سەرەکی » وتار » هیوا محەمەد » ناوچەی سەلامەتتر لە دەرەوەی ناوچەی ئارام

یەکبێژ

ناوچەی سەلامەتتر لە دەرەوەی ناوچەی ئارام

ئەمەی سەرەوە دەستەواژەی دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمریکایە، کاتێک لەگەڵ کابینەکەی کۆدەبێتەوە پێیان دەڵێت هەواڵێکی خۆشم لە جێگری سەرۆکەوە پێگەیشتوەکە : ئاگر بەستێک ئەنجام دراوەو کوردەکان دەچنە دەرەوە بەرەو ناوچەیەکی سەلامەت تر لە ناوچەی ئارام، هەروا پێی وایە کە ناوچەی ئارام (کە لەلایەن تورکیاوە داوا کراوەو بەزەبری هێز بنیاتی دەنێت) شتێکی باشە چونکە چەندین تورک بەهۆی شەڕەکانی سەر سنوورەکەیانەوە کوژراون.
مرۆڤ کاتێک گوێ لە ووتەی ئەم سەرۆکە دەگرێت بۆی دەردەکەوێت کە سەرمایەدارێکی چاو لەسەروەت و هەژار لە سیاسەتە، پێم وانیە ئەو بزانێ سوریاو تورکیا دەکەونە کوێوەو سنوورەکانیان لە کوێدا پێکەوەیە هەروەک بەوەی نەزانی بوو کە کچە ئیزیدییەک مەدالیای نۆبلی وەرگرتوە، ئەو ئەگەر بیزانیبایە سنوورەکانی تورکیاو سوریا هەردوولا کورد نشینن ئەوە نەیدەوت لە سنووری تورکیاش تورک دەکوژرێت.
بە رێکەوتنێکی ئیجباری ناهاوسەنگ بڵێت ناوچەی سەلامەت تر کە کوردی تیادا ناچار کراوە بکشێتەوەو خاکی خۆی بەجێبهێڵێت کە سەدان گوندی دەکەوێتە بەر و رەنگە پاکتاوی نەژادی تیادا بکرێت لەلایەن سوپای تورکیاوە ئەگەر ئەم هەنگاوەی( ناتۆ بۆ دروست کردنی پشتێنەی ئەمنی سەر بەخۆیان سەرنەگرێت )، ئیدی ئەگەر وابێت ئەو پەنابەرەش کە ناچار دەکرێت لە ووڵاتی زێدی خۆیەوە بگوازرێتەوە بۆ ووڵاتێکی دوورتر ئەوە لەبەر ئەوەی سەلامەتە ئیدی خۆشحاڵەو پاداشت کراوە.
هاوکاری ئەمریکا بۆ رۆژئاوا هەنگاوێکی چاوەروان نەکراو بوو خودی کوردیش پێی سەیر بوو، ( سەیرەکەش دەگەڕێتەوە بۆ ترامپ کە بۆجۆرە هەڵەشەیی و بێ بنەمایی و مەودا کورتییە کار دەکات) هەرچەندە زۆرێکمان دەمان زانی کاتییەو بۆ بەرژەوەندییە، ئەوێ رۆژەش کە هێزی پێشمەرگە بەناو تورکیادا بەرەو ئورفەو لەوێوە بۆ کۆبانی چوو، هەندێک پێیان سەیر بوو دەیان ووت تازە تەواو دونیا دانی بەئێمەدا ناوەو تورکیاش لەترسی ئەمریکا ناتوانێت هیچ بڵێت، ئەو کاتیش ووتمان هەموو ئەمانە لە نێو پاکێجەکەی پرۆژەی لەناوبردنی داعشدان و دوای ئەوە ئێمە هێج نین.
ئیلهام ئەحمەدیەکێک لە سەرکردەکانی پەیەدە لەبەردەم کۆنگرێسی ئەمریکا دەڵێت : ئەمریکییەکان لە عەفرینیش پێیان ووتین ناهێڵین هێرشتان بکرێتە سەر لە هەرجێیەک ئێمەی لێبین . هەروا دەڵێت ئێمە چاوەروانی ئەوە بووین لێیان کە نەهێڵن هێرشمان بکرێتە سەر نەک داکۆکیمان لێبکەن.
بەپیی ووتەکانی ئەو بەڕێزە زیاتر لەجارێک بە بەڵێن و پلانی درۆی ئەمریکییەکان هەڵخەڵەتاون، کەچی لەهەموو ئەو ماوەیەدا بیریان لەوە نەکردبوەوە لە پێناوی رێگریکردن لە خوێن ڕشتن و ماڵوێرانی هەنگاوی پێچەوانە بنێن. ئەمانە هەمووی لەکاتێکدا روویان داوە کە هەواڵگرییەکانی سوریاو روسیا هەستیان پێکردوەو زانیویانە هاوکاری ئەمریکا بۆ کورد کەی و لەکوێدا کۆتایی پێدێت.
لەئێستادا سەرسوڕمانەکانی ئێمە و داچڵەکینمان بەهاتنی سوپای تورکیاو گوێ نەدانی بە ستۆپی کەس ئارام بوونەتەوە، ئیدی تازە تێدەگەین کە ئەمە سیناریو بوو، هەموان لێدوانی لەو چەشنە دەدەن کە ئەمریکا خیانەتی پێکردین، لە پشتەوە خەنجەری لێداین، وەفای نەبوو، نامرۆڤانەی کرد، لەکاتێکدا ئەمانە بە درێژایی مێژوو هەموو سیفەتی ئەسڵی دارودەستەی حکومەتەکانی ئەمریکا بوە بۆ کورد و ناوچەکە.
ئەردوگانی سەرۆکی تورکیای دوژمنکار بەلێدوانەکانیدا دەردەکەوێت کە فشارێکی زۆری ئەوروپی لەسەرە لەبەرامبەر ئەو کارەی کردویەتی و تیاشیاد دەڵێت با ئەوان بچن هاوکارییەکانیان بۆ تیروریستەکان ( واتا کوردەکان ) ببڕن نەک رێگری لەئێمە بکەن، ئەمەش پێمان دەڵێت فشارە نێودەوڵەتییەکان لە سازمانێکدا سازنادرێن و ڕیک ناخرێن بۆیە لاوازن و کاریگەریی باشیان نیە، نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەنجومەنی ئاسایش توانیان بۆ مەسەلەی ئەفگانستان و عێراق بڕیاری دەستە جەمعی بدەن و بچنە ناو ووڵاتەکانیانەوە،بۆچی؟ چونکە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی خۆیان دەیان ویست ببێ، خۆ دەکرا لەوکاتەوە تورکیا داوای پشتێنەی ئەمنی دەکات هەر زوو نەتەوەیەکگرتوەکان بڕیاری ناردنی هێزی پاراستنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکانی بدایە، وەک ئەوەی لە نێوانی دوو قبرس یان فەلەستین و ئیسرئیل هەیە، ئەگەر دوو مانگ پێش ئێستا ئەو هێزانە لە بری هەمەر و زرێپۆشی ناجێگیری ئەمریکی بهاتبانایە لەگەڵ هێزە کوردییەکان سنوورەکانیان بپاراستایە، هەر ئەو هێزانەش پاراستنی زیندانییە داعشیەکانیان لە ئەستۆ بگرتایە،ئێستا ئەو قوربانیانەش نەدەدرا، سەیر لەمەشدا ئەوەیە زۆرێک لە ووڵاتان بەشداری هاوپەیمانییان کرد بۆ لێدانی داعش کەچی کە کورد بەدیلی گرتن خۆیان نەکردە ساحێبی بە ئەمریکاو تورکیاشەوە.
رۆژئاوا بە زیرەکانە لە هەندێ شتی ناوخۆیی و خۆ بەڕێوەبردندا هەنگاویان نا، بەڵام لە مەسەلە دەرەکییەکاندا کەوتە ناو داوی ئەمریکاوە، ئەوان لە سەرەتاوە ئاڵای کوردستانیشیان بەرز نەکردەوە تا پێیان نەڵێن جوداخوازن، ماوە لە ئێستادا بەهاوکاری لەگەڵ خودی سوریا هەوڵی بەدەست هێنانی مافەکانیان بدەن ئەگەرچی نیوە ناچڵیش بێت، دوای بانگهێشتی ئەمریکا نەکەون، زۆرێک برانە واشنتۆن و وێنەیان لەگەڵ گیراو هیچیش نەبوو، ئیمام خومەینی کاتێک بڕیاری راگرتنی جەنگی ووڵاتەکەی لەگەڵ عیراق دا ووتی وادەزانم پیاڵەیەک ژەهر دەنۆشم، دیار بوو ئەویش بۆ ڕێگری لە خوێن ڕشتن کە تادەهات زۆرتر دەبوو ئەم بڕیارە زیرەکانەی دەرکرد، دەبێت رۆژئاواش بەو جۆرە بکەن و بزانن ئیران بەو بڕیارە بوە ئیرانی ئەمڕۆ

print

 53 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*