سەرەکی » ئاراستە » پارتیزانێک گیتار دەژەنێت

پارتیزانێک گیتار دەژەنێت

دەوەن مەعروف

به‌شی شه‌شه‌م و كۆتایی

ـ بەرەو دۆڵی باڵەییان
بەداخەوە ناوی کەسیانم لەبیر نەماوە، کۆمەڵێک پێشمەرگەی زۆر ئازاو دڵسۆز بوون، شارەزایی زۆریان هەبوو لەسەر تەواوی ناوچەکانی قەندیل و تاتی دۆ و گوێزێ و دۆڵە کۆگێ و دۆڵە لێنە و ناوچەکانی باڵەیان. زۆر میهرەبان و لەخۆ بووردوو بوون. زۆر ڕێزیان لێ دەگرتم. ورەیان وەکو شاخ بەرز بوو. بەناو ئەو شاخ و دۆڵانەدا ڕێگەمان بڕی. گەیشتینە شێخ ئایش و بەو هەورازە سەختەدا سەرکوتین کە بەشێکی زۆری بەفر بوو. نەوەستاین تاکو گەیشتنیە ئاوە سپی. لەوێ بارەگایەکی لێ بوو، لەلای ئەوان لامانداو حەواینەوە. کۆمەڵێک پێشمەرگەی لێ بوو هەندێکیانم دەناسی. وەک(خاڵە سەڵاح) هەرکە خاڵە سەڵاح-م بینی. هیچ دڵەڕاوکێیەک لەناو دڵما نەما. کەوتمە پرسیار کردن و دەنگ وباسی ناوچەکە. هەندێ هەواڵی پێ وتین و هەر ئەویش بوو وتی: دوێنێ کاک ئازاد هەورامیم دیوە! ئیتر زۆر دڵم خۆش بوو. وتم:
– لەکوێیە. وتی لە شاخی کونەکۆترە لەوێ سەرپەرشتی هێزەکەی باڵەیان دەکات. خۆم پێ نەگیراو بە خاڵە سەڵاحم وت: دەنگوباسی برادەرانی ٥٧ی سەگرمە؟ وتی: کاک ئازادی سەگرمە و برادەران لەناوچەکە ماونەتەوە، خۆشبەختانە سەلامەتن، لێم پرسی ئەی کێی لێیە لە برادەرانی ٥٧ ی سەگرمە. وتی چەند پێشمەرگەیەکین، کاک سامانە سوور. عومەری مالیە. تەها، دڵم خۆش بوو کە جارێکیتر ئەو برادەرانە دەبینمەوە. لە ڕێگە باس باسی ئەو شەڕە بوو کە پێشمەرگەکانی سەر شاخی کونەکۆتر کردبوویان. شەڕێکی زۆر قارەمانانە و بێ وێنە. ئیتر پێکەوە هاتین بەرو باڵەیان. ئێوارە بوو هێشتا سفرەی پێشمەرگە ڕانەخرابوو. بە دەستی تەوقەکردن و ماچکردنی ئەملاو ئەولا ماڵئاواییمان لە پێشمەرگەکانی١٢ی سۆران کرد. من و خاڵە سەڵاح، پێکەوە سەرکەوتین بەرەو بارەگە بچوووکەکەی کاک ئازاد هەورامی لە «سەرشێخان» یەکەم کەس کە بینیم لە پێشمەرگەکانی بادینان « هیوا چاوشین» بوو. دوایی دکتۆر هێمن و کاک دارای بێتەل. لەپاش کەمێک، کاک ئازادم بینی و چووم بۆ لای هەر کە منی بینی زۆر بە گەرمییەوە بەخێرهاتنی کردم و کەوتە هەواڵ پرسینی برادەران. بەتایبەتی ئەو شەش برادەری کە لە ڕووباری کەتینە گیران. وتی ئاگاداری هەموو شتێک هەم! بەخێربێتەوە زۆرم پێخۆشە کە بەسەلامەتی هاتووتیتەوە. ڕووی تێکردم و وتی: دوور مەکەرەوە لێرەبە لەگەڵ خۆمان، برادەران لێرەن دارا و هیوا دکتۆر هێمن، خەمی هیچت نەبێت. با هەواڵیکی خۆشت بدەمێ. منیش وتم چییە فەرموو: وتی: زووربەی برادەران لە ئەنفالی بادینان ڕزگاریان بووە. دڵم زۆر خۆش بوو. بەڵام لە پڕێکدا وتی: ئەزانی شەهید بوونی حەمە بی کەی سی. چەند دڵگرانی کردم، هەرگیز خەڵکی وا دڵسۆز و ئازا و گورجوگۆڵم نەدیوە. ئەو ماوەیە تیپی ٥٥ی قەرەداخ یەکێک بوون لە تیپە ئازاکانی سەر شاخی کونەکۆتر هەموو هێرشەکانی دوژمنیان تێک دەشکاند. ماوەیەکی کەم بوو شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و ئێراق وەستا بوو. ڕژێمی ئێراق بە فرسەتی دەزانی هێرش بکاتە سەر ناوچە ئازاکراوەکانی هێزی پێشمەرگەی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان. ناوی لێنا ئەنفالی ٧ هەر بۆیە لەماوەیەکی کەمدا دەست کرد بە هێرشکردن بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە شاخی کونەکۆتر و قەڵا تووکان و مەڵبەندی ٣ کە ناوی ئەنفالی ٦ بوو قەندیل و سوورەدێ و ئەستیرۆکان. هێزی پێشمەرگە زۆر قارەمانانە وەڵامی گشت هێز زەبەلاحەکەی دوژمنی دایەوە. تیپی ٥٥ی قەرەداخ لەسەر لوتکەی «کەرگوێ « دامەزرابوون. ئەم لوتکەیە تەنیا یەک کیلۆ مەتر لە دوژمنەوە دوور بوو. کە دەکەوتە گوندەکانی» ئینزێ و لێوژی» تیپی ٥٣ی شێروانە و ٧٤ی باڵەک لەسەر لەخوار تیپی ٥٥ی قەرەداخەوە بوون، تیپت ١٧ی زمناکۆ لەسەر شاخی کونەکۆتر لەسەر لوتکەی «هەورە ڕۆن و گەری هێلانە قەل» بوون، کە لوتکەیەکی زۆر بەرزو دیار بوو. گوندی «بۆڵێ « کە بەرەگای حزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێرانی لێ بوو. تیپی ٥١ی گەرمیان لە لە « قەڕناقەو پشتئاشان» بوون، لە گوندەکانی لە « سوورەدێ و شاخی ساوێن و ئاشقۆڵکە»بوون وەهەروەها ئەم تیپانەش هەر لەوێ بوون بۆ هاوکاریی و ئاڵوگۆڕکردنی تیپەکانی تر وەک: تیپی ٣١ سلێمانی و ٣٧ی شارباژێر و ٢٩ کلکەسماق» جارێکیتر دەگەڕێمەوە بۆ شەڕی کونەکۆتر و لوتکەی هەورە ڕۆن و گەری هێلانە قەل، زۆرترین هێرشیان کرابووە سەر. تیپی ٥٥ی قەرەداخ شەهید مەلا ئەحمەدی گەرمیان، سەرتیپیان بوو. لەبەر زەڕووری لەگەڵ کۆمەڵێک پێشمەرگە لەناوچەی گەرمیان مابوونەوە. بەڵام بەداخەوە لە مانگی ٢ / ١٩٩٠ لە ئەشکەوتی «داری خلە» سەرقاڵ بوون بەکاری پێشمەرگانەوە لەچارەنووسی ئەواندا ئەشکەوتەکە ڕووخا بەسەریانداو لەوێ شەهید بوون. لەیادمە مامۆستا» عەلی» سەرپەرشتی تیپەکەی دەکرد. کە بریتی بوو لە سێ کەرت. لەیادم بێت فەرماندەی کەرتەکان بەم جۆرە بوون. حەمە فەرەج هەورامی، خەلیل سەرکانی، ئەکرەم، ناسراو بەئیمام. لە یەکێک لە هیرشەکانی دوژمندا تیپی ٥٥ی قەرەداخ توانیبوویان گورزی کاریگەر لە دوژمن بدەن. تەنانەت ئەفسەرێکیان بە دیل گرتبوو. لەناو ئەو هەموو تۆپباران و هێرشەدا تیپی ٥٥ی قەرەداخ گەورەترین شەڕیان کرد لە دژی هێرشەکانی دوژمن، چەکی زۆریان گرتبوو کە یەکێکیان چەکی بی کی سی-بوو. لە سەعات چواری ئێوارەوە تاکو نۆی بەیانی هێرشی دوژمن بەردەوام بوو. داستانی کۆنەکۆتر وەک داستانی ڕزگاریی و دابان بەهای خۆی هەیەو مێژوو گەواهیدەری ئەم ڕاستییە. بەڵام بەداخەوە کۆمەڵێک پێشمەرگەی قارەمان لەم داستانەدا شەهید بوون وەک» ئەکرەم، فەرماندەی کەرت، حەمە فەرەج هەورامی فەرماندەی کەرت، شوان، ئاکۆ ڕەش، بەرزان، نامیق تلەزەیتی، نەجات قەرەداخی، عومەر مارکس، فازیل سەرکۆیی» بەداوای لێبووردنەوە کە ناوی هەندێکیانم بیر نەماوە. کۆمەڵێك پێشمەرگەی قارەمانیان بریندار بوون وەک: ڕزگار گڵەزەردەیی. مامۆستا دارا. فازیل» شەهید فازیل لەبەر سەختی برینەکەی لە شێخ ئایش نێژرا. شەهید شوان. لە گوندی خەزێنە. شەڕی سەروماڵ لەسەر ئەم لوتکەیە کرا کە لەدوای شەڕی چەک و تفەنگ. شەڕ بووبە شەڕی دەستەویەخە. کە یەکێک بوو لە قارەمانترین شەڕەکانی مێژووی یەکێتیی نیشتامنی کوردستان. لەیادمە کاک ئازاد هەوارمی پێی وتبوون هەتا دوژمن نزیک نەبنەوە تەقەیان لێ مەکەن. هەرواش بوو. نەخشەکەی کاک ئازاد بووبە هەوێنی سەرکەوتنی هێزی پێشمەرگە لە شاخی کونەکۆتر بە جۆرێک بە شانزە پێشمەرگەی ٥٥ی قەرەداخ توانیان گشت هێرشەکانی دوژمن بشکێنن. لەدوای تیپی ٥٥ی قەرەداخ تیپی ٨٧ ی قەرەچوخ، ئاڵوگۆڕیان پێ کردن. ئەوانیش گەورەترین هێرشەکانی دوژمنیان شکاند هەتا ئەو کاتەی شەر بەردەوام بوو. چواردە شەهیدیان دا، کەبەداخەوە ناوی کەسیانم لەیاد نییە.

بریندار بوونی کاک ئازاد هەورامی
لەیادمە ئەو ئێوارەیە خەفەرکەمان باینجانی لێنابوو. سالار عەبدولقادر، هاتە بارەگا و پرسی چی هەیە بیخۆین بۆ ئێوارە؟ هیواش وتی: باینجان. ئیتر کامەران تووڕە بوو وتی: چی لەباینجان بکەین، کەی ئێستا وەختی باینجان خواردنە، کاک ئازاد هەوارمی گوێی لێبوو هاتە دەرەوەو وتی: هەر ئەوە هەیە. پێشمەرگە لەسەر کونەکۆتر بە سکی برسی شەڕ دەکات. ئەوان چی بخۆن، ئێمەش هەر ئەوە دەخۆین! پێشمەرگەکانی تیپی ٥٥ی قەرەداخ موعەلەبێکیان دۆزیبۆوە لەسەر شاخی کونەکۆتر ماوەی بەسەر چوونەکەی ساڵی ١٩٧٤ بوو. واتە ١٤ ساڵی بەسەردا چوو بوو، خواردبوویان و خۆشەبەختانە هیچیان بەسەر نەهات بوو تاکو ئەم نووسینە هەندێکیان لە ژیاندا ماون. ماوەی ٢٢ ڕۆژ بوو جەنگی هەشت ساڵەی نێوان ئێراق و ئێران کۆتایی هاتبوو. لەو ماوەیەدا ڕژێمی ئێراق هێرشی بەربڵاوی دەکردە سەرناوچە ئازادکراوەکان. تەنانەت لە زووربەی هەرە زۆری ناوچەکان، چەکی کیمیایی بەکار هێناو بوو. لێرەوە جۆرێک لە گێرانەوە سەرهەڵدەدا کە نابێت ئەو هاوڕێیانە لەیاد بکەیت. کە لەگەڵت بوون و هەندێکیان زیندوون و هەندێکیشیان لە ژیاندا نەماون. هەر بۆیە پێم خۆشە ناوی یەک بەیەکی ئەو پێشمەرگانە بنووسم کە لەو ڕۆژگارەدا شان بەشانی یەکتر پێکەوە بووین. وەک: هیوا چاوشین، دارای جیهاز، دکتۆر هێمن، خاڵە سەڵاح، حەمە سەعید، فریاد ئەحمەد ڕەمزی، بەرزانی قالەی خەڵوز، شێرکۆ سەید نووری، نەورۆزی حەمە زرگوێزی، بەشێکی زۆری پێشمەرگەکانی ١٢ی سۆران و ٥٥ی قەرەداخ و ٨٧ی قەرەچوغ و کاک کۆسرەت ڕەسووڵ و ملازم عومەر و کاک شێخ جافر و کاک حامیدی حاجی غالی و کاک عەبدولڕەزاق و قادر خەبات و خاڵە سەڵاح و عەبەی کۆنفۆ کۆمەڵێك پێشمەرگەی تر. لە چاوی هەر یەکێکمانەوە وێنەکان وەک یەک نین! بەڵکو لەلای هەر یەکەمان وێنەکان دەگۆڕێن و لە زیهنی هەر یەکێکمانەوە مانایەکی تری هەیە. بەتایبەتی لەدوای سی ساڵ بەسەر تراژیدیایەکی وەک بریندار بوون و شەهید بوونی کاک ئازاد هەورامی، کارێکی دەگمەنکارە و پێویستی بەوەیە کە هەموو ڕووداوەکان وەک خۆی بنووسرێتەوە. لە دیدی من و چاوی بەندەوە ڕۆژێکی خەمبار بوو. دۆڵی باڵەیان بەڕۆژ گەرم و بەشەو سارد بوو، ئەو ئێوارەیە من و خاڵە سەڵاح لەخوار بارەگەکەی کاک ئازاد هەورامییەوە بووین کە لە دامێنی « سەرشێخان» بوو. هێشتا خۆر لەناوەڕاستی شاخی کونەکۆتردا بوو. ئێوارەی ڕۆژی یەک شەممە، ڕێکەوتی ٣٠ / ٨ / ١٩٨٨ کاتژمێر ١٧ : ٤ خولەک، کاک (ئازاد هەورامی) لە پشتی بارەگاکەی خۆی لەگەڵ هاوڕێ «شنۆ»ی هاوژینی پێکەوە بوون. لە پڕێکدا کۆپتەرێکی جۆری « سامتی» بە خێراییەکی زۆرەوە هاتە سەر دۆڵی باڵەیان و سەرشێخانی تۆپباران کرد. کە سەرم هەڵبڕی بینیم لەپشتی بارەگاکەی کاک ئازاد بریشکەی ئاگر و تەپوتۆز بەرز بۆوە. چاوم لێ بوو کاک دارای جیهاز هاواری دەکرد و بەرەو لای کاک ئازاد و هاوڕێ شنۆ ڕایدەکرد. کاک دارا یەکەم کەس بوو کە چووە سەر کاک ئازاد و هاوڕێ شنۆ. بینیم هیوا چاوشین، بەهەمان جۆر ڕایدەکرد بەرەو شوێنەکەی کاک ئازاد. ئێمەش بە پەلە ڕامانکردە سەرەوە. کە گەیشتینە سەرەوە دکتۆر هێـن و کاک دارا و هیوا چاوشین گەیشت بوونە سەر کاک ئازاد. چیم بینی! کاک ئازاد بریندار بوو. هاوڕێ شنۆ-ش پەنا گوێی خوێنی پیا دەهاتە خوارەوە. بەهەر جۆرێک بوو کاک ئازادیان هێنایە ناو بارەگاکە و لەدوای کەمەکێ بەشێکی زۆر لە برادەران گەیشتنە بارەگا. دکتۆر هێمن بەپەلە کەوتە پشکنین و چارەسەرکردن گوێم لێ بوو وتی: پێویستمان بە خوێنە. یەکەم کەس کە خوێنی دا بە کاک ئازاد. هیوا چاوشین بوو. پاشان باقی برادەران قۆڵی مەردانەیان هەڵکرد و لەنۆبەدا بوون بۆ خوێن بەخشین بە کاک ئازاد. دکتۆر هێمن جارێکیتر وتی: هەژدە بتڵ خوێنمان دەوێت تاکو چارەسەری بکەین. کاک ئازاد هێندەی وت: هیوا گیرفانەکانم بەتاڵ بکە. هیواش هەموو گیرفانەکانی بەتاڵ کرد. بەشێکیتر لە برادەران گەیشتن، ئەوەی کە لەیادم بێت ئەوانەی کە خوێنیان پێدا کاک کۆسرەت، شێخ جافر. شەهید عەبدولڕەزاق، دارا، کاک(حامیدی حاجی غالی) قۆڵی کراس و چۆخەکەی هەڵکردبوو بە پەلە هاتە پێشەوەو وتی: دکتۆر هێمن (خوێن لەکەس وەرمەگرە، لە دەماری من بۆ دەماری کاک ئازاد) لەدوای ئەم قسەیەی کاک حامی، بەشێکمان چووینە ئەولاوە چاومان پڕ فرمێسک بوو. نێوانی کاک حامید و کاک ئازاد زۆر خۆش بوو. لەسەرەتای دەستپێکردنەوەی شۆڕشی نوێدا هەردووکیان دوو هاوڕێی نزیکی یەکتری بوون. تەنانەت لە کارەساتی «هەکاری»دا پێکەوە گیران و پێکەوەش لە زیندانەکەی قیادە مۆقەتە ڕایانکرد و ڕزگاریان بوو. دۆشکەکەی کە لەسەر سەرشێخان بوو نەیتوانی تەقە بکات. چونکە لەو قۆڵەی کاک نەورۆزی حەمە زڕگوێزیی و هاوڕێیانی تری لێ بوو، گوێیان لێ بووە کە دۆشکەکەی سەر شاخی کونەکۆتر بە جیهازی هۆکی تۆکی. وتبووی فریامان خەن. بەڕوومان نەماوە. هەر بۆیە دۆشکەکە تەقەی نەکرد چونکە گولەی لەلا نەبوو. بەهۆی نەبوونی گولەی دۆشکە، ئەو کارەساتە روویداو کاک ئازاد بریندار بوو. لەدوای ئەوەی دکتۆر هێمن داوای کرد کە بەرهەر جۆرێک بووە دەبێت کاک ئازاد بگاتە ئێران بۆ چارەسەر. لەیادمە کۆمەڵێك بەتانی و سنوقیان هێناو بەهەر جۆرێک بوو لەسەر پشتی وڵاغەکە لەشێوەی درێژیی دروستیان کردو کاک ئازادیان خستە سەری. ئیتر لێرەوە جۆرێک تراژیدی تر دەست پێدەکات. ئەویش ڕۆیشتن بوو بەرەو گوندی» ئاوەسپی و دۆڵی کرمە سووران و پاشان بەرەو شێخ ئایش» چونکە برادەرانی مەکتەبی سیاسیی هەواڵەکەیان گەیاندە برادەران و بەپەلە کاک فەرەیدون و دکتۆر هەڵۆو کاک شێخ کامیل. گەیشت بوونە ئەوبەری شێخ ئایش بۆ ئەوەی کاک ئازاد لەگەڵ خۆیان بەرن بەرەو خەستەخانەکانی ئێران. ئەوان و ئێمەش هەموومان چاوەڕێی هاتنی ئۆتۆمبیلە فریاکەوتنە بووین کە بگات و کاک ئازاد لەگەڵ خۆی بببات. کە هاتین کۆمەڵێک برادەر بووین بەرەو شێخ ئایش بەڕێکەوتین لەڕێگەی ئاوەسپیی، برادەران بەرزانی قالەی خەڵوزو شێرکۆ شیخ نووری و کاک عەبەی کۆنفۆ لەگەڵمان هاتن. ئەوانەی کە لەیادم بێت. هیوا چاوشین. دکتۆر هێمن، حەمە سەعید، بەرزانی خەڵوز، فریاد ئەحمەد ڕەمزی، دارای جیهاز. هاتینە خوارەوە بەرەو بارەگاکانی کاک قادر خەبات و کاک سەڵاح چاوشین. ماویەکی زۆر بە ڕێگاوە بوین زۆرجار کاک ئازاد بەدەنگی نزم قسەی لەگەڵ کاک حەمە سعید و هیوا چاوشین دکتۆر هێمن دەکرد. ئەو سەربەروخوارەی کە دەهات بۆ شێخ ئایش. بەشێکی بەفری تیا بوو کە ماوەکەی نزیکەی چل خولەکە دەبوو. لەوێ چەند جارێک وەڵاغەکە ئەخزاو برادەران بەهەر جۆرێک بوو نەیان دەهێشت وڵاغەکە بکەوێت. وەک بیرم بێت هێشتا خۆر هەڵنەهات بوو. گەیشتنیە شێخ ئایش و تاکو خێمەکەی کاک قادر خەبات نەوەستاین. ئیتر لەوێ لامانداو چاوەڕیی ئۆتۆمبیلی فریاکەتنەکەمان دەکرد، کە بڕیار بوو بەیانی زوو بگاتە ئەوبەری شێخ ئایش. برینەکەی کاک ئازاد زۆر بوو. لەدەمی هیوا چاوشینەوە گوێم لێ بوو، ئەیوت: ڕانی و قۆڵی و سنگی بەتەواوی شکا بوون. هەربۆیە کاک ئازاد نەیدەتوانی بەئاسانی قسە بکات. بەڵام هەرگیز مرۆڤی وا خۆڕاگرم نەدیبوو. زۆرجار ئەو دڵخۆشی فریاد ئەحمەد ڕەمزی دەدایەوەو پێی دەوت: هاوڕێ پێشمەرگایەتی ئەم جۆرە خەباتەی تیایە. دکتۆر هێمن ئەیوت:
– دەرزییەکمان پێویستە بۆ ئەوەی ئەو ئێسقانە وردانەی کە چۆتە ناو دەمارەکانی لەشیەوە بیتوێنێتەوەو وردە ئێسقان ڕێگە لە جوونی خوێن نەگرێت بۆ دەمارەکانی لەشی. بەلام بەداخەوە ئەو دەرزییەشیان داوا کردو فریای نەکەوت. هێشتا لەناو خێمەکەی کاک قادر خەبات بوو. کە لەسەر داوای کاک ئازاد خۆی. بانگی کاک قادر خەباتی کردوو پێی وت: کاک قادر من و تۆ دوو هاوڕێی خۆشەویستی یەکترین، ئەم دەمانچە سمسە ڕوبعە، کاتی خۆی کاک مستەفا چاوڕەش بەدیاری پێیداوم کە چووم بۆ ناوچەی قەرەداخ و هەرێمی پێنج. منیش بەدیاریی ئەیدەم بە تۆ، چونکە تۆ هاوڕییەکی دڵسۆز و خەمخۆری هەموومانیت. ئیتر کاک خەبات. قبوڵی کرد و بەچاوی فرمێسکەوە چووە دەرەوەی خێمەکە. ئێمە لە چاوەڕوانی هاتنی ئیسعافەکە بووین. ئێمە نزیکەی دوو سەعاتێک دەبوو کە ئامادەبووین بۆ ئەوەی کاک ئازاد لە ڕووباری»بادیناوە» بپەڕێنیەوە بۆ ئەوبەر، بەڵام هەر نەگەیشت. وا نزیک ببۆوە لە سەعات ١٠ هێشتا هەواڵی ئیسعافەکە نەبوو. برادەرانیش هەر وەکو پێشتر باسم کرد، کاک فەریدون و کاک شێخ کامیل و کاک دکتۆر هەڵۆ، چاوەڕیی ئیسعافەکە بوون، دکتۆر هێمن، بۆ یەک چرکە کاک ئازادی جێ نەهێشت و هەر لەگەڵیدا بوو، هیوا چاوشین و فریاد، لەناو خێمەکە بوون، لەگەڵ کاک ئازاد، بەشێکی برادەران لەدەروەی خێمەکە خەمبار و مەلوول هەر خەریکی خەم کێشان بوون. نزیکی کاتژێر یانزەی پێش نیوەڕۆ. هەواڵ هات کە ئیسعافەکە گەیشتووە، بەڵام ناتوانێت بێتە ئەوبەرەوە چونکە ڕەزامەندیان نییە بچنە ئەوبەر رووبارەکە. برادەران کاک ئازادیان هەڵگرت و بەناو رووبارەکەدا دەڕۆیشتن. دکتۆر هێمن و هیواچاوشین دەستیان بە دەستی کاک ئازادەوە بوو. لەم کاتەدا هێشتا نزیکبووینەوە لە ناوەراستی رووبارەکە، دکتۆر هێمن وتی: برادەران بوەستن. مەچەکی کاک ئازادی گرت بوو، خەریکی گرتنی لێدانی دڵی بوو. ئیتر دکتۆر هێمن بە چاوی گریانەوە وتی: بەداخەوە کاک ئازاد شەهید بوو، وەک بێتەوە بیرم لە کاتژێر ٥ :١١ خولەکی پێش نیوەڕۆ بوو. دیار بوو لەلای کاک هیوا چاوشین و دکتۆر هێمن وەسێتی کردبوو پێی وتبوون ئەگەر هەرچییەک روویدا بمبەنەوە بۆ «سەرکڕان» زێدی باوباپیرانی. ئیتر کاک ئازاد هەوارمی برایە ئەوبەر و تەسلیم بە برادەران کرا و بردیان بەرەو شاری سەقز. وەک دوای زانیمان لە مەراسیمێکی تایبەتدا کاک ئازادیان لە سەرکران بەخاک سپارد بوو. ئێمەش گەڕاینەوە شێخ ئایش. لەدوای ئەوەی هاتینەوە خێمەکەی کاک قادر خەبات. گشتمان خەمبار بووین، کێ بڕوای دەکرد کاک ئازاد هەوارمی بەو زووییە لەناوماندا نەمێنێت. هەموومان بەدەم ئەم ئازارەوە نەماندەزانی چی بکەین و بڕواشمان نەدەکرد کە جارێکییتر کاک ئازاد هەوارمی نابینینەوە. شەو لەناو خێمەکە خەوتین و بۆ بەیانی کاک قادر حاجی عەلی هات بۆ شێخ ئایش.هاتە لای ئێمە و دڵخۆشی دەداینەوە. لەیادمە ڕوی کردە من و فریاد و وتی: ئەگەر لەگەڵ من دێن وەرن پێکەوە دەچین بۆلای برادەرانی ئێوە کە هەندێکیان ئەواتان لە «تاتی دۆ» لەگەڵ کاک قادری حاجی عەلی بەڕێکەوتین و جارێکیتر لەگەڵ برادەران کاک سامانە سوور و کاک عومەری مالییە و کاک ئەنوەر دۆڵانی یەکمان بینیەوە. من لەلای برادەران مامەوەو کاک قادری حاجی عەلی ماڵئاوایی لێکردین و ڕۆیشت. بەداخەوە لەدوای ساڵێک و چەند مانگێک لەگەڵ مرۆڤێکی وەک کاک ئازاد هەوارمی. بۆ هەتایە لەیەک دابڕاین. بۆ ئێمە خەمێکی قووڵ بوو، چونکە یادەوەریی زۆر خۆشمان هەبوو لەگەڵ کاک ئازاد هەوارمی و بەتایبەتی و گشت هێزەکەی بادینان بە گشتی. لەدوای ماویەکی زۆر جارێکیتر هەندێ لە برادەرانی بادینانمان بینیەوەو بەشەوقەوە یادەوەرییەکانی بادیناممان دەگێڕایەوە. لەدەستدانی کاک ئازاد هەوارمی. لەو کات و ساتەدا کارەساتێکی گەورە بوو جێگەی بڕوا نەبوو وەهەرگیز جێگەکەی پڕ نەکرایەوە. هەزاران چەپکە گوڵ بۆسەر مەزاری هاوڕێی ئازیزم کاک ئازا هەورامی، بۆ هەمیشە لەناو دڵی مندا زیندووە! دوو هاوڕێی پێشمەرگایەتیم کە هەرگیز لەیادیان ناکەم کاک ئازاد هەوارمی و کاک ئازادی سەگرمە، بووە لە هەردووکیانەوە فێری زۆر ئەزموون بووم، بەتایبەتی لە ئاکار و زمان و داوێن پاکیدا.
تێبینی: لەدڵەوە سوپاسی ئەو هاوڕێیانە دەکەم کە هاوکاریان کردم بۆ نووسینەوەی ئەم یادەوەرییە. کە بریتین لە بەڕێزان: هیوا چاوشین. دای وەهاب، دارای جیهاز، دکتۆر شەماڵ ئەحمەد محەمەد، لەشکری بادینی. نەورۆز زڕگوێزیی، بەرزانی قالەی خەڵوز. حەمە سەعید، لایەق کونجرینی، شێرکۆ شێخ نووری، ڕزگاری گڵەزەردە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*