سەرەکی » کەلتوور » کتێبی بیرەوەرییەکـــانی ئانا فرانک

کتێبی بیرەوەرییەکـــانی ئانا فرانک

بەشی بیست و سێیەم

کتێبی بیرەوەرییەکانی ئانا فرانک یەکێکە لە کتێبە ناسراوەکانی جیهان، ئەم کتێبە بۆ زۆربەی زمانە جیهانییەکان وەرگێڕاوەو لە هەندێک وڵاتی ئەوروپیشدا لە قووتابخانەکان دەخوێنرێت. جگە لەوەش ئەم کتێبە چەندینجار کراوەتە فیلم و شانۆ و چەندین خەڵاتی جیهانی لەسەر وەرگیراوە. تاوەکو ئێستا دە جار کراوەتە فیلم و دوایین جاریش ساڵی 2016 بوو، کە لە جیهاندا بەیەکێک لە فیلمە سەرکەوتووکان دانرا.
گرنگی ئەم کتێبە لەوەدایە، کە باس لە حکایەتی تراژیدیای گەلی جوولەکە دەکات لە سایەی رژێمی نازی ئەڵمانیدا، لەهەمانکاتیشدا دڵڕەقیی و نامرۆیی ئەو سیستەمە فاشیستە دەخاتە ڕوو، کە جوولەکەی کردبووە ئامانج و هەوڵی پاکتاوکردنی دەدان. بەگشتیش ئەم چیرۆکانە بۆ ئێمەی کورد گرنگە، بۆئەوەی لە ئەزموونی گەلانی جیهان فێربین، لە هەمانکاتیشدا گرنگە بزانین چۆن ئەوان توانیویانە مەسەلەی پاکتاوکردنیان بە جیهان بناسێنن. ئێمەی کوردیش لە هەموو پارچەکانی کوردستان، چەندینجار رووبەروی پاکتاوی نەژادی بوینەتەوە، بەڵام بەداخەوە نەماتوانیوە وەکو جوولەکە و ئەرمەنییەکان، ئەو حکایەتە پڕ ئازارانەمان بۆ جیهان بگێڕینەوە.
ئانا فرانک، لە ١٢ / ٧ / ١٩٢٩ لە دایک و باوکێکی جوولەکە، لە شاری (فرانکفۆرت ئەم ماین)، لەدایک بووە، ساڵی ١٩٣٣ لەگەڵ دایکوباوکی لەدەست نازییەکان بەرەو ئەمسته‌ردام هەڵهاتوون، پاش ئەوەی سوپای نازییەکان لەساڵی ١٩٤٠ هۆڵەندایان داگیرکرد، پاشانیش لەساڵی ١٩٤٢ رێکاری زۆر توندوتیژیان بەرامبەر بە جوولەکەکان نا، بنەماڵەی فرانک لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیان لە دیوی پشتەوەی باڵەخانەیەکدا لە گەڕەکی (پرنسنگراخت) لە ئەمستەردام، خۆیان پەنادا. هەموو ئەوانەی لەو پەناگەیەدابوون لە ئابی ١٩٤٤ لەلایەن سیخوڕی نازییەکانەوە دەستگیرکران و بەرەو (ئاوسشڤیتز) پەلکێشکران. ئانا فرانک لە ئاداری ١٩٤٥ لە شاری (بێرگن بێلزن) مرد،)رۆژی مردنەکەی بەتەواوی نازانرێت). لە ئێستادا ئەو ماڵە بۆتە مۆزەخانەیەک و هەموو شتەکانی ئانا فرانک و خانەوادەکەی تێدا پارێزراوە.
ئانا فرانک لە ١٢/٦ /١٩٤٢ ه‌وە تاکو مانگی ئابی ١٩٤٤ یاداشتەکانی نووسیوە. ئەو تاکو سەرەتای ١٩٤٤ لەشێوەی نامە تەنها بۆ خۆی دەینوسین، تاکو رۆژێکیان لە پەخشی رادیۆی لەندەن گوێی لە وەزیری پەروەردەی هۆڵەندا دەبێت کە ئەویش لەوێ پەنابەرە وباسی لەوە کردووە، پاش کۆتایی جەنگ هەموو ئەو نوسینانەی دەربارەی بەسەرهات و نەهامەتی خەڵکی هۆڵەندی لە ژێر زەبری داگیرکاریی ئەڵمانیادا نوسراون، کۆدەکاتەوە وبڵاویان دەکاتەوە، لەوانە بۆ نموونە ئەو یاداشت و یادەوەرییانەی خەڵکی نوسیونین. ئەم قسانەی وەزیر کاردەکەنە سەر ئانا فرانک، بڕیار دەدا پاش تەواو بوونی جەنگ بیانکا بە کتێبێک وبڵاوی بکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش یاداشتەکانی دەکاتە بەردی بناغەی کتێبەکە.
لە رووی شێوازی نوسینیشەوە، بە شێوەیەکی ئاسان نووسراون و گوزارشت لە تێڕوانین و دونیابینی کچێکی مێرد منداڵ دەکات.
ئەم کتێبە لەلایەن وەرگێڕی هێژامان کاک کەریم مەلا رەشید لەزمانی ئەڵمانییەوە، واتە لە زمانی یەکەمەوە کراوەتە کوردی. ئێمەش لە کوردستانی نوێ، بە خۆشحاڵییەوە هەوڵ دەدەین بە ئەڵقە ئەم کتێبە گرنگە بخەینە بەر دیدی خوێنەرانی ئازیزمان.

کوردستانی نوێ-ی هەفتانە

کەریم مەلا رەشید

شەممە، ٢٠/٥/١٩٤٤ کیتی گیان!
دوێنێ ئێوارێ، کاتێ لە سەرەوە هاتمەوە خوارێ، یەکسەر چاوم بە گوڵدانە جوانەکەی گوڵە مێخەکە کەوت، لەسەر زەوی کەوتبوو. دایکیشم لەسەر چۆک دانەویبوو و خەریکی پاقژکردنەوە زەوی بوو، (مارگۆت)یش لاپەڕە و کاغەزەکانی منی لەسەر زەوی کۆدەکردنەوە خەریکی بوو تەمیسی دەکردنەوە. «ئەوە چی روویداوە لێرە؟» واقوڕماو و نا ئومێد پرسیارم کرد، بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی وەڵام بم، لە دوورڕا زەرەر و زیانەکانم دەهاتنە بەرچاوێ. سەرجەلەکانم، سیپارەکان، کتێبەکان هەموو لە ئاودا مەلەیان دەکرد. خەریک بوو قوڵپەی گریان بدەم، هێندە نیگەران بووم لە حەژمەتان کەوتمە قسەکردن بەزمانی ئەڵمانی. وشەکانی گوتم بە تەواوی لە یادم نەماون، بەڵام (مارگۆت) بەبیری دەهێنامەوە گوتی: تۆ بە زمانێکی هەڵبزڕکاو و تێک ئاڵاو وشەی وەکوو: «هەڵەیەکی زۆر گەورەیە، سامناک، ترسناک و چیتر وەکوو خۆیان لێناکرێتەوە!» لەگەڵ چەندین وشەی دیکەت لەزارێ دەرپەڕیون. باوکم قاقا پێدەکەنی، دایکم و(مارگۆت)یش لەبەر کەنین خۆیان بەپێوە نەگرت، بەڵام من دەبوایە بگریم بۆ بەهەدەردانی ئەو هەموو وردەکار و تێبینیانەی کۆمکردبوونەوە و یاداشتم کردبوون.
کاتێ لە نووسینەکانم وردبوومەوە خۆشبەختانە ئەو «هەڵە بەناو لەپێوان نەهاتووانەی باسمکرد بوو» بەو ئەندازە زۆرە نەبوون کە من بۆی دەچووم. لەسەربان بە وردی هەموو ئەو لاپەڕانەم لێک جیاکردنەوە کە پێکەوە لکابوون، پاشان، سەبارەت بە وشک کردنەوەیان، هەمووم بە تەنیشت یەکترەوە بەسەر تەنافەکەوە هەڵخستن. دیمەنێکی کەنیناوەر بوو، لە ئاکامدا منیشی هێنایە پیکەنین: (ماریا-ی مێدیسی) بە تەنیشت (کارل ف.)ەوە (ویلیام-ی ئۆرانەکان) بەتەنیشت (ماریا ئەنتوانێت)ەوە.
بەڕێز (ڤان دان)، کاتێ ئەو ناوانەی بەهەڵواسراوی بەتەنیشت یەکترەوە بینی، بە گاڵتەوە گوتی: «ئابڕووی ئەو کەسە رەسەنانەی پێچووە».
پاش ئەوەی چاودێری لاپەڕەکانی سەر تەنافەکەم بە (پیتەر) راسپارد، دووبارە چوومەوە خوارێ.
«کام لە کتێبەکان فەوتاون؟» لە (مارگۆت)م پرسی، لە کاتێکدا سەرقاڵی بەسەرکردنەوەی کتێبەکانم بوو.
(مارگۆت) گوتی: «ئەلجەبرا»
بەڵام مخابن بۆ ئەوەی ئەو کتێبە ته‌واو تێک نەچوو بوو. هیوادار بووم لە نێوەندی گوڵدانەکە نوقم بوایە! لە ژیانمدا بەئەندازەی ئەو کتێبە قینم لەهیچ شتێکی تر نەبووە. لەپێشەوەی کتێبەکەدا ناوی لانیکەم بیست کچی تێدا نوسراوە، کە پێش من ئەو کتێبەیان لابووە. کتێبێکی کۆنە، زەرد هەڵگەڕاوە، بە نوسین جەنجاڵ، هەڵەبڕی تێداکراوە. ترسم نەبوایە ئەو شتە پیسەم پارچەپارچە دەکرد!
ئانا م. فڕانک

دووشەممە، ٢٢/٥/١٩٤٤ کیتی گیان!
لە ٢٠-ی ئەم مانگەدا، لە گرەوێکدا، باوکم پێنج دانە ماستی بە خاتوو (ڤان دان) دۆڕاند. هەڵمەتی سەربازی هێشتا بەرپا نەبووە. دەتوانم زۆر لەسەرخۆ پێت رابگەێنم کە سەرجەم خەڵکی ئەمستردام، تێکڕای وڵاتی هۆڵەند، بەڵێ سەرپاکی کەناراوەکانی ئەوروپا بگرە تا دەگاتە ئیسپانیا، شەو و رۆژ قسەوباس لەسەر هەڵمەتی سەربازی دەکەن، مشتومڕ و گرەوی لەسەر دەکەن و … ئاواتی بۆدەخوازن! گرژی و پەستی خەڵک روو لە هەڵکشانە. دەمێکە ئەو کەسانەی ئێـمە بە هۆڵەندییەکی «باش» ناوزەدمان دەکردن، زۆربەیان چیتر باوەڕیان بە ئینگلیزەکان نەماوە، چیتر رووکەشی و لەخۆبایی ئینگلیزەکان بە کارامەیی و کارسازی ناسناکەن. نەخێر، خەڵکی لە ئەنجامدا دەیانەوێ کاروکردەوەی مەزن و قارەمانانە، ببینن! ئاسۆ لە هەموو کەسێک ونە، لەبەر لووتی خۆی بەولاترەوە چاوی کەس بڕناکا، کەس بیری بۆئەوە ناچێت ئینگلیزەکان لەپێناو خودی خۆیان یا بۆ نیشتیمانەکەیان بجەنگن. هەموو کەسێک بە ئەرکی سەرشانی ئەوانی دەزانێ کە بەزووترین کات و بەپێی توانا، هەنگاوی یەکەم بە پێویست بۆ ئازادکردنی هۆڵەندا بنێن. ئەگەر نا ئینگلیزەکان چ ئەرکێک بەرامبەر بە ئێمە لەئەستۆ دەگرن؟ هەروەها هۆڵەندییەکان سەبارەت بەچی شایستە و شایانی ئەو ئەمەک و بەخششەن کە لە ئینگلیزەکان چاوەڕوانی دەکەن؟ ئۆه، هۆڵەندییەکان نابێ خۆیان بەوجۆرە هەڵەتە بکەن! ئینگلیزەکان وێڕای لەخۆبایی بوونیان، هەڵبەتە هەست بە شەرمەزاری ناکەن کاتێک ئەو هەموو وڵات و نیمچە وڵاتەیان لەئێستادا داگیرکردووە. ئینگلیزەکان چیدی پێویست ناکات داوای لێبوردن لە ئێمە بکەن، کاتێک ئێمە بەوە تۆمەتباریان دەکەین چەندین ساڵە لە شیرینی خەودان لەکاتێکدا ئەڵمانەکان خۆیان پڕچەک دەکرد، هەروەها ناتوانین نکوڵی لەوەش بکەین کە تێکڕای ئەو وڵاتانەش، بە تایبەتی ئەوانەی سنوریان بە ئەڵمانیاوەیه‌ ئەوانیش هەر لەخەودا بوون. بە پەیڕەوکردنی (سیاسەتی باڵندەی حوشترمل) هەنگاوی روو لەپێش نانرێت، ئەمە راستییەکە ئینگلستان و سەرپای جیهان بۆیان دەرکەوت. هەر بۆیە، نەک تەنها بەریتانیا، بەڵکوو سەرجەم هەموو وڵاتانی هاوپەیمانیشیان لەگەڵ، پارچە بە پارچە، دەبێ قوربانی بدەن.
هیچ وڵاتێک بە خۆڕایی قوربانی بە رۆڵەکانی خۆی نادات، بەهەمان شێوە بەریتانیاش. هێرشی سەربازی، ئازادکردن و ئازادی بۆ یەک جاریش بێ، هەر بەرپادەبێ. بەڵام بەریتانیا و ئەمەریکا بەخۆیان ئان و ساتی هێرشەکە دیاری دەکەن، نەک ناوچە داگیرکراوەکان.
بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە گوێمان لێبووە کە خەڵکی بیروڕا و بۆچوونیان لە بارەی جولەکەوە بەرەواژ بۆتەوە و بیری دژە سامیی باڵی بەسەر زۆر بازنەدا کێشاوە و تەشەنەی کردووە، بە ئەندازەیەکی ئەوتۆ کە جاران بە بیری هێچ کەسێکدا نەدەهات. هەڵبەتە هۆکاری ئەو دژایەتی کردنەی جولەکە ئاشکرایە، بەڵام ئەوە بەهەڵەداچوونە. کریستەکان، جولەکە بەوە تۆمەتبار دەکەن گوایە خۆیان لەبەرامبەر ئەڵمان نابوود و بوودەڵە کردووە و یارمەتیدەرەکانیان ئاشکرا دەکەن کە بەهۆیەوە کریستێکی بێ ئەژمار سەبارەت بە داکۆکی کردنی جولەکە بەتوندی سزا دراون و تووشی چەرمەسەری بوون. ئەوانە هەموو راستن، بەڵام ئەو خەڵکە، وەکوو هەموو بابەتێکی تر، پێویستە لە دیوەکەی تری مەدالیاکەش بڕوانن. باشە ئەگەر کریستەکان لە جێگای ئێمە بوونایە، ئاخۆ بە جۆرێکی شیاوتر لە ئێمە هەڵسوکەوتیان دەکرد؟ ئەو مرۆڤە کامەیە، چ جولەکە یا کریست، بتوانێ بەرامبەر میتۆدەکانی ئەڵمان خۆڕاگر بێ؟ هەموو کەسێک دەزانێ ئەوە مەحاڵە. ئەگەر وایە، ئەی بۆچی داوای کارێکی لەوجۆرە مەحاڵ لە جولەکە دەکەن؟ لەنێو بازنە نایاساییەکاندا دەنگۆی ئەوە هەیە گوایە ئەو جولەکانەی بۆ هۆڵەندا کۆچیان کردووە و ئێستا بۆ پۆڵۆنیا دیپۆرت کراون، چیتر بۆیان نییە بگەڕێنەوە بۆ هۆڵەند. ئەوانەی مافی پەنابەرییان لە هۆڵەند هەبوو، پاش نەمانی (هیتلەر) بۆیان هەیە بگەڕێنەوە بۆ ئەڵمانیا.
کاتێک مرۆڤ گوێی لەوە دەبێ، پرسیاری ئەوەی لەلا گەڵاڵە دەبێ، ئاخۆ ئەم جەنگە درێژخایەن و سەختە لەپێناو چی پەرپابووە و بەردەوامە؟ هەردەم بە گوێماندا دەدرێ کە ئێمە هەر هەموومان پێکەوە خەبات دەکەین بۆ بەدیهێنانی ئازادی، دادپەروەری و ماف! لە ئێستاوە کە هێشتا جەنگ بەرقەرارە دیسانەوە بەدوو چاوان لە مرۆڤەکان دەڕوانن! ئاخۆ هێشتا جوولەکە لەوانی دیکە کەمترە؟ پێدەچێ وەهابێ! خەمێکی گرانە، زۆریش، خەماوییە، ئەوان چەندین جارە ئەو گوتە کۆنە دەسەلمێننەوە کە دەڵێ: «ئەگەر کەسێکی کریست کارێک بکات، ئەوە تەنها خودی خۆی لێی بەرپرسیارە. بەڵام ئەگەر جولەکەیەک کارێک بکات، ئەوە سەرپاکی جولەکە دەگرێتەوە.»
لە راستیدا من ناتوانم بچمە ژێرباری ئەوەی کە هۆڵەندییەکان ئەنگوستی تاوان ئاماژەی مرۆڤی چاک و سەر ڕاستی وەکوو ئێمە بکەن، ئێمە، لەوانەیە لە نێو مرۆڤی سەرانسەری جیهاندا لە هەمووان زیاتر ژێرچەپۆک و بەدبەخت و بەحەسرەت بین. من تەنها یەک هیوا دەخوازم، ئەویش بریتییە لەوەی کە ئەم رق و کینەیەی دەرهەق بە جولەکە دیاردەیەکی سەرپێی بێت و تێپەڕێ و هۆڵەندییەکان کەسایەتی خۆیان بسەلمێنن، نە ئێستا و نە لە دوارۆژیشدا دوودڵ نەبن دەرهەق بە هەستی دادپەروەریان. چونکە دژایەتیکردنی سامییەکان کاریکی ناڕەوایە!!
من هۆڵەندییەکانم خۆشدەوێ، جارێک لەجاران هیوام دەخواست کە منی بێ وڵات، وڵاتێکم هەبێ، هێشتا هیوابڕ نەبوومە!
ئانا م. فڕانک

پێنجشەممە، ٢٥/٥/١٩٤٤ کیتی گیان!
هەر رۆژە و بەسەرهاتێکی دی! ئەمڕۆ بەیانی سەوزەفرۆشەکەمان دەستگیرکرا، ئەو دوو جولەکەی لە ماڵەوە پەنادابوو! هەڵبەتە ئەوە گورزێکی گەورەیە لە ئێمە، نەک تەنها ئێمە، بەڵکوو لەو جوولەکانەی کە ئێستا لە زارکی مەرگەساتدان، جگە لەوەی بۆ خودی ئەو پیاوەش زۆر مەترسیدارە. هەموو جیهان سەرەوژێر بۆتەوە. مرۆڤی سەنگین و رەوشت بەرز زیندانی دەکرێن و رەوانەی بنکەکانی کۆکوژی و زیندانی تاکەکەسی دەکرێن، مرۆڤی نەگریس و بەدفەڕ فەرمانڕەوایی پیر و لاوان، دارا و نەدار دەکەن. کەسێک بەهۆی بازاڕی رەش، ئەوەی تر بەهۆی پەنادانی جولەکەوە، زیندانی دەکرێن. کەس نازانێ سبەی چی روودەدا. ئەو پیاوە سەبارەت بە ئێمەش لە دەستدانێکی گەورەیە. (بیپ) بۆی نییە و چیتر ناتوانێ پەتاتەمان بۆ بهێنێ. تەنها کار ئێمە بتوانین بیکەین، کەمخۆرییە. جا چۆن ئەو کارە دەکەین، ئەوە پاشان بۆت دەنووسم، هەڵبەتە بۆ ئێمە کارێکی ئاسان نابێ. دایکم گوتی بەرتێشت چیتر ناخورێ، بۆ فراوین پەلوولە و نان دەخورێ، بۆ نانی شێوان پەتاتەی سورکراوە، هەفتەی جاڕێک یا دووجار سەوزە، لەوانە بەولاوە هیچی تر نییە. کەواتە ئەوە مانای برسی بوونە، بەڵام ئەوانە هیچیان بارتەقای ئاکامی خراپی ئاشکرابوونمان نییە لێرە.
ئانا م. فڕانک

هەینی، ٢٦/٥/١٩٤٤
پاش چاوەڕوانییەکی زۆر، ئاخری کاتی ئەوە هات لەسەر مێزە چکۆڵەکەم لەبەر کەلێنی گوشادی پەنجەرەیەکی واڵا دانیشم و بتوانم هەموو شتەکانت بۆ بنووسم.
هەست بە جۆرە نا ئومێدیەک دەکەم، چەندین مانگە بەو ئەندازەیە نەبووە، تەنانەت پاش هاتنی دزەکانیش بەو جۆرەی ئێستا لە ناخەوە و بەڕواڵەتیش نەڕووخابووم. لەلایەکەوە: سەوزە فرۆشەکە، گرفتی جولەکه‌ کە لە ماڵەوەش بە دوورودرێژی قسەیان لەسەرکراوە، بەرپانەبوونی هەڵمەتی سەربازی، خراپی خۆراک، بارگرژی، ورە بەردان، بێ ئومێدیم لە (پیتەر) و لەلایەکی دیکەوە: مارەبڕینی (بیپ)، هاتنی جەژنی پەنجارۆژە، گوڵ، رۆژی لە دایکبوونی (کوگلەر)، تۆرتە و باسوخواسی شانۆ، سینەما و کۆنسێرتەکان. ئەو جیاوازییانە، جیاوازی زۆر گەورەن و هەمیشە سەرهەڵدەدەنەوە. رۆژێک بە بارودۆخی کەنیناوەری خۆمان لەپەناگەدا پێدەکەنین، بەڵام رۆژێ پاشتر، بەڵکوو چەندین رۆژی تریش، دەترسین، بارگرژی، ترس و دڵەڕاوکێ داماندەگرێتەوە، مرۆڤ بە ئاسانی لە ڕوخسارمان ئەوانە دەخوێنێتەوە. (میپ) و (کوگلەر) بەشی زۆری بارگرانییەکەیان لە ئەستۆدایە، (میپ) بەهۆی کارەکەیەوە و (کوگلەر) بەهۆی گەوریی ئەو بەرپرسیارێتییەی بەرامبەر ئەم هەشت کەسە لە ئەستۆی گرتووە، پەرپرسیارێتیەکە جاروبار هێندە گەورەیە، وایلێدەکات، بەهۆی شڵەژان و تووڕەیی، چیتر قسەی پێنەکرێ. (کلایمان) و (بیپ) زۆر بە تەنگمانەوەن و خەمخۆرمانن، بەڵام جاروبار بۆیان هەیە پەناگە لەبیر بکەن، تەنانەت بۆ کاژێرێک یا دووکاژێر یاخود بۆ رۆژێک یا دوو رۆژ. ئەوانیش هەڵبەتە خەمی خۆیان هەیە، (کلایمان) بەهۆی باری تەندروستییەوە، (بیپ) بەهۆی مارەبڕینەکەیەوە، ئەگەرچی رووخساری پێ نەگەشاوەتەوە. سەرباری ئەم خەمانەش خۆشیان پێویستیان بە گۆڕانکاری، دەرچوون، میوانی و بەسەربردنی ژیانی مرۆڤێکی ئاسایی هەیە. جاروبار باریان سووکتر دەبێتەوە، بۆ کورت ماوەیەکیش بێت. بەڵام ئێمە هەرگیز بارسووکیمان بەخۆوە نەبینیوە، بە درێژایی دوو ساڵی رەبەقە هەر بەردەوامە. ئاخۆ چەنێکی تر دەبێ ئەو بارە قورس و لەهەڵگرتن نەهاتووەمان بەسەر شانەوە بمێنێ؟
ئاوەڕۆی ماڵەکە دیسانەوە گیراوە. بۆی نییە ئاو بەربدرێتەوە، ئەگه‌ریش رووبدا ئەوە دەبێت دڵۆپ دڵۆپ بەردرێتەوە. بۆمان نییە بچینە سەرئاو، ئەگەر ناچاربین ئەوا دەبێ فڵچەیەک لەگەڵ خۆ بەرین، پاشەڕۆکەش دەبێ رووکرێتە نێو سەتڵێكی گەورەوە کە بۆ ئەومەبەستە تەرخان کراوە. ئەمڕۆ دەتوانین پێداویستییەکانمان بەڕێوەبەرین، بەڵام چی دەقەومێ ئەگەر کارسازی ئاوەڕۆکە پێی چاک نەکرا؟ چونکە کارسازی شارەوانی هەفتەیەکی پێدەچێ تا دەگاتە ئێرە!
(میپ) سەمون بە کشمیشی بۆ ناردین، لەسەری نوسرابوو «جەژنی پەنجا رۆژە-تان بەخۆشی بێت»! ئەو قسەیەی زیاتر لە گەپ دەچێ، چونکە بارودۆخ و ترسەکەمان هیچ «خۆشی»یەکی تیا بەدی ناکرێ.
ئێمە هەموومان، پاش بەسەرهاتەکەی کابرای سەوزەفرۆش، لە جاران زیاتر دەترسین. لەهەموو لایەکەوە هەردەم گوێت لە «پست، پست» دەبێ و هەموو کارەکان زۆر بە بێ دەنگی ئەنجام دەدرێن. لە ماڵی سەوزەفرۆشەکە پۆلیسەکان دەرگاکەیان شکاندووە و چوونەتە ژوورێ، کەواتە دەرگاکەش نامانپارێزێ و تەقەت نییە. باشە ئەگەر ئەوان هاتنە … نەخێر، نامەوێ ئەوە بنووسمەوە، بەڵام خۆ ناکرێ پرسیارەکەش دوابخرێ، بەپێچەوانەوە: ئەو ترسە سامناکەی کە تێدابووم هێشتا هەر رووبەڕووم دەبێتەوە.
دەبوایە ئەم ئێوارەیە بە تەنیا بۆ سەرئاو بچمە خوارێ، کەسی لێنەبوو، هەموو لە رادیۆکە کۆببونەوە. دەمویست بوێر بم بەڵام زۆر سەخت بوو. من لێرە لەسەرەوە هەست بەدڵنیایی دەکەم، وەک لەوەی بە تەنیا لە نێو ئەو ماڵە گەورە و بێدەنگەدا، بم. بە تەنیایی لەگەڵ ئەو دەنگە پڕ لە نهێنیانەی سەرەوە و توتەتوتی هۆڕنی ئۆتۆمبیلەکانی سەرجادە، لەرزم پێدادێ ئەگەر هەڵپە نەکەم و بۆ چرکەساتێکیش بێت، بیر لە دەورپشتی خۆم بکەمەوە.
من هەمیشە لە خۆم دەپرسم، ئاخۆ بۆ هەمووان چاکتر وانەبوو خۆمان حەشار نەدەین، خۆ ئێستا مردبووین و ئەم دەردەسەرییەمان نەدەچێژت، لانیکەم ژیانی ئەوکەسانەمان نە دەخستە مەترسییەوە لێرە دەمانپارێزن. بەڵام ئێمە چاوپۆشی لەو بیرۆکانە دەکەین، چونکە هێشتا لە ژیاندا ماوین، سەدای سروشتمان هێشتا لەبیر نەچۆتەوە، هێشتا بە ئۆمێدەوە ماوین، ئومێدمان بەهەموو شتێک هەیە کە باشە.
لێگەڕێ، با شتێک رووبدات، ئەگەر پێویست بکا با تەقە دەستپێبکات، خۆ ئەوە وەکوو ئەو نا ئارامییە نامان فەوتێنێ! با کۆتایی پێ بێت، ئەگەر بە خراپیش لەسەرمان بکەوێ، چونکە ئەوکاتە لانیکەم دەزانین سەرکەوتووین یا ژێرکەوتووین.
ئانا م. فڕانک

چوارشەممە، ٣١/٥/١٩٤٤ کیتی گیان!
شەممە، یەکشەم، دووشەم و سێشەممە ئەوەندە گەرما بوو، نەمدەتوانی پێنووسەکەم بە دەستەوە بگرم، لە سۆنگەی ئەوە نەمتوانی بۆت بنووسم. رۆژی هەینی دیسان ئاوەڕۆکەمان تێكچوو و رۆژی شەممە چاککرایەوە. پاشنیوەڕۆکەی خاتوو (کلایمان) هات بۆلامان و کۆڵێک باسی لە بارەی (یۆپی) بۆ هەڵرژاندین، گوایە پێکەوە لە یانەی یاری هۆکی لەگەڵ (یاقوبی مارسین) پێکەوەن. رۆژی یەکشەممە (بیپ) سەبارەت بەوەی نەبادا دز دەرگایان شکاندبێت، سەری لێداین، بۆ بەرقلیان لەلامان مایەوە. دووشەممە، واتە دووەم رۆژی جەژن، بەڕێز (ڤان سانتن) ئەرکی چاوەدێری پەناگەکەی لەئەستۆگرت، رۆژی سێشەممە، پەنجەرەکان بۆیان هەبوو سەرئەنجام هەمدیس بڕێک بکرێنەوە. جەژنی پەنجارۆژە، گەرمای وەها خۆشی قەت بەخۆوە نەبینیوە. گەرمی پەناگە ئۆقرەبڕە. بۆئەوەی گازندەکانت بۆ وێناکەم ئەوا بەکورتی باسی رۆژە گەرمەکانی ئێرەت بۆدەکەم:
شەممە: بەیانییەکەی هەموو ده‌مانگوت: «ئاو وهەوا تابڵێی سازگارە!». نیوەڕوان، کاتێ، دەبوایە، پەنجەرەکان دابخرێن دەمانگوت: «خۆزگە تۆزێک فێنکتر بوایە!»
یەکشەممە: «ئای، گەرما ئۆقرەی لێبڕیوین! ئەوە خۆ کەره‌کە توایەوە، کونجێکی فینک لەم ماڵەدا نییە، نانەکە وشکبۆوە، شیرەکە هەڵبزڕکا، پەنجەرەکانیش دەبێ دابخرێن. ئێمەی داماویان تووڕداوەتە ئێرە بۆئەوەی دانیشین و بخنکێین، لە کاتێکدا خەڵکانی تر ئاهەنگی جەژن دەگێڕن.» (ئەوەش بە گوتەی خاتوو ڤان دان)
دووشەممە: «پێیەکانم ئازارم دەدەن، پۆشاکی تەنکم نییە، بەم گەرمایە ناتوانم هیچ بەرگێک بشۆم.» هەر لە بەیانیانەوە تا ئێوارێ گوێت لە پرتەوبۆڵەیە.
منیش بەرگەی گەرما ناگرم و خۆشحاڵم بەوەی ئەمڕۆ با هەڵیکردووە و هەتاویش دەجۆشێ.
ئانا م. فڕانک

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*