین موسته‌فا ره‌سوڵ گیانی به‌رزه‌فڕی گه‌یشته‌ ئاسمان هاوكات خزمێكی نزیكی مام جه‌لال دكتۆر پێشه‌وا تاڵه‌بانیش به‌هه‌مان شێوه‌ به‌داخه‌وه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌ویش وه‌فاتی كرد، سه‌رۆك مام جه‌لال هه‌رچی له‌سه‌ر بنووسرێت هه‌رچی له‌سه‌ر بوترێت هێشتا دڵۆپێكه‌ له‌ده‌ریای ئه‌وخزمه‌ته‌ی كه‌ به‌نه‌ته‌وه‌ی كوردی كردووه‌، كه‌ده‌ڵێین نه‌ته‌وه‌ی كورد ئێمه‌ لێره‌دا وه‌كو سومبولێكی نه‌ته‌وه‌ی ده‌یناسێنین، راسته‌ سكرتێری یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و دامه‌زرێنه‌ری یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بووه‌، به‌ڵام ئێمه‌ ته‌نها رۆحی به‌رزه‌ فڕی مام جه‌لال‌و خزمه‌تی مام جه‌لال قه‌تیس ناكه‌ین له‌وه‌ی كه‌ ته‌نها سكرتێری یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بووه‌، نه‌خێر، مامۆستای كوردایه‌تی خاوه‌ن قه‌ڵه‌م خاوه‌ن هه‌ڵوێست كه‌سێكی دووربین به‌ڕاستی ئه‌وه‌ی كه‌ مام جه‌لال بۆ كوردی كردووه‌ به‌به‌راورد به‌سه‌رجه‌م سه‌ركرده‌كانی كورد زۆر زۆر له‌هه‌موویان زیاتر خزمه‌تی به‌كورد‌و كوردایه‌تی كردووه‌، پیاوێك بوو هه‌تا ئه‌وڕۆژه‌‌و ئه‌وساته‌ی چاوی له‌یه‌كنا له‌خه‌می كوردایه‌تیدابوو، كه‌ده‌ڵێن كوردایه‌تی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك جیاوازی نه‌كردووه‌ له‌ نێوان دیاربه‌كر‌و هه‌ڵه‌بجه‌ یا له‌نێوان قامیشلۆ‌و كرماشاندا له‌نێوان خانه‌قین‌و زاخۆدا، ئێمه‌ وه‌كو PUK میدیا حه‌زمانكرد به‌زمانی كرمانجی هه‌تا وه‌كو هه‌ڤاڵان‌و خزمانی باكور‌و رۆژئاوا‌و ژماره‌یه‌ك له‌خزمانی رۆژهه‌ڵاتمان زیاتر كه‌سایه‌تی مام جه‌لال بناسن، له‌به‌رئه‌وه‌ی مام جه‌لال هه‌ڵمه‌تێكی له‌سه‌ر بوو له‌قۆناغێك له‌قۆناغه‌كاندا كه‌ ته‌نیا سه‌ركرده‌ی باشووری كوردستان بێت، نه‌خێر ئێمه‌ له‌م كتێبه‌دا مام جه‌لامان وه‌كو خۆی ناساندووه‌ هیچ گه‌وره‌ كردنێكی تێدا نییه‌،به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی لێره‌دا باسمان كردووه‌ ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ كتێبه‌كه‌ به‌زمانی شێوه‌زاری كرمانجی ژوورووه‌و به‌ ئه‌لف‌و بێی لاتینی نووسراوه‌، یه‌كێكه‌ له‌وكتێبانه‌ی كه‌له‌سه‌ر سه‌رۆك مام جه‌لال نووسیومانه‌، به‌ڕاستی ئێوه‌ش هه‌موو وه‌كو خوم خۆری كوردایه‌تی له‌سه‌رمان پێویسته‌ كه‌ مام جه‌لال چی كردووه‌ ئه‌وه‌نده‌ بناسین ئه‌وه‌نده‌ بزانین، مام جه‌لال ئه‌و پیاهه‌ڵدانانه‌ی كه‌ جۆش بۆش‌و كه‌ بینكلین تۆن‌و كه‌سه‌ركرده‌ جیهانییه‌كان كردوویانه‌ له‌كه‌سایه‌تی ده‌توانم بڵێم ئاسایی ده‌رچووه‌،مام جه‌لال كه‌سایه‌تییه‌كی ئه‌نته‌رناسیۆناڵه‌، كه‌سایه‌تییه‌كی جیهانییه‌، هه‌رچی بڵێن ئێمه‌ هه‌رچی بڵێن له‌سه‌ر مام جه‌لال هێشتا هه‌ركه‌مه‌، به‌ڵام وه‌كو مێژوو پێویسته‌ كه‌تا ئێستا كتێبمان به‌شێوه‌زاری كرمانجی‌و دیالێمتی كرمانجی ژووروو نه‌بووه‌ وبه‌ئه‌لف ‌وبێی لاتینیش كتێبمان نه‌بووه‌، ئه‌مه‌ یه‌كه‌م هه‌وڵه‌ كه‌ كاك هۆزان ئه‌نجامی داوه‌ ‌وسوپاس بۆ مه‌كته‌بی راگه‌یاندن كه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ ژێرباری چاپكردنی كتێبه‌كه‌ به‌ڕاستی ئه‌گه‌ر وانه‌بووایه‌ ئه‌و كتێبه‌ به‌م دیزاینه‌ جوانه‌ به‌م دیقه‌ته‌ كه‌له‌ وڵاتێكی وه‌كو ئێران چاپكراوه‌ نه‌ده‌گه‌یشته‌ به‌ده‌ستی ئێمه‌، ئێستاش كاك هۆزان باس له‌ ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌ ده‌كات.»

سه‌باره‌ت به‌ ئاماده‌كردنی كتێبه‌كه‌ش به‌تێروسه‌له‌ی له‌ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌كه‌ دواو هۆزان عه‌فرینی رایگه‌یاند:
زۆر سوپاس بۆكاك كاروان كه‌ رۆڵێكی گه‌وره‌ی بینی بۆ ئاماده‌كردنی ئه‌م كتێبه‌ كه‌له‌به‌شی كرمانجی PUK میدیایه‌، ئه‌مڕۆ 3/10 كه‌دووه‌مین ساڵ رۆژیی كۆچی دوایی به‌ڕێزمام جه‌لاله‌، به‌ڕاستی مام جه‌لال وه‌كو رۆژنامه‌نووسێك وه‌كو مامۆستایه‌ك وه‌كو شۆڕشگێڕێك وه‌كو پێشمه‌رگه‌یه‌ك وه‌كو كوردپه‌روه‌رێك‌و رێبه‌رێك ده‌توانێت خۆی له‌ناو هه‌موو پڕۆسه‌ی ئاشتی كوردی‌و نێوده‌وڵه‌تی به‌گیر بكات، ئێستا بۆنموونه‌ له‌ ساڵی 1984 له‌قه‌ندیل هودا حوسینی كه‌رۆژنامه‌وانێكی به‌ناوبانگی نێوده‌وڵه‌تییه‌ كه‌ لوبنانییه‌ له‌گه‌ڵ شه‌هید قاسم لۆ دیدارێك ده‌كات بۆ گۆڤاری الصیاد له‌لوبنان، پرسیار له‌ شه‌هید قاسم لۆ ده‌كات، هودا حوسێنی ده‌ڵێت: بۆچوونتان له‌سه‌ر مام جه‌لال چۆنه‌؟ وڕۆڵی چییه‌؟ یه‌كسه‌ر به‌پێكه‌نینه‌وه‌ شه‌هید قاسم لۆ ده‌ڵێت: ئه‌و پیاوێكی زۆر زیره‌ك‌و سیاسییه‌كی موحنه‌كه‌،كه‌ ئێمه‌ هه‌موومان شه‌هید قاسم لۆ به‌ ئه‌ندازیاری سیاسه‌تی كورد ده‌زانین، به‌ڵام له‌وێوه‌ شه‌هید قاسم لۆ، مام جه‌لالی برده‌ پێشه‌وه‌ كه‌ پیاوێكی گه‌وره‌‌و سیاسه‌ت مه‌دارێكی موحه‌نه‌كه‌، ده‌ڵێت: ئێمه‌ ئه‌وكاته‌ له‌گه‌ڵ سه‌دام حسێن هه‌وڵماندا كه‌ پرۆسه‌ی ئاشتی له‌نێوان مام جه‌لال‌و سه‌دام حسێن بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌وشه‌ڕوو جه‌نگه‌ رابووه‌ستێت، هه‌روه‌ها جۆن بایدن كه‌سایه‌تییه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌مه‌ریكییه‌‌و ئێستاش له‌به‌رامبه‌ری تره‌مپ ته‌نها ئه‌وهه‌یه‌ كه‌ڕه‌خنه‌ له‌تره‌مپ ده‌گرێت به‌ ئاشكرا، جۆن بایدن به‌ مام جه‌لال ده‌ڵێت: تۆ سه‌ركرده‌یه‌كی گه‌وره‌ی نه‌ك ته‌نها عیراقی‌و كوردیت تۆ سه‌ركرده‌یه‌كی جیهانیت، یه‌ك ساڵ زیاتره‌ ئیشی له‌سه‌ر ئه‌م كتێبه‌ ده‌كه‌م و له‌ چوارچێوه‌ی به‌شی كرمانجی puk میدیادا وبه‌شی كرمانجی رۆڵێكی زۆر هه‌یه‌ نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی من خۆم خه‌ڵكی رۆژئاوای كوردستانم واده‌ڵێم،به‌ڵكو به‌شی كرمانجی كاك سه‌میر‌و كاك كاروان له‌سه‌ره‌تاوه‌ براده‌رانی دیكه‌ش كه‌ ئاماده‌بوون دیاره‌ سانسۆر له‌سه‌ر به‌شی كرمانجی نه‌بوو بۆ خزمه‌تكردنی به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان به‌ئازادانه‌ به‌شی كرمانجی ئیشی كردووه‌، بۆیه‌ رۆڵی مام جه‌لال له‌پڕۆسه‌ی ئاشتی باكوردی كوردستان كه‌ زۆر زۆر ئاماژه‌م پێ كردووه‌، كه‌مام جه‌لال چۆن رۆڵی هه‌بووه‌ له‌ ئاشتی باكوری كوردستان وه‌كو ئه‌ندازیاری ئاشتی پرۆسه‌ی ئاشتی بۆ مام جه‌لال كه‌ زۆر شتی هه‌بوو له‌گه‌ڵ سه‌رۆك ئاپۆ، به‌ڵام زۆر شت به‌ ئاشكرا نه‌بوو، به‌هۆی مه‌سه‌له‌ی مام جه‌لال و سیاسه‌تی مام جه‌لال،له‌دوای نه‌خۆشكه‌وتنی مام جه‌لال وه‌كو هه‌مووتان ئاگادارن ئێستا زۆر وێنه‌ ده‌رچوون وێنه‌ی زۆر سه‌یر كه‌س ئاگادار نه‌بووه‌، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌سیاسه‌ته‌كانی مام جه‌لال كه‌زیره‌ك بوو ‌وزانی چۆن رۆڵی خۆی ببینێت، جگه‌له‌وه‌ به‌ڕێز حه‌مید ده‌روێش كه‌سیاسه‌ت مه‌دارێكی كوردی رۆژئاوایه‌ له‌ كتێبه‌كه‌ ئه‌وه‌ش باسده‌كات، باس له‌ رۆڵی مام جه‌لال ده‌كات كه‌مام جه‌لال چۆن بووه‌‌و چی كرد بۆ كوردی رۆژئاوای كوردستان هاوڕێیه‌كی چۆن بوو؟ سه‌ركرده‌یه‌كی چۆن بووه‌؟ چۆن خزمه‌تی رۆژئاوای كوردستانی كردووه‌؟ له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌ 1958 له‌وكاته‌وه‌ كه‌ مام جه‌لال رۆڵی چی بوو له‌ڕۆژئاوای كوردستان؟ له‌گه‌ڵ خوێندكارانی كورد كه‌ مام جه‌لال خۆی خوێندكاری حقوق بووه‌ له‌ زانكۆی دیمه‌شق، له‌وێش رۆڵێكی زۆری هه‌بووه‌، مام جه‌لال له‌رووی مه‌سه‌له‌ی هاوكاری‌و مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌یی خزمه‌تێكی زۆر زۆری پیشكه‌ش كردووه‌، وه‌كو چۆن لێره‌ له‌ مناڵییه‌وه‌ ئه‌وزیره‌كییه‌ی هه‌بووه‌، مام جه‌لال له‌سه‌ره‌تاوه‌ پشتیوانی هه‌نگاوی دامه‌زرێنه‌ی یه‌كه‌مین پارتی كوردی رۆژئاوای كوردستانی كردووه‌، دكتۆر خه‌لیل محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا كه‌ ئێسته‌ش هه‌یه‌ هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ مامۆستا حه‌مید حاجی ده‌روێش بوو له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌ ئه‌مه‌ریكاوه‌ كه‌ هات بۆ ئێره‌ بۆلای مام جه‌لال به‌داخه‌وه‌ ئه‌وكاته‌ مام جه‌لال چوو بۆ ئه‌ڵمانیا بۆ نه‌خۆشی، ئه‌وكاته‌ نه‌مر عادل موڕاد پێشوازی لێكرد، ئه‌وكاته‌ باسی رۆڵی مام جه‌لال كرد، كه‌وتی ئێمه‌ هاتین بۆ به‌غداد له‌ سوریاوه‌ له‌ساڵی 1958 ده‌ڵێت: جگه‌ر خوێن له‌گه‌ڵ ئێمه‌ هاتن مام جه‌لال ‌ومه‌لا مسته‌فا بارزانی نه‌مر ئه‌وان پێشوازیان لێكردین، به‌ڵام ده‌ڵێت: مام جه‌لال ده‌توانیت زیاتر له‌گه‌ڵ ئێمه‌ هه‌ڵسوكه‌وت بكات كه‌ ئێمه‌ چوون ئیش بكه‌ین، ده‌ڵێت: ئه‌وكاته‌ مام جه‌لال وه‌كو كه‌سێكی دینامیكی بوو له‌ناو پارتی كه‌ مام جه‌لال له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی كوردی به‌شه‌كانی تر چۆن هه‌ڵسوكه‌وت بكات، دكتۆر خه‌لیل محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا ده‌ڵێت: مام جه‌لال زۆر گرنگی به‌مه‌سه‌له‌ی خوێندن داوه‌ به‌پله‌ی یه‌كه‌م، ده‌ڵێت: بۆنموونه‌ به‌منی وت دیاره‌ تۆ كه‌سێكی لێهاتویت پێم خۆشه‌ مسته‌وای تۆ به‌رزتربێت، وتی: چی بكه‌م؟ وتی: خۆت ئاماده‌ بكه‌ ده‌تنێرین بۆ رووسیا له‌ڕووسیا بخوێنه‌ خوێندنی باڵا ئه‌وكاته‌ تۆ ده‌توانیت خزمه‌تی باشتر بكه‌یت به‌ كورد‌و كوردستان، ده‌ڵێت منی نارد بۆ رووسیا له‌وێ دكتۆرا‌و مانجستێرم هێناله‌ ئیقتیصاد ئه‌مه‌ رۆڵی مام جه‌لال بوو كه‌ كوردێك له‌كوێ هه‌بێت پێی خۆشبوو ئاستی خوێندن ئاستی زانست زۆر به‌رزبێت، كه‌واته‌ مام جه‌لال ته‌نها به‌مه‌سه‌له‌ی چه‌كداری به‌ناوبانگ نه‌بووه‌، مام جه‌لال هه‌م پشتیوانی له‌شكری بووه‌ ‌وهه‌م پشتیوانی سیاسیی بووه‌ ‌وهه‌م پشتیوانی خوێندن‌و زانست بووه‌، كه‌سایه‌تییه‌كی شمولی بووه‌ له‌مه‌سه‌له‌ی خزمه‌تكردنی كۆمه‌ڵگه‌‌و نه‌ته‌وه‌یی، بڕیاری له‌ سێداره‌دانی هه‌بوو بۆ سێ گه‌نجی كورد له‌ئێران،ئێمه‌ لێره‌ له‌پاركی ئازادی خۆپیشاندانمانكرد داوامانكرد له‌مام جه‌لال ئه‌وبڕیاره‌ رابگرێت، مام جه‌لال هه‌وڵیدا وه‌دوای ئه‌وه‌ خۆی چوو بۆ ئێران و له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ گفتوگۆی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئیران كردوو دوای نامه‌ی بۆ ئێمه‌ نارد كه‌ ته‌واو ئه‌و سێ كه‌سه‌ سێداره‌ نادرێن، ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ مام جه‌لال رۆڵی له‌هه‌مووشتێكدا هه‌بووه‌ و ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ ئێمه‌ بڵێین مام جه‌لال سه‌رۆكه‌ به‌ڵكو مه‌سه‌له‌ی له‌وه‌ گه‌وره‌تر هه‌یه‌ كه‌خزمه‌تی كوردی كردووه‌ له‌هه‌ر چوار پارچه‌كه‌، به‌ڵام شێوازه‌كه‌ی جیاوازبوو، براده‌رانی هه‌ده‌په‌، سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش، باسی رۆڵی مام جه‌لال ده‌كات، عوسمان بایدامیر له‌ كتێبه‌كه‌دا باسی رۆڵی مام جه‌لال ده‌كات، هه‌روه‌ها سه‌ركرده‌كانی رۆژئاوای كوردستان كه‌چیان وتووه‌ به‌تایبه‌ت ئیداره‌ی زاتی، فه‌وزه‌ یوسف رۆڵی مام جه‌لالی به‌گه‌وره‌ نرخاندووه‌، سیپان حه‌بوود سه‌رله‌شكری گشتی یه‌په‌گه‌ له‌كاتێك كه‌ مام جه‌لال نه‌خۆش ده‌كه‌وێت و خه‌به‌ره‌كه‌ ده‌بیستێت من خۆم له‌گه‌ڵ ئه‌وبووم 2013 له‌ ئه‌فرین بووم كه‌ ده‌ڵێت: له‌م كاته‌دا نه‌خۆش كه‌وتنی مام جه‌لال زیانه‌ بۆ گه‌لی كورد‌و هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان، ده‌بێت له‌ئێستادا بابه‌تی مام جه‌لال به‌چاوێكی حزبی سه‌یرنه‌كه‌ین له‌وڕووه‌ وه‌ من ره‌خنه‌ له‌براده‌رانی یه‌كێتیش ده‌گرم چونكه‌ مام جه‌لال بووه‌ته‌ سه‌ركردیه‌كی كوردی‌و جیهانی، ئێوه‌ ئاگادارن له‌ساڵی 1963 مام جه‌لال له‌كۆنگره‌ی فه‌ره‌نسا كه‌باسی راستییه‌كانی گه‌لی به‌رگری له‌ كه‌یسی كورد كردووه‌، چونكه‌ خۆی پارێزه‌ر بوو پارێزه‌رێكی زۆر سه‌ركه‌وتوو بوو، بۆیه‌ من له‌م كتێبه‌كا زۆر شت كه‌ ده‌رباره‌ی مام جه‌لال وتراوه‌ به‌به‌ڵگه‌وه‌ باسم لێوه‌ كردووه‌،رۆڵی راگه‌یاندنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كه‌باسم كردووه‌ ئه‌نصاتی مه‌ركه‌زی، گه‌لی كوردستان، پیوكه‌ی میدیا، كوردستانی نوێ، ئه‌مانه‌ چیان كردووه‌ بۆ رۆژئاوای كوردستان، بۆ باكوری كوردستان، بۆ به‌شه‌كانی دیكه‌‌و بۆ رۆژئاوای كوردستان ئه‌و راستییه‌ هه‌یه‌ كه‌ هاوكارییه‌كی زۆر كراون نه‌ك ته‌نها له‌ڕووی سه‌ربازییه‌وه‌ یان له‌ڕووی سیاسییه‌وه‌ یان له‌ڕووی دیبلۆماسییه‌وه‌، خوشكه‌كه‌مان یه‌كه‌م په‌یامنێری پیوكه‌ی میدیا كه‌چوو بۆ ئه‌فرین له‌شه‌ری عه‌فرین‌و به‌رخودانی ئه‌فرینیش به‌ژداربووه‌، له‌ كۆبانێش یه‌كه‌م په‌یامنێری كوردستانی نوێ‌و پیوكه‌ی میدیا‌و خۆم بووم، له‌شه‌ڕی كۆبانێ كاكه‌ شیروان قامیشمان له‌گه‌ڵ بوو كه‌ئه‌وكاته‌ ئێمه‌ پێش پێشمه‌رگه‌ له‌وێ بووین، دووگه‌ڕه‌كی كۆبانێ مابوون ئه‌وكات یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌رێی ئه‌مه‌ریكا چه‌كی ناردبوو ئه‌وكاته‌ به‌ڕاستی هه‌راسان بوو بووین، به‌ڵام به‌م چه‌كانه‌ بووژاینه‌وه‌ زۆر كه‌س ده‌ڵێت پێشمه‌رگه‌ پێشمه‌رگه‌ی فه‌قیر ته‌نهاچووه‌ چه‌كی بردووه‌ ده‌ستیان خۆشبێت زۆر سوپاس، به‌ڵام ناردنی ئه‌وچه‌كه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ ئه‌وه‌ گرنگ بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی داعش هه‌موو كۆبانێی گرتبوو، مشته‌نووری گرتبوو خۆتان ده‌زانن مشته‌نوور شوێنێكه‌ وه‌كو ئه‌زمه‌ڕ وایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌زمه‌ڕ بكه‌وێته‌ ده‌ستی دوژمن تۆ له‌ سلێمانی چی بكه‌یت؟به‌ڵام ئه‌و چه‌كانه‌ی كه‌ شێخ لاهور‌و یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان ناردیان بۆ كۆبانی ئه‌وه‌ گرنگ بوو، ئێمه‌ ده‌ستخۆشی لێده‌كه‌ین،هێرۆخان وه‌كو ژنێكی كورد خزمه‌تێكی زۆری كردووه‌ كه‌ ئه‌مانه‌ له‌بیر ناچێت، كاك قوباد‌و كاك باڤێڵ‌و كاك كۆسره‌ت رسوڵ‌و دكتۆر به‌رهه‌م‌و هه‌موو سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی رۆڵیان له‌به‌رچاوه‌‌و جێگه‌ی رێز‌و پێزانین‌و ده‌ستخۆشییه‌، ئه‌مه‌ ره‌نگه‌ له‌ڕووی مه‌سه‌به‌ی نه‌ته‌وه‌ی ئه‌ركی خۆیان بێت وئه‌ركی خۆشیانه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌، هیوادارم هه‌موو نووسه‌رێكی كورد من ناڵێم ته‌نها له‌سه‌ر مام جه‌لال ، به‌ڵكو ئێستا زۆر سه‌ركرده‌ی دیكه‌ هه‌یه‌ بۆ نموونه‌ عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان هه‌یه‌ كه‌له‌ زیندانه‌ له‌سه‌ریان بنوسرێت،ئێستا مامۆستا یوسف زۆزانی خه‌ڵكی لای خۆمانه‌ رۆژئاوای كوردستان له‌ناو یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان 30 ساڵ 40 ساڵ تێپه‌ڕی كردووه‌، زۆر كه‌سی دیكه‌ هه‌یه‌ كه‌ خزمه‌تی كردووه‌، كه‌من ده‌ڵێم كوردستانی نوێ كاك ستران له‌ 2005 ه‌وه‌ مامۆستای من بووه‌ له‌بواری رۆژنامه‌گه‌ریدا ‌وخزمه‌تێكی زۆری كردووه‌، من پێم وایه‌ له‌م كتێبه‌دا راستییه‌كه‌ی مام جه‌لال ده‌ناسن كه‌ ئه‌گه‌ر خوێنه‌ری كرمانجیش نه‌بیت هه‌وڵبده‌یت لێی تێبگه‌یت.
هه‌ر له‌كۆڕه‌كه‌ ده‌رگای گفتوگۆ به‌ڕووی ئاماده‌بووان كرایه‌وه‌و به‌م شێوه‌ی خواره‌وه‌ چه‌ند به‌شدار بوویه‌ك به‌شداریان كرد.

عه‌لی شه‌مدینی:
كاك هۆزان ئیشاره‌تی به‌ شتێكی گرنگ كرد له‌ ژیانی مام جه‌لال-دا وه‌ك كاره‌كانی ئه‌و له‌كوردستانی عیراقدا، له‌ ساڵی 1955 رۆڵی مام جه‌لال له‌ كوردستانی سوریا كه‌ تیشكی نه‌خراوه‌ته‌ سه‌ر ئێمه‌ شاهیدین وه‌ك‌و كوردی سوریا به‌گشتی‌و وه‌ك حزبی پێشكه‌وتنخوازی كورد له‌ سوریا كاك حه‌مید ده‌روێش كه‌ دۆستێكی دێرینی مام جه‌لال، ئێمه‌ ئاگادارین هه‌ندێك شتی‌ گرنگ هه‌یه‌ له‌ ژیانی‌ مام جه‌لال-دا، كه‌س نه‌یكردووه‌، ئه‌ویش له‌ ساڵی‌ 1955دا واته‌ 65 پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ شام بوو، ئه‌و كاته‌ رۆڵێكی‌ زۆر گرنگی‌ له‌ دامه‌زراندنی‌ یه‌كه‌مین پارتی‌ كوردی‌ له‌ سوریا هه‌بوو كه‌ له‌ 14ی‌ حوزه‌یرانی‌ 1957دا راگه‌یه‌نرا، كاك حه‌مید ده‌ڵێ،هاوكاری‌ زۆری‌ كرد‌و هه‌موو شاره‌ كوردییه‌كان گه‌ڕا، قامشلو، كوبانێ، عه‌فرین خه‌ڵكی‌ هێنایه‌ ناو پارته‌كه‌وه‌، ئه‌و گروپه‌ له‌ حزبی‌ شیوعی‌ جیابۆوه‌‌و هات، ئه‌و گروپه‌ كه‌ هاتن بوون به‌ ئه‌ندامی دامه‌زرێنه‌ری یه‌كه‌مین پارتی كوردی سوریا،له‌كوردستانی توركیا هه‌مان پارت به‌و شێوه‌یه‌ دامه‌زرا، حه‌مید ده‌روێش ده‌ڵێت كاتێك دانیشتوم له‌گه‌ڵ مام جه‌لال پێشبینی ئه‌وه‌ی نه‌كردووه‌ كه‌ رژێمی سوریا ناڕوخێت‌و مام جه‌لال زۆر به‌ ئاگا بووه‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی كورد مام جه‌لال رۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌بووه‌ بۆ پشتیوانی كوردی سوریا،مام جه‌لال جارێك ده‌عوه‌تی كردین كاك حه‌مید ده‌روێش‌و چه‌ند براده‌رێكی تر، مام پرسیاری له‌ حه‌مید ده‌روێش كردو وتی له‌و كاته‌وه‌ تا ئێستا كێ له‌ ژیاندا ماوه‌ له‌ ته‌مكه‌نی خۆماندا حه‌مید ده‌روێش وتی ته‌نها دكتۆر عیزه‌دین مسته‌فا ماوه‌، به‌داخه‌وه‌ ئه‌ویش ئه‌مڕۆ كۆچی دوایی كرد.

حه‌جی عه‌فرینی:
ژیانی مام جه‌لال‌و كه‌سایه‌تی مام جه‌لال به‌ زاراوه‌ی كرمانجی زۆر پێویست بوو چونكه‌ بیست ملیۆن كوردی باكور چوار ملیۆن له‌ رۆژئاوای كوردستان قسه‌ی پێده‌كات، تا ئێستا شاره‌زا نین مام جه‌لال كه‌سایه‌تییه‌كی چۆنبوو نه‌هێنیی گرنگ نییه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ سۆرانی هه‌یه‌، به‌زمانی عه‌ره‌بی زانیاری زۆر هه‌یه‌ له‌سه‌ر مام جه‌لال به‌ڵام بۆ زمانی لاتینی ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جاره‌‌و كاری باشتریش بكرێت چونكه‌ رۆڵی مام جه‌لال زۆر بووه‌ له‌ رۆژئاوای كوردستان ده‌بێت به‌ ووردی ئه‌وه‌ بزانرێت خه‌ڵك مام جه‌لال بناسێت، به‌و موناسه‌به‌یه‌شه‌وه‌ ده‌كرێت رۆڵی چه‌ند هه‌ڤاڵێكی كوردستانی رۆژئاوا به‌رز بنرخێنرێت وه‌ك كاك هۆزان، كاك داو كچێكه‌ كاك فه‌تحوڵڵای حوسێنی،ره‌وشه‌ن خانه‌.كۆمه‌ڵێك چالاكوانی سیاسی‌و راگه‌یاندن كارن‌و له‌ 2004 وه‌ لێره‌ن‌و كارو خه‌باتی خۆیان به‌رده‌وامه‌‌و رۆڵێكی باشیان هه‌بووه‌ له‌ یه‌كتر ناسینی رۆژئاوا‌و باشوری كوردستان توانیویانه‌ ئه‌و سنوره‌ بشكێنن‌و ده‌ستخۆشیان لێده‌كه‌م.

یوسف زۆزانی:
وه‌ك براده‌ران باسیان كرد گرنگی ئه‌م كتێبه‌ له‌وه‌دایه‌ چه‌ندین ملیۆن كورد به‌و زمانه‌ ده‌خوێننه‌وه‌، مامیش به‌شێكه‌ له‌ مێژوو موڵكی كه‌سێك نییه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی جیهانییه‌، چه‌ند باسی مام بكه‌یت هێشتا كه‌مه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ من ده‌مه‌وێت باسی بكه‌ دووربینی‌و خوێندنه‌وه‌ نه‌بووه‌،ده‌مویست باسی ئه‌و قسه‌ی كاك عه‌لی بكه‌م،تازه‌ راپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری سوری ده‌ستی پێكرد بوو، كاك حه‌مید ده‌رویش هات‌و لای مام جه‌لال، مام وتی كاكه‌ مه‌بن به‌ كه‌وا سووری به‌ر له‌شكر، ئێوه‌ هه‌وڵ بده‌ن رێگه‌یه‌كی تر بۆ خۆتان بدۆزنه‌وه‌ ئه‌م رژێمه‌ ناڕوخێ، ئیران به‌ منیان وتووه‌ ئه‌منیه‌تی دیمه‌ش‌و تاران یه‌ك ئه‌منییه‌ته‌، بۆیه‌ ناهێڵن ئه‌م رژێمه‌ بڕوخێ، هه‌وڵ بده‌ن ئه‌گه‌ر جاران په‌یوه‌ندیه‌كتان هه‌بووبێت له‌گه‌ڵ رژێم تێكی مه‌ده‌ن، مه‌چنه‌ ناو ئه‌و پرۆژه‌ی چه‌كداریانه‌وه‌ كه‌ دروست ده‌كرێـت ناوچه‌كانی خۆتان بپارێزن،ئه‌و وتی ئه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ نییه‌ ئه‌وه‌ زانیارییه‌ ئه‌وه‌ش بارودۆخی سوریایه‌ كه‌ ده‌یبینن.

ره‌هبه‌ر سه‌ید برایم:
زۆر به‌داخه‌وه‌ جگه‌ له‌ مام جه‌لال كه‌ ساڵڕۆژیه‌تی، كۆچی دوایی دكتۆر عیزه‌دین موسته‌فا ره‌سوڵ كه‌ یادگاری زۆری له‌گه‌ڵ مام جه‌لال هه‌یه‌، دكتۆر پێشه‌واش ئامۆزاو خوشكه‌زای مام جه‌لال بوو ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان بوو ئه‌مڕۆ كۆچی دواییان كرد، زۆر به‌داخیشه‌وه‌ دوا گۆشه‌ی دكتۆر عیزه‌دین موسته‌فا به‌ناوی (ئیتر بۆ بنوسم)، زۆر سوپاسی كاك هۆزان ده‌كه‌ین من زۆر هه‌وڵمدا زۆر به‌باشی بیخوێنمه‌وه‌ زۆر سودم لێوه‌رنه‌گرت، دكتۆر قه‌دری یه‌ڵدرم كتێبێكی چاپكرد له‌سه‌ر حاجی قادری كۆیی به‌ڵام به‌ نیوه‌یی سۆرانی‌و لاتینی، هه‌ق بوایه‌ ئه‌م كتێبه‌ش وابووایه‌ خۆزگه‌ ئێمه‌ش وه‌ك كاك یوسف‌و كاك هۆزان زاراوه‌ی كرمانجیمان بزانیایه‌، پێم وایه‌ ئه‌و كتێبه‌ له‌وێ دابه‌ش بكرێت باشتره‌، خۆزگه‌ منیش وه‌ك كاك هۆزان عه‌فرینی ئه‌مڕۆ كتێبه‌كه‌م چاپ ده‌بوو تاوه‌ هاتۆته‌وه‌، پیانه‌گه‌یشتم كتێبه‌كه‌م هه‌ر له‌سه‌ر مام جه‌لال، من ده‌مه‌وێـت له‌سه‌ر خاڵێك قسه‌ بكه‌م، باسی زیره‌كی مام جه‌لال كرا، باسی ئازایه‌تی مام جه‌لال نه‌كرا ئه‌وانه‌ی دۆست‌و خۆشه‌ویستی بن، ئه‌و سه‌رچاوه‌ی تارق عه‌زیز به‌كاری هێناوه‌ ده‌ڵی سێ سه‌ركرده‌ هه‌یه‌ له‌ كورد مام جه‌لالی باسكردووه‌ ره‌نگه‌ كاك یه‌سف زۆرانی بزانی نزیك بووه‌ له‌ مام جه‌لال ده‌ڵێن كاتی خۆی مام جه‌لال به‌ سه‌دام حسێنی وتووه‌ ئێسك‌و پروسكی ئه‌نفاله‌كانم ده‌وێ وتوشیه‌تی ئه‌ت ده‌م به‌ مه‌حكه‌مه‌ی لاهای تارق عه‌زیز ئه‌وه‌ی باسكردووه‌ ئه‌وه‌ گرنگی خۆی هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر سه‌رچاوه‌كه‌ راست بێت، منیش پشتگیری له‌ قسه‌كانی كاك عه‌لی شه‌مدینی‌و كاك یوسف زۆزانی ده‌كه‌م، شایه‌تحاڵم ئه‌و قسه‌ی كه‌ كردویه‌تی، من تازه‌ بوو بووم به‌ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی به‌هار عه‌ره‌بی هه‌بوو، كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی هه‌بوو زۆر له‌ براده‌ران ناویان ناڵێم كه‌ سوریا ده‌ڕوخێ، مام جه‌لال وتی سوریا ناڕوخێ من بۆ خۆم پێم سه‌یر بوو ئه‌و كاته‌ كه‌ مام جه‌لال ئه‌و قسه‌ییه‌ی كرد به‌ڵام قسه‌كه‌ی راست ده‌رچوو ده‌ستان خۆش بێت.

داود چیچك:
مامۆستا هۆزان وه‌ك رۆژنامه‌نووس وه‌ك سیاسی ده‌ناسم ماوه‌یه‌كی درێژه‌ كار ده‌كات پێشتر په‌یامنیربوو له‌ كۆبانی شاهیدم بۆ كاره‌كانی،جێگه‌ی ده‌ستخۆشییه‌ بۆ ئه‌و كتێبه‌ به‌ زمانی كرمانجی نوسیویه‌تی من هاتمه‌ ئێره‌ سۆرانی نازانم من له‌ سه‌رچاوه‌ عه‌ره‌بی‌و سۆرانیه‌كان زانیاریم له‌سه‌ر مام جه‌لال خوێندۆته‌وه‌ به‌ڵام خه‌ڵك هه‌یه‌ لاتینی ده‌زانی، ئه‌م كتێبه‌ كاری باشه‌.

شیرۆ قاسم:
پرسیاره‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ ئایا كه‌ مام جه‌لال ساڵی 2011 تێبینی دا به‌ حه‌مید ده‌روێش سه‌باره‌ت به‌ سوریا، ئایا مام چ كاریگه‌ریه‌كی هه‌بووه‌ له‌ پارتی كرێكاران‌و په‌یه‌ده‌، ئه‌توانین بڵێین حزبه‌كانی رۆژئاوای كوردستان‌و حزبه‌كانی باكوری كوردستان خۆیان دوور خسته‌وه‌ له‌ تێبینیه‌كانی مام جه‌لال،به‌رای تۆ تا چه‌ند مام جه‌لال كاریگه‌ری هه‌بووه‌ له‌سه‌ر هه‌ده‌په‌‌و په‌یه‌ده‌‌و پارتی كرێكارانی كوردستان هه‌بووه‌ زۆر سوپاس؟.

جه‌واد حه‌یده‌ری:
رۆڵی مام جه‌لال له‌سه‌ر رۆژهه‌ڵاتیش هه‌قی خۆیه‌تی كه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت، كاك هۆزان باسی گرنگی خوێندنی كرد له‌ روانگه‌ی مام جه‌لال-وه‌، ساڵی 2000 بوو مام جه‌لال بڕیارێكی ده‌ركرد كورده‌كانی پارچه‌كانی كوردستان له‌ 5% یان له‌ زانكۆ‌و په‌یمانگاكان بخوێنن، كاك یوسف باسی رۆژئاوای كرد، من جارێكیان كاك سه‌ڵاحی موهته‌دی ته‌له‌فونی بۆ كردم وتی من ئه‌چم بۆ كۆیه‌ له‌گه‌ڵ وه‌ره‌ له‌ رێگا وتی ده‌نگ‌و باسی سوریا چییه‌ وتم بارودۆخ زۆر خراپه‌ به‌ بڕوای تۆ ده‌ڕوخێت من وتم له‌وانه‌یه‌ هه‌فته‌یه‌كی تر بڕوخێت، وتی من پێری لای مام جه‌لال بوو وتی به‌ براده‌رانی راگه‌یاندنیشم وتووه‌ ، وتی جه‌و نه‌تان گرێت ناڕوخێت.

بورهان شێخ ره‌ئوف:
بێگومان چی له‌سه‌ر كاریزمای مام جه‌لال بوترێت كه‌مه‌، دوو خاڵ هه‌یه‌ باسی بكه‌م، یه‌كیان ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ كه‌ خوێندكاری مام جه‌لال-ین پاراستنی كه‌له‌پوورو توراسه‌ گه‌وره‌كه‌ی مام جه‌لال-ه‌ كه‌ له‌هه‌موو بواره‌كان كاری له‌سه‌ر كردووه‌ ئه‌وه‌ باشترین وه‌فادارییه‌ بۆ مام جه‌لال، هه‌ر له‌و وشه‌یه‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ره‌خنه‌ گیرا له‌ كوردستانی نوێیه‌وه‌ بیگرن بزانن ئه‌وه‌ چ گه‌وره‌ییه‌كه‌، خاڵێكی تر كه‌ ده‌مه‌وێـت باسی بكه‌، خزمێكم پارێزه‌ره‌ له‌ كه‌لار وتی جارێكیان شۆفێرێكی مام جه‌لال كێشه‌یه‌كی هه‌بوو له‌ دادگا به‌مام جه‌لال وتبوو به‌ڵكو به‌ حاكمه‌كان بڵێی هاوكاریم بكه‌ن مام جه‌لال وتبووی دادگا هێڵی سووره‌ من ته‌داخولی تیا بكه‌م ئه‌وه‌ش گه‌وره‌یی مام جه‌لاله‌ كه‌ سه‌روه‌ر بوونی یاسا بپارێزین.

هاوار مسته‌فا خان:
من پشتگیری له‌و ره‌وته‌ ئه‌كه‌م كه‌ ئه‌ده‌بیاتی كوردی سیاسی رۆژنامه‌وانی هه‌تا دوایی وه‌رگێڕێته‌ سه‌ر شێوه‌زاری كرمانجی، من بۆ خۆم كتیبێكم هه‌یه‌ دیدارێكه‌ تایبه‌ت به‌ ژیانی رۆژنامه‌نوسی مام جه‌لال له‌ ساڵی په‌نجا كانه‌وه‌ هه‌تا رۆژی دیداره‌كه‌ كه‌ ساڵی 1998، هیوادارم ببێت به‌ كرمانجی، من ده‌مه‌وێـت بیره‌وه‌رییه‌ك بگێڕمه‌، من ساڵی 2009 چومه‌ قاهیره‌ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك له‌ فڕۆكه‌ خانه‌ گیرم خوارد، له‌و كاتانه‌ خه‌ڵكی ده‌هات، به‌ رێكه‌وت كه‌سێك هات خه‌ڵكی دار فوور بوو، یه‌كترمان ناسی‌و وتی خه‌ڵكی كوێی وتم عیراق، كوردستان،سلێمانی،ئیتر باسی مام جه‌لال-ی كرد وتم تۆ چۆن له‌و دارفووره‌وه‌ مام جه‌لال ده‌ناسی، وتی ئێمه‌ ئه‌و ڤیدۆییه‌ی مام جه‌لالمان بینیووه‌ له‌ پێشمه‌رگایه‌تییه‌وه‌ تا سه‌رۆك كۆمارییه‌وه‌، وتی سه‌رۆكی حزبه‌كه‌ی ئێمه‌ له‌ له‌نده‌ن مام جه‌لالی بینیووه‌ بووه‌ به‌ هاوڕێی‌و داوای ئه‌و ڤیدۆیه‌ی لێكردووه‌ ئه‌ویش بیباته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌زمونی سه‌ركرده‌یه‌ك ببینین چۆن خه‌باتیان كردووه‌. من ئه‌وه‌م به‌لاوه‌ زۆر جوان بوو پێم وایه‌ مام له‌ هه‌موو شوێنێك گرنگ بووه‌.

ره‌وشه‌ن قاسم:
ئه‌و پرسیاره‌ ئێستا هه‌یه‌ یه‌كێتیی به‌ره‌و كۆنگره‌ ده‌چێت هه‌ڤاڵ هۆزان باسی جه‌نابی مام جه‌لالی كرد كه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی جیهانییه‌، ئایا یه‌كێتی ئه‌و رۆڵه‌ ده‌بینی ئێمه‌ وه‌ك خه‌ڵكی رۆژئاواو باكور‌و رۆژهه‌ڵات یه‌كێتیی هه‌مان رۆڵی پێشووی هه‌بێت له‌سه‌ر رێبازه‌كه‌ی مام جه‌لال بۆ پارچه‌كانی تر زۆر سوپاس.

هۆزان عه‌فرینی:
سوپاس بۆ هه‌موو لایه‌ك سه‌باره‌ت به‌ رۆڵی مام جه‌لال بۆ پارچه‌كانی تری كوردستان، مام جه‌لال بۆ پرۆسه‌ی ئاشتی له‌ باكور ئه‌ندازیار بوو بۆ په‌یوه‌ندی فه‌له‌ستین‌و په‌ككه‌ هه‌ر ئه‌ندازیار بوو نه‌مر عادل موراد باسیكرد، له‌و كاته‌وه‌ هه‌ندێك شت هه‌بوو باس نه‌كراوه‌، بۆ هه‌ده‌په‌ش زۆرێك له‌سه‌ركرده‌كان هاتنه‌ لای مام جه‌لال كه‌ باس له‌ ئاشتی باكور ده‌كه‌ن ئه‌حمه‌د تورك ده‌ڵێت كاتێك مام جه‌لال نه‌خۆش ده‌كه‌وێت چومه‌ لای عه‌بدوڵڵا ئۆچ ئالان وتی چیبووه‌، وتی مام جه‌لال نه‌خۆش كه‌وتووه‌، ده‌ڵێت عه‌بوڵڵا ئوچ ئالان ده‌ڵێت پانزه‌ ساڵه‌ زیندانم به‌ قه‌د ئه‌و هه‌واڵه‌ دڵ ته‌نگ نه‌بووم له‌م كاته‌دا كورد پێویستی به‌ مام جه‌لال هه‌یه‌ بۆ په‌یه‌ده‌ش مام جه‌لال پێش ئه‌وه‌ی نه‌خۆش بكه‌وێت ساڵح موسلیم‌و ئه‌واون هاتبوون بۆ لای مام جه‌لال به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ مام نه‌خۆش كه‌وت بردیان بۆ ئه‌ڵمانیا به‌ڵام قسه‌كانی مام دایم خێر بووه‌.
له‌كۆتاییشدا كتێبه‌كه‌ دابه‌شكرا به‌سه‌ر ئاماده‌بوان‌و بڕیاریش درا چه‌ندین كتێب بنێردرێت بۆ پارچه‌كانی تری كوردستان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

دوا پەرەسەندنەكانی رێكەوتنی هەسەدە ‌و سوپای سوریا

پاش ئەوەی بە چاودێریی روسیا، هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) ‌و ...