جین ویكفێڵد*
راپۆرتێكی بریتانی كه له شێوه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌دا كراوه، ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات، كه ماڵپه‌ڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان پێش ته‌له‌ڤزیۆن كه‌وتوون لای گه‌نجان له مه‌سه‌له‌ی به‌ده‌ست هێنانی زانیاری‌دا. به پێی ئه‌و راپۆرته 28%ی ئه‌و گه‌نجانه‌ی ته‌مه‌نیان له نێوان 18 بۆ 24 ساڵدایه، په‌نا بۆ سایته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌به‌ن وه‌ك سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی بۆ به‌ده‌ست هێنانی زانیاری، له به‌رامبه‌ردا ته‌نها 24%یان پشت به ته‌له‌ڤزیۆن ده‌به‌ستن بۆ ئه‌و مه‌به‌سته.
هه‌ر ئه‌و راپۆرته‌ی بریتانیا كه په‌یمانگای رۆیته‌رز ئاماده‌ی كردووه، ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه 51%ی ئه‌وانه‌ی توانای به‌كارهێنانی ئینته‌رنێتیان هه‌یه ماڵپه‌ڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌كار ده‌هێنن وه‌ك سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵ. ئه‌م ئاراسته نوێیه له‌گه‌ڵ زیادبوونی به‌كارهێنانی مۆبایلدا بۆ به‌ده‌ست هێنانی زانیاری، وای كردووه ئامراز‌و نموونه باوه‌كانی راگه‌یاندن له پاشه‌كشه‌دا بن.
راپۆرته‌كه پشتی به‌ستووه به لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك كه كۆمپانیای یوگۆڤ (YUOGOV)ی تایبه‌ت به بواری توێژینه‌وه ئه‌نجامی داوه‌و لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ش 25 هه‌زار كه‌سی له 26 وڵاتی جیاجیا گرتۆته‌وه، له كۆی به‌شداربوانیش دوو هه‌زاریان خه‌ڵكی بریتانیان. راپۆرته‌كه له سه‌ره‌تادا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه، كه شه‌پۆلی دووه‌می ئاڵۆزیی به رووی دامه‌زراوه‌كانی هه‌واڵ له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا هه‌ڵی كردووه‌و به‌ڕێوه‌یه، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌و ده‌ره‌نجامه خراپانه‌ی ئه‌گه‌ری هه‌یه سه‌رجه‌م خاوه‌ن بڵاوكراوه‌كان‌و ئایندهی به‌رهه‌م هێنانی هه‌واڵ بگرێته‌وه.
به پێی ئه‌و راپۆرته، سایتی فه‌یسبووك‌و سایته هاوشێوه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی تریش هه‌نگاوی فراوانیان ناوه‌و بوونه‌ته سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵ، به جۆرێك بوونه‌ته ماڵپه‌ڕێك بۆ بهكاربهرانیانو هه‌واڵه‌كانی خۆیانی تێدا بڵاو ده‌كه‌نه‌وه، جگه له‌وه‌ش ئه‌و هه‌واڵانه‌ی له سایته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه بڵاو ده‌بنه‌وه، له نێو ژنان‌و گه‌نجاندا بره‌وی زۆره‌و گرنگی پێ ده‌درێت.
فرۆشی رۆژنامه چاپكراوه‌كان تا ئێستاش به‌رده‌وام له پاشه‌كشه‌دایه، له كاتێكدا به‌كاربه‌ران پاره‌یه‌كی زۆر له رێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه هه‌واڵیان ده‌ست بكه‌وێت. به پێی راپۆرته بریتانییهكهش ماڵپه‌ڕی فه‌یسبووك به‌ربڵاوترین سایته‌و 44%ی كۆی ئه‌وانه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كه گرتوونیانهتهوه به‌كاری ده‌هێنن بۆ به‌ده‌ست هێنانی هه‌واڵ‌و ئاڵوگۆڕ پێ كردنی‌و نووسینی كۆمێنت له‌سه‌ری.
له دوای ئه‌و سایتی یوتیوب به پله‌ی دووه‌م دێت‌و 19%ی به‌شداربوانی لێكۆڵینه‌وه‌كه به‌كاری ده‌هێنن، پاشان تویته‌ره كه رێژه‌ی 10%ی به‌رده‌كه‌وێ. ئه‌وانه‌ش كه ئه‌پڵ نیوز به‌كار ده‌هێنن، له ئه‌مریكا رێژه‌یان ده‌گاته 19%و له بریتانیاش رێژه‌یان ته‌نها 3%یه، له هه‌ندێك وڵاتی تر له‌وه‌ش كه‌متره. فه‌یسبووك كه پشكه زۆره‌كه‌ی به‌رده‌كه‌وێ به‌م دواییانه تووشی كێشه‌یه‌ك بوو سه‌باره‌ت به به‌شی ئه‌و بابه‌ته‌ی زۆرترین خوێنه‌ری هه‌یه، یان زۆرترین جار خوێندراوه‌ته‌وه، ئه‌و به‌شه كۆمپیوته‌ر خۆی كاری تێدا ناكات‌و مرۆڤ ئاماده‌ی دهكاتو ئامانجی ئه‌وه‌یه ئه‌و بابه‌تانه بخاته روو كه زۆرترین جه‌ماوه‌ر له‌سه‌ر ئاستی جیهان گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، كێشه‌كه‌ش كه بۆی دروست بوو، ره‌خنه‌ی لێ گیرا كه هه‌ندێك جار هه‌واڵی ئه‌وتۆ بڵاو ده‌كاته‌وه كه لایه‌نگری تێدایه بۆ بۆچوونێكی سیاسی محافزكارانه.
فه‌یسبووك ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ره‌ت كرده‌وه‌و لێكۆڵینه‌وه ناوخۆییهكانیشیان هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی نه‌دۆزییه‌وه كه بیسه‌لمێنێت بابه‌ته‌كانیان لایه‌نگری پێوه دیار بێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ندێك گۆڕانكاریی له ماڵپه‌ڕه‌كه‌دا كرا وه‌ك: نوێ كردنه‌وه‌ی هه‌ندێك ده‌سته‌واژه بۆ پێداچوونه‌وه. به‌هێز كردنی تیمی سه‌رپه‌رشتیاری پێداچوونه‌وه. پشت نه‌به‌ستن به لیستی سایت‌و پێگه‌كانی هه‌واڵ له پلهبهندیو بایهخبهندییاندا بۆ هه‌واڵه‌كان.
راپۆرته‌كه ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات، به‌كاربه‌ران زیاتر ئه‌و بابه‌تانه‌یان پێ باشه بیخوێننه‌وه، كه به پرۆسه‌ی بیركاری‌و له‌سه‌ر بنه‌مای ژماره سه‌ركه‌وتوون، له‌و رووه‌وه 36%ی به‌شداربوان پێیان خۆشه ئه‌و هه‌واڵانه بخوێننه‌وه كه پێشتر زۆرترین خوێنه‌ری هه‌بووه به ژماره، له كاتێكدا 22%یان پێیان باشه خۆیان خشته‌ی هه‌واڵه‌كان دیاری بكه‌ن، ئه‌وه‌شیان پشت ده‌به‌ستێ به خوێندنه‌وه‌ی پێشتری هاوڕێكانی ناو فه‌یسبووكی.
30% به‌كاربه‌ران حه‌ز ده‌كه‌ن مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردنی هه‌واڵ له ژێر سه‌رپه‌رشتی مرۆڤدا بێت‌و هه‌واڵسازو رۆژنامه‌نووس كاری تێدا بكه‌ن، زۆریش له به‌كاربه‌ران له‌وه ده‌ترسن پرۆسه بیركارییه‌كه بۆ هه‌ڵبژاردن به ژماره ببێته هۆی دروستبوونی بڵقی هه‌واڵ‌و زیاتر ئه‌و هه‌واڵانه ببینن كه له بیر‌و بۆچوونی خۆیانه‌وه نزیكه. نی‌ك نیومان كه سه‌رپه‌رشتیاری راپۆرته‌كه‌یه له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێ: به‌كاربه‌ران حه‌ز به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵانه ده‌كه‌ن كه به‌رێگه‌ی بیركاری‌و له‌سه‌ر بنه‌مای ژماره هه‌ڵده‌بژێردرێن، به‌ڵام له‌وه‌ش ده‌ترسن كه به‌هۆی ئه‌و پرۆسه‌یه هه‌ندێك خاڵ‌و بابه‌تی سه‌ره‌كییان له‌ده‌ست بچێت.
هه‌ر له‌و راپۆرته‌دا تێبینی ئه‌وه كراوه، كه به‌كارهێنانی مۆبایل بۆ به‌ده‌ست هێنانی زانیاری له زیادبووندایه‌و ئه‌وه‌ش رێژه‌كه‌ی له سوید له وڵاتانی تر زیاتره، كه 69%یان مۆبایل به‌كار ده‌هێنن بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، دوای ئه‌ویش كۆریای باشوور دێت كه 66%یان به‌كاری دههێننو پاشان سویسرا 61%، هه‌موو ئه‌مانه‌ش زیاتر په‌نا بۆ سایته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌به‌ن، نه‌ك راسته‌وخۆ بچنه سایته‌كانی هه‌واڵه‌وه.
به‌كاربه‌ران، كه په‌نا بۆ سایته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌به‌ن، له‌گه‌ڵیشیدا تێبینی لۆگۆی بازرگانی سایتی هه‌واڵه ئه‌سڵییه‌كه‌ش ده‌كه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه وه‌ك نیومان ده‌ڵێ: سایته‌كانی هه‌واڵ ناتوانن سایته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان پشتگوێ بكه‌ن به تایبه‌ت كه كه بیانه‌وێ بگه‌نه ژماره‌یه‌كی زۆر له به‌كاربه‌رانی ژنان‌و گه‌نجان. ئه‌گه‌ر سایته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان پشتگوێ بخه‌ن خۆیان ده‌خه‌نه مه‌ترسی له‌ده‌ستدانی به‌شێكی زۆر له جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان.
*په‌یامنێری بی بی سی
بی بی سی – عه‌ره‌بی