سەرەکی » هەواڵ » داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین، بێنەدەنگ بۆ راگرتنی شەڕ و رێگەگرتن لەكارەساتی گەورەی مرۆیی و تێكچوونی ئاسایشی ناوچەكە

كۆسرەت رەسوڵ:

داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین، بێنەدەنگ بۆ راگرتنی شەڕ و رێگەگرتن لەكارەساتی گەورەی مرۆیی و تێكچوونی ئاسایشی ناوچەكە

پەیامێك لە كۆسرەت رەسوڵ عەلی-یەوە

بەداخەوە سەرباری هۆشداری و ناڕەزایی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، لەشكركێشی و پەلامار بۆ باكوری سوریا و ڕۆژئاوای كوردستان دەستی پێكرد، كە سەرباری پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتیەكان و سەروەری خاكی سوریا، ژیانی هەزاران مرۆڤی مەدەنی بێدیفاع لەژێر مەترسی تۆپباران و ئاگری شەڕدان.
پەنابردن بۆ بژاردەی شەڕ و بەلاوەنانی بژاردەی ئاشتی و چارەسەری سیاسی، كارەساتێكی گەورەی مرۆیی دەخوڵقێنێ و ئاسایش و ئۆقرەیی ناوچەكە و جیهانیش دەخاتە مەترسیەوە و جارێكی تر هەڕەشەی تیرۆر كۆچی بەلێشاو بەجۆرێكی تر سەرهەڵدەداتەوە.
داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین، چۆن لە جەنگی تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعشدا، پشتیوانی گەلی قارەمانی كوردستان بوون، لەم پەلاماردان و لەشكركێشییەشدا، بێنەدەنگ بۆ راگرتنی شەڕ و رێگەگرتن لەكارەساتی گەورەی مرۆیی و تێكچوونی ئاسایشی ناوچەكە. لەمڕووەوە داوا لە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش دەكەین، لە كۆبونەوەی چاوەڕوانكراویاندا گەلەكەمان نائومێد نەكەن و لەبەرژەوەندی ئاشتی و ئاسایشدا بڕیاربدەن.
لەم بارودۆخە ئاڵۆزو مەترسیدارەدا، داوا لە هەموو هێزە سیاسیەكانی كوردستان و گەلی كوردستان دەكەم، تەبایی و یەكڕیزیمان بپارێزین و نێوماڵی كوردستان تۆكمەتر بكەین. هەموو هەوڵێكمان بخەینەگەڕ بۆ هاوكاری مرۆیی ئاوارەكان و بەكارهێنانی هەموو كەناڵە پەیوەندییە دیپلۆماتیەكان لەپێناوی رێگەگرتن لە تەشەنەكردنی مەترسیەكان.
هەروەها دەستپێشخەری كۆبونەوەو میوانداریكردنی لوتكەی لایەنە سیاسیەكانی كوردستان دەخەمەڕوو بۆ پتەوكردنی تەبایی لایەنە سیاسیەكان و یەكڕیزی گەلەكەمان و یەكخستنی هەڵوێستەكان و ئامادەكاری بۆ رووبەڕوبونەوەی مەترسیەكان و مامەڵەكردن لەگەڵ پێشهاتەكان.
سەربكەوێ ئاشتی، نەفرەت لە شەڕو خوێنڕشتن.

‎كۆسرەت رەسوڵ عەلی
جێگری سكرتێری گشتیی (ی.ن.ك)
9/10/2019

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

سەرۆك كۆمار: پاراستنی ئاسایش ‌و سەقامگیریی لە عیراق و ناوچەكەدا

دوێنێ، د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، پێشوازیكرد لە دێڤد شینكەر یاریدەدەری ...