سەرەکی » وەرزش » ژنێكی ماندوو، لێوان لێو له‌ خزمه‌ت و ئه‌ركی خۆبه‌خش

ژنێكی ماندوو، لێوان لێو له‌ خزمه‌ت و ئه‌ركی خۆبه‌خش

له‌دوو ژماره‌ی پێشووی ستادیۆمدا (170 و 171)، به‌ دوو به‌ش راپۆرتێكمان له‌سه‌ر پاڵه‌وانێتیی گۆڕه‌پان و مه‌یدانی یانه‌كانی عیراق بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ له‌سلێمانی و له‌نێوان رۆژانی 18 و 19 ی ئه‌یلولی رابردوو رێكخرا به‌ناونیشانی (له‌ كڵاورۆژنه‌ی پاڵه‌وانێتیی گۆڕه‌پان و مه‌یدانی یانه‌كانی عیراقه‌وه‌)، له‌ ژماره‌ی پێشووتریشیاندا ته‌واوی ئه‌نجامه‌كانی ئه‌و پاڵه‌وانێتییه‌مان بڵاو كرده‌وه‌.

ئێمه‌ لێره‌دا ناگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر ئه‌نجامه‌كانی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌، هه‌روه‌ها ناشگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆسه‌ر باسی هه‌ردوو به‌شی راپۆرته‌كه‌ی ستادیۆم (له‌ كڵاورۆژنه‌ی پاڵه‌وانێتیی گۆڕه‌پان و مه‌یدانی یانه‌كانی عیراقه‌وه‌)، چونكه‌ خوێنه‌ر به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ستادیۆم له‌ ته‌واوی زانیارییه‌كان ئاگادار ده‌بێت ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا مه‌به‌ستمانه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌هه‌ردوو به‌شی (له‌ كڵاورۆژنه‌ی پاڵه‌وانێتیی گۆڕه‌پان و مه‌یدانی یانه‌كانی عیراقه‌وه‌)، باسمان له‌ ژنێكی خۆبه‌خش و ماندوو كرد كه‌ ئه‌و ئه‌گه‌ر نیوه‌ی ئه‌ركی رێكخستن و سه‌رخستنی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ی له‌ئه‌ستۆ نه‌بووبێت، ئه‌وا ئه‌و یه‌كێك بووه‌ له‌هۆكاره‌كانی سه‌ركه‌وتن و رێكخستن و ئه‌نجامدانی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌، ئه‌و بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌مترین كه‌م و كوڕی به‌پاڵه‌وانێتییه‌كه‌و دیار بێت، ئه‌و وه‌ك سه‌ربازێكی وون بێ هیچ به‌رامبه‌رێك زۆرترین ئه‌رك و خزمه‌تی له‌ئه‌ستۆ گرتبوو، ئه‌و ژنه‌ش خاتوو سه‌نا شاكیره‌.
د. عه‌بدول عه‌زیز نایف ئه‌لتائی مامۆستا و دكتۆری كۆڵێجی په‌ره‌وه‌رده‌ی وه‌رزشی زانكۆی به‌غدا‌ کە سه‌رۆكی یه‌كێتیی وه‌رزش بۆ هه‌مووانی عیراقه‌، راگه‌یاندكارێكی دیاری وه‌رزشییه‌، پسپۆڕی یارییه‌كانی گۆڕه‌پان و مه‌یدانه‌، ئه‌م له‌ پاڵه‌وانێتییه‌كه‌دا ئاماده‌بووه‌، له‌ فه‌یسبوكی خۆی به‌ شه‌ش به‌ش باسی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ی كردووه‌.
له‌هه‌ر شه‌ش به‌شی باسه‌كه‌یدا پێشه‌كییه‌كی دووباره‌ كردۆته‌وه‌ و تیایدا ستایشێكی زۆری خاتو سه‌نای كردووه‌ و پێشه‌كییه‌كه‌ی به‌مجۆره‌یه‌:
*ژنێكی خۆبه‌خشی سلێمانی كه‌به‌داخه‌وه‌ من ناوه‌كه‌ی نازانم، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ ده‌زانم دایكی هه‌ردوو كچه‌ یاریزان (كوردستان و هوستانه‌، ئەوان دوو كچه‌ یاریزانی یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانین)، ئەو خۆبه‌خشانه‌ خۆی و تیمێكی خۆبه‌خش كه‌ ئه‌و كۆیكردبوونه‌وه‌، بۆ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك یاریگایان پاك كردۆته‌وه‌، یاریگایان شتووه‌، یاریگایان وشككردۆته‌وه‌، یاریگایان رازاندۆته‌وه‌، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ به‌ڵكو ئه‌م ژنه‌ هه‌ر خۆی و له‌سه‌ر گیرفانی خۆی ئاو و سه‌هۆڵی ده‌هێنا بۆ یاریگا، هه‌رئه‌و ژنه‌ ئامێره‌كانی ئیزه‌گه‌ی ناو یاریگای ئاماده‌ كردووه‌ و له‌ماڵه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ ده‌یهێنا، جگه‌ له‌وانه‌ ئه‌م ژنه‌ ئێواره‌ خوانێكی گه‌وه‌ری له‌سه‌ر حسابی خۆی بۆ تیپی یانه‌ی شورته‌ رێكخست کە له‌گه‌ڵ تیپی یانه‌ی جه‌یشی برای بڕیاری پاش كشه‌یان له‌پاڵه‌وانێتییه‌كه‌دا كه‌ هیچ شتێك نابێته‌ هۆی جیاكردنه‌وه‌یان له‌یه‌كتری ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ زقه‌كانی ناوبژیوانی و ئیداری پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ نه‌بێت كه‌ ئه‌وان بوونه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئاگری ناكۆكی نێوانیان خۆش بكات.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ ستادیۆم به‌چاكی زانی خاتو سه‌نا به‌سه‌ر بكاته‌وه‌، بۆیه‌ خاتو سه‌نا بووه‌ میوانی ستادیۆمی كوردستانی نوێ، ئه‌و دایكی هه‌ردوو كچه‌ یاریزانی یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی (كوردستان و هۆستان به‌مۆ جه‌مال) ه‌ كه‌ دوو كچی دیاری یارییه‌كانی گۆڕه‌پان و مه‌یدانی یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی عیراق و كوردستانن، ستادیۆم له‌و رووه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكی ئاراسته‌ی خاتو سه‌نا كردو ئه‌ویش به‌مشێوه‌یه‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی ستادیۆمی كوردستانی نوێی دایه‌وه‌.
*تۆ له‌و پاڵه‌وانێتییه‌دا ئه‌ركێكی زۆرت كێشا، زۆر مانوو بویت، چی له‌تواناتا بوو بۆ سه‌ركه‌وتنی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ كردوته‌، تۆ مه‌به‌ستت له‌و خزمه‌تانه‌ چی بوو؟
-ته‌نیا مه‌به‌ستی من له‌و هه‌موو خزمه‌ت و ماندووبونه‌ له‌و پاڵه‌وانێتییه‌دا ئه‌وه‌بوو كه‌ نه‌ڵێن سلێمانی ناتوانێت پاڵه‌وانێتییه‌كی وا له‌ئامێز بگرێت، مه‌به‌ستی من ئه‌وه‌بووه‌ له‌سه‌رتاسه‌ری عیراقه‌وه‌ یاریزان و پاڵه‌وانانی عیراق و پسپۆڕانی ئه‌م یارییه‌ دێنه‌ سلێمانی، تا ئه‌وان هیچ كه‌م و كوڕییه‌ك به‌دی نه‌كه‌ن، مه‌به‌ستی من خزمه‌ت به‌ بواری وه‌رزش به‌گشتی و یارییه‌كانی گۆڕه‌پان و مه‌یدانه‌ به‌تایبه‌تی، له‌هه‌مووشی گرنگتر له‌به‌ر خاتری سه‌رجه‌م كچانی یانه‌كانی سلێمانی و كوردستان به‌گشتی و دوو كچەکەی خۆم به‌تایبه‌تی (كوردستان و هۆستان به‌مۆ جه‌مال) كه‌ به‌شداریی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌یان كردبوو له‌گه‌ڵ تیپی كچانی یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی ئه‌وانه‌ ته‌نیا مه‌به‌ستی من بووه‌و هیچی تر.
*وه‌ك ئاگادارین تۆ مه‌دره‌جه‌كانی یاریگای زانكۆی سلێمانیت شتووه‌و پاكت كردۆته‌وه‌، تۆ ناو یاریگا به‌تایبه‌تی شوێنی هه‌ڵدانی رم و قورسای و دیسكت پاككردۆته‌وه‌ كه‌ هه‌مووی دڕك وداڵ و پیسی بووه‌، ته‌نانه‌ت ئیزگه‌ی ناو یاریگاو ئاوی خواردنه‌وه‌ و زۆر پێداویستی ترت له‌سه‌ر گیرفانی خۆت دابینكردووه‌، ئایا كه‌س له‌و رووه‌وه‌ هاریكاری كردوویت؟
-بۆ ئه‌م ئیش و كار و خزمه‌تانه‌ كه‌س هاوكارم نه‌بووه‌، ته‌نیا له‌پاككردنه‌وه‌ی دڕك وداڵی ناو یاریگاكه‌دا كۆمپانیای خالید شینكی زۆر ئازایانه‌ هاتن و یارمه‌تیان دام، ئه‌گه‌ر نا ئه‌وانی تر هه‌مووی خۆم خۆبه‌خشانه‌ كردومن، له‌سه‌ر گیرفانی خۆم چه‌ند ته‌نكه‌رێك ئاوم كڕیوه‌و مه‌دره‌جه‌كانم پێ شتووه‌، چی تریشم كردووه‌ ئه‌وه‌ له‌به‌رچاوی ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ به‌شداریی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ بوون و من باسیان ناكه‌م، ته‌نیا مه‌به‌ستیشم ئه‌وه‌بووه‌ پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ی سلێمانی سه‌ركه‌وتوو بێ كه‌م و كوڕی بێت.
*تۆ باسی ئه‌وه‌ت كرد كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی یاریگاش هه‌ر هاوڕێی كچه‌ یاریزانه‌كانی گۆڕپان و مه‌یدانی سلێمانی به‌گشتی و ئه‌وانی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانیت به‌تایبه‌تی، ئه‌مه‌ چونه‌؟.
-من هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ردوو كچه‌كه‌م و ئه‌و كچانه‌ی تر، هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌ده‌م ئاسوده‌بن و دڵیان خۆشبێت و په‌یوه‌ندییان زۆر باشبێت، به‌جۆرێك من هه‌ربۆ نموونه‌ چه‌ندجارێك بێ ئه‌وه‌ی كچه‌كان خۆیان ئاگاداربن له‌رۆژی له‌دایكبوونیاندا مه‌راسیمی تایبه‌تم بۆرێكخستوون و زۆریان پێخۆشبووه‌.
*جگه‌له‌م كار و خزمه‌تانه‌ت، وه‌ك ئاگادارین له‌بواری ماراسۆنیشدا تۆ كه‌سێكی ماندوویت و وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ر چه‌ند ماراسۆنێكت رێكخستووه‌.
-به‌ڵێ وایه‌، من به‌ڕێوه‌به‌ر و رێكخه‌ری چه‌ند ماراسۆنێك (راكردنی ماوه‌ درێژ) بووم بۆ كچان و ژنان و منداڵان، له‌وانه‌ راكردنی ماوه‌ درێژی كچان و ژنان بۆ سه‌رخستنی لیستی 105 – ی (ی. ن. ك)، به‌ڕێوه‌به‌ر و رێكخه‌ری ماراسۆنی 8 ی مارس بووم، ماراسۆنی رۆژی كرێكاران، ماراسۆنێكی تایبه‌ت به‌ منداڵانیشم رێكخستووه‌و ساڵانه‌ ئه‌م ماراسۆنانه‌ش به‌رده‌وام ده‌بن.
* ئێمه‌ وه‌ك ستادیۆمی كوردستانی نوێ ده‌ستخۆشی و ماندوو نه‌بوونت لێده‌كه‌ین و هیوادارین سه‌ركه‌وتووبیت، له‌كۆتاییدا ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌ بۆ ستادیۆمی باس بكه‌یت؟
-هیچی وام نه‌ماوه‌ ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ بڵێم سوپاستان ده‌كه‌م بۆ ئه‌م به‌سه‌ر كردنه‌وه‌یه‌ كه‌ ره‌نگه‌ یه‌كه‌م ناساندم بێت له‌ رێگه‌ی راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌، هیوادارم لێپرسراوانی وه‌رزشی و حكومی ئه‌م شاری سلێمانییه‌ چاویان له‌و كه‌سانه‌ بێت كه‌ دڵسۆزانه‌ خزمه‌تی وه‌رزشی شاره‌كه‌ ده‌كه‌ن و به‌سه‌ریان بكه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌سه‌ر كردنه‌وه‌یه‌یان ببێته‌ هانده‌ر تا زیاتر خزمه‌تی وه‌رزش بكه‌ن به‌تایبه‌تیش خزمه‌تی وه‌رزشی كچان و ژنان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*