سەرەکی » وتار » تاجێك له‌ سه‌ری‌ گمۆدا

وتەکانی شۆرش

تاجێك له‌ سه‌ری‌ گمۆدا

ئازاد سەراوی

حه‌مه‌ سوره‌بانی‌

له‌ ده‌ربه‌ندا گڤه‌ی‌ با بووو، له‌شه‌وه‌ زه‌نگدا چرابوو و له‌ هه‌ڵمه‌تدا ڕه‌شه‌با بوو، له‌ ئاشتی‌ دا شنه‌ی‌ با بوو، له‌ شۆڕشدا مه‌شخه‌ڵان بوو، له‌ لوتكه‌دا داگیرسا بوو، له‌ سه‌نگه‌ردا بروسكه‌ بوو، له‌ ئاسۆدا تروسكه‌ بوو.
له‌ سه‌ره‌تای‌ ساڵانی‌ هه‌شتا به‌دواوه‌، ناوێك گوێچكه‌ی‌ دارو به‌ردو چه‌م و ڕوباریشی‌ سمی‌، له‌ ده‌رگای‌ دڵی‌ ماڵه‌ جوتیاره‌كانی‌ دا، پێشمه‌رگه‌یه‌ك ناوی‌ وێردی‌ سه‌ر زوبان بوو، لاوێكی‌ تازه‌ گوڵكردو وه‌ك خه‌ڵفی‌ نه‌مامێكی‌ هه‌ڵچوو، خه‌ڵكی‌ گوندی‌ سوره‌بان بوو، وه‌ك ڕه‌شه‌با ماڵ به‌ ماڵ و لادێ‌ به‌ لادێ‌ ده‌گه‌ڕا، سه‌ری‌ ده‌كرد به‌ كوختی‌ هه‌مو ماڵێكدا، دۆست و هاوڕێی هه‌مویان بوو، چرای‌ ماڵه‌ قوڕینه‌كان و گڵۆپی‌ ئێواره‌ی‌ شار بوو، مانگه‌ شه‌وی‌ تارو دوا هه‌ناسه‌ی‌ دڵی‌ شار بوو، ناندێنی‌ ماڵه‌ هه‌ژار بوو، شێری‌ بێشه‌و و پڵنگی‌ كێوو كۆسار بوو.
ناوی‌ پیاوێك كه‌ له‌ڕۆیشتندا ناوه‌ستێ‌، له‌ سه‌نگه‌ردا دانانیشێت، له‌ په‌لاماردان ناسره‌وێ‌، ناوێك خێرا هه‌مو نیشتمانی‌ ته‌نی‌، هه‌تا به‌نده‌ن و شێخه‌ڵ و دارو به‌ردو، هه‌تا هه‌ورازو پێ ده‌شت و لوتكه‌ی‌ به‌رزو هه‌ورو، سنه‌وبه‌رو سه‌رو، هه‌تا ڕێگه‌ی‌ پێچاوپێچ و دۆڵ و یاڵی‌ خوارو خێچ و، كانی‌ و جۆگه‌له‌و ڕوبارو، دۆست و دوژمن ده‌یانناسی‌ و ده‌یانزانی‌ حه‌مه‌ سوره‌بانی‌ كێ‌ یه‌.
حه‌مه‌ سوره‌بانی‌ وابوو، دێوانه‌ی‌ كوردایه‌تی‌ بوو، تفه‌نگ به‌شانی‌ ئه‌وه‌وه‌ تفه‌نگێكی‌ پڕ له‌ سام بوو، ده‌نا تفه‌نگ پارچه‌ ئاسنێكی‌ بێ گیان بوو، وا له‌ ژێر په‌له‌پیتكه‌ی‌ ئه‌ودا خۆی‌ ڕاده‌ژه‌نی‌ و ده‌ته‌قی‌ و دڵی‌ دوژمنی‌ ده‌پێكا، ده‌نا خۆی‌ مشتێك باروته‌ له‌ناو له‌پی‌ قاوه‌نێكدا، تفه‌نگ به‌شانی‌ ئه‌وه‌وه‌ لوتی‌ به‌رزو تۆقێنه‌ر بوو، ده‌نا تفه‌نگ، به‌تاقی‌ پیره‌ دارێكه‌وه‌، به‌لوتی‌ بزمارێكه‌وه‌ هه‌ڵواسرابوو، وه‌ك وێنه‌یه‌كی‌ مقه‌ڕ بوو، سه‌نگه‌ر له‌ هه‌ڵمه‌تی‌ ئه‌ودا خۆی‌ ڕاده‌گرت نه‌ده‌به‌زی‌ و هه‌ر به‌پێوه‌ ڕاوه‌ستاوه‌، كه‌چی‌ ئێستا هه‌ر سه‌نگه‌ر ناوی‌ به‌ناوه‌، هه‌زاران مناڵی‌ كوردیان به‌ناوی‌ ئه‌وه‌وه‌ ناوه‌.
له‌و په‌ڕی‌ گه‌رمیانه‌وه‌ هه‌تا كوێستان، له‌ قه‌ندیل و ئاسۆسه‌وه‌ هه‌تا دابان، هه‌ر له‌شه‌ڕی‌ (ئه‌سحاب) ه‌وه‌ هه‌تا قه‌یوان، جێگه‌ سه‌نگه‌رو هه‌ڵمه‌تی‌ حه‌مه‌ سوره‌بانی‌ لێ یه‌، بۆ هه‌تایه‌ ئه‌و شاخانه‌ قه‌وانی‌ هه‌ڵوه‌ریوی‌ په‌نجه‌ره‌ی‌ زامنی‌ تفه‌نگی‌ حه‌مه‌و بوونی‌ ئاره‌قه‌ی‌ نێو چه‌وانی‌ ئه‌وی‌ لێ دێ‌ و نابڕێته‌وه‌.
كه‌سێره‌ی‌ تفه‌نگت ده‌گرت، به‌ نیاز نه‌بوویت وا به‌ئاسانی‌ به‌ری‌ بده‌ی، تا كوردستان به‌ ڕزگاری‌ نه‌گه‌یه‌نی‌ به‌نیاز نه‌بوویت كه‌مه‌ر به‌ندی‌ تاقمه‌كه‌ت بترازێنیت و تفه‌نگه‌كه‌ت له‌ شان دانێیت، ئاخر هاوڕێ‌ تۆ به‌ڵێنت به‌ كوردستانه‌كه‌ت دابوو، چاولێك نێیت و بۆ یه‌كجاری‌ سه‌رت دانێیت.
من ده‌زانم چه‌نده‌ مه‌رگ لێت ترساوه‌ و چه‌ند جاریش كفنت دڕیوه‌، چه‌ند جار له‌ لێواری‌ مه‌رگ گه‌ڕایته‌وه‌ و مه‌رگت به‌زاند، چه‌ند جار گه‌روی‌ مه‌رگت گرت و له‌نێو له‌پی‌ ده‌ستت تاساند، من ده‌زانم چه‌ند گولله‌ به‌نێو شه‌ڕواڵ و جامانه‌كه‌ت دا، به‌بن باڵ و قه‌مسه‌ڵه‌ی‌ زستانه‌كه‌تدا ویزه‌یان كردو نه‌جوڵایت، من ده‌زانم چه‌ند وریشه‌و هاشو هوشی‌ گولله‌ی‌ تۆپ و ڕاجیمه‌ و شه‌ستیری‌ كۆپته‌ر، له‌نێو سه‌نگه‌ره‌كه‌یان دایت، هه‌ر نه‌كه‌وتیت و نه‌سره‌وتیت.
دوای‌ ئه‌و هه‌موو شه‌ڕو داستانه‌ له‌ پێچێكدا له‌ دۆڵێكدا گیانت سپارد، له‌ شه‌وێكدا په‌پوله‌ی‌ ڕۆحت هه‌ڵفڕی‌، نه‌دكتۆرێك گه‌یشته‌ سه‌رت نه‌ دڵسۆزێك گه‌یشته‌ لات، لكی‌ جامانه‌كه‌ت بدڕێ و برینه‌كه‌ت بۆ ببه‌ستێت، نه‌كه‌سێك له‌سه‌ر سه‌رت بوو له‌ به‌رامبه‌ر جۆگه‌له‌ی‌ خوێنی‌ هه‌ڵبه‌ستوت، جۆگه‌له‌یه‌ك فرمێسكی‌ ماڵ ئاوایت بۆ هه‌ڵبه‌ستێ‌، نه‌برایه‌ك گه‌یشته‌لات، تا دوا وشه‌ به‌ چرپه‌وه‌ بدركێنێ، نه‌خوشكێك گه‌یشته‌ سه‌رت تا دوا نیگات ببینێت و قوڵپی‌ گریانێك بڕژێنێ.
هه‌ركاتێك نێوان گرده‌ زبێرو گۆرانگه‌و هه‌ورازه‌كه‌ی‌ دێگه‌ڵ و ئه‌و دۆڵ و شیوو قه‌دپاڵه‌ دێته‌ یادم، یه‌كه‌م سه‌رنج ده‌مباته‌وه‌ بۆلای‌ تۆ، بۆلای‌ ڕیشه‌ جوانه‌كه‌ت و باڵا و جامه‌ دانه‌كه‌ت و تاقم و تفه‌نگه‌كه‌ی‌ شانت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*