سەرەکی » وتار » لەتیف فاتیح فەرەج‌ » ده‌رباره‌ی كوردبوون

خورجە

ده‌رباره‌ی كوردبوون

1
كورد بوون ئازارێكی نه‌بڕاوه‌یه‌ تا ئه‌و رۆژه‌ی ده‌بینه‌ خاوه‌ن تاج و ته‌خت و به‌ختی خۆمان، هه‌ر رۆژێك كورد له‌ سه‌ر خاكی خۆی بووبه‌ خاوه‌ن، ئیدی ئه‌و ئازارو نه‌هامه‌تیه‌ش به‌ كۆتا دێت، هه‌ندێك نه‌زانانه‌ سه‌یری ئه‌م بابه‌ته‌ده‌كه‌ن و وه‌ك ناسیونالیزمی كوێرانه‌ ده‌یبینن، له‌ كاتێكا خه‌بات بۆ ئازادی، ناسیونالیستی نیه‌و مافێكی سه‌ره‌تایی هه‌موو نه‌ته‌وه‌و گه‌ل و ده‌سته‌و گروپێكه‌ یانی خه‌بات بۆ ئازادی ئه‌وه‌نده‌ی پاترۆیتیه‌ ئه‌وه‌نده‌ ناسیونالیستی یان نه‌ته‌وه‌ گه‌ری كوێرانه‌ نیه‌، ئێستا كه‌ كورد بوون له‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌دایه‌، ئاكار هاتنه‌ وه‌ڵامه‌ نه‌ك شتی تر، دۆستێك روله‌ وڵاتانی زلیش نووسیبووی « ئێمه‌ هاوكاری ئێوه‌مان ناوێ‌ به‌س رێمه‌ده‌ن به‌ چه‌كی ئێوه‌ بمانكوژن « یانی كورد بوون شایانی ئه‌و هه‌موو كوشتنه‌ نیه‌، كوردیش وه‌ك ئه‌وانی تر هه‌قی ژیان و بوونی هه‌یه‌، گه‌لۆ من نه‌ته‌وه‌ په‌رستم به‌و قسانه‌ ؟!.

2
كورد بوون، ئه‌زه‌لی و ئه‌به‌دی و به‌رده‌وامیه‌، ئه‌وه‌بۆیه‌ كوردی شاعیر ده‌ڵێت : كورد ئه‌وه‌ند كوردن به‌ سه‌د شه‌یتان له‌ كوردی ناكه‌ون ئیكه‌ خه‌ڵقی بۆچی بۆخۆی ده‌ردی سه‌ر په‌یدا ئه‌كا قانعی شاعیر زۆر زیاتر له‌ كوردی ده‌ڕوات و به‌ خوداكه‌ی خۆی ده‌ڵێت : ئه‌گه‌ر مه‌ڕنه‌موك بێته‌ سه‌رینم به‌ زمانی كوردی نه‌دا ته‌ڵقینم ئه‌نه‌وم له‌ دار زۆر به‌ ئاسانی لیسێ‌ له‌ پشتی دووله‌ ناوشانی هتد لێره‌وه‌ له‌ مانای كورد بوون ده‌گه‌ین كوردی و قانع و زۆرێك له‌ شاعیرانی كورد، ئه‌وه‌نده‌ی مرۆییانه‌ سه‌یری نه‌ته‌وه‌و گه‌لانی دیكه‌یان كردووه‌، هه‌رگیز دژیان نه‌بوون، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ ناسیونالیزمی بێت به‌ راستی ناسیونالیزمیه‌كی زۆر ئاكاریه‌، ناڵێ‌ خه‌ڵكی تر نابێ‌ هه‌بن، ده‌ڵێت با منیش هه‌بم .

3
ئه‌وانی تر ده‌مانكوژن، به‌ تیرۆریستمان ده‌زانن، تیره‌ بارانمان ده‌كه‌ن، به‌ جوداخواز، بێ‌ دین و شتی تر ناومان ده‌به‌ن، ئێ‌ باشه‌ له‌ دۆخی ئاوادا شاعیرێكی وه‌ك حاجی كۆیه‌ هه‌ر ناچاره‌ بڵێت : جۆشێك بده‌ن وه‌كو هه‌نگ ته‌كبیر بكه‌ن به‌ بێده‌نگ ئه‌سبابی شه‌ڕ په‌یاكه‌ن تۆپ و تفه‌نگ و هاوان به‌ درێژای دیرۆك كورد نه‌چوه‌ته‌ سه‌ر ماڵی خه‌ڵك، په‌لاماری تورك و فارس و عه‌ره‌بی نه‌داوه‌ له‌ سه‌ر خاك و نیشتمانی خۆیان، ئه‌وه‌ هه‌ر ئه‌وان بوونه‌له‌ نێو ماڵی خۆمانداو له‌ سه‌ر خاكی خۆمان كوشت و بڕیان كردووین، ده‌ی له‌ ته‌ك ئه‌وه‌شدا ئه‌وه‌ هه‌ر ئێمه‌ بووینه‌ ده‌ستی ئاشتی و پێكه‌وه‌ ژیانی ئاشتیانه‌مان بۆ درێژكردوون، ما وا نیه‌ !!

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*