سەرەکی » زانست » سنه‌وبه‌ر

سنه‌وبه‌ر

ده‌توانین سنه‌و‌به‌ر به‌‌ گرنگ ترین جۆری دره‌خت ئه‌ژمار بكه‌ین ، چونكه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی زۆری ته‌خته‌ی باش و قایمه‌‌ ، وه‌ خێرا گه‌شه‌ده‌كات و قه‌ده‌كانی ڕێكه‌ و زۆر به‌رز ده‌بێته‌وه‌ .
سنه‌وبه‌ر زیاتر له‌ (90 ) جۆری هه‌یه‌ ، كه‌ زۆربه‌ی له‌ نیوه‌ی باكوری گۆی زه‌ویدایه‌ ، به‌تایبه‌ت له‌ ئه‌مه‌ریكای باكور ، مه‌كسیك ، و ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیا له‌ سیبریا وباكوری منگۆلیا و شاخه‌كانی ئۆڕاڵ ، هه‌روه‌ها له‌ وڵاتانی ده‌وری ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست ، لوبنان و فه‌له‌ستین و سوریا ، وه‌ له‌ئیسپانا و ئیتالیا وه‌له‌و شوێنانه‌دا كه‌ سارده‌ یان مام ناوه‌نده‌ ، خۆ ئه‌گه‌ر له‌ وڵاتێكی گه‌رمیشدا هه‌بێت ئه‌وا له‌ به‌رزی چیاكانه‌ .
له‌كوردوستاندا سنه‌وبه‌ری جۆری زاویته‌ و بروتی Pinus brutta هه‌یه‌ ، له‌گه‌ڵ كه‌ش و هه‌وای كوردوستاندا گونجاوه‌ ، به‌زۆری زاویته‌ و كه‌ هه‌میشه‌ سه‌وزه‌ وگه‌ڵاكانی باریك وچوت دانه‌یه‌ ، درێژیان 10 تا 20 سم ده‌بێت و كۆتایه‌كانیان تیژه‌. گوڵی نێره‌كانیان زه‌ردو قوچه‌كیه‌ به‌ كۆتایی لقه‌كانه‌وه‌ كۆمه‌ڵده‌بن . به‌ڵام گوڵه‌ مێیه‌كان هێلكه‌ین به‌م لاولای لقه‌كانه‌وه‌ن . به‌هۆی باوه‌ ده‌پیتێنرێن .
به‌ری سنه‌وبه‌ر ڕه‌قه‌ وقوچه‌كییه‌ ، درێژیان 8تا 10 سم ده‌بێت وه‌ تیره‌یان 5تا 6 سم به‌م لاو لای لقه‌كانه‌وه‌ ده‌بن . وه‌ تۆوه‌كانیان تیایه‌ . داری زاویته‌ له‌ ته‌مه‌نی 5-6 ساڵیدا دێته‌ به‌ر ، هه‌ركیلۆیه‌ك تۆوی سنه‌وبه‌ر 18000 تا 20000تۆوه‌ كه‌ بیڕوێنی 75% تا 80% ده‌ڕوێت . ‌
به‌ری جۆرێك له‌ سنه‌وبه‌ر وه‌ك چه‌ره‌س به‌كار دێت ، وه‌ وه‌ك باده‌م ده‌خرێته‌ سه‌ر برنج و له‌ زۆر خواردنی به‌له‌زه‌تدا به‌كار دێت .
له‌ سنه‌وبه‌ر ماده‌یه‌ك ده‌ردێت كه‌ به‌ڕاترنج ناسراوه‌ ، له‌ درووستكردنی بۆیه‌ و سابوندا به‌كار دێت ، وه‌ ته‌خته‌ی سنه‌وبه‌ر له‌ درووستكردنی كاغه‌زدا ماده‌ی سه‌ره‌كییه‌ . هه‌روه‌ها ماده‌یه‌كی كه‌تیره‌یی لێ ده‌ردێت كه‌ له‌ پیشه‌سازی پلاستیك وكرێمه‌ پزیشكیه‌كاندا به‌كار دێت ، وه‌ هه‌ندێك ماده‌ی تر كه‌له‌ سنه‌وبه‌ر ده‌ردێت له‌ بۆن بڕی ئاره‌ق ،و هه‌ندێك بۆنی خۆش بۆ ئارام كردنه‌وه‌ی ده‌روون به‌كار دێ .
له‌ سنه‌وبه‌ردا ماده‌ی ئه‌وتۆ هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ری ڕۆماتیزم ، ئه‌و شوێنانه‌ی زه‌بریان پێگه‌یشتبێ ، وه‌ زیاده‌ی ئێسك ، باشه‌ بۆ كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌و فڕێدانی به‌ڵغه‌م . له‌زۆر بواری پزیشكیدا وه‌ك ده‌رمان وچاره‌سه‌ر سوود له‌ به‌رهه‌مه‌كانی سنه‌وبه‌ر وه‌ر ده‌گیرێ ، وه‌ك به‌ردی گورچیله‌و زراوو ، خورانی پێست ، چالاك كردنی سوڕی خوێن وپاراستنی مێشك له‌ زهایمر .
سنه‌وبه‌ر به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌كه‌ هه‌میشه ‌سه‌وزه‌و چڕه‌ ، به‌رگرێكی باشه‌ بۆ ڕێگرتن له‌ ته‌وژمی هه‌وا ، بۆیه‌ له‌ده‌مێكه‌وه‌ ، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی دارستان و باخداری ، چه‌ندین شه‌تڵگه‌ی بۆ دامه‌زراندووه‌ و ، له‌ دارستانه‌ ده‌ست كرده‌كاندا سنه‌وبه‌ری ڕواندووه‌ له‌ ده‌وری شاره‌كان .
وه‌ك له‌ سه‌ره‌تاوه‌ باسمان كرد داری سنه‌وبه‌ر قایمه‌ ، بۆیه‌ ڕواندنی له‌ له‌سه‌ر شۆسته‌ی شه‌قامه‌كان زۆر گونجاوه‌ ، به‌هۆی چڕیه‌كه‌یه‌وه‌ ، ده‌بێته‌ لانه‌ بۆ پاراستنی باڵنده‌كان .

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*