سەرەکی » هەواڵ » توركیا پابەندی ئاگربەست نابێت

هەسەدە:

توركیا پابەندی ئاگربەست نابێت

هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: توركیا پابەندی ئاگربەست نابێت.

هەسەدە داوای رەوانەكردنی چاودێرانی نێودەوڵەتی دەكات
هەسەدە لە بەیاننامەكەیدا ئاماژەی بەوەشداوە «توركیا چەندینجار ئاگربەستەكەی پێشێلكردووە». دەشڵێت: داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایش و كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی و بەتایبەتیش ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەكەین، بەوپێیەی نێوەندگیر و سەرپەرشتیاری رێكەوتنەكەیە، چاودێرانی نێودەوڵەتی رەوانە بكەن، بە مەبەستی پاراستنی رێكەوتنەكە.

مەزڵوم كۆبانێ‌: توركیا رێگریی‌ لە چوونەدەرەوەی هێزەكانمان دەكات لە سەرێكانی
هەردوێنێ مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاند: توركیا رێگریی‌ لە چوونەدەرەوەی هێزەكانمان دەكات لە سەرێكانی‌، هۆشداریشیدا لەوەی‌ «گەر پابەندی‌ رێكەوتنەكە نەبن، وایدادەنێن ئەمە پیلانگێڕییە دژی‌ هێزەكانمان».

UN: سەرەڕای ئاگربەست بە سەدان هاووڵاتی ئاوارەبوون
رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیش رایگەیاند: سەرەڕای رێكەوتنی ئاگربەست لەگەڵ توركیا، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی هێرشەكانی توركیاوە، بە سەدان هاووڵاتی لە ناوچە سنوورییەكانی باكووری سوریا، رۆژانە ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێدەهێڵن و ئاوارە دەبن.

كۆتایی هەفتەی رابردوو ئاگربەست راگەیەنرا
شابانی باسە، كۆتایی هەفتەی رابردوو، مایك پێنس جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە هاوڕێیەتیی وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی، سەردانی توركیای كرد و دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ‌ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری‌ توركیادا، رایگەیاند: گەیشتووینەتە رێكەوتن بۆ ئەوەی‌ ئاگربەست لە باكووری سوریا رابگەیەنرێت. وتیشی: توركیا خواستی هەیە ئاگربەست رابگەیەنێت و ئاگربەستەكەش لە ماوەی 120 سەعاتدا جێبەجێدەكرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*