سەرەکی » دۆسێ » کۆیە لە دیدی ئەفسەرێکی بەریتانییەوە

کۆیە لە دیدی ئەفسەرێکی بەریتانییەوە

پەیڤێک

ئەمەی بەردەستان راپۆرتی ئەفسەرێکی بەریتانییە بە ناوی « نەقیب سی.ئەی.جی.رانداڵ « کە لە لایەن کاک سەربەست کەرکووکییەوە کراوەتە کوردی. راپۆرتەکە لە ساڵی 1919 دا نووسراوە، واتە پاش داگیرکردنی شاری کۆیە لە لایەن بەریتانیاوە. راپۆرتەکە باسی رەوشی سیاسی و ئابووریی و کشتووکاڵیی و فەرهەنگی شاری کۆیە دەکات لەو کاتەدا.
دیارە ئەم پیاوە وەکو ئەفسەرێکی ئینگلیزی بۆچوونی خۆی بەرامبەر بە گەلی کوردستان بەگشتی و شاری کۆیە بەتایبەتی دەرخستووە، لەوانەبێت لە زۆر شوێندا بە دڵی ئێمە نەبێت، بەڵام وەرگێڕان و بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە، لە رووی مێژوویییەوە گرنگی زۆری هەیە چونکە یارمەتیمان دەدات بۆ تێگەیشتن لە کۆمەڵگەی کوردی لەوکاتەدا، هەربۆیە پێمان باشبوو لە کوردستانی نوێدا ، لەم دۆسێیە تایبەتدا بڵاویبکەینەوە.

کوردستانی نوێ

راپۆڕتی ئەفسەرێکی ئینگلیز لەبارەی شاری کۆیەوە

نووسینی : نەقیب سی.ئەی.جی.رانداڵ

وەرگێرانی لە ئینگلیزەوە :سەربەست کەرکووکی

دوكیومێنتی ژمارە FO 371/ 5069 لە سەر 139769

راپۆڕتی کارگیڕی لەسەر قەزای کۆیسنجاق ساڵی 1919

کاتی داگیرکردن
لەگەڵ سەرەتاکانی تشرینی دووەمی 1918، تورکەکان شاری کۆییان بۆ هێرشی عەشیرەتەکانی دەروربەری بەجێهێشت. لە ناوەڕاستی مانگی کانونی یەکەمدا، حەسادەتی هەرزەکارانەی ئاغاوات،تا ئەندازەیەک وێرانکردنی شارەکەیان تەواوکردبوو. لە پاش چەند رۆژێکی تر دەشێ بە تەواوەتی چۆڵبوونی گشتی شارەکە ببینرێت.
لەم کات و ساتە هەستیارەدا،مەزبەتەیەک بەرەو موسڵ تەلەگرافکرا،کە تیایدا بۆ فریاکەوتنی چۆڵنەکردنی گشتی، داوای یارمەتی و پاراستن دەکات لە بریتانیەکان. گرنگی ئەو مەزبەتەیە لەوەدایە کە لەلایەن هەر هەموو کارمەندانی شارەکەوە نێردراوە، بەڵام وەکو ئاکامی بە دەنگەوە هاتن،فەرمان درا بە یارمەتیدەری ئەفسەری سیاسی ئاڵتون کۆپری (نەقیب دبلیو.ئار. های) کە بەرەو کۆیێ پێش بکەوێت.
نەقیب های،لە نیوەڕۆی رۆژی 15 ی کانونی یەکەمدا گەیشتە کۆیێ و لەلایەن خەڵکانی دەستەباڵای دانیشتوانەکانەوە،پێشوازی لێکرا.حەمەئاغا بە حاکمی شار داندرا و هەموو لایەنەکانیش دانیان نا بە شێخ مەحمود. هەرچۆنێک بێت،لەبەر وەدەستخستنی دەسەڵاتی ناوچەیی،بەخیلی و دڵشکانێکی زۆر لە نێوان لایەنە دژ بە یەکەکاندا هەبوو. وە ئەم بارودۆخە ناڕەحەت و هەستیارە،هاتنی شێخ عوسمان،کە لە سلێمانیەوە لەلایەن شێخ مەحمود بە حاکمی شار دەستنیشانکرابوو،زۆر ئاڵۆزتری کرد. لە دواییدا شێخ عوسمان، شارەکەی بەجێهێشت و لایەنەکانیش پێکهاتنەوە.

پێکهاتەی ئیداری
قەزای کۆیسنجاق،ناوچەیەکی بە فراوانی 1،000 کیلۆمەتر دوجا دەگرێتەوەو، ئیدارەی قەزاکە مامەڵە لەگەڵ خەڵکانێک دەکات کە ژمارەیان دروست 21،488 کەسە، کە نزیکەی 4،000 یان دانیشتووی شارەکەن. لەم ژمارە گشتییەش، 20،584یان کوردی سونین،580 دیان و 324 یشیان جوولەکەن.
سنوورەکانی ئەم قەزایە،لە باشوورەوە زێی بچووک،لە رۆژئاواوە قەزای ئەربیل، لە باکورەوە قەزای رەواندز و لە رۆژهەڵاتیشەوە لەگەڵ رانیەیە.
بە مەبەستی ساناکردنی کاری ئیداریی، ناوچەکە کرا بە دوو قەزا. هەر یەکێکیان لەلایەن حاکمی شارەوە،لە ژێر چاودێری یاریدەدەری ئەفسەری سیاسییەوە،حوکمڕانی دەکرێت. قەزای کۆیە،بەرەو خوارتر جارێکی تریش دابەشکراوەتە سەر دوو ناحیەی نا عەشیرەتی (تەقتەق و بانیماران) و لەگەڵ عەشیرەتی گەردی.لە کاتێکا حاکمی شار،راستەوخۆ مەڵبەندی ناحیەکانیش ئیدارە دەکات.
قەزای شەقڵاوە،بە تەواوەتی پێکهاتەی عەشیرەتی خۆشناو و عەشیرەتی کۆرەیە. بەشی خۆشناو کراوەتە سێ بەشەوە؛ بە ناوەکانی (میرمەحمەلی)،(میر یوسفی) و(پوشگالی). وە عەشیرەتی کۆرەش چوارەم بەش پێکدەهێنێت. حاکمی شارەکە،میرانی قادربەگ (میرمەحمەلی)، سەرۆکی خۆشناوەکانە. وە هەر یەکێ لەو چوار بەشەی خۆشناو،لەلایەن سەرۆکی خۆیانەوە حوکمڕانی دەکرێت.
تا ناوەڕاستی مانگی نیسان، قەزای رانیەو قەڵادزێ،لەلایەن یارمەتیدەری ئەفسەری سیاسی کۆیە ئیدارە دەکرێن. بەڵام هەر لەو مانگەدا کران بە قەزایەکی سەربەخۆی ژێر چاودێری یارمەتیدەرێکی تری ئەفسەری سیاسییەوە.

عەشیرەت و تایفەکان
کەسایەتیە سەرەکییەکانی شاری کۆیە، بەسەر سێ لایەن و گروپ دابەشدەبن؛ غەفوری،حەوێزی و مەلایان.
حەمەئاغا وەک سەرۆکی غەفوریان، هەمیشە کەسایەتی هەرە لە پێشی کۆیێ بووە. بەڵام پەیوەندییەکانی لەباری خەسڵەتی کەسێتی و روناکبیریی هەندە بەهێز نییە. حەمەئاغا،پیاوێکی زۆر پیرە بە رابردوویەکی شەرەنگێزانەی سەختەوە. لەگەڵ گەورەیی تەمەنی کە 83 ساڵە، بیرکردنەوەی هێشتا هەر زیندووە. بەڵام بەداخەوە بە گشتی سەرقاڵی پیلانی شکستپێهێنانی ژمارەیەکی زۆری ناحەزان و دژەکانیەتی. هەڵبەتە تەمڕاندنی ئەو پیلانانە دەبێت زۆر بە هوشیارییەوە ئەنجام بدرێن،نەبادا ببنە هۆکارێ بۆ توڕەیی و زویربوونی ئەو پیرە جەنگاوەرە.
ئەو پشتیوانکارێکی بە ئەمەکی بەریتانیایە ورەتیکردووە کە دان بە شێخ مەحمود دا بنێت. تەنیا لەو حاڵەتەدا نەبێت کە بەریتانیەکان خۆیان دەستنیشانی بکەن و دایمەزرێنن.
حەوێزییەکان،بە سەرکردایەتی عبداللە ئاغا،رووناکبیریان لە خانەوادەی غەفوریان زیاترە. بەڵام بە ئەندازەی غەفوریان کاریگەرییان نییە.ئەوان بۆ خامۆشکردنی هێزو کپکردنی دەسەڵاتی غەفوریان، لەلایەن تورکانەوە هەمیشە گرنگییان درابووێێ و، هەردوو خانەوادەکەیش هەردەم لە دوژمنکاری یەکدیدا بوون.
عبداللەئاغا،پیاوێکی روناکبیرە،سەرقاڵە بە چاوچنۆکی و تەماحی گەورەوە. هەتتا لە وەختی داگیرکردنی کۆیەوە، ئەو زۆر تینوو بوو بۆ وەرگرتنی وەزیفە و پارەیەکی باشی حکومەتی، کە بۆ پیاوێکی وەکو ئەو کارێکی ئاسان و سانا نییە.کاتێک شێخ مەحمود لە مانگی ئایاردا دژ بە حکومەت راپەڕی،عبداللەئاغا بە هەموو شیوازێ خرایە بەر مەحەک و بواری درایێ کە ملکەچی خۆی بۆ بەریتانیا بسەلمێنێت.هەرچۆنێک بێت ئەو هەندە گێل بوو،هەوڵی دەدا بۆ راوە کەروێشک، لەگەڵ تولە و تانجیەکانی خۆی بدزێتەوە لە بەرچاو. وە بۆ ماوەی وەرزێکی تەواو لە بەغدا مایەوەو خۆی لەوێدا قایمکرد. کۆیسنجاق، کە ناسراوە بە (دار العلماء) پڕە لە عەمامەی سپی، کە هەموو هەژارن و داوای موچە دەکەن،لەوەش دەچێت کە هاوبەشی و هاودەنگی هیچ کاروبارێکی سیاسی ناوچەکە نەبن.
مەلا محمەد، حاکمی شەرع، ناوبانگێکی وای هەیە کە زاناترین عالمی دینییە لە هەر هەموو میزوپۆتامیا و کوردستاندا. ئەو پیاوێکی ئاینی هێمن و لەسەرەخۆیە،کە دەست بە ئاخاوتن بکات،لە دەربڕینا وەستانی نییە. قسەو بۆچوونی ئەو لە سەرجەمی قەزاکەدا سەنگ و کاریگەریی گەورەی هەیەو، ئەو بە ئەمەکەوە لە کاتی راپەڕینەکەی شێخ مەحموددا، پشتیوانی لە حکومەت کرد.
باسی جەمیل ئاغا(جێگری حاکمی شاری کۆیە) هەر بە خۆی پەرەگرافیکی تایبەتی دەوێت؛ ئەو وەکو حەوێزی لەدایکبووە، بەڵام غەفورییان بەخێویان کردووە، کاتێک باوکی لە سەرمەرگدا بووە، داوای لە حەمەئاغا کردووە کە ئاگاداری بێت و خۆی بەخێوی بکات. هەروەها ژنیشی لە غەفوریان هێناوە و لە کێشەی نیوان ئەو دوو لایەنە بە هیچ شیوەیەک هاوبەشی نەبووە. ئەو پیاوێکی لە سەرخۆیە و بە بەراورد لەگەڵ خەڵکانی ترا،خاوەندی بیرو بۆچوونی زۆر پێشکەوتووە و زۆریش گرنگیداوە بە ژیان و بژێوی خەڵکەکە. لە هەر هەموو نا ئارامییەکانی مانگەکانی پاش کودەتاکەی شێخ مەحمودا،جەمیل ئاغا پیاوی دەستەراستی یارمەتیدەری ئەفسەری سیاسی بووە. ئەو بە هەستیارییەوە فەرمانەکانی یارمەتیدەری ئەفسەری سیاسی جێبەجێکردووەو راوێژەکانیشی هەمیشە جێی بڕوا بوون. بە گشتی شیاوی ئەوەیە کە لەپاش مردنی حەمەئاغا،وەکو حاکمی شار ئەو جیگەی بگرێتەوە.
گەردی: ئەم عەشیرەتە لە ناوچەکانی رۆژئاوای قەزاکە؛ لە گوندەکانی دێگەڵە،حاجی یوسو، ئەشکەوسەقا،هەنارە،نیشتەجێن. بە ژمارە 350 کەسن،زۆربە جووتیارن،لە بنەچەوە عەشیرەتەکە هەڵگری ناوبانگی چەتەیین،بەڵام لە سەرتاسەری ئەم ساڵەدا هیچ کێشەیەکیان نەبووە.
سەرۆکی عەشیرەتەکە عارەب ئاغایە.پیاوێکی دڵفراوانە.بەڵام لەلایەن شێخ محمەد ئاغای ئامۆزایەوە هەڕەشەی لێکراوە.خوێندەواری هەیەو،روونە کەسایەتیەکی پڕ هێزو توانایە. کەسی دوایین – مەبەستی شێخ محمەد ئاغایە/ س.ک – پیاوێکی خراپە، لەبەر ئەوەی زەلامێکی بە زۆر ناچارکردووە بۆ فرۆشتنی ئاسیاوەکەی،بۆیە بە توندی جەزا درا.
ئەم دوو ئاغایە،لەبەر کێشەی میرات لە هاوپەیوەندیەکی خراپدان.هەردووکیان بە هۆی ژن و ژنخوازیەوە، لەگەڵ بڵباسانی قەزای رانیە خزمایەتیان هەیە.بەشێکی تری ئەم عەشیرەتە لە قەزای ئەربیلدا هەن، بەسەرپەرشتی جەمیل ئاغا.

خۆشناو
ئەم عەشیرەتە کە نزیکەی 10،500 کەس دەبێت،بە سەر سێ لایەن دابەشکراوە،بە ناوەکانی؛ میرمەحمەل،میر یوسفی و، پۆشگاڵی. پۆشگاڵیان کۆ و نیشتەجێی دوو شیوی باشوری رۆژهەلاتی سنوورەکانی قەزای شەقڵاوەن،بەڵام گوندەکانی لایەنەکانی تر،لە سەرتاسەری قەزاکەدا بڵاوبوونەتەوە.
پەیوەندی هەر سێ بەشەکە،چاک و دۆستانەیە و، عەشیرەتەکە بە گشتی و بە چاکی ملکەچی یاسان.
کشتوکاڵی توتنەوانی بە چڕی لە رۆژهەڵاتی قەزاکەدا دەکرێت،بەڵام رەزەوانی بە زۆری لە بەرزاییەکانی رۆژئاوایدایە. گوندی شەقڵاوە بە خۆی بڕێکی زۆری میوە وە بەرهەم دێنێ و زۆریش بە ئاسانی بازاڕی فرۆشی لە شاردا هەیە.
حاکمی شەقڵاوە،میرانی قادربەگە (میر مەحمەللیە)ئەو پیاوێکی تەمەن ٣٥ ساڵەو، رەنگ و روخساری پادشا هێنری هەشتەمی هەیە. هەڵسوکەوتی نابەجێ و خۆ بە زڵزانە، بە تەواوەتی نەخوێندەوارە. وە تەنیا کوردی و تورکی قسە دەکات. لە وەختێکا کە دەنگوهەواڵی راپەڕینەکەی شێخ مەحمود گەیشت،بە ئاشکرا خەڵکەکەی شەقڵاوە خۆیان تەیارکرد بۆ شەڕ. کاتێ لەلایەن یارمەتیدەری ئەفسەری سیاسییەوە، بانگهێشتکرا،میرانی قادربەگ،هاتنی بۆ کۆیێ دواخست،تا ئەو کاتەی بینی کۆیێ پشتیوانی لە کام لا دەکات، ئەوجا هات و لە گەڕانەوەشیدا بۆ شەقڵاوە،بە روواڵەت متمانەی بە خەڵکەکەی خۆی داو بە راستیش قەزاکەی خۆی بە هێمنی راگرت،هەرچەندە بەبێ گومان پیلانی شارراوەی لە ئارادا بوو.
هەوڵی پووچەڵی شێخ مەحمود بۆ لابردنی حکومەت،بێگومان وانەیەکی دا بە میرانی قادربەگ،وە چونکە لە سوودمەندییەکانی دەسەڵاتی بریتانی تێگەیشت، ئێستا قەزاکەی خۆی بە چاکی حوکمڕانی دەکات.

ئەحمەد مدحەت ئەفەندی:
نووسەری حاکمی شاری شەقڵاوەیە،کەسایەتیەکی فێڵبازو قایلکارە، کاریگەرییەکانی لەسەر قادربەگ،بە شێوەیەک لە شێوەکان بۆ چاکسازی نەبووە،بۆیە لە پۆستەکەی لابراو لە شەقڵاوەش دەرکرا.

میرانی رەشید:
سەرۆکی میرمەحمەللییە،زەلامێکی ریشنە،دەنگ بەرزێکی تەمەن 30 ساڵ و خوێندەوارە.دەتوانێت بە عەرەبی و بە فارسیش قسە بکات. خۆش سوحبەتە،بەڵام زۆر جێی گومانە کە بتوانێ بە عەدالەت حوکمڕانی بکات، ئەگەر دەسەڵاتی بدرێتە دەست. زڕبرای میرانی قادربەگەو تا رادەیەکی چاک بەخالەت لە نێوانیاندا هەیە.

میرانی صاڵح بەگ:
سەرۆکی بەشی میریوسفییە،پیاوێکی جوان چاکی تەمەن 45 ساڵە. تورکی و فارسی قسە دەکات و ژیر و بە مەنتیقە. ئەو کاریگەرییەکی زۆری هەیە لە دانیشتن و دیوانخانەکانی خۆشناوەتیدا. وە بەرپرسی سەرەکی بوو لە راگرتنی ئاشتی نێوان عەشیرەتەکان لە کاتی یاخیبوونەکەی شێخ مەحموددا.

میرانی ئەحمەد بەگ:
سەرۆکی بەشی پوشگاڵیە. پیرە پیاوێکی نەخۆشی تەمەن نزیک بە 55ساڵە. زۆر بێ دەنگ و بێ فیزە. هەرچەندە لەوەیە پیاوێکی بە سەنگ بێت،بەڵام کەسایەتیەکی ئەوتۆی نییەو بە ئاشکرا لە هەموو کارێکدا لەلایەن کوڕەکەیەوە بەڕێوەدەبررێت (واتا رەشید بەگ) کە سەرەڕۆ و بێکەڵک دەبینرێت.

کۆرە: ئەم عەشیرەتە بچووکە نیشتەجێی رۆژئاوای قەزای شەقڵاوەیە لە گوندەکانی؛ دۆنگزاوە،سێوکە،بانومان،زیارەت،شێخ محمەدیان،ئاژگە،زڕگوگوز،ئالماوان،کۆرە و کۆرەشار. نزیک بە 750 کەسن و بە زۆریی جووتیاری بێ کێشەن. کۆرە لەگەڵ خۆشناو هاوپەیوەندیەکی باشی هەیە، بەڵام لەگەڵ گەردیانی هاوسێیان بەو شیوەیە نیین.
لە کاتی تورکەکاندا عەشیرەتی کۆرە،لە رەواندزەوە ئیدارە دەکران،بەڵام بە ماوەیەکی کەمی پاش داگیرکردنی کۆیە،خرایە سەر ئیدارەی کۆیە. سەرۆکی عەشیرەتەکە مستەفا ئاغایە. پیاوێکی باڵابەرزی قۆزی تەمەن نزیک بە 50 ساڵە.تا رادەیەک خوێندەوارەو بڕەك فارسیش دەزانێت. بەڵام هەندێ شەرمنەو بێهێزە. وا پیشان دەدات کە لە براکەی (مەجید بەگ) جیانابێتەوە،مەجید بەگ هەندێ پیاوانەتر دیارە. مستەفا بەگ بە ژنخوازی خزمایەتی لەگەڵ میرانی صاڵح بەگی میریوسفیاندا هەیە.

سیاسەتی ئیداری:
لە سەرەتادا سیاسەتی حکومەت لەم قەزایە،لەسەر ئەوە چەقبەستوبوو، کە شێخ مەحمود بە (حوکمدار) ی باشوری کوردستان دەستنیشان کرابوو. لەگەڵ ئەوەی حاکمی شارەکان بەرپرسی قەزاکان بوون و هاوپەیوەندیی یەکسەرییان هەبوو بە دەسەڵاتی شێخ مەحمودەوە. یارمەتیدەری ئەفسەری سیاسی،راوێژکاری حاکمی شار بوو، زیاتر لەوەی کە پشکنەری ئیداری بێت.
لەبەر ئەوەی خەڵکەکە بە بەردەوامیی شکایەتی خۆیان دژ بە هەر بڕیارێکی قورسی حاکمی شار، دەگەیاندە یاریدەدەری ئەفسەری سیاسی. لەبەر پاراستنی بارودۆخ و لێکنەترازانی و هەروەها بۆ بوار نەدان لە دروستبوونی ناعەدالەتی، یاریدەدەری ئەفسەری سیاسی هەمیشە ناچاری خۆتێهەڵقورتان دەبوو. بۆیە ئەو وەکو حاکمی راستەقینەی شار تەماشای کراوە،وە لەوەتەی شێخ مەحمودیش لابراوە،هێزو دەسەڵاتی یاریدەدەری ئەفسەری سیاسی،لە رادەبەدەر بووەو حاکمی شارەکانیش وەکو نوێنەری ئەو تەماشا کراون.
ئەم شێوازی ئیدارەکردنە،بێگومان لەلایەن خەڵکانێکەوە پێشوازی لێکراوە. کە دەزانن ئێستا بە ئاسانی، بەبێ لایەنگری هیچ کەسێك،وەڵام و بڕیار و گوێ لێگرتن وەردەگرن،کە ئەمانە لە وەختی دەسەڵاتی ئاغاکانیاندا هەرگیز بۆیان نە دەلوا و نە دەکرا.
وەکو ئەوەی ئاماژەی پێدرا (نەقیب دبلیو.ئاڕ. های) یەکەم یارمەتیدەری ئەفسەری سیاسی کۆیە بوو،وە ئەو تا 20ی شوبات،کە رۆژی چوونی مۆڵەتی بوو،بەرپرسی قەزاکەبوو.
لە ماوەی دەرچوونی (نەقیب های) و گەیشتنی (نەقیب سی.تی. بیڵ) لە رۆژی ١ی ئایار، (نەقیب ئاڕ. ئی . بارکەر) کە یارمەتیدەری نەقیب های بوو،لە 20 کانونی دووەمەوە بەرپرسیاریتی قەزاکەی لە ئەستۆگرتبوو.
لە 25ی نیساندا،نەقیب بارکەر،بووە بەرپرسی قەزای تازە دانراوی رانیە،وە لە 18 ی نیساندا نەقیب سی. ئەی. جی. راندل وەکو یارمەتیدەری نەقیب بیڵ گەیشتە کۆیە.
لە 8 ی ئایار، نەقیب بیڵ بۆ رەواندز گواسترایەوە،بۆ ئەوەی بە شێوەی کاتیی بەرپرسیارێتی قەزاکە بگرێتە ئەستۆ، بەڵام ئیتر نەگەڕایەوە بۆ کۆیە. لە 8 ی ئایارەوە،نەقیب راندل بووە بە یاریدەدەری ئەفسەری سیاسی کۆیە.

یاسا و سیستەم و بارودۆخ:
لە پێش داگیرکردنی شارەکە لەلایەن لەشکری یاریدەدەری ئەفسەری سیاسیەوە لە 15/12/1918 دا، کۆیە ماوەیەکی زۆر لە بۆشایی یاساییدا دەژیا؛ کوشتن و چەتەیی لە قەزاکەدا تەشەنەی کرد بوو.لە شارەکەدا ئاژاوەو رووداوی فرە تاڵ بەرپاببوون، وە لە رۆژی ١٠ ی کانونی یەکەمدا،کە بڵباسان هێرشیان کردە سەر شارەکە،ئەم حاڵەتە گەیشتبووە لوتکەی نایاسایی. بەڵام ئەگەر لە کاتی شیاودا،نەقیب های نەگەشتبا، شارەکە بە تەواوەتی دەکەوتە بەر رەحمەتی تاڵانکاریی عەشیرەتی.
لە رۆژی یەکەمی گەیشتن بە کۆیە،یەکێ لە ئەرکە سەرەکییەکانی یاریدەدەری ئەفسەری سیاس ئەوەبوو کە رۆڵ ببینێت لە سەپاندنی پرۆسەی ئاشبوونەوەی ئاغا ناودارە دژ بە یەکەکان. هەتا ئەو فیوداڵانە ئارام نەکرانەوە،نە دەکرا چاوەڕوانی ئارامی بکەین و بیر لە ئاشتەوایی شارەکە بکەینەوە. پاشان خەڵکەکە بەرەو جووتکردن و تۆوداشتنی خۆیان جوون و ئەوجا نوێژ و نزایان بۆ ئەوە بوو کە دروێنەیەکی چاک و بە بەرەکەتیان چنگ بکەوێت.
لە 23ی ئایاردا بە تەلەگرافێ هەواڵی کودەتاکەی شێخ مەحمود گەیشت.
حەمەئاغا و جەمیل ئاغا و مەلا محمەدی (حاکمی شەرع) بە نهێنی بانگهێشتی لای یاریدەدەری ئەفسەری سیاسی کران.ئەوانیش بە بێ دوو دڵی خزمەتی خۆیان خستە بەر دەستی حکومەتی کاتیی.
بەلەمەکانی دوکان و تەقتەق دەستیان بەسەرداگیرا،مەکۆی جەندرمە لەسەر هەدوو خاڵدا دانران. سیستەمی پشکنین لەسەرتاسەری کەناری راستی زێدا جێبەجێکراو،ئیعلانکرا کە ئیتر هیچ بەلەمێک ناتوانێت بێ پشکنین کار بکات.
هەر هەموو سەرۆک عەشیرەت و مودیرەکان بانگکران بۆ کۆیە،سەرجەمی بارودۆخیان بۆ روونکرایەوە، ئاکام و مەترسییەکانیان خرایە بەردەست و سزای هەر پەرچە کارێکیان بۆ روونکرایەوە. هەر هەموو بە گشتی خزمەتی خۆیان بۆ حکومەتی دەستبەکار دووبارە کردەوە و گەڕانەوە بۆ جێگاکانی خۆیان بۆ ئەوەی متمانەیی خەڵک وەربگرن و بارودۆخەکەش بەبێ دەنگ و ئاژاوە رابگرن.
مەترسییەکانی ئەم شوێنە بەندن بە هەڵسوکەوتە ئاژاوەییەکانی خەڵکانی ئۆپۆزسیۆنی پشدەرو هۆزی بڵباس لە قەزای رانیەدا. هەروەها هۆکاری کشانەوەی سوپای بریتانی لە تاسلوجەدا،تا رادەیەک سەلماندی کە ئەو عەشیرەتە دوودڵانە، بە ئاشکرا دەکەونەوە خانەی دژایەتیکردنی ئێمە. لەمەشەوە ملکەچی عەشیرەتەکانی خۆشناو و ئەوانی تریش دەکەونە گۆمانەوە. وە ئەگەر بڕیار بدەن کە هێزو توانایان بخەنە خانەی لایەنگری شێخ مەحمود،بارودۆخەکە ئاڵۆز دەبێت و بەرەنگاری ناکرێت.
لە ئاکامدا، داواکرا بەلەز و زوویی یەکەیەکی لەشکری رەوانەی کۆیە بکرێت، بۆ ترساندن و هەرەشەکردن لە هەر نیاز و بۆچوونێکی یاخیبوون لەم شوێنەدا. بارودۆخەکە وای خواستووە کە یاریدەدەری ئەفسەری سیاسی ئاشکرای بکات کە هێزەکە لەم یەک دوو رۆژەدا دەگاتە کۆیە. هەرچۆنێک بێت هیچ هێزێک رەوانەی کۆیە نەکرا. وە بارودۆخەکە زۆر مەترسیدارتر بوو،بە تایبەتی لەوەی تا رادەیەک بە تەواوەتی هەواڵی فەرمی وەستێنراو هەفتە بە هەفتە گوزەراو هیچ پێشکەوتنێکیش دژ بە شێخ مەحمود وەدەست نەهێنرا.خەڵکەکە سەرسامبوون و ملکەچیانیش بەرەو خاڵی نەمان.
بۆ مەسەلەی پاراستنی هێمنی لەو مانگە پڕ مەترسییەی ناوچەکەدا،سوپاسگوزاری حکومەت بە زۆریی شایانی(نەقیب بارکەر) ی یاریدەدەری ئەفسەری سیاسییە،کە بە هێزو توانای کەسایەتی خۆی، توانی ئەو عەشیرەتە ئاژاوەگێڕانە چڵەوکێش بکات.
بۆ ملکەچی زۆربەی خەڵکی قەزای کۆیە،لە ناخۆشترین بارودۆخی چاوەڕێکراودا،هەموو پیاوچاکییەکان دەگەڕێنەوە بۆ حەمەئاغا، جەمیل ئاغا و مەلا محمەد؛ یەکەمیان بە ئاکاری باشی و دووەمیان بە چالاکیەکانی و دواییشیان بە پشتیوانیی ئامۆژگاری ئاینیی خەڵکەکەی بە ئارامی و بە هێمنی راگرتبوو.هەرچەندە لەو ماوەیەدا فێڵ و تەڵەکەبازیش بێهێز نەبوون.
لەوەتەی ئیدارەی بەریتانی لە کۆیە دامەزرێنراوە، ژمارەی تاوانکاری بە خێرایی کەم بۆتەوە و ئاسایشی رێگاوبانەکانیش ئیستا بە گوێرەی ویستمانە.
دوژمنایەتی عەشیرەتی هێشتا هەر جاروبار دەگەنە ئاستی کوشت و کوشتنکاری،بەڵام چارەسەری و (صوڵح) لە بارودۆخی هەرە دژواریشدا هەر کراوەو سەری گرتووە. وونبوونی دائیمی تاوانبار لە زۆر حاڵەتدا،بواری ئەوەی نەهێشتۆتەوە کە لەو کێشانەدا دادپەروەری جێبەجێ بکرێت. هیچ گومان لەوەدا نییە کە هاوگوندییەکانی هیچ کوژەرێک،هەنگاوێک نانێن بۆ رادەستکردنی کوژەری تاوانبار. دیارە زیاتریش لەبەر ئەوەیە کە ئەو خەڵکە نایانەوێت خۆیان لەو جۆرە دوژمنکارییە خێڵەکیانە تێوەگلێنن، بۆیە ئێستا ئەو جۆرە گوندانە جەزا دەدرێن؛ بەڵام من بە گومانم کە تەنیا کات و گزیر (هەواڵگری پۆلیس –س.ک)، بتوانن جووتیارەکان هان بدەن و فیریان بکەن کە خۆیان ئەو جۆرە تاوانبارو کوژەرانە بدەنە دەستەوە.

لێڤی و جەندرمە

لێڤی:
لە بنەڕەتدا نیاز وابوو، فەوجێکی لیڤی لە خەڵکی ناوچەکە پێکبهێنرێت. بۆ بارەگاکان لە کۆیە و لە رەواندز و هەروەها بۆ هەموو رەبایەکانی سەر سنووری ئێران و هەمووشیان بە پێداویستیەکان پڕ بکرێنەوە.
عەسکەری،مایەی توڕەبوونی خەڵکەکە بوو (لەبەر رابردووی تاقیکردنەوەی تاڵیان لە کاتی جەنگدا) و نە ویستنی هۆزەکانیش بۆ بەشداری پێکردنی زەلامەکانیان. بۆیە کاری سەربازگیری یەکەم کێشەی دژوار بوو.
خۆشبەختانە،لە کۆتایی مانگی نیساندا، دوو کوڕی گەنجی کۆیی،کە بە پلەی مولازمی دووەم لە کاتی جەنگ لە (لەشکری شەریفی)دا خزمەتیانکردبوو،هاتنەوە وڵاتی خۆیان و، ئامادەیی خۆیان بۆ کارکردن پیشاندا.پاشان سی لاوی تری کۆیی وەرگیران وراهێنانیان بە سەرپەرشتی رەئیس عورەفا (هیلز) دەستپێکرا.
بە راهێنانی ئەم بەتالیونە بچووکە و لەبەرکردنی جلوبەرگی شیکی عەسکەری، پێشکەشکردنی خواردنی باش ،هیوامانبوو کە ببێتە هۆکارێ بۆ راکێشانی ژمارەیەکی پێویستی پیاوانی شیاوی کارەکە.
هەرچۆنێک بێت، گۆڕینی سیاسەتمان لە پاش راپەڕینی شێخ مەحمود،پرۆژەی باسکراوی لیڤی هەڵوەشاندەوەو لە رۆژی 13 ی تەمموزدا بڵاوەیان پێکرا.
هەندێک لەو کارو ئەرکەی کە سەرفی ئەم لێڤیانەکران،بە فیڕۆچوون، کاتێک کە زۆربەی ئەو پیاوانە گوسترانەوە بۆ کارو ئەرکی سیلکی جەندرمەیی.

جەندرمە:
جەندرمە، یا پۆلیسی قەزاکە،دابەشی دوو هێزی سوارەو پیادە کراوە. یەکەمیان پێکهاتووە لە 1 ئەفسەر و 14 دەرەجەدار و ٤٣ پۆلیسی سوارە. لە کاتێکا هێزی دووەم پێکهاتووە لە 1 ئەفسەر، 12 دەرەجەدار و 90 پۆلیسی پیادە.
لەگەڵ ئەرکی پۆلیسی شار،پۆشتەو پەرداختکردنی پاسەوانەکان،کاروباری گرتنی داواکاران و تاوانباران، گەیاندنی بانگهێشتنامە،مەخفەری دائیمیش لە شەقڵاوە،تەقتەق و بانیماران داندران.
بە رەچاوکردنی راهێنانی ناتەواو و ئاستی بێتوانایی و نەزانی دەرەجەدارەکان، جەندرمەکان هێشتا بە شێوازێکی زۆر چاک ئەرکی پۆلیسییان بەجێگەیاندووە. راهێنانی پۆلیسی پیادە زۆر بە هیواشی بەڕێوەدەچێت،بەڵام بە مسۆگەری سەردەکەوێت. لە مانگی تەمموزەوە کە سەبری ئەفەندی بە فەرماندە دەستنیشانکراوە،زەبتورەبت وکاروباری ئیداریی پێشکەوتنی بەخۆوە دیووە. ئێستا بە هیواین بەشی پۆلیسی سوارە بخەینە بەر راهێنان،واتە ئەوانەی هەتاکو ئێستا رێنماییەکانیان فەرامۆشکردووە.

کشتوکاڵ
بەرهەمی زستانە: ریپۆڕتکرا کە بە بەراورد لەگەڵ پێنج ساڵی رابردوو، ئەم ساڵ بە بەرهەمترین ساڵ بوو، هەڵبەتە لەگەڵ ئەوەی باران تا مانگی نیسانیش باری و بەرهەمی داڕزاند، بەڵام بەرهەم بە رێژەی یەک بە هەشت بووە. قەرزی کشتوکاڵی زۆر دواکەوت،بۆیە کڕینی تۆو زۆر بە گران وەستان و هتد …..هەڵبەتە ئەم قەرزانە هۆکاربوون بۆ راکێشانی بڕواو متمانەی خەڵکەکە.
گاجووت: لەم قەزایەدا نا تەواوییەکی زۆری گاجووت هەیە. لە سەرەتای ساڵدا 12 جووت گای هیندیمان دەستکەوت و بە قەرزی 180 روپێ بۆ هەر گایەک،دران بە جووتیارەکان،بە مەرجی ئەوەی لە کۆتایی دروێنەدا قەرزەکان بدرێنەوە. ئەو گاجووتە هیندیانە،گەورەترین سەرکەوتنیان مسۆگەرکردو،خەڵکەکە قایلبوون بەوەی کە ئەم گایانە کاراو بەهێزترن لەوانەی کە خۆیان هەیانە.هەرچەندە داوای گایجووتی زیاتر کراوە،بەڵام هێشتا هەر چاوەڕوانین. لەوانەیە 400 گایجووت بەبێ کێشە دابەش بکرێن و داواکردنی زیاتریش بۆ ساڵانی داهاتوو هەر بەردەوام دەبێت.
بەرهەمی هاوینە: جگە لە بەرهەمی توتن،بەرهەمی هاوینە، بەداخەوە وەکو چاوەڕێ دەکرا وا دەرنەچوو. هۆی سەرەکی ئەم شکستیە دەگەڕێتەوە بۆ زۆری ئافاتی کوللـە. توتن بەری چاکی هەبوو،بەرهەمەکەی نزیکەی دوو هەندەی ساڵانی جەنگ بوو. ئێستا بازاڕی چاکشیان بۆ مسۆگەرکراوە. قەزای شەقلاوە مسۆگەرە بۆ گۆڕینەوەی بەری توتن بە دانەوێڵەی هاوینە. بازڕگانەکان،چ لە دوور و چ لە نزیکەوە گەیشتوونەتە قەزاکە و داواکردنی توتن ئەوەندە بەرزبۆتەوە کە نرخی هەر گەڵایەک لە کانونی یەکەمدا گەیشتۆتە دوو هەندەی نرخی ئاسایی ساڵانی پێشوو.
گشتی: پاشکۆی (ا) چەندین جۆری دانەوێڵە و هتد … ،کە لە قەزاکەدا وەبەرهەم هاتوون، لەگەڵ بەراوردی گرنگییان. بە هۆی ئەوەی تا 16ی کانونی یەکەوە،رێژەی بارانی پڕ بە ویست نەباریوە،بۆیە بەداخەوە جووتکردنی کێڵگەکان زۆر دواخران. بەڵام ئەو رێژە بارانەی واتە 3،68 ئینجـەی کە لەو مێژووەوە تا کۆتایی مانگ باریوە،هەرچۆنێ بێت رەزامەندی لە دڵی جووتیاراندا دروستکردووە.

کەش و هەوا
لە پێش مانگی ئایاردا،هیچ تۆمارێکی کەشوهەوا بۆ شاری کۆیە نەبووە. لێزمەی بارانی بە تاو و هەورەتریشقە خەسڵەتی کەشوهەوا بوو لە نیوەی یەکەمی مانگی ئایاردا. ناوەڕاستی مانگی ئایار،هاوینی پەلەکێشکرد،لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی.
گەردەلوولی تۆزو خۆڵ تا رادەیەک بە بەردەوامی لە دوو مانگی حوزەیران و تەمموزدا هەڵیانکرد و ئاسمان و ناوچەی قەزاکەیان پڕ تۆزکرد. پلەی گەرمیی لە ژوورێکی کراوەدا، لە شەو و رۆژدا بێ گۆڕان لە رێژەی ٩٥ پلەی فەهرنهایتایە،ئەوەش بۆوەتە هۆی ئەوەی گوزەران بە دوو شێوە، هەم خۆش و هەم ئاغرو ناخۆشیش بێت. ئەم کەشوهەوا نا شیاوە،لە سەرتاسەری مانگی ئاب،بەردەوام بوو. هێواش هێواش وژەوژی گەردەلوول کەم بۆوەوە،تا ئەوەی لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولدا کپ بووەوە.
لەم ماوە دژوارەدا،کاریگەری نەرێنی مێشوولە زۆر بەهێز بوو، لە تەمموزدا لێزمەی بارانێکی هێنا و کەشوهەوای خۆشکردەوە.
لە 20ی ئەیلول سووکە بارانێکی هێنا، وە ئاسمان تا 10 تشرینی یەکەم،هەورین و بە نا ئارامیی مایەوە. لە ٥ ی تشرینی یەکەمدا،تیبینیکرا کە هەوا ساردی کرد و لە رۆژانی 8،7،6 یشدا تیژە بایەک هەڵیکرد. لەو رۆژەوە،لە 10 مانگەوە، تا نیوەی مانگی تشرینی دووەم لە ژێر ئاسمانێکی ساردا، هەوا بە گشتی بە فێنکی مایەوە.
لە 16 تا 21 ی تشرینی دووەم،هەموو بەیانیانێک رۆژ لە ناو هەورەوە هەڵدەهات و بەڵام بەشەکانی تری ئاسمان،ساو و بێگەرد دەمانەوە. شەوانە هەوا ساردتر دەبوو.
کەشوهەوا لە دوا رۆژانی مانگی تشرینی دووەم و یەکەم نیوەی مانگی کانونی یەک،زۆر شێوابوو،هەندێ رۆژ ئاسمانی ساف و پلەی گەرمی 64 و بەڵام لە هەندێ بەشی تردا، رەش و هەورین و لەگەڵ بارانێکی وا هەستت پێدەکرد پلەی گەرمیی کەمدەکاتەوە.
دوا نیوەی مانگی کانونی یەک،بە چوار رۆژ بارینی بەردەوام دەستی پێکرد. هەر بە تەنیا لە رۆژی 20 ی مانگدا رێژەی باران 1،35 ئینج بوو. ئەم بارانە پلەی گەرمای تا 42 ی فەهرنهایت نزمکردەوە. لە شەوی 20 دا لە بەرزاییەکانی دەوروبەری شار سووکە بەفر بارینێک دایکرد و پلەی گەرمیی لەناو شاردا بەرەو 38 ی فەهرنهایت دابەزی. لە دوایین رۆژانی ساڵدا،هەمیسان کەشوهەوا شێوا،گەواڵە هەوری چڵکن لە رۆژێکدا ئاسمانی دەتەنیەوەو بۆ سبەی دەڕەویەوە. پلەی گەرما،لە نێوان 50 بۆ 44 ی فەهرنهایت مایەوە. رێژەی گشتی بارانبارین،لە مانگی کانونی یەکەمدا گەیشتبووە 3،68 ئینج.
پێوانی رێژەی باران بارین لە مانگی ئەیلولەوە دەستی پێکردو،رۆژانەی لەوەتەی باران دایکردووە،رێژەکەی تۆمار دەکرێت.

داهات
کۆدە: لە کاتی کۆکردنەوەی باجی کۆدە (باجی ئاژەڵ – س.ك) لە گوند، چاوخاس رووداوێکی پڕ مەهزەلەی نواند. وە گۆڕینی یاریدەرەی ئەفسەری سیاسی لەو کاتەدا،دەستێوەردانێك بوو لەسەر چاودێریکردنی باشی ئەو ئەرکە.
بۆ بەرهەمی زستانە: لە قەزای کۆیە بە جیاجیا، باجی دەیەک بۆ هەر گوندێ داندرا.
دانەوێڵە، بە شیوازی باجی کەرەسەیی (واتە دانەوێڵە لەباتی پارە وەرگیرا- س.ك) کۆکرایەوە؛ بەشێکی بۆ پێداویستییەکانی بەتالیۆنی رانیە تەرخانکرا و بەشێکی تریشی بۆ کشتوکاڵی ساڵی داهاتوو. هەندێکیشی بۆ فرۆشتن بە خەڵکەکە گەر هاتوو لە زستانی هاتوودا،نەبوونی دروستبوو.
کێڵگەی حکومەتیش، بەو شێوەیەی ویسترا کاری تێداکرا و تەنیا کارێکی عەمەلی بوو لەو ئانوساتانەدا. بەڵام خەڵکانی نا ئاشنای تێدا دەست بەکاربوون،بۆیە داهاتێکی زۆر بە سوودی نەگەیاند بە حکومەت.
وا بیرکراوەتەوە،کە ئەگەر باجی دەیەک لە گوندەکانی قەزای شەقڵاوەدا بسازێنرێت،بە دڵی هەموان دەبێت. چونکە بەگزادە عەشیرەتییەکان،پێیان ناخۆشە و ناهێڵن کێبەرکێ لەگەڵ گوندەکانیاندا بکرێت. بۆیە داهات لەلای دوو کۆمیتەوە خەمڵێنراون. ئەم پلانە داهاتەکانی بە تەواوەتی مسۆگەر نەکرد،بە هۆکاری سەرەکی ئەوەی کە یاریدەرەی ئەفسەری سیاسی نەیتوانی سەردانی ناوچەکانی قەزاکە بکات و بە شەخسی ئاگاداری خەمڵاندنەکان بێت.
میوەجات؛ کۆکردنەوەی داهاتی میوەو گوێز لە هەر دوو قەزاکەدا رێکخرا. یارمەتیدەرەی ئەفسەری سیاسی،سەردانێکی فراوانی قەزای شەقلاوەی کرد. لە کاتی شیاودا گەیشتە بڕیاری کۆتایی. بە بەراوردکردنی بۆچوونی شەخسی لەگەڵ داهاتی ساڵی پار، بڕیاری دا کە کەمترین رێژەی باج لە سەر هەندی گوند دەسنیشان بکرێت. بۆ ئەو گوندانەی داهاتەکانیان بە مەزادی نزمترین ئاست داندران، چاوخاس (مەبەستی سەرکار یا کوێخا / س.ك) دەستنیشان کران و کرانە بەرپرسی کۆکردنەوەو گەیاندنی ئەو رێژە نزمەی کە بڕیاریان لەسەردرا. سیستەمەکە جێبەجێکراو باشترین ئاکامی وەبەرهێنا.
بەرهەمی هاوینە: بەرهەمی هاوینە لەلایەن دوو کۆمیتەوە لە هەردوو قەزاکەدا خەمڵێنران. ئەم سیستەمە سەرکەوتوو بوو. هەروەک لە دێرەکانی پێشوودا ئاماژەمان پێداوە، کوللـە هۆکارێکی گەورە بووە لە کیسچوونی بەرهەمەکان. بەرهەمی توتن لەگەڵ بەرهەمەکانی تردا خەمڵێنران، بەڵام هیچ باجێك لە توتنەوانان وەرنەگیران. ئەوەش رەتکرایەوە کە خەمڵاندنی نرخی ئەم بەرهەمە،بە دواکەوتووی دراوەتە دەست و کە بووەتە هۆی ئەوەی هەکەزا نرخی بۆ داندرێت. ئەمەش کاریگەری ئەو سیستەمی نرخاندنەی پووچ کردۆتەوە، کە لە راپۆڕتی مانگی تشرینی دووەمی ئەم قەزایەدا هاتووە.
هەرچۆنێ بێت،خاوەنی هەر بارێکی کڕدراو بۆ عەمبار،فەرزکراوەتە سەری کە وەسفی ئەو توتنەوانە پێشکەش بکات کە توتنی لێکڕیووە. ناوی توتنەوان و بازرگان و کێشی توتنی فرۆشراو بە گشتی بۆ ریفرێنسی داهاتوو تۆمارکراون.
بۆ هەر کیلۆیەک هەشت عانەی کومرگ لە بازرگان وەرگیراوە کە بارە توتنی خۆیان لە شەقڵاوە یا کۆیەوە هێناوە. ئەو توتنانەی لە خۆشانەوەتی بەرهەمهێنراون،جۆرایەتیەکی زۆر بەرزیان هەیە. وە لە پاشکۆی ژمارە آ دەبینرێت کە داهاتەکانمان لەم سەرچاوەیەوە چەندە زۆر و بەرچاوە.
تەختەو داررەڕا: قەزای شەقڵاوە،دارێکی زۆری تیا بەرهەم دێت،دارەکانی زۆر ناودارن. داوای زۆریان لەسەرە و لە بەغداو لە موسڵ بازاڕی ئامادەیان هەیە. بەشێک لەو دارانە بە کەرو بار دەگوازرێنەوە بۆ (گردەمامک) لەوێشەوە بە سەر ئاو لە زێی گەورەوە دەگوازرێنەوە. وە هەندێکی بە هەمان شێوە رەوانەی تەقتەق دەکرێن و لەوێوە ئاوەوئاو بە سەر زێی بچووکەوە بەرەو بەغدا رەوانە دەکرێن. لە حاڵەتی یەکەمدا باجەکان لە (گردەمامک) و لە دووەمیشدا لە (ئاڵتون کۆپری) کۆ دەکرێنەوە. لەو دوو شوێنەدا کۆی داهاتی وەرگیراو 8،305 و 4،000 روپێ بوون.
پاشکۆی ژمارە آ بە گشتی جۆرەکانی سەرچاوەی داهاتەکان و داواکانی ئێمە لە ساڵی 1919 دا پیشان دەدات.

تاپۆ
دائیرەی تاپۆی کۆیە،لە کاتی داگیرکردنی بەریتانیەوە، بۆ مامەڵەو ئاڵوگۆڕ داخراوە. بەڵام هێشتا هەر لە کاتی زۆر زەروریدا مراجەعە دەکرێت و ژمارە دەدریت بە تاپۆکان.
بۆ بەردەوامی فرۆشتنی موڵک بە هاوپەیوەندی بە کردنەوەی تۆماری دائیرەی تاپۆ،بۆ گەشەدان بەم کارە، لێرەدا سیستەمێکی رەچاوکراو دانراوە. بەوەی کڕیاری موڵك بە نووسین (دۆکومێنت) قەول دەدات کە خۆی بەرپرسیارێتی گوازتنەوەی هەقی رەسمی موڵکایەتی دەگرێتە ئەستۆ. وەکو ئەوەی ئەگەر هاتوو بۆی دەرکەوت کە ئەو کەسەی موڵکی فرۆشتووە خاوەندی قانونی موڵکەکە نەبووبێت،کڕیار خۆی بەرپرس دەبێت لە دەستبەرداری لەو موڵکە. فۆرمی ئەم دۆکومێنتە،بە ئامادەیی هەردوو لایەنی سەوداکە و یاریدەرەی ئەفسەری سیاسی واژۆکراو، پاشان لە دائیرەی تاپۆدا وەکو سەرچاوە بۆ کاری داهاتوو هەڵگیرا.
وا بە باش زانرا کە مەئموری تاپۆ،بۆ کۆرسی راهێنان رەوانەی بەغدا بکرێت. وەک سەرەتایەک بۆ دائیرەی تاپۆی کۆیە.

وەقف
بەداخەوە بە هۆی گوێنەدان و پشتگوێ خستنەکانی کاتی جەنگ،بەهای موڵکەکانی وەقف،لەناوچوون؛ بینایەکان زۆربەی بوون بە خەرابە و باغەکانیش ووشک و برینگ بوون بە بیابان و ئەمساڵ کەمترین ئاستی بەرهەمیان هەبووە. لە هەمانکاتدا بۆ چاککردنەوەی زەروری لە هەر هەموو مزگەوتەکان داوای کۆمەک و خێرات کراوە. چاککردنەوە و تەعمیراتەکان کراون بەڵام شیاو و پڕ بە ویست نین. هەرچۆنێک بێت، لە هاویندا ژمارەیەک لە دوکانەکانی ئەوقافی کۆیە تەعمیرو ئامادەکرانەوە.لە زستاندا لەبەر زۆربوونی کاری بازرگانی، کرێی ئەو دوکانانە گەیشتنە ئاستێکی زۆر بە سوود.
پێداویستییەکانی پرۆسەی بە کرێدانی درێژخایەن (لیس)ی باغەکانی ئەوقافی قەزاکە ئامادەکران. بە تایبەتی بۆ ئەو باغانەی کە لەم دوو سێ ساڵەدا بە فەرامۆش کرابوون و بەجێهێڵرابوون.بە هیوای ئەوەی باغەوانی بۆ پەیدابکرێت بە کرێ بدرێن بەو باغەوانانەی دەتوانن وەک جاری جاران بیان بوژێننەوە.

پەروەردە
لە داگیرکردنی کۆیەوە، خەرجی و موچەی قوتابخانە (مەکتەب) لەلایەن حکومەتەوە دابینکراوەو، ئەمە بۆوەتە هۆ بۆ دابینکردنی ئاستێکی فێرکردن بۆ نزیکەی 40 منداڵی ئیسلام. بە دڵسۆزیەوە داواکراوە کە شارەزایەکی بەرێوەبەرایەتی پەروەردە، رەوانەی ئێرە بکرێت، لەبۆ دامەزراندنی قوتابخانەیەکی شیاو،پاشانیش یاریدەدەری ئەفسەری سیاسی دەتوانێت ئەرکە پێوویستەکانی سەرپەرشتی پەروەردە جێبەجێ بکات. لە هەمان کاتدا هیوایەک هەیە کە مامۆستایەك رەوانەی سلێمانیە بکرێت بۆ خوولی راهێنان و فێربوونی شێوازی فۆنەتیکی تازەی زمانی کوردی.
بینایەی قوتابخانەکە،کە بینایەکی باش و تایبەتە،تازە بە تازە کراوە بە نەخۆشخانەی مەدەنی و قوتابخانەکە بۆ ماوەیەکی کاتی بۆ مزگەوتی گەورە گواستراوەتەوە. هیچ پارەیەکی حکومەتیی بە جووەکان نەدراوە،بەڵام دیانەکان بۆ هەر قەشەیەکی قوتابخانەکەیان ٥٠ روپێ وەردەگرن.

لەشکر
مەفرەزەی رانیە،لە رێگەی هاتنی لە ئەربیلەوە بۆ دەربەند (رانیە)، شەوی 22/23ی ئاب لە شاری کۆیە مایەوە. بە هەمان شێوە لە گەڕانەوەشدا شەوی 16/17 ی تشرینی یەکەم لە کۆیە مانەوە. ئامادەگی هێزەکان،کاریگەرییەکی باشی لەسەر خەڵکەکەدا هەبوو،وە بووە جێگەی بیرکردنەوەیەک بۆ خەڵکانی لە یاسا لادەر.

شارەوانی
وەکو ئاماژەی پێدرا، ژمارەی دانیشتوانی شاری کۆیە،نزیکەی 4،000 کەسن؛لەوانە 230 کلدانی و 250 جوولەکەن. ئەم ژمارەیەش تەنیا لە %25 ی ژمارەی دانیشتوانی پێش جەنگە.
کاتێک شاری کۆیە داگیرکرا،نزیکەی سێ بەشی بازاڕەکەی چۆڵ بوو، زۆربەی خانووەکانی داڕمابوون و شەقام و کۆڵانەکانیشی پڕ بەرد و خشتی خانووە روخاوەکان بوون. شارداری بێ داهات و خەڵک برسی بوو. ئەمڕۆکە لە ژمارەی 357 دوکانی شارەکە،282 یان پڕ کاڵان و ئەو دوکانانەی ماونەتەوە تەنیا ٢٠یان دەشێن بۆ بەکارهێنانەوە. هێشتا سێ بەشی شارەکە وەک وێرانە ماوەتەوە،ئەمەش گەواهییە بۆ ئەوەی لەو ماوەیەدا رێژەیەکی زۆری خەڵکی شارەکە مردوون. شەقامەکان پاککراونەتەوە، جۆگەلەی ئاوەکان پاکراونەتەوە. سیستەمی پاککردنەوەو ئاوەڕۆی بنیاتنراوە. باجی دوکان و خانووەکان رێکخراون.باجی قەسابخانە زیندووکراوەتەوە و باجی هاتنی کەل وپەل بۆ ناو شار داهاتێکی باشی هێناوە. لە کۆتاییدا گەشەسەندنی بازرگانی، وەک ئەوەی لەوەیە لە پاشکۆی ژمارە ب دا لەگەڵ نرخەکان،دابەزیون، ئەمەش لە پاشکۆی ژمارە س دا سەلمێنراوە.

تەندروستی
تا پێش مانگی نیسان لە قەزاکە هیچ دکتۆری نەبوو. لە 17 ی نیساندا نەقیب (دبلیو. ولیمەز) گەیشتە کۆیە و ئەرکەکانی جەراحی مەدەنی گرتە ئەستۆ.
لە 22ی دوکتۆر نەسرەت، وەک یارمەتیدەرەی جەراحی مەدەنی گەیشت.لەگەڵ گەیشتنی دەرمانسازێک. دەمودەست دەرمانخانەیەک لە کۆیە کرایەوە.
لە مانگی ئابدا،جێگۆڕكێی جەراحە مەدنییەکان کرا؛ نەقیب ولیەمز لە دووی مانگدا چوو بۆ سلیمانیەو نەقیب (جەی.ئری.هێچ. میللەر) لە 12 مانگدا گەیشت.
کردنەوەی (مستەوسوف)ێ لە کۆیە، زۆر شتێكی باش بوو بۆ خەڵکەکە و ئەوان ووتیان کە کردنەوەی ئەم مستەوسەفە، لەگەڵ راگرتنی سیستەمی پاکوتەمیزی لە شارەکەدا، هۆکاربوون بۆ کەمبوونەوەی مەلاریا بە رێژەی %99 بە بەراورد لەگەل ژمارەکانی پێش جەنگا.
لێرە نەخۆشی سەرەکی کە چارەسەرکرابن، مەلاریا و نەخۆشی چاو بوون. هەرچەندە چارەسەرییەکان لەلایەن خەڵکانی رووناکبیر پەسەندن، بەڵام هێشتا جێی کەمی بروای خەڵکی گوندەکان. تەنیا کات و وەخت ئەم حاڵەتە بەرەو پێشەوە دەبات، وە چارەسەریکردنە پڕ دڵسۆزییەکانی جەراحی مەدەنی بە گشتی بڕوایی و متمانەیی خەڵکەکەی گۆڕیوەو مسۆگەری کردووە.
گۆڕانکاری و چاککردنەوەکانی بینایەی پێشووی قوتابخانەکە کە نزیک بە تەواوبوونە،خانووەکەی گۆڕیوە بۆ خەستەخانەیەکی فراوانی،نوێ.

بازرگانی
لەگەڵ گەیشتنی ئیدارەی بەریتانی،بازرگانی لە کۆیە بوژایەوەو لەو دەمەوە هەر بەرەو فراوانبوونە. پاشکۆی ژمارە ب جۆرەکانی بازرگانی بەرهەمەکانی قەزاکە، بە نرخی بازرگانی مانگی کانونی یەکەم پیشان دەدات.

کارە گشتییەکان

ئەو کارە گەورانەی لە ماوەی ساڵەکەدا تەواوکراون، ئەمانەی خوارەوەن:
1 –گەچکاری و چاککردنەوەی دەرگاو پەنجەرەکانی قەڵاکە، بۆ مسۆگەرکردنی جێ و مەڵبەندێک بۆ یاریدەدەری ئەفسەری سیاسی و دوکتۆری جەراحی مەدەنی.
-2بنیاتنانی حەوت خانووی پەرژینکراو، بە بەردو قوڕ لە دەوروبەری شار.
-3سواخدانی سەربانی سەرا بە قوڕ و جێبەجێکردنی هەندێ چاککردنەوەی بە پەلە لە دیوارە بەردینەکانیدا.
لەو کارانەش زیاتر، چاککردنەوەو گۆڕانکاری کراوە بۆ بینایەی نەخۆشخانەی شارەکە. ئەمەش لە دەرەوەی پارەی کاروباری تەندروستی لە لایەن جەراحی مەدەنییەوە کراوە.
لە سەر داوای یاریدەرەی ئەفسەری سیاسی،رێگای کۆیە – قەسرۆک لە سەر هەیبەت سوڵتانەوە لە پرۆسەی چاککردنەوەو بەرەوپیشەوەدایەو رانیە خۆی پارەی ئەم کارە دابین دەکات.

نەقیب سی.ئەی.جی.رانداڵ
یاریدەدەری ئەفسەری سیاسی ، کۆیە 15/ کانونی دووەمی 1920

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*